کوردێکی ڕەواندوزی بڕیاری لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی دەرکرد‌

Wednesday, 12/05/2021, 2:28

6116 بینراوە


دوای ئەوەی، مستەفا کەمال ئەتاتورک هیچ گرنگییەکی بە ڕۆڵی کورد نەدا لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا و پاراستنی خاکی باکووری کوردستان و تورکیا بەرامبەر هێرشەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥ دەستی بە شۆڕشی چەکداری کرد.
شۆڕشەکەی شێخ سەعید تەنها چەند مانگێک بەردەوام بوو و بەهۆی خیانەتی ژمارەیەک سەرۆک هۆزی پارێزگای ئامەد، شێخ و هەڤاڵەکانی لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیرکران.

 شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە ١٠ی ئایاری ١٩٢٥ لە دادگای ئامەد "Şark stiklal Mahkemesi" دادگاییکران. پرۆسەی دادگاییکردنەکە پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو

ئەنجومەنێک لە ژمارەیەک دادوەر بە سەرۆکایەتی "عەلی سائب ئۆرساڤاش" پێکهێنرا و بە پێی بڕیاری ئەنجومەنەکە لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥دا نزیکەی ٢٠ شۆڕشگێر و لە ٢٩ی حوزەیرانیشدا شێخ سەعید و ٢٨ هاوڕێی دیکەی لە گۆڕەپانی "دەریێ چیێ" ناوەڕاستی ئامەد لەسێدارەدران.

شێخ سەعید بە فەرمانی کوردێک لەسێدارەدرا

بێجگە لەوەی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هاوڕێکانی بڕیارێکی سیاسی بوو، بەڵام فەرمانەکە لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک خۆیەوە درابوو و ئەو ئەرکەشیان بە دادوەرێکی کورد سپاردبوو.
چەند ڕۆژێك بەرلەوەی شێخ سەعید لەسێدارەبدرێت، چەند جارێک "عەلی سائب ئۆرساڤاش" لە زینداندا چاوی بە شێخ کەوتبوو و لەبارەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە قسەیان کردبوو.
عەلی سائیب هەرچەندە بە ڕەگەز کورد بوو، بەڵام بەرگریکارێکی سەرسەختی کۆماری تورکیا و ئەتاتورک بوو و لە زینداندا بۆ ئەوەی وا لە شێخ سەعید بکات زانیاری لەسەر شۆڕشگێرەکانی دیکە ئاشکرابکات، بەڵێنی بە شێخ دابوو هەوڵی ڕزگارکرندیان دەدات و پێکەوە لە چیاکانی کوردستان خەبات دەکەن.
بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبارەی ڕۆژی دادگاییکردنەکەوە بڵاوکراونەتەوە "عەلی سائیب "بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژ شێخ سەعیدی دادگاییکردووە و شێخ سەعیدیش پێی ووتووە بڕیار بوو لە دادگادا کارئاسانی بکەیت، بۆچی بەڵێنەکەت نابەیتەسەر".
لە بەرامبەردا عەلی سائیب دەڵێت "تۆ هۆکاری کوشتنی هەزاران تورکی و ماڵی خەڵکت وێرانکردووە، پێویستە سزاکەشت وەربگریت".

شێخ سەعیدیش دەڵێت: "لە دادگای ڕۆژی دواییدا یەکتری دەبینینەوە".

دوای ئەو قسانە عەلی سائیب بە دەنگێکی بەرزەوە بڕیاری لەسێدارەدانی شێخ و هاورێکانی دەخوێنێتەوە و ئەتاتورکیش لەسەر ئەو هەڵویستەی پلەکەی بەرزدەکاتەوە و دەبێتە دادوەری تایبەتی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی دژی کۆماری تورکیا خەبات دەکەن.

 بە پێی ئەو بەڵگانەی لەسەر ژیاننامەی "عەلی سائیب" بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی ٩٠٠ کەسی کوردی دادگاییکردووە و سزای لەسێدارەدان یان زیندانی دەرکردووە

عەلی سائب ئۆرساڤاش کێیە؟

ساڵی ١٨٨٧ لە کەرکوک لەدایکبووە. باوکی خەڵکی قەزای ڕەواندوزی سەر بە پارێزگای هەولێرە. دوای ئەوەی قۆناغی دواناوەندی تەواوکردووە، دەستی بە خوێندن کردووە لە "خوێندنگای سەربازی". بە پلەی ئەفسەر خوێندنی تەواو کردووە.
لە سەرەتای دروستکردنی کۆماری تورکیادا و لە سەردەمی شەڕی تورکەکان لەگەڵ فەڕەنسا و بەریتانیا و ڕووسەکاندا بەشداربووە.
ساڵی ١٩٢٠ لە سەر داوای ئەتاتورک لە شاری ڕوحای باکوری کوردستان فەرماندەیی شەڕی سوپای تورکیای کردووە دژی فەڕەنسییەکان و سوپای فەڕەنسای تێکشکاندووە، پاشان ئەتاتورک نازناوی "ئۆرساڤاش"ی لێناوە کە بە واتای "شەڕی ئۆرفا" دێت.

 بەرلەوەی وەک دادوەر دەست بە کاربێت لە باکووری کوردستان بەشداری زۆر شەڕی بەرامبەر شۆڕشگێرە کوردەکان کردووە

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٥دا پلانی تیرۆرکردنی ئەتاتورک ئاشکرا دەبێت، عەلی سائب ئۆرساڤاشیش دەستگیردەکرێت، بەڵام دوای ماوەیەک ئازاددەکرێت و ساڵێک دوای مردنی ئەتاتورک و لە ١٩٣٩دا لە ئەنقەرە مردووە.
(پەیسەر)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە