شەڕەکەی ئاوباریک 1931

Sunday, 16/05/2021, 23:11

6539 بینراوە


شەڕەکەی ئاوباریک : هێزەکانی بەریتانیا زو فریا دەکەون بەهەر شێوەیەک بێت رێگە نەدەن دەسەڵاتی شێخ بگەڕێتەوە ناوچەکە، دەستپێشخەری  دەکەن و رۆژی 5/4/1931، لە دوری 20 کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی دوبز(دوز)، لەو شوێنەدا کە بەئاوباریک ناودەبرا، شەڕێکی قورس دەقەومێت کە لەمێژودا بەشەڕی ئاوباریک نوسراوە. ئینگلیز زۆرتر پشت بەفڕۆکە جەنگییەکانی دەبەستێت بۆ لێدانی شۆڕشگێران، چاودێریکردنی جموجوڵەکانیان، دۆزینەوەی حەشارگەو شوێنی حەوانەوەیان و هەروەک سێبەر بەسەر پارتیزانەکانەوە بون و هاوکات لایەنی تۆقاندنی گوندنشینەکان و دورخستنەوەیانی لە شێخ رەچاو دەکرد. شەڕ هەتا دەمەو ئێوارە بەردەوام بو، زیانەکانی هێزەکەی کورد زۆر زۆر بو، زۆربەیان شەستتیرەکانی فڕۆکە پێکابونی و ژمارەیان 37 شەهید بو. لێپرسراوانی سەربازیی بەریتانیا لەعێراق داندەنێن بەو راستییەدا، کاریگەری هێزی ئاسمانی نەبوایە، بەسەر شێخدا سەرنەدەکەوتن.(414) هەرچەند زیانەکانیشیان لەچاو ئەو چەکەکۆن و سوکانەی بەدەست شۆڕشگێڕانی کوردەوە بون کەم نەبون، وەک بڕنەو، ئینگلیزی، سێ تیر، پێنج تیر، داداش، یایلی، ساچمەزەنگ و تاپڕ. جۆرێک لەو تفەنگانە فڕۆکەکانی ئینگلیزیان چاک دەپێکاو بەتفەنگی فڕۆکەشکێن ناوی دەرکرد. فڕۆکەوانێکیان نزیکەی پەنجا جار فڕۆکەکەی دەپێکرێت. (کۆتایی مانگی یەکەمی 1923 فڕۆکەیەک لە سەرچنار و یەکێک لە تاسڵوجە لەیەک کاتدا بەردرانەوە. 1/4/1924 فڕۆکەیەک لەکاتی نیشتنەوەدا لەهەڵەبجە تەقییەوە، مانگێک پێشتریش فڕۆکەیەک بەئاسمانی شەمێرانەوە پێکراو بەناچاری نیشتەوە). 
دو هەفتەیەک دوای شەڕەکەی ئاوباریک، شێخ و ئەو پارتیزانانەی مابونەوە، رۆژی 21/4/1931 دەکشێنەوە ئەودیو سنور و شەوی 22 لەسەر 23/4  دەگەنە گوندی پیران کە دەکەوێتە هەشت میل باشوری رۆژهەڵاتی پێنجوێن. کاپتن هۆڵت دەڵێت (شێخ مەحمود ئازایانە، خاوێن و مەردانە دەجەنگا، (مەبەستی شەڕی سوارچاک و جوامێرەکانە، وەک میرەکانی ئەوروپای سەدەکانی نێوەڕاست، صەلاحەدینی ئەیوبی، کە کاری نامەردانە ناکەن و دیل ناکوژن( وەک شێخ و فڕۆکەوانە دیلەکان. ن. ک). کە شەڕەکەشی دۆڕاند، ناوی لەناو کوردا نەزڕا، گوندنشینەکان پۆل پۆل دەهاتنە پێشوازیکردن و دەستیان ماچ دەکرد، زۆربەیان بەچاوی پڕ لەفرمێسک و هەنسکی گریانەوە ماڵئاواییان لێدەکرد... دەڵێن دڵڕەقە. کێ شایەتە؟ ئەو کاتەی کوردەکان پاڵەپەستۆیان بو فریابکەون دەستی ماچ بکەن، فڕۆکەوانە ئینگلیزەکانیش کە دوانیان لەدیلەکانی شێخ بون، خوازیاربون لەو کاتی شکستەیدا دڵنەوایی بکەن. راستە شێخ ((تموح و کبریا))ی هەبو ((بەرزەفڕ بو. ن.ک)) بەڵام سەربەرزی و سەربەخۆیی و پێشکەوتنی بۆ کوردیش دەویست)، هەر ئەو بەتەنها لەمێژودا سەرکردەیەکی بەرزەفڕ نەبو، ئەسکەندەر، کۆرش، ێەڵاحەدین، نادرشای ئەفشار، بسمارک، گاریباڵدی، ناپلیۆن، ستالین، هیتلەر، مستەفا کەمال، تیتۆ، جەمال عەبدلناصر، ئەنوەر سادات، چاوچیسکۆ، رەزا شای ئێران و حەمەی کوڕی، وایزمان، بنگۆریۆن، عومەر موختار،سەرانی باکوری کوردستان وەک شێخ عوبێدوڵلای نەهری،سەیر رەزای دەرسیمی ومیرانی بەدرخانەکان، قازی موحەممەد،..هتد. هەمویان هەریەکەو بەشێوەیەک سەرکەوتن و هەریەک لەئاستێکدا گەیشتە "هەوای خۆی" بەڵام ئایا هەمویان هەتا سەر بەسەرکەوتویی و لەبەرزاییدا مانەوە؟ دیارە نەخێر. 
هەندێکیان بەسەربەرزی و دڵێکی ئاسودەو دڵنیایی ماڵئاواییان لەژیان کردو شانازییان بۆ گەل و نەتەوەکانیان تۆمارکردو جێگەی خۆیان لەسەر لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژو تۆمارکرد وەک ئەسکەندەر، صەلاحەدینی ئەیوبی، بسمارک، ناپلیۆن، گاریباڵدی، تیتۆ، هەندێکیشیان دوای سەرکەوتن نوچ دەدەن و توشی هەرەس هاتن، بەڵام هەمان شانازی و سەربەرزییان پێ بڕا هەرچەند بەناکامی و چاو لەئاواتی بەرزیان ماڵئاواییان کردو چونە مێژوی سەروەری و پڕ لەشانازی گەلەکانیانەوەو وەک سونبول بەبەرزی و پیرۆزی و نەمری دەمێننەوە، وەک عومەر موختار، شێخ، سمکۆ، عبدالناێر، قازی موحەممەد، جیڤارا. گروپێکیش شەرمەزاری مێژوی مرۆڤایەتی بون و هەر لەلاپەڕە رەشەکاندا جێگەیان دەبێتەوە، وەک هیتلەر، مۆسۆلۆنی، ستالین، چاوچیسکۆ...هتد. کاپتن هۆڵت ئەفسەری ئینگلیز، لەبارەی شێخ مەحمودەوە وتویەتی: (ئەگەر هەردو جەمسەری مەسەلەکە بخوێنینەوە گونجاوترین حوکم بەسەریدا ئەوەیە گەورەترین هەڵەی "خاڵی لاوازی نەک هەڵە، چونکە مرۆڤ بەدەست خۆی نییە لە چ سەردەمێکدا لەدایک دەبێت. ن. ک" ئەوەیە دەبو سەدەیەک زوتر بێتە دنیاوە). کاپتن هۆڵت ئەو راستییەش دەردەخات ئەگەر هێزی ئاسمانی بەریتانیا نەبوایە هەرگیز نەماندەتوانی بەسەر شێخ مەحمودا زاڵ ببین. 
دەی هەزار رەحمەت لەشیرت ئەفسەری بەویژدانی لەشکری ئینگلیز کە چەند صاڵێک لەگیانبازیدا بویت بەرامبەر شێخ، تۆ لەسەنگەری دوژمنەوە پیرەمێردیش لەسەنگەری کوردەوە لەو خاڵەدا هەمان بۆچوونتان هەیە. پیرەمێردی کورد دەڵێت: 
(ئاخ گەر نەدەبوو ڤڕەی تەیارە **حیزی و ئازایی ئەوسا دیارە).  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە