فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ

Sunday, 16/05/2021, 23:41

4861 بینراوە


لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داهاتووە کە مرۆڤ شایانی ڕێزە نەك بەزەیی.
دوای بڕیارە شوومەکەی دادگای پێداچوونەوە، کە چەند لایەن و زۆرێك لە رێکخراوی مەدەنی و هەندێك لە پەرلەمانتاران و چەند کەسایەتیەك، ئومێدیان لەسەر هەڵچنیبوو، ئومێدەکەیان وەك بەفری بەهار  توانای گەرمە تینی دادگاحزبییەکانی هەرێمی نەگرت و هەر زوو تواوەو بووە ئاو و ڕۆچووە نێو ئەو ڕوبارە دوور و درێژەی نائومێدی، کە سی ساڵە بەردەوامی هەیە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێوەی دەناڵێت. بڕیارە شومەکە  پێچەوانەی خواست و ئومێدی ئەو خەڵکە، سزاکەی بەسەر چالاکونی بادینان پشتڕاستکردەوەو تاوانی سیخوڕی و تێکدەری بەسەریاندا سەپاند و کەسایەتی چالاکونانی لکەدارکرد.
بەم بڕیارە پەڵەیەکی ڕەشی تری لە ستەمکاری، بۆگەنی،  نادادی دادگاو پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤی  لکان بەتەوێڵی دادوەری لە و هەرێمە بچوکە  دووئیدارەییەدا کە دەسەڵاتی دزوجەردە، گەندەڵ و مافیاگەرایی  بنەماڵەیی بەڕێوەی دەبەن. بەبێ گوێدانە یاسا و عورفی دادوەری ناوخۆیی و جیهانی، ڕای گشتی ووڵاتانی دۆست و نێودەوڵەتی. هەروەك کاری ڕابوردوویان هیچ هەژمارێکیان  بۆ یاسا جیهانیەکانی مافی ئازادی ڕادەربڕین نەکردو ویستیان بەبنەمای یاسای خێلەکی ئەم پرسە بەهەوەس وقازانجی خۆیان تیپەڕێنن. 
لە دوای بڕیارە حزبی و سیاسیەکەی دادگای پێداچوونەوە. لێرەو لەوێ گوێمان لە کاردانەوەو ڕای جیاواز لە لایەن مەکتەبی سیاسی هەندێك حزب ، سەرکردە، دادوەری پێشوو، هەندێك پەرلەمانتار، ڕێکخراوی مەدەنی، ڕۆشەنبیر، چالاکون و کەسایەتی دەبێت، بەڕاستی مرۆڤ شەرم لە مرۆڤبوونی خۆیدەکات و دەڵێت ئایا ڕاستە ئێمە لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سەدەی بیست و یەکدا دەژین کە ئەم هەمووە بەم جۆرە بیردەکەنەوە؟  وەك بڵێیت ئێستا زەمەنی ٦٠٠ ی زایینیە و میللەتی نەخوێندەوار و ووڵات لەلایەن پاشایەکی نەخوێندەوارەوە بەڕێوەدەچێت، وە میللەت کڕنوشی بۆ دەبەن و دەڵێن فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ. دەنوزێینەوەو دەپاڕێینەوە بۆ ئەوەی لێبوردن بۆ چەن کەسێك دەربکات. 
لەم دەڤەرەی ئێمەدا، مرۆڤیان والێکردووە کە نەك هەر بایەخی خۆی نەزانێت بەڵکو لەدەستیشیبدات. چونکە هەموو تاکێکی ئەم میللەتەیان فێرە پاڕانەوە و نوزانەوە و دەستپانکردنەوە کردووە کاتێك داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن. کە دەڵێم تاك واتە هەموو کەسێك دەگرێتەوە، بە خەڵکە گشتیەکە و ئەندام پەرلەمان( ببورن ئەندام دیوەخان)، وەزیر، دادوەر، چالاکوان، ڕۆشەنبیر، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییەکانیش. کەواتە خەڵکی ئەم دەڤەرە نەك هەر مافی خوراوە بەڵکو شکۆ و ڕێزیشی لەسایەی ئەم دەسەڵاتە خێڵەکییە  لەدەستداوە.
ڕۆژ نییە ژن و پیاوی گەنج و پیر و پێشمەرگە و کەم ئەندام، لەسەر جادەو ناو پاڕك و پێش دادگاکان و پەرلەمان( دیوەخان) و شوێنە گشتییەکان  نەبینین کە چۆن نزاو سکاڵای خۆیان بەپاڕانەوەو کروزانەوەو دەستپانکردنەوە لە دەسەڵات دەکەن بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواکانی خۆیان. یەكێك لە دادوەرەکانی پێشوو، کە هەمیشە خاوەنی هەڵوێستی بوێرەانەی خۆیبووە و ئەم ناداییەی قبوڵ نییە. دەڵێت: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی سەرۆکی هەرێمە و دەبێت دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربێنێت و لێبووردن بۆ ئەم شەش چالاکوانە  دەربکات. ئەندام پەرلەمانێك( دیوەخان) کە هەردەم ڕای تایبەتی خۆی هەبووە لە زۆربەی پرسەکان دەڵێت: دەبێت سەرۆکی هەرێم بەزەیی پێیان بێتەوە و لێبووردنیان بۆ دەرکات چۆن کاتی خۆی لێبووردنیان بۆ سەرۆك جاشەکان دەرکرد، کە کوردیان کوشت و ئەنفالکرد. یاخود یەکێکی تر دەڵێت ئەمانە خاوەن ماڵ و منداڵن دەبێت بەزەییمان پێیان بێتەوە، بەم ڕەمەزان و جەژنە، با بچنەوە ناو ماڵ و منداڵیان. بۆ خاتری خوا سەرۆکی هەرێم.
سەیرکەن چ سەیرێکە! سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان،  کونسولخانەکانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوڕوپا، ڕێکخراوەکانی مەدەنی جیهانی وەك ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی بێسنور و.. هتد هەموویان هاتنە سەر‌هێڵ و بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەویان  بە ناڕەوا ناوزەنگکرد. کەچی ئەوانەی خۆمان کە لە سەرەوە ئاماژەم  پێکردوون، هەر دەپاڕێنەوەو تکا دەکەن کە خاوەن شکۆ دڵی نەرمبێت و چاوی بەزەیی پێیان بێتەوە و لێیان ببورێت.
هەمیشە لێبووردن بۆ کەسێکە یان کۆمەڵەکەسێکە کە تاوانباربن و تاوانیان ئەنجامدابێت. لێبوردن بۆکەمکردنەوەی سزا یان لابردنی سزا لە کاتێکدایە کە کەسەکە دانی ناوە بەتاوانەکە و تۆبەی کردووە کە جارێکیدی تاوان نەکات و بە شەرت و مەرجی تایبەتی و لەڕوانگەی بەزیی بە بارودۆخی ئازادەکرێت. کە واتە ئەوانەی دەباڕێنەوە تکا دەکەن دەنوزێنەوە لە دەسەڵات بۆ ئەوەی ئەو شەش چالاکوانە بکەونە بەر چاوی بەزەیی خاوەن شکۆ و دڵی نەرمبێت لێیان ببورێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانە دژ بە مافی  سزادراوان. چونکە ئەمە  ئەبێتە هۆی ڕەواییدان بە سزاکەو چەسپاندنی تاوانەکە بەسەریاندا و هەتاهەتایە لە ئەرشیفی پەڕاوگەی دادگا دەمینێتەوە کە ئەمانە سیخوڕ و خۆفرؤشن و حوکمی دادگاش دادپەروەرانەبووە، بەڵام ئەمانە بەر رەحمەتی دڵی بەزەیی خاوەن شکۆ کەوتوون.

پێویستە چێ بکرێت:

ئەگەر لە ڕوانگەی مرۆڤایەتی و یاساکانی مافی مرۆڤ سەیری ئە کەیسە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم چالاکوانانە، شکۆ، بەها، ڕێزیان و مافیان پێشێلکراوە. چونکە بە دید و بۆچونی زۆربەی شارەزایانی بواری یاسایی کە بەڵگەکان شایستەی ئەوە نین کە ئەمانەی پێ تاوانبار بکرێت. هەروەها  لە دەزگای ئاسایش ئەمانە بێسەرو شوێنکراون بۆ ماوەیەکی زۆر لە وێدا ماونەتەوەو بێئەوەی کەس وکاریان پێیان بزانن. لە لایەکی ترەوە ئەم شەش چالاکوانە لە ئاسایش بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و لە ژێر هەرەشەی نامووس و ئازاردانی فیزیکی و دەروونی ووتەیان لێوەرگیراوە و ئەم تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان ئەمە لکەدارکردن و ناوزڕاندنێکی بەڵگە نەویستە. هەروەها  پێشێلی یاساییش لە هە هەموو گەنگاوەکاندا کراوە. بەبەڵگەش یەکێك لەو پێنج دادوەرە بە نایاسایی لە پۆستەکەی ماوەتەوە.
 کەواتە دەبێت ئەم چالاکوانانە، بەبێ هیچ بەند و مەرجێك ئازادبکرێن و دەسەڵات و دادگا بەداوای لێبووردن و قەرەبووی مادی مۆراڵییان، ڕێز و شکۆمەندیان بۆ بگەڕێنێتەوە. هەروەها ئەوانەی کەم ترخەم و یاساشکێن بوون بدرێنە دادگا. نەك پاڕانەوەو بڵێن فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە