سێیەم نامە:

Saturday, 08/05/2021, 21:40

4689 بینراوە


لە مناڵییەوە ئەچرپێنن بە گوێدا، تەنانەت ناوەکەشت ئەگەر کوردیبێت، بە بانگی عەرەبی ناوێکی بیابانیت پێدا ئەسەپەنێنن. گەورەکانی ماڵ و داڵان، کوچە و کۆڵان و بازاڕ، خوێندنگە و دوایش زانکۆ و پارت و مزگەوت و شوێنی کارەکەت و کۆمەڵگە تۆیەک ئەخوڵقێنن کە  خۆیان بتخوڵقینن و بتخولێننەوە .
هەموو خەریکی بونیادی بوکەڵەیەکن لە تۆ و داڕشتنی تۆن، تۆش وا ئەزانی بێ ئەو دروستکراوەی ئەوان کە ناوی تۆیان لێناوە، هیچ نییە بێ وان،. زۆر شانازی ئەکەیت بەوەی کە پێیانگەیاندوویت و سەر بە نەتەوە و ئایین و شار و خێڵ و ئەو گوندەیت کە ژیاویت تێیدا و هەیت. سەرقاڵ و سەرمەستیت بەو هەموو دەق و ڕق و بیر و پیرۆزییەی کە وا ئەزانیت جگە لە تۆ کەسی دیکە نە ڕاستە و نە ڕەوانە. بەڵام لەوە تێناگەیت کە تۆ دروستکراوی خۆت نیت، تۆ تەنیا وێنە و کۆپی ئەوانیت لە خۆتدا، تۆ هەڵسوڕاوی ئەوانیت بە فەرمانی سوڕانەوەی ئەوان ئەسوڕێتەوە و ئەسرەویت.
لە پێڵاولەپێکردنت تا پێخەف چوونت، هەر ئەچپێنن بە گوێدا، ئەقیڕێنن بە دەرورتا، ئەشیڕێنن بە ڕووتا. بە پەڕنووس بە کۆنووس، بە میدیا بە میوانی، بە بڵندگۆ و بە نزمگۆ، بە ئەسپایی بە خێرایی تۆ ئەکەن بە خۆیان، لێ بە خۆیانێکی بچوک و گرچک، بە گوێڕایەڵ و سەرایەڵ.
تۆ ئەگەیتە ئەو بڕوا و بیروڕایەی کە نەتوانیت بێ ئەوان خۆت بە هیچ بزانیت. ئیتر کە بویت بە خۆیان، ئەوسا تۆ مەقاش و مەعاشیت، تۆ ماڵی و کاڵیت، تۆ بۆ وانیت و لەوانیت.
هەرچەند ئەتەوێت لەو قەفەزە بێیتە دەرەوە، بەڵام نە فڕێن لە قەفەزدا مانای فڕینی بۆ دانیشتووی قەفەز ئەمێنێت، نە دنیای دەرەوەی قەفەزەیش مەنزڵگەی ئاسایشە بۆ ئالودەیەکی فێربووی ناو قەفەز.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە