هەنگاوێک بەئاراستەی ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕیفراندۆم

Friday, 21/05/2021, 21:57

19527 بینراوە


لەدوای زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش و زۆربوونی هێرش و پەلامارەکانیان، هەروەها زیادبوونی مەترسییان لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەنجامدانی چەندین کردەوەی یەک لەدوای یەک، کە تێیدا دەیان کەس لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا بوونە قوربانی، سەرئەنجام حکومەتی عێراق (لەژێر فشاری ئەمریکادا) بڕیاریدا بەدرووستکردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
 لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی لەحکومەتی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، تێیدا گفتوگۆی دۆخی ئەمنی و سەربازی ناوچەی مادەی (١٤٠) کرا، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی کە دەکەوێتە نێوان هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەوە، ئەویش بە درووستکردنی چوار بنکەی سەربازی هاوبەش لەم ناوچانە، کە بنکەی یەکەمیان: لەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە لە خانەقین دەبێت.  بنکەی دووەمیان: لەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە مەخمور دەبێت.  بنکەی سێیەمیان: لەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای نەینەوا لە کەسک دەبێت.  بنکەی چوارەمیان: لەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکوک دەبێت.
 لەدامەزراندنی ئەم بنکانەشدا، سەرەتا ژووری هەماهەنگی هەواڵگری ئەمنی دەست بەکاردەبن، دواتر چەند بنکەیەکی سەربازی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپا پێکدەهێنرێت، پاشان ئۆپەراسیۆنی مەیدانی هاوبەش دژ بە داعش ئەنجام دەدرێت.
دیارە پێکهاتەی کوردی لەناوچە کێشە لەسەرەکان، کە قوربانی یەکەمی دەستی داعشە پێشوازی لەم هەنگاوە کرد، بەڵام لایەنە سیاسییە عەرەبی و تورکمانییەکان دژی 
جێبەجێ کردنی ئەم ڕێکەوتنە و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەن، پێکهاتەی عەرەب (کە زۆرینە سوننەن) بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی و گەڕاندنەوەی ئارامی، داوای زیادکردنی هێزەکانی سوپا دەکەن، لەبەرامبەردا پێکهاتەی تورکمان (کە زۆرینە شیعەن) داوای زیادکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن،  ئەمەش دەلالەتە لە بێ ئەمەکی و بێ وەفای عەرەب و تورکمان، بەرامبەر پێشمەرگە و قوربانییەکانی کە  لەپاراستنی ژیانی ئەو پێکهاتانە و پاککردنەوەی ناوچەکانیان لە تیرۆرستانی داعش داویەتی.
ئاشکرایە دڵسۆزی و فیداکاری پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا
بۆ پاراستنی  کەرکوکییەکان، بۆ  نا خاوەنەکانی کەرکوک لە تورکمان و عەرەبی سەلماندووە، کە ئەوە کوردە خاوەنی ئەم خاک و ئاوەیە، ئەوە مێژوویەکی ناجۆر و داسەپاوە کە ئەوانی کردووە بەهاوبەشی کەرکوکییەکان.
 گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە بەئاراستەی گەڕاندنەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەکە و کەمکردنەوە و نەهێشتنی مەترسییەکای داعش ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە گەڕاندنەوە هاوسەنگییە بۆ  ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە لەدوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆی ساڵی (٢٠١٧) ی سەرکردە ناکارا و نەزانەکانی کوردەوە تێکچوو بوو، بەوهۆیەوە دۆخی کەرکوک لەکەناری ئەوەی بگەڕێتەوە باوەشی دایک، گۆڕدرا بۆ دۆخی داگیرکردنی لەلایەن حەشدی شەعبیەوە،  وە هەردوو حیزبی دەسەڵاتیش لەوکاتەوە تا ئێستا، ئەو خەڵکەیان لەژێر ڕەحمەتی شاڵاوی تەهجیر و تەعریبی ڕاکان جبوری پارێزگار و تەشەیوعی حەشدی شەعبی بەتەنها بەجێ هێشتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە