دەڤەری برادۆست، پارتی ڕێگە بە چەکدارەکانی نادات کوێستان بکەن!

Wednesday, 19/05/2021, 23:17

3297 بینراوە


لەدەڤەری برادۆست کەم ماڵ هەن پێشمەرگەیان نەبێت، زۆرترین پێشمەرگەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، خەڵکی ئەو ناوچەیە زیاتر بە ئاژەڵداری و  هەنگەوانی و ... خەریکن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ساڵێک لەمانگی پێنج و شەش لەگەرمیانەوە کۆچ دەکەن بۆ کوێستانەکان ( کێلەشین ـ بەربزین ـ خواکورک ـ شەکیو ـ سنین ـ خنێرە و ڵۆڵان) بەدیاریکراویش ئەم ساڵ بەهۆی ئەوەی وشکەساڵییە لەهەموو ساڵێک زیاتر پێویستیان بە کوێستانکردنە، گەرچی پێشمەرگەکانی پارتی ئەو ساڵ لەلایەن حیزبەکەیانەوە ئاگادارکراونەتەوە: کە نابێت بەهیچ شێوەیێک بچن بۆ کوێستانەکان، ئەوەی ڕوو بکاتە ئەو شوێنانە دەردەکرێت!
پێشمەرگەکان نیگەرانن بەو بڕیارە و دەڵێن: مەگەر ئاژەڵەکانمان هەڕاج بکەین و بەهەرزان بیانفرۆشین، ئەگینا لەم وشکەساڵیە چۆن ئەکرێت نەچین بۆ شوێنێک لەمەسلەحەتی خۆمان و ئاژەڵەکانماندا بێت.
ئەوڕۆ کۆبوونەوەیەکی تر بەسەرپەرشتی فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد لیوا بەهرام عەریف یاسین  و کاکەمین نەجار بە پێشمەرگەکان کراوە و دوا بڕیار دراوە کە نابێت بەهیچ مەرجێک بچن بۆ کوێستانەکان، پاساویش ئەوەیە: نەوەک شەڕ دروست بێت و هێزەکانی پەکەکە ئەوان لەوێ بە دیل بگرن!
هەر دوای ئەو کۆبوونەوەیە ئەم ئێوارە لیوا بەهرام لەکەناڵی ڕووداو ڕایەگاند لە بۆڵێی دەڤەری برادۆست پەکەکە تەقەی لە هێزەکانیان کردووە و ڕایگەیاند ئێمە وەڵاممان هەبووەو لەداهاتووشدا چیتر ئەمە قبوڵناکەین و شەڕیان دەوێ شەڕ دەکەین.

کاوە عەلی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە