جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین ئامرازێکە بۆ تورکیا و ئیران!

Saturday, 15/05/2021, 2:16

11611 بینراوە


ئەزموونی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست دەریخستووە، کە هەمیشە زلهێزە ناوچەییەکان و دنیا، نەیانویستووە ئاشتیی لەو ناوچەیەدا بەرقەرار بێت و گەلانی ئەو دەڤەرە بەهێمنی ژیان بەسەربەرن.  ئەگەر تەنیا ئاوڕێک لە دوو دەیەی ڕابردوودا بدەینەوە، دەبینین کە هەر جارەی گرفتەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا قوڵدەبنەوە و دەبنە گۆڕەپانی جەنگ، وەک ئەوەی لە کوردستان، عیراق، سوریا و لوبنان ڕوویاندا، ئێستا لە فەلەستین و ئیسرائیل ڕوودەدا، لە کاتێکدا کە گرفتەکانی عیراق و سوریا و کوردستان و لبنان وەک خۆیان ماون، خەڵک لە دۆخی ناجەنگ و نائاشتییدا گوزەر دەکەن، چاوەڕێن کە دووبارە ناوچەکەیان نۆرەی بێتەوە و ببن بە کەواسووری بەرلەشکر. ئەم پرۆسەیە بۆ زێتر لە سەدەیەکە لە ئەڵقەیەکی داخراودا دەخولێتەوە، بووە بە دیاردە هەر دەساڵ جارێک خەڵکی ناوچەیەکی دیاریکراو دەربەدەر دەبن. 
جەنگی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، کە ئێستا دنیای سەرقاڵ کردوە، جەنگێکی پێشبینی کراو بوو، لەبەرئەوەی هەرگیز گرفتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە و ئەو جەنگە ڕەگێکی مێژووی هەیە و هەمیشە سەرهەڵدەدا و کپ دەبێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە  ئەو گرفتە بەدەر نییە لەوەی کە لەلایەن زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە و سەڕۆکەکانیان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێن بۆ پێکانی مەرامە سیاسی و سەربازیی و ئابوورییەکانیانا. 
بەکارهێنانی هەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئاینی و هەر ئایدۆلۆژیایەکی دی، بێئاگای زۆرینەی سادەی نێو کۆمەڵگەی ئیسلامیی و عەرەبی لەبارەی سیاسەت و دەسەڵات و گەمەی نێودەوڵەتی و تەماحی سەرکردەکان بۆ بوون بە سەڕۆکی یەکەم و بەرفرەوان کردنی دەساڵاتییان، هۆی سەرەکیین  کە خەڵک لە ڕاستی مەرام و بەرژەوەندیی ئابووریی و شەخسیی و گەورەکردنی گرفتی نێوان گەلان و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دی لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە و هاندانی هەڵگیرساندنی جەنگ نەگەیشتووە. 
مێژوو پێمان دەڵێت، کاتێک کە  جەمال عەبدول ناسر حوکمی مەلەکی میسری سەراوژوور کرد، خەونی تەنیا ئەوە نەبوو کە ببێت بە سەڕۆکی میسر، بەڵکو خەونی ئەو زۆر لەوە گەورەتر بوو،  سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پروپاگەندەی ئیشتراکیی دەکرد، بەڵام ئەو دەیوسیت ببێت بە ڕێبەری نەتەویی عەرەب، بۆیە هەوڵیدەدا یەکێتیی عەرەبی دروست بکات، بۆ ئەو مەبەستە سوپای میسری نارد بۆ سوریا و یەمەن، لە عیراق  پشتیوانی لە سەلام عارف دەکرد لە خستنی عەبدولکەریم قاسم لە کاتێکدا ئەو  لەگەڵ عەبدولکەریم هاوپەیمانی ڕوسیا بوون. 
ئەم هەنگاوانەی جەمال عەبدولناسر لە کاتێکدا بوو کە گەلی میسر تازە لەژیر چەپۆکی مەلیک و زلهێزەکانی دنیا نەجاتی ببوو و لە ئەوپەڕی هەژاریدا گوزەری دەکرد، لەبری ئەوی ئەو کە هاتە دەسەڵاتە، زێتر گرنگی بە دۆخی ناوەوەی میسر بدات، کەوتە کارکردن بۆ هێنانە دی ئەو خەونە سیاسیەی کە هەوڵیدەدا ببێت بە ڕێبەری یەکەمی نەتەوەیی عەرەبی یەکگرتوو و دەیزانی باشترین ئامرازی کارێگەریش بۆ جوڵاندنی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی عەرەب مەسەلەی دژایەتی کردنی ئیسرائیلە. 
