دەستورێک بۆ ئال مەکتوم !

Thursday, 20/05/2021, 20:00

8271 بینراوە


 دەستور ئەو بنەما یاساییانە لەخۆ دەگرێ‌ كە دەسەڵات وماف وئازادیەكان رێك دەخات، واتە بابەتی دەستور پەیوەندارن بە دەسەلاتی حوكمرانەوە لە دەوڵەتدا، كە بەپێی رێسا دەستوریەكان دەسەڵات جلەو دەكرێ‌ وسنوری بۆ دادەنرێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان دەسەڵات وئازادیەكان. لێرەوەش مەترسی دەستور سەرهەڵدەدا لە بەرانبەر حوكمرانان.
بۆیە لەو وڵاتانەی كە بە درۆ دەڵێن گەل سەچاوەی دەسەڵاتە، بون ونەبونی دەستور وەك یەكە، چونكە ئەو دەسەڵاتە بەكردەوە لەگەلەوە هەڵنەقوڵاوە بەڵكو كەسێك یا گروپێك یا دەستەیەك خۆیان بە خاوەنی ئەو دەسەڵاتە دەزانن، هەرگیز ئامادە نین بە هیچ شێوەیەك دەست بەرداری بن یا سنوردار بكرێ‌، بۆیە لەهەر وڵاتێك ئەگەر دەستور لەلایەن دەسەڵاتە گشتیەكانەوە رێزی نەگیرا، بەوپێیەی كە لوتكەی هەرەمی رێخستنی یاسایی وڵاتە، ئەوا لەو حالەتەدا دەستور تەنیا لەرووی تیۆریەوە زاڵیەت وشكۆی دەبێ‌، چونكە مەحاڵ وخەیاڵە فەرمانرەواكان پێوەی پابەندبن، بۆیە لەبارودۆخێكی وەهادا دەكرێ‌ ئەو دەستورە جگە  لەبەرنامەو  پرۆگرامێك زیاتر نیە كە تەنیا بۆ دیكۆرو مەبەستی پرۆپاگەندە دادەنرێ‌.

 عیبرەت بە بونی دەستور نیە بەڵكو لەسەروەری ئەو دەستورەدایە بەسەر حاكم ومەحكومەوە

  كەواتە عیبرەت بە بونی دەستور نیە بەڵكو لەسەروەری ئەو دەستورەدایە بەسەر حاكم ومەحكومەوە، بەشێوەیەك لەپاشای مەملەكەتەوە تا خوارەوە هەمو رێزی بگرن ولێی لانەدەن وملكەچی حوكمەكانی بن. بەڵام ئایا دەستور لەوڵاتانی هاوشێوەی ئێمە دەتوانێ‌ جڵەوی حوكمرانەكان بكا؟  ئەگەر بەخێرایی چاوێك بە دۆخی هەندێك لەو وڵاتانە دابخشێنین ئەوا وەڵامی ئەو پرسیارە بە نەخێر دەبێ‌ .
     لە میسر، وەك دەوڵەمەندترین وڵاتی عەرەبی لەرووی ئەزمونی دەستوری ویاساوە، هەریەك لە كۆدێتاچیەكان، عەبدولناسر، سادات، موبارەك، وئێستاش سیسی. لە تونسی ئاودراو بە رۆشنبیری فەرەنسی، بۆرقێبەو زێن عابدین بن عەلی، ودوای ئەوانیش قائد سەبسی و راشید غەنوشی. لە لیبیای قەزافی ودوای قەزافی. لوبنانی داماو بەدەست حیزبولڵاوە. سوریای ئەسەدی باوك وكور. میرنشینەكانی بنەماڵەكانی كەنداو. ئێرانی خومەینی وخامەنەیی. عێراقی سەردەمی كۆدێتاچیەكان وئەوانی دواتریش كە بەپشتی دەبابەی ئەمریكی تەشریفیان هێنا، وزۆر ولاتی تریش..... لەهەمو ئەو وڵاتانە حوكمرانەكان هەمیشە خۆیان بەسەرچاوەو خاوەنی دەسەڵات زانیوە، دەستوریش نەیتوانیوە جڵەویان بكاو سنوریان بۆ دابنێ‌، بەڵكو بەپێچەوانەوە ئەوان هەمیشە بەئارەزووی خۆیان وبەپێی بەرژەوەندیەكانیان یاریان بەدەستورو یاساكان كردوە. لەهەمو ئەو وڵاتانە فەرمانرەوا خۆی دەستورو قانون بوە، واتە (دەستورو قانون)هەمیشە گوزارشتیان لەئیرادەی فەرمانرەوا كردوە نەك ئیرادەی خەڵك ومیللەت، هەرچەندە  وەك دروشمێكی بریقەدار لە دەستورەكەدا هاتوە كەوا ( گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە) !! بەڵام  ئەو دەقە دەستوریە دروشمێكی درۆینەی بێ‌ ناوەرۆكە، ئەگەر وانیە چۆن حوسنی موبارەك و ئەسەد وئال سەباح وبنەماڵە هاوشێوەكانیان لێرەو لەوێ‌، لەو سەدەی بیست و بیست ویەكەمە، بەدرێژایی سێ‌ چوار دەیە یا نیوسەدە و زیاتر جڵەوی دەسەڵات بۆخۆیان ونەوەكانیان لەخەڵك زەوت دەكەن؟ لەكاتێكا لەنێو دەستوری هەمو  ئەو وڵاتانە بەراشكاوی ئەو دەقە دەستوریە هاتوە كە دەڵێ‌ گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە !

نیلسۆن ماندێلا لەكۆتایی سەدەی بیستەم بەیەك خولی سەرۆكایەتی (1994-1999) وازی هێنا

    ئەی بۆ لە ئەمریكای مۆڵگەی دیموكراتی، بەر لە (220) ساڵ زیاتر جۆرج واشنتۆن،  رزگاركەری ئەو وڵاتە لەدەست داگیركەری بەریتانیا، ئامادە نەبو زیاتر لەهەشت ساڵ(دوو خولی سەرۆكایەتی)بمێنێتەوە، هەرچەندە گەلی ئەمریكا بەپەرۆشەوە داوای مانەوەیان لێ دەكرد ولەدەستوری ئەمریكای 1789شدا دەقێكی رێگر نەبو لەسەرەتادا، یان نیلسۆن ماندێلا لەكۆتایی سەدەی بیستەم بەیەك خولی سەرۆكایەتی (1994-1999) وازی هێنا، لەكاتێكدا ئەگەرحەزی مانەوەی هەبوایە گەلی باشوری ئەفریقیا بەهەمو رەنگەكانی پشتیوانی ئەو حەزەیان دەكرد. چونكە بەدیدی ئەوانە ئەو دەسەڵاتە  ئی خەڵكە و حاكمیش خزمەتكاری خەڵك، بۆیە پێویستە هەمیشە خەڵك خۆی بریاربدا كێ‌ بەخزمەتكار رابگرێ‌ و بەنوێنەرایەتی ئەو ماوەیەك حوكم بكا بەپێی دەستور، نەك ببێ‌ بەكەڵەگا بەسەر خەڵكەوە ! 
     لە بەرانبەر ئەو وڵاتە شمولیانەی ئاماژەمان پێدان هەندێ‌ وڵاتی دیموكرات هەن تیایاندا سەروەری یاسا تا لوتكە بەرقەرارە، كەچی یان خاوەنی دەستورێكی عورفی نەنوسراون یان هەر دەستوریان نیە. بەریتانیا وەك نمونەی یەكەم، تا ئێستا دەستورێكی نوسراویان نیە، سستەمی حوكمرانی ورێكخستنی دەسەڵاتەكان تیایدا بە رێسای عورفی دامەزراوە، كە پەرلەمانی بەریتانیا دەسەڵاتی هەمواری ئەو رێسایانەی هەیە، بەڵام هەمو دەسەڵات وفەرمانرەواكانی ئەو وڵاتە بەرێزەوە سەیری ئەو دەستورە عورفیەیان دەكەن وپێوەی پابەندن. بۆیەش ئاڵ وگۆریەكانی دەسەڵات بەپێی ئەو رێسا دەستوریە عورفیانە بەئاشیانەو هێمنانە لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجام دەدرێ‌. وڵاتی  ئیسرائیل وەك نمونەی دووەم، تا ئێستا دەستورێكی نوسراوی نیە، دەسەڵاتە گشتیەكان(كەنێست، سەرۆكی دەوڵەت، وئەنجومەنی وەزیران) بە قانونی ئاسایی رێكخراون، كەچی بەكردەوە دەسەڵات هی گەلەو كەسێك نیە لەسەروی یاساوە بێ‌ حاكم بێ‌ یا مەحكوم، ئاڵوگۆری دەسەڵات لەئان وساتی خۆی ئاشتیانە ئەنجام دەدرێ‌، هەرچەندە ئەو وڵاتە زۆربەی كات لەبارو دۆخی نائاسایی وشەر دابوە. بەڵام لەباری ئاسایی ونائاسایی یاسا هەمیشە بەرقەرار وسەروەرو بوە بەسەر هەموانەوە. 
     بەپێچەوانەوە لەعێراقی ئێمە 18 ساڵە دەستورێكی نوسراومان هەیە، بەڵام ئەوە حاڵی خەڵكی عێراقە بەدەست دەسەڵاتی حوكمرانەوە، هەرچەندە بەرووكەش گوایە وڵاتێكی دیموكراسیەو دەسەڵاتەكان بەهەڵبژاردن پێك دەهێنرێن، بەڵام لە راستیدا لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە گشتیانەدا، حوكمەكانی دەستور خراونەتە ژێر پێوە، چونكە پێكهاتن وسازانی ئەو لایەنانەی دەستیان بەسەر دەسەڵاتەكاندا گرتوە  جێگەی دەستورو قانونی گرتۆتەوە، بۆیەش لەسایەی ئەو دەسەڵاتە زەوتكراوە كەگوایە ئی خەڵكە، ماف وئازادیەكانی خەڵك تا ئەوپەری پێشێلكراوە و نارەزاییەتیەكانی خەڵك لەلوتكەدایە، بێگومان ئەگەر دەستور شكۆو سەروەری هەبوایە بەسەر حاكمەكاندا ئێستا ژیانی خەڵك لەبارودۆخێكی زۆر باشتر دەبو. كەچی هەر لەم عێراقە سەردەمی رژێمی پاشایەتی، حوكمرانەكان رێزیان لە دەستور گرتوەو نەیانتوانیوە پێشێلی حوكمەكانی بكەنو بەكردەوە لەو سەردەمەدا یاسا سەروەر بوە.

 دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لەلایەن  بنەماڵە حوكمرانەكانەوە لەساڵی 1991ەوە قۆرغكراوە 

   لە هەرێمی كوردستانیش لەبری ئەوەی گەل خاوەنی دەسەڵات بێ‌، بەپێچەوانەوە كراوەتە  كۆیلەی دەسەڵاتێك، كە لەلایەن  بنەماڵە حوكمرانەكانەوە لەساڵی 1991ەوە قۆرغكراوە ودوای سی ساڵ  هەمان تاس وحەمامە، كورەكان جێگەی باوكیان گرتۆتەوەو كورە زاكانیش سازو ئامادەن بۆ درێژەدان بەو قۆرغكاریەی دەسەڵات. لەهەرێم دەستورمان نیە ودەسەڵاتە گشتیەكان  بە قانونی ئاسایی رێكخراون، بەڵام لێرە یاسا بەگشتی ولەنێویشیاندا ئەو یاسایەنە رێزو سەروەری نیە، بەڵكو مەقاشی دەستی حوكمرانانن، كەی بیانەوێ‌ هەڵیان دەوشێننەوە یا هەمواریان دەكەن یا پەكیان دەخەن، بۆنمونە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا(7)جار هەموار كراوەتەوە، یاسای سەرۆكایەتی هەرێم (3) جار هەموار كراوەتەوەو جارێكیش پەكخراوە ودواتر بەكارخراوەتەوە ، یاسای ئەنجومەنی وەزیران(10) جار هەموار كراوە، ئەوەی شایانی باسە هەمواركردنی دەستور و یاساكان دەبێ‌ بەهۆكاری لۆجیكی و واقیعی پێویستی كۆمەڵگا بێ‌، بەڵام زۆربەی ئەو هەمواركردنانەی ئاماژەمان پێدان بەپێی بەرژەوەندی وخواست ومیزاجی دەسەڵات ئەنجامدراون لەغیابی سەروەری یاسادا.
   بۆیە لەژێر سایەی ئەو بارودۆخەدا ئەگەر بەیانی دەستورێكیش بۆ هەرێم دانرا، لەتوانای ئەو دەستورەدا نیە دەسەڵات بگەرێنێتەوە بۆ خەڵك وئازادی و جلەوی دەسەڵاتی حوكمرانان بكا وسنوریان بۆ دابنێ‌، بەپێچەوانەوە رەنگە ئەو دەستورە وەك پشتیوانێكی یاسایی بخرێتە خزمەت رەوایەتی دان بەزەوتكردنی دەسەڵاتی خەڵك وبەپیرۆزكردنی حوكمی بنەماڵەكان لەكوردستان، هاو شێوەی بنەماڵەكانی سەباح و نهیان و ئەسەد و خەلیفە و سعود و مەكتوم !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە