مێژووی ئێمە پڕێتی لە ڕیسوایی

Tuesday, 05.18.2021, 23:44

2237 بینراوە


لە هونەری جەنگدا یاسایەک هەیە دەڵێت : "کاتێک جەنگاوەرێک بەتیرێک بریندار دەکرێت، دەبێت لە پێشدا جەنگاوەرەکە ڕزگار بکەین، نەک بیر لەئاراستەی تیرەکە بکەینەوە، ئینجا دوایی بزانین داخۆ تیرەکە لەکوێوە هاتووە، کێ هاویشتوویەتی، خێرایی تیرەکە چەندە بووە، کامە لە دوژمنەکان ئەم جۆرە تیرەیان هەیە؟ ئەم جۆرە لە پرسیارکردن لەم کاتەدا کار لەسەر ژیان و گیانی جەنگاوەرە بریندارەکە دەکات.
ئێمە تاکو ئێستا نازانین ئەنفال چییە و قوربانییەکانی چەند بوون و کێ بوون هیچی بە دۆکۆمێنت نەکراوە؟
لای ئێمە ئەنفال تەنها وێرانکردنی گوندەکان و سوتماکی نیشتمان و وەک دەڵێن کوژرانی ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کوردە، ئەگەر بپرسین ئەو ژمارەیە لە کوێوە هاتووە، کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت، هەندێک جار قسەی عەلی حەسەن مەجید وەکو بەڵگە وەردەگیرێت، کە ئەمەش راست نییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئێمە تاکو ئێستا نازانین ئەنفال چییە ؟ لە ئاست ئەو کارەساتە گەورەیەدا دەممان دادەپچڕین و وەڵامێکی زانستی یان بڕوا پێکراومان نییە، ئیسلامە کوردیەکان بە تایبەتی سەلەفییە خائینەکان ئەمە بە کارێکی پیرۆز دەزانن چونکە ئایەتێک بە ناوی ئەنفالەوە هەیە.
 لای سەرانی پارتەکان و هەنورمەند و مۆسیقاژەنەکانیش ئەنفال واتا دەغیلەی سواڵکردن، تەنانەت ئەو کەسانەی ئەنفالیش کراون، یان ڕاستەو خۆ لەو پرۆسەیەدا بەشداربوون و قوربانیان داوە، یان وەک خۆفرۆشێک هاوشانی سوپای داگیرکەری بەعس بەشداربوون لە پرۆسەی ئەنفالدا، جگە لەگێڕانەوەیەکی بێبنەما و حاشالێکردن و سەرەک جاشەکان هەموویان دەڵێن ئێمە سەدان ئەنفالکراومان قوتارکردوە لەکاتێکدا هەموو جاشەکان بەشداربوون.
من دوای ئەنفالەکان لە نۆکان بووم دەمبینی جاشی سوکی کورد چۆن فافۆن و قاپ و قاچاغیان لەگوندە وێرانەکان کۆدەکردەوە دەیاننارد بۆ ئێران، قوربانییەکانی ئەنفالیش جگە لە کڕوزانەوە هیچی تریان نییە بۆ گێڕانەوە.
هەرسێ بەرگی شاهید حاڵەکانی ئەنفالم خوێندەوە، تەنانەت کەسیان ناتوانن لە ئاستی ئەو کارەساتەدا باس لەئازار و تراژیدیاکانیشمان بۆ بکەن...!
 لە خوارەوە بەڵگەیەک دەخەمە روو، کە لە موخابەراتی کەرکوکەوە "هەیئەی کەرکوک" نووسراوە هەندێک کەس گومانیان لەسەر تەواوی ناوەکان هەیە، هەڵبەت ئەمە کاری دەزگایەکی ئەکادیمی یان زانکۆیەکی باوەڕپێکراوە. تا ئەوە ساغ بکاتەوە.
 هەموو ساڵێک سیاسییە سەرتاپا بۆخکراوەکانمان دەچنە ژێر تابوتێکی بەتاڵەوە و وێنەدەگرن تا بڵێن ئەها ڕوفاتی ئەنفالکراوەکانمان هێناوەتەوە نیشتمان.
ئێمە گەلێکین تا ئیستا نەمان توانیوە و نەشمان ویستوە تاوانبارێکی ژینۆساید، خائینێک، فایلدارێک، ترسنۆک وخاکفرۆشێک بەسزا بگەیەنین. 
بگرە بە پێچەوانەوە ئێمە شکۆمان بۆ ئەنفالچییەکان گەڕاندۆتەوە و پاداشتمان کردوون. فڕۆکەوانەکان بەردەدەین و بەشکۆە بەڕێیان دەکەین و لەدادگاکانی جیهاندا بەرگریان لێدەکەین، ئەفسەر و سەرباز و جەنەراڵە چنگ بەخوێنەکانیان بە ئەستێرە ئەشبوهێنین.
زۆر دوور نەڕۆین ئەوەتانێ خۆمان کردۆتە خەمخۆری فەڵەستین و مەلاکان و موسڵمانەکان فرمێسک بۆ قوربانییەکانی فەڵەستین دەڕێژن، ئەمە لە کاتێکدا تورکە فاشییەکان ڕۆژانە کورد دەکوژن لە٩٠٠٠مزگەوتەوە داوا دەکەن گەلێک پاکتاو بکرێت، ئیسلامییەکی کورد، ئیخوانێک بە وشەیەک نەهاتە دەنگ، ئێستا ئەم لیستی ناوەی کە لە خوارەوە دەیبینن و کاتی خۆی ئاشکرابوو، زۆر کەس بە راستیی نازانن.
 ئەمڕٶش هەموو تاوانبارانی بەعس لە سایەی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی، یەکە یەکە لەخەستەخانەکانی هەرێم و لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا ڕۆحیان دەردەچێت و بەشکۆوە دەبرێنە گۆڕستانەکانی نیشتمان و لاشە پیسەکانیان دەشارێتەوە. 
 دەیان نمونەی زیندومان هەیە بۆیە ئەنفال نەک نەبوو بە وانەیەک، بەڵکو نەشبوە کەیسێک بۆ ناساندن و بۆ ئازادبوونمان، بەڵکو بووە دەغیلەی سواڵ و شکانی شکۆی تاک بەتاکمان، ئەوەتانێ گوندەکانی گەرمیان وابڕوات بەبێ ئەنفال هەمووی تەعریب دەکرێت، تەنانەت شارەکانیش هەمووی بووە بە عەرەب و ڕۆژانە منداڵی عەرەب بەلێشاو لە دەیک دەبێت. کەرکوک و موسڵ و جێگە وازلێهێنراوەکانمان ئاوا لە خەمساردی بێپلانیدا لەدەست دا.
 لەدوایی ڕاپەڕین ئێمە دەبوو هەموو ئەو دیکۆمێنتانەی دەستمان کەوت بمان پاراستنایە و وەک چەکێک بەکارمان بهێنایە، کەچی ناردیان بۆ ئەمەریکا..... بۆچی؟
کەسمان نازانین، بەڵام کورد ووتەنی "ئەم ماستە نەک موو گوریسێکی تێدایە " ئاخر گێڕانەوەی چیرۆک جیاوازە لە بە دیکۆمێنتکردن، جارناجار باسی قارەمانێتی کامێراژنەکان دەکرێت، گوایا هێرۆی ژنی تالەبانی بە کامێرا زۆر وێنەی بە دۆکۆمێنت گرتووە، ئێ باشە کوا وێنەی قوربانیەک، گوندێکی سوتاو، منداڵێکی هەلاهەلابوو، وێنەی بۆردمانێک، قوربانیەک. بەڕاستی ئەوەی ئێمە خەریکین تەنها خۆمان دەخەپێنین.
سەرەک جاشەکان هەموویان خاوەنی دیوەخان و چەکدارن، ئەوانەی ئەنفالیانکردین، عەرەب و بەعسیەکانیش هەموویان برای گەورەمانن، چونکە ئێمە مشکی تاقیگاین هەرکەسێک حاکم بێت دەتوانێت تاقیکردنەوەکانی لەسەر ئێمە بکات. 
ئێستا ئەم هەموو پەرلەمانتار و وەزیر و گزیرانەی هەمانە، کەچی کەسێکیان غیرەتیان نیە کەیسی بۆردومان و لەشکرکێشی تورک باسک بەن، چ جای ئەوەی کچانی ئەنفالکراومان لە ووڵاتی میسرەوە بگەڕێنەوە...
ئێمە لە سەردەمێکی شەرمەزاریدا دەژین تاک بەتاکمان تاوانبارین... بێدەنگیشمان تاوانێکە وەک ئەوانەی پێی هەڵدەستن. لە هەمووی کۆمێدی تر ئەوەیە وەزیری شەهیدانی هەرێم بەو پیریە لە قوتابخانەی شەو دەخوێنێت........!

بەناوی خودای میهرەبان ژمارە: ١٦٠١
(نهێنی و پەلە) بەروار: ١٠/١٢/١٩٨٩
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری پارێزگای کەرکوک
بۆ/ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری گشتی
بابەت/ جێبەجێکردن
دوابەدوای بەدەستگەیشتنی رێنمایی ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرکردایاتی سیاسی سەبارەت بە پرۆسەکانی ئەنفالی یەک و دوو کە تیایاندا کۆمەڵێک خەڵکی جۆراوجۆردەستبەسەرکران، لەوانە کۆمەڵێک لە کچان کە تەمەنیان لە نێوان (١٢- ٢٩) ساڵاندایە. لەسەر فەرمانی بەڕێزتان ژمارەیەک لەو کچانەمان نارد تا بۆ مەلها و یانە شەوانەکانی کۆماری میسری عەرەبی بنێردرێن. هەروەها لیستێکتان بە ناوی ئەو کچانە و تەمەنەکانیان بۆ رەوانە دەکەین لەسەر داوای بەڕێزتان، بۆ ئاگاداری لەگەڵ رێزدا..
واژو
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری پارێزگای کەرکوک