  ڕوسیا و ئەمریکا بەوە ناسراون کە دوو بلۆکی دژ بەیەک بوونە، بەڵام ئەگەر لە ڕووداوە مێژوویەکان وردبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان لەسەر هەندێک خاڵدا ژێربەژێر یەکدەگرن و دەزگە هەوڵگرییەکانیان بە دوو قۆڵی بەگر دێخن، وەک ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا و تورکیا بە زەقەزەقی چاوان ئەو شارە کوردییەی داگیرکرد لە کاتێکدا ڕوسیا کشایەوە و هێزی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا مابوو بەڵام تەنیا چاولێکەر بوو!
تورکیا و ئێران بە هەنگاوەکانی عەبدولناسر ڕازی نەبوون، نەیان دەویست نەتەوەیی عەرەب لەژیر یەک ئاڵادا کۆببێتەوە، جەمال عەبدولناسریش لە سەڕۆکی میسرەوە ببێت بە ڕێبەری نەتەوەیی عەرەب. بە ڕەواڵەت ڕوسیا دەیردەخست کە ئەوان لە هەموو تەنگانەیەکدا پشتیوانی لە مسیر و سەڕۆکەکەی  دەکەن، لەبەرئەوە عەبدولناسر پێی وابوو کە ئەگەر ئەو لەگەڵ ئیسرائیل بچێتە جەنگەوە، ئەوا ڕوسیا پشتیوانی لێ دەکات. دواتر کە لە ساڵی ١٩٦٧دا جەنگ لەنێوان میسر و ئیسرائیلدا هەڵگیرسا، ئەوەی پەیوەست نەبوو بە بەڵینەکانی ڕوسیا بوو، میسر لەو جەنگەدا دۆڕا و دوای ئەوەش پێگەی لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و عەرەب و موسڵمانانیش وەک جاران نەما ئینجا ئەمریکا و ڕوسیا هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ ناوبژی.  
هەنووکە تورکیا و ئیران دوو وڵاتی ناعەرەبن، بۆیە ناتوانن وەک جەمال عەبدولناسر هەستی نەتەوەیی بەکاربهێنن، بەڵام دەیانەوت بە بەکارهێنانی هەستی موسڵمانان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەژێر دروشمی یەکگرتنی موسڵمانان دەسەڵاتەکانیان بەرفرەوانتر بکەن، بۆ ئەمەش بە ڕەواڵەت دژایەتی کردنی ئیسرائیل باشترین ئامرازە کە خەڵکی پێ هەڵخەڵەتێنن. چەند ڕۆژێکە ئەردوغان لە میدیاکاندا خۆی تێکداوە کە گوایە ئەو نیگەرانی فەلەستینە!
 گەلانی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی زۆرینەی سادە و خەڵکی شەقام لەو ڕاستییە نەگەیشتوون،  بەڵام زلهێزەکانی دنیا بە تایبەتی ڕوسیا و ئەمریکا، لەو ڕاستییە گەیشتوون و نایەنەوێت ئەو دوو وڵاتە دووبارە ببن بە خاوەن ئیمرپارتۆریەت و لە داهاتوودا دەرەقەتیان نەێن و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بخەنە مەترسیوە، بۆیە ئەمریکا هەوڵیدا ئیسرائیل نیگەران بکات و فیتی بدات بەوەی کە ئەو لەگەڵ ئیران دووبارە ڕێکدەکەوێت. ئەمریکا لای خۆیەوە ئەوەی پێباشە کە ئێران سەرقاڵ بێت و خەرجیشی زێتر بێت.  ئێرانیش هانی هێز و پارت و میلیشیاکانی سەربەخۆی دەدا لە سوریا و فەلەستین بۆ ئەوەی دوور لە خاکی ئەو بچنە جەنگ دژ بە ئیسرائیل، ئەویش وەک پشتیوانی سەرسەختی دنیای عەرەبی و ئیسلامی خۆی دەرخات، بۆیە جەنگی ئەمڕۆی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەفیتی ڕوسیا و ئەمریکا و تورکیایە و لە ڕاستییدا ئەو جەنگە، جەنگی نێوان ئیران و ئیسرائیلە لەسەر دەسەڵات و سووتەمەنیەکەشی گەلانی ناوچەکەن.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە