بۆ گشت مافیاکانی کوردستان

Friday, 21/05/2021, 23:32

18717 بینراوە


بەهۆکاری ئەوەی لە کوردستان دورم هەمیشە نامەوێت قسە لەسەر هیچ ڕوداوێک یان پرسێک بکەم کە لەوێ ڕوو ئەدات، هەمو جارێک بەبیانوی ئەوەی کە من لەوێ ناژیم و لەگەڵ خەڵکەکەیدا هاو خەم نیم و ئازارەکانیان لەگەڵدا بەشناکەم کە بەدەست دەسەڵات و مافیاو گەجەر وگ وجەرەکانی دەورو پشتیانەوە ئەیچێژن، بەڵام دیارە غەدرو نابەرامبەری ئاستی بژێوی خەڵکەکەیان گەیاندۆتە ئاستێک نەک منی دورەوڵات بەردیش ئەهێنێتە گۆ.ئێمە ئەزانین جام کە پڕبوو لێی ئەڕژێ، دەسەڵاتی مافیای کوردی سەلماندی و بەتایبەتیش سەرکردەکانی جوتە حیزبی دەسەڵات و ئەوانەش کە لەگەڵیاندا یا هاوپشکن یا وەک بەردەست و کاسەلێس، لەدەوریان کۆبونەتەوە.
لەم ڕۆژانەدا گوێبیستی ئەوەبوم کە لە سڵێمانی دەسەڵاتە چاوچنۆکەکەی یەکیەتی نانیشتمانی ئەیەوێت چەند جێگایەکی پڕ بەهای شاری سلێمانی هەڕاج بکات و بیداتە دەست کۆمپانیا مافیا و سێبەرەکانی خۆی، سەرەتا باوەڕم نەکرد خۆم بە خۆمم ووت هەرهیچ نەبێت ئەوان بانگەشەی ئەوە ئەکەن کە سلێمانیان کردوە بە پایتەختی کلتوری، ئێستا چۆن حەوت قوتابخانە ئەدەنە دەست مافیایەک کە لەبنەچەدا شار نشین نیە و هەمو بەهایەک لە لایان تەنهاو تەنها پارەیە، هەر بۆیە کەوتمە پەیوەندی لەگەڵ چەند دۆست و هاوڕێیەک تا هەواڵەکەم بۆ پشتڕاست بکەنەوە.
وێڕای پشتڕاستکردنەوە هەواڵێکی ناخۆشتریان بۆ زیادکردم، کە ئەویش ئەوەبو لە شاری قەڵا و منارەکەی پیرە هەولێریش هەمان هەڕاجکردن لە پلانی پارتی نادیموکراتی ماڵباتی بەرزانیدا هەیە، تەنانەت باڵاخانەی پارێزگاشی تیادایە، جا جێی خۆیەتی بە هاوڵاتیانی کوردستان بڵێن خۆیان سەرپشکن لەوەی چبڕیارێک ئەدەن لە چارەنوسی دەسەڵاتو پیاوەکانی، دەسەڵاتێک ئامادەیی سلێمانی کچان، دارئەلتەلەبەی سلێمانی، ئامادەیی جەمال تاهیر، ناوەندی سەلاحەدینی کوڕان چەندینی تر کە لە پلانە گڵاوەکەیاندا هەیە، ئەو هەڵەوەڕە کۆنە بەعسیەش کە تادوێنێ شایەری قادسیە سەدام بوو، ئەمڕٶش باوکی چیاو نما کردی بە پارێزگار دەنگی لێوە نایەت کە ئەو شارە بە خەڵکەکەشییەوە بفرۆشێت بەبنەماڵەیەکی کێوی، نازانن شارستانی و شارنشینی مانای چیە، ئەبێت چی لە سلێمانی شارەزابن چ دڵسۆزیەکیان بۆ سلێمانی هەبێت.
 ئەو کاتەی ڕاپەڕێنەکە بەڕوی زاڵمترین دیکتاتۆری جیهاندا تەقیەوە هیچ هێزێک نەیتوانی بەری پێبگرێت، و ڕەنگە ئەوانەی ئەمڕۆ دەسەڵاتیان لە دەستایە ئازایەتی ئەوەیان تیا نەبوبێت لە نزیکەوە ئامادەبن بەڵام خەلکی کوردستان تۆڵەی هەمو تاوانەکانیان لە بەعسی عەفلەقی فاشست کردەوە، دڵنیام دەسەڵات هی داگیرکەر بێت یان ئەم دوو ماڵباتە جیاوازیەک نیە بۆ غەدر و چەوساندنەوە لەبەر ئەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەبن.
 من دڵنیام کە هیچ کەس بەزەیی پیاتاندا نایەتەوە، ئەمە ئەوەندەی پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە، خۆ ئەگەر پەیامێک بێت بۆ دەسەڵات ئەوا ئەمێنێتەوە سەر ئەو بەناو کۆمپانیایانەی کە کەوتونەتە تاڵانیو گیرفان بڕینی یەک بەیەکی ئەم گەلە خێرنەدیوە، لێرەدا لەڕوی مەجبوریەوە ناوی هەندێک لەو مافیایانە ئەهێنم کە وەک زەرو دەمیان ژەنوەتە خوێنی میللەت لە داهاتوشدا هەرچی ناوێکی ترم دەستکەوت لەڕێگەی کوردستان پۆستی ئازیزەوە دەستی لێناپارێزم و داواشم ئەوەیە هەرخاوەن ویژدانێک بتوانێت با ناوی ئەو مافیایانە ئاشکرا بکات بەهەرجۆرێک بێت چونکە دڵنیام ئەگەر خۆشیان نەکەونە بەر گورز و شەقی میللەت ئەوا نەوەکانیشیان لە دەست میلەت دەرناچن:

١ــ کۆمپانیای قەیوان:

ئەم دڕندەیە کاتێک لە گوندی قەیوانەوە هات لە مەزاتخانەی سلێمای لای دارە سوتاوەکە گیرسایەوە، چونکە لە مەزادخانە کۆن و ڕەسەنەکەی سلێمانیش جێگای نەبوەوە، بە پشتی بەرهەمی کوڕی ماڵی تازەحەلاوی بەحورمەتی برای بەڵێن کە هەموو هەرزەکارەکانی گەڕەکی عەقاری ئەزانن مەبەستم چیە، بو بە سەرمایەدار، زانکۆ و پەیمانگا و کۆمپانیای دەرمان و دەیان و سەدان تاڵانچێتی تر با لە خۆمان بپرسین ئەبێت ئەم قەیوانیە کۆیلانە کە شار نشین نین چ دڵێکیان بەسلێمانی بسوتی، دڵنیابن خەڵکی سلێمانیە ڕەسەنەکە. ئەگەر نیرۆن زیندوبێتەوە سلێمانی بکات بە ڕۆما ئەوانە کە لە بنە چەدا شارنشین نین دەنگیان لێوە نایەت، بە پێچەوانەوە ڕەنگە ئازارە دەرونیەکانیان بەرامبەر سلێمانی خامۆش ببێت.

 ٢ــ فاروقی سەفوەت زادە:

هەبێ خەڵکی سلێمانی بێت و ماڵی مەلا سەفوەت نەناسێ تا ڕوژانێک بو لافی کۆمۆنیستیو  یەکسانی ئەدا