با مێژوو بە هەڵە نەنووسینەوە

Thursday, 05.13.2021, 22:06

1952 بینراوە


ئەگەرتەواوی دابونەریتەکانی کۆمەڵگا رەچاو بکەین دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکان! هەرچەندە مەرج نییە هەموو دابونەریتەکانی وڵاتێك یان کۆمەڵگایەک شان بە شانی زانستیی سەردەم و تەکەنۆلۆژیای سەردەم هەنگاو بنێن.
زۆر بابەت کاتییە، هەندێکیشیان درێژخایەنە، زۆریشیان لە بەرچاوان ون دەبن و لافاوی رۆژگار لەگەڵ خۆیدا رایدەدات و بزر دەبن. ئەوەی کە دەمێنێتەوە و لە بەرچاوان کاڵ نابێتەوە و رێکاریی زانستیی خۆی لە دەست نادا، راستیەکانە کە بە بەڵگەی زانستییەکانە دەسەلمێنرێن، هەر چەندیش تاڵ بن.
بۆ سەلماندنی ئەو تەوەرە پێویستە ئاماژە بە سەردەمی رێنسانس بکرێ لە ئەورووپا. ئەو سەردەمی دژوارترین کات بووە بۆ کەسانی وشیار و ژیر و راستبێژ. دەیان کەسی خۆنەویست و زانیار لە سەر گووتنی راستیەکان لە ئاوردا سووتینراون! سەردەمانێکی زۆری ویست تا مرۆڤ لە راستییەکان تێگەیشت و بۆ ئەو کاتە هەڵەی زۆر ئەنجام دراوە لە ئاست ئەو کەسانەی کە دەیانگوت: زەوی دەسووڕێ! ئەوە رێک کاتێك بووە کە کۆمەڵگای ئاسایی وێڕای زانست هەنگاوی بەرەو راستیەکان هاویشت و پشتی لە کۆنە مێشکی دواکەوتوانە کرد.

وڵاتێک چۆن بەرەو وێرانی دەڕوات؟

وێرانی راستەقینە ئەو وێرانییە نییە، کە دار و پەردووی خانوویەکی چەند نهوومی بڕووخێ، یان ماڵ وسامان و ژێرخانی نەتەوەیەک بەرەونەمان هەڵدێرێت، ئەومژارە گرنگانە بە پێی لێهاتوویی و ژیریی هەر نەتەوەیەک هەمدیسان بونیاد دەنرێتەوە. کارەسات لەوەیاندایە، کە سروشتی ژینداریی و لە سەر پێ راگرتنی جوگڕافیایەک کە نەتەوەیەک لە سەری دەژێ وێران و خاپوور بکرێت. وڵاتیك کاتێک دەبوژێتەوە، کە کۆمەڵگا لە خەوێکی قورسی ناوشیاریدا بە ئاگا بێتەوە. داب ونەریت وکولتوری هیچ وڵاتێک لەو جیهانەدا بە بێ کەموکورتی نییە. گرینگ ئەوەیە چۆن لێ بڕوانی و چ رێگاچارەیەکی بۆ بدۆزیتەوە.
هەر شوێنێکی ئەو جیهانە کە خاوەنی سیستمی پەروەردەیەکی سەردەمانە بوو، توانای ئەوەی هەیە، کە کۆمەڵگا بەرەو زانست راکێشێ و خەڵک هان بدرێت، لە ڕاهێنانی خۆیاندا کەم تەرخەم نەبن. بێگومان دامودەزگا و سیستمی ڕاهێنان ڕۆڵی سەرەکیان لە ئەستۆ دایە.ئ ەو دامەدەزگایەش دەدرێتە دەست کەسانی فیداکار و خۆنەویست و شارەزا.
ئەوەی کە ناوماڵی کوردی وێڕان و خاپوور کردوە لە ریزیی یەکەمدا دوژمن نییە، بەڵکو خۆمانین. بۆ خۆمان وەک مریشک خۆڵ بە سەر خۆماندا دەکەین و بە بێ دەنگی وڵاتێکی وێرانەماڵ لە بواری ئەدەب و شێعر و مێژوو و سیاسەت و کولتور و ئابوری و... بەسەر خۆماندا دەڕمێنین، کەچی هاواریشمان لێ بەرز دەبێتەوە! بۆ چارەسەر ناگەڕێن، بۆ ڕێکاری چارەسەر... وێڵ و سەرگەردانین!
ئاوەدانی راستەقینەی وێڕانکردن ئاوەدانکردنەوەی تان وپۆی هەر وڵاتێک لە دەست چین وتوێژیی ئەو وڵاتەدایە. لە ناو ئەو چین و توێژەدا دوو ئەکتەریی سەرەکی رۆلیان پێ ئەسپێردراوە. دەسەڵات و چینی رووناکبیر و شاعیر و نووسەر و زانکۆکار و پێنووس بەدەست. کاتیك دەسەڵات دەبێتە دەستکەلای بیانی، ئیتر زۆرینەی پێنووس بەدەستەکانیش دەبنە دەستکەلای دەسەڵات. لێرەدا دەسەڵات خەمی خەڵک فەرامۆش دەکات و بۆ مانەوەی خۆی هیچ بەهایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی رەچاو ناکات، چۆن بۆ مانەوەی خۆی پەلەقاژێیەتی. بۆیە پێنووس بە دەستیش بۆ بژیوی ژیانیان دەبنە کۆیلەی دەسەڵات. کام سەرکردەی کورد لە سەر پێداگریی بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد تا سەر کۆلی داوە؟ زۆرینەیان هەرکام بە شێوەیەک دوای بە کوشتدانی هەزاران مرۆڤی کورد یان تەسلیم بوون، یانژی خۆیان رادەستی دوژمن کردوە!؟

دیاردەیەکی مەترسیدار!

زۆر لە شاعیر و نووسەر و مامۆستای زانکۆکانمان لە باشووری کوردستان، دەستەمۆکراون بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە وڵاتی بەرەو داڕمانی سیاسی و کولتوری و ئەدەبی ئابووری ڕاکێشاوە! تاقمێک لەو شاعیرانە بە رادەیەک قەوزەپۆش کراون، کە تاکی کورد رێگا بەخۆی نادا رەخنەی زبریان لێ بگرێ! لە کۆمەڵگای وشیاردا رەخنەگرتن بۆتە ئەرکێکی ئەخلاقی وسیاسی بۆ پێشکەوتن. لە باشوری کوردستان رەخنە گرتن لە کەسانی ناودار دەبێتە هۆی زیندانی و راونان و ئازار و ئەشکەنجەدان. سەرکوتکردن و پێشخستنی ژیانێکی ئازاد لێرەوە دەست پێدەکات، کاتێك باسی شاعیرێک بکرێ، کە پشتی بە پشتی دەسەڵاتەوە ئەستوورە! ئەو شآعیرە هەرچەند خاوەنی دەیان دیوانە شێعر و بەرهەمیش بێ، مرۆڤێکی سەتا لە سەت 100% بێ کەموکورتی نابێ. چون تەنیا مردوو هەڵە ناکات.
هیندێک گوتن و مەتەڵ وەک خۆرە کەوتوونەتە ناو جەرگەی دابونەریتەکانی کورد، کە بەرادەی ئازاری دوژمن کۆمەڵگا ئازار دەدات. یەک لەوانە ئەوەیە، دەڵێن: دوای ئەوەی کە کەسێک مرد نابێ بە چاک یان خراپ باسی بکرێ! پرسیار ئەوەیە
کەسەکە کێیە؟ کەسی ئاسایی و هەژار کەس باسییان ناکات، بەڵام ئەگەر کەسێک ناودار بێت جێ پەنجەی لە شێعر و ئەدەبیات و سیاسەت و پێنووسدا بڕەوی هەبووبێ، نابێ باسی لێنەکرێت! ئەم بیرکردنەوەیە تەنیا لە ناو کورددا برەوی هەیە و خاتری ئەوانە دەگیرێت، ئەگەر وایە بۆ باس لە لینین و ستالین، هیتلێر و سەددام و خومەینی و حافز ئەسەد و....سەدان کەسی دیکە دەکرێ، کە ئیستا لە ژیاندا نەماون و مردوون. راستە ئەوانە دیکتاتۆڕ بوون، خۆ ئەوانە ئیستا مردوون. کەسانی ناوداری جیهانی لە زانست و ئەدەب و پزیشکی و پێنووس بەدەستمان هەیە، هەموویان مردوون، بوونەتە دیرۆک و لە سەر زاران ناکەون خۆ ئەوانەش زیندوو نین. ئەوەش بەو مانایە نییە، کە نابێ رەخنەیان لێ بگێرێ. هەموو مرۆڤێک ئەو مافەی هەیە رەخنە لە چاک و خراپ بگرێ و خاڵە ئەرێنیەکانی بە باشی باس بکات و خاڵە لاوازەکانی ژیانیشی وەک خۆی باس بکات. بەڵگەی بونیادنەر بۆ پێشخستنی سیستمی پەروەردە و ڕاهێنان هەر ئەوەیە، رێگایە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگایەکی وشیار و زانا. ئەوە ئەزمون و کۆلەکەی مێژوویەکە، کە دەبێ وانەی لێ وەربگێرێ. بە ئاکاری چآک بگوترێ چآک بە ئاکاری خراپ بە گووترێ خراپ. کورد لەو بوارەدا لاوازە.
لە بەشی کۆتایی وتارەکەدا لایەنی لاوازی کەسایەتیەک وەبیر دێنمەوە، کە بۆ زۆرینەی کورد، تەنانەت تارادەیەک بۆ جیهانی دەرەوەش ناوێکی ئاشنایە. ئەویش شێرکۆ بێکەسی شاعیرە لە باشووری کوردستان. ئەو شاعیرە لایەنی ئەرێنی ولایەنی نیگەتیڤیشی هەبووە، کە رەنگە هیچکات باسی لێوە نەکرابێت. لە کورتە نامەیەدا وەک سکاڵانامەی دۆستێکی خۆم، کە هاوڕێی شێرکۆ بێکەسیش بووە ئیستا لە باشوور دەژی، ئەو کەسایەتییەی پێ ناساندم. سەرەتا رەخنەی ئەو بەرێزە لە کۆمەڵگای خۆمانە کە بە دەست نا وشیاریەوە دەناڵێنێ. بە تایبەت باشووری کوردستان و دەسەڵاتی ئەو بەشە لە وڵات بەو شێوەیە بۆی نووسیوم:
 …. بە داخەوە ئێمەی کورد زۆر خاتری ناپاک و خائینەکانی خۆمان دەگرین! بۆیە مێژوومان بە هەڵە دەنووسرێتەوە و خراپکان هەمیشە لە پاڵ دڵسۆزەکاندا ناویان دەگەشێتەوە، با نمونەیەکت بۆ باس بکەم: شێرکۆ بێکەسی شاعیر دۆستم بوو، بەڵام ماوەی (30) سی ساڵ دەبوو بۆ یەک ڕۆژ نەچووم بیبینم، چونکە ئەو شاعیرە گەورەیە لە داوێن پیسیی و دزیشدا گەورە بوو!
ئەو کچانەی رۆژئاوا پێش دروستبوون و هاتنی داعش، کە روویان کردۆتە باشووری کوردستان و سواڵیان دەکرد، وەک نمونە شێرکۆ بێکەس جارێک یەکێک لەو سواڵکەرانەی بردۆتە ماڵی خۆی و دەستدرێژیی کردۆتە سەری! کەس ئەوە نابینێت و باسی ناکات. لە لای زۆر کەس شێرکۆ کەسێک و شاعیرێکی گەورەیە، چونکە شیعری هەیە و دیوانی گەورەی لە سەر زارانە. هەرچییەک بکات بۆی نانووسرێتەوە، بەڵام دیوانە زل و شیعرەکانی دەخوێننەوە و پێیان وایە کەسێکی کوردپەروەرە و دڵسۆز بووە!
بۆیە من لە وانە بێ تاقەت و لە نووسینەوەی مێژووی درۆ وەرەس بوم.
ساڵی ١٩٧٤ پێش ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفای بارزانی، شێرکۆ لە گەڵمـاندا دانیشتبوو و دەیگووت: هەر چێیەک بیکەی لە بیر دەچێتەوە، بەڵام هەر چی بنووسیت دوای مردن دەمێنێتەوە. ئەمە فەلسەفەی ژیان و رەوشت و ئەدەبیاتی شێرکۆ بێکەس بوو! تا لە ژیاندا مابوو هەموو شتێکی دەکرد، بەڵام بە نووسین شتێکی دیکەی دەگووت.!