بۆچی تورکیا پێدادەگرێت بۆ مانەوەی لە ئەفغانستان؟!

Tuesday, 11/05/2021, 17:33

6394 بینراوە


بایدن مانگی چواری ئیمساڵ بڕیاریدا سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە ، ئەویش بە هۆی ئەوەی لەوەتەی سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستانە زیاتر لە 2448 سەربازی لێکوژراوە وزیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاریش خەرجی بووە.
ئەمەریکا گەیشتۆتە ئەو باوەڕییە  بوونی لە ئەفغانستان ، زیانی زێدەترە لە قازانج ، بۆیە  لەم مانگەدا دەستی بەکشانەوە کردووە.
ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا ، هەلێک بوو بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لە ئەفغانستان بمێنێتەوە و بۆ مانەوەشی پێداگری بکات.پێداگرتنی ئەردۆگان بۆ مانەوەی لە ئەفغانستان چەند هۆکارێکی هەیە ، لەوانە:
- کۆنترۆڵکردنی بازرگانی مرۆڤ ، تورکیا بە مانەوەی لە ئەفغانستان خاڵی سەرەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و گواستنەوەیان بۆ ئەوروپا ، کۆنترۆڵ دەکات ،بازرگانی بە مرۆڤ ، بۆ مافیاکانی دەسەلات لە رژێمی ئاکەپە-مەهەپە ، هیجگار بەقازانجە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ ،  ٢٠٠ هەزار ئەفغانی هەوڵی دەربازبوونیان داوە لە رێگای تورکیاوە بگەنە ئەوروپا. ئەردۆگان وەک چۆن ئاوارەکانی سوریا، وەک کارتی فشار لە دژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت ، بەهەمان شێوە کارتی ئەفغانەکانیش بەکاردەهێنێت.
٢- رژێمی ئەردۆگان دەیەوێت ناوەندی مەوادی هۆشبەر کە لە ئەفغانستانە،  کۆلۆمبیای ئاسیایە ، کۆنترۆڵ بکات ، بازرگانی مەوادی هۆشبەر قازانجێکی زۆر بە گروپە مافیاکانی دەسەلات دەگەیەنێت، ماوەیەک پێش ئێستا بەڵگەیەک لەسەر بەرپرسێکی باڵای ئاکەپە بڵاوبۆەوە کە مەوادی هۆشبەری بەکاردەهێنا. ئەم کۆنترۆڵکردنە تەنها بۆ بازرگانیکردن نییە بەڵکو بەکاری دەهێنێت بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگای کوردەواری لە باکوری کوردستان ، هەر بۆیە گەریلا ویەکینەکانی تۆڵە ئەو بازرگانانە بەسزای گەل دەگەیەنن ، چەندین هەواڵ لەم دواییەدا بلاوبۆوە ، گەریلاو یەکینەکانی تۆڵە  بازرگانانی مەوادی هۆشبەریان بە سزا گەیاندووە.
٣- بە مانەوەی لە ئەفغانستان ، دەیەوێت سازش لەگەڵ چین بکات بۆ مەبەستی پرۆژەی 'رێگا وپشتێن' و بەرژەوەندییە ئابورییەکان ، چونکە بەمانەوەی لە ئەفغانستان کاریگەر دادەنێت لەسەر حکومەتی ئەفغانستان ،دەتوانێت هەژمونی خۆی بەسەردا فەرز بکات. ئەردۆگان داعشێکی زۆری گواستۆتەوە ئەفغانستان ، کە هاوپەیمانی تالیبانن . وەک چۆن ئەردۆگان پارتی وداعش دژی حکومەتی ناوەندی عێراق بەکاردەهێنێت ، ئاواش تالیبان وداعش دژی حکومەتی ناوەند بەکاردەهێنێت ، دەتوانێت هەژمونی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.
٤-تورکیا بە هۆی زۆری ژمارەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان ، خۆی وەک نوێنەری ناتۆ لەوێدا دەبینێت ، بۆ ئەمەش داوای تەعویزی زیاتری سیاسی وسەربازی لە ناتۆ بکات. لە کاتێکدا هەموو دەوڵەتانی ناتۆ دەزانن کە تورکیا ، ناتۆبوونی خستۆتە بازاڕ لە نیوان ئەمەریکا وروسیاوە.
٥- دوای بڕیاری بایدن بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان ، ئەردۆگان داوایکرد کۆبونەوەیەک لە نێوان حکومەتی کابول و تالیبان و ئەمەریکا وقەتەر و نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئەنقەرە ببەسترێت و، وادەی کۆبونەوەکەش لە ٢٤ ی نیسان دەستنیشانکرا ، لێ ئەو کۆبوونەوە نەکرا ، گوایە لە کۆتای ئەم مانگە دەبەسترێت. ئەردۆگان دەیەوێت لە میانی ئەو کۆبونەوە خۆنزیک بکاتەوە لە بایدن ، بۆ ئەوەی تەعویزی لێ وەرگرێت وپێی بلێت: سوپای تورکیا لەوێدا دەمێنێتەوە ، نوێنەرایەتی ئێوەش دەکەین ، بەلام واز لە پشتیوانی کوردانی سوریا بهێنە.
٦- خالێکی دیکەی جەوهەری ، ئەردۆگان دەیەوێت ئەفغانستان وەک مەنفا لێبکات بۆ ئەفسەر وسەربازەکانی نەیاری ، ئەوانەی گومانی هەیە لە دڵسۆزییان بۆی ، بەتایبەتی ئەفسەر پلە باڵاکان ، وەک مەنفا دەیانێریتە ئەفغانستان.
٧- خالیکی دیکەی گرنگ ، ئەردۆگان دەیەوێت تۆرابۆرای ئەفغانستان تەژی بکات لەو تیرۆریستانەی دنیاێی کە لەسوریا کۆیکردوونەتەوە ، دواتر بەکارهێنیان بۆ شەڕی روسیا . ئاماژەکانی جوڵەی روسیا بۆ دامێنی جوگرافیاکەی کە ئەفغانستانە و ، پیشتر لە زەمەنی یەکێتی سۆڤیەتدا بوونی هەبووە ، وارادەگەیەنن کە روسیا پرۆژەی هەیە . ئەردۆگان دەیەوێت لەگەڵ روسیا لە رێگای بوونی سوپاکەی وگروپە تیرۆریستەکانی وتالیبان سازش و بازاڕ ، بکات.
لە کۆتایدا  دەمەوێت بڵێم ، پەلهاویشتنی ئەردۆگان بۆ سەپاندنی هەژمونی و بازاڕکردنی بێسود ، قورێکی گەورەی بۆ گەلانی تورکیا گرتۆتەوە  و، ئابوری وڵاتی تارومارکردووە. تورکیا لە ناوخۆدا لە تەنگژەی گەورەی سەربازی و ئەمنی وئابوری و سیاسی وجڤاکیدا دەژییت ، ناتوانێت پەل باوێت ، دەتوانین تورکیای ئێستا لەسەر دەستی ئەردۆگان ، بە ئیپراتۆریەتی عوسمانی لە دوایین رۆژەکانی بوونی ، بشوبهێنین. ئەردۆگان پیاوە نەخۆشە دیکتاتۆر وفاشییەکەیە ، چارەنوسی دیارە باشتر نابێت لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکەی سەرەتای سەدەم بیستەم.
وێنەکە: سەربازێکی ئەمەریکی ، منداڵێکی خۆی لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەفغانستان لە هەمبێز دەگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە