برای دەلال خۆت بە خاکی غەریبیی داپۆشە!

Saturday, 08/05/2021, 4:36

3899 بینراوە


هەندێک بەیانی بۆنی نانەگەرمەکانت لە پێش خۆتدا خۆیان دەکرد بە ژوردا. لەسەر رێت سەفتەیەک گەرمە تەنورت دەکڕی و بە هاڵاوی تەنورەوە دەهاتیت. وەکو جریوە جریوی پۆلە چۆلەکەی بەیانیان، ماڵەکەت دەخرۆشاند. هاوارت دەکرد: "ئەه! دە هەر بڵێن مستەفای حەسەنە گەورە خراپە! چۆنم بۆتان؟" یەکسەر بۆ لای تەباخەکەو هێلکەوڕۆن. بە دەم قاپشتنەوە لات لێ دەکردمەوەو دەتوت: "کورە چەند جارم وت با رۆنەکە داخ بێت ئنجا هێلکەکانی تێ بکە!" ئێستا زۆربەی بەیانی کە هێلکەوڕۆن دەکەم، وا هەست دەکەم بە سەر سەرمەوە وەستاویت.
بچویتایە بۆ هەر ماڵێک چەپکێک گوڵ یان دیارییەکت پێ بوو. مرۆڤ دەستی بدایەتە هەر ئیشێک، دەستی تۆی بە دەستەوە دەهات. هەندێک جار شەڕمان دەبوو لەسەر قاپشتن. تۆ هاوارت دەکرد: "مرۆڤ چووە هەر شوێنێک دەبێت خۆی خۆشەویست بکات." لە راستییدا من وای تێ دەگەشتم کە مستەفا لە هەر شوێنێک بووایە، لە ئەو شوێنە زیادە نە بوو. ئەم خەسڵەتەی مستەفا کەسێکی رۆحسوکی دروست کردبوو. هەر کەسێک وەختێکی لەگەڵ بەسەر ببردایە، زو پێی ئاشانا دەبوو. وای دەزانی لە مێژە دەیناسێت. ماوەیەک لای من دەخەوت. کە دەڕۆشت جێگای دیار دەبوو. رۆژێک پێم وت: "مچۆلە لە قەفەزت دەنێم!" 
کەسانی رۆحزل لە هەر شوێنێک بن لە ئەو شوێنە زیادەن، قورسایین بە سەر دڵەوە. مستەفا بە پێچەوانەی کەسانی رۆحزلەوە لە جوامێریی خۆی دڵنیا بوو. سروشتیی دەجوڵایەوە. ئازا بوو. ئەمەشی هەر وا هەوانتە پەیدا نە کردبوو. زۆر شتی پێ دابوو. مێژوویەکی تایبەتی هەبوو. دەستی نە دەگەشتە سەری خۆی بیخورێنێت، کەچی هەمیشە دەستی بە سەری دەستکورتانەوە بوو. بەردەوام دەینوسی، بەڵام بەردەوامیش چالاک بوو.
کە لە خەستەخانە حاڵی خراپ بو، ئیتر لە سەر خەت نەبوو. دوا جار بینیم خەتەکەی کراوەتەوە. دڵم خۆش بو ئیتر تەواو، رزگاری بو. پرسیم ئێستا چۆنە؟ وەڵامی دایەوە کە باش نییە. پرسیم: "چییان پێ وتوویت؟" جەڕەس لێی دا تەلەفونی کرد. هەناسەی سوار بوو. باش تێ نە دەگەشتم لە قسەکانی. بەڵام تێ گەشتم کە چاودێرەکانی خەستەخانە بەسەر سەریەوە را وەستابوون. بێهۆشیان دەکردو دەیانخستە ژێر ئامێرەوە. تێی گەشتم کە پێیان وتبوو ئەوە دوا هەوڵە لەگەڵی دەدەن. نەم دەویست ماندووی بکەم. زۆر رای بگرم بە قسەوە. پێم وت ورە بەر نەدات! کە چاک بۆوە بێت بۆ سوید. کە رۆشتینەوە بۆ کوردستان، دەکەوینەوە ناو کێوەکان. تەلەفون دا خرایەوە. کاتێک تەماشای تەلەفونەکەم کرد لە وەڵامی پرسیارەکەی مندا کە لێم پرسی چییان پێ وتووە، نوسیبووی: "دەمر". وشەکەی تەواو نە کردبوو کە لە جیاتی ئەوە تەلەفونی بۆ کردم. وەکو چەقۆیەک بکەن بە سنگمدا ئاوا بوو. دواتر بە درێژایی مانگێک هیوام بەو "م"ەی وشەی "دەمرم" بوو تەواوی نەکات. هەموو بەیانییەک زو، سەعات ئەو کاتانەی کە ئەو بە نانی گەرمەوە خۆی دەکرد بە ژوردا، تەماشای ڤایبەرەکەم دەکرد. بەڵام هەر لەسەر خەت نە بوو. ئەو قسانەی لەگەڵ من کردنی، دوا چڵی ژیان بوو کە دەستی پێوە گرت.
خۆت داپۆشە بە خاکی غەریبیی برای دەلال! دەتبینینەوە بە داخ بە دڵی پیرۆز بەگ و فاتمی خەڵوزەوە!

لە فەیسبوکەوە وەرگیراوە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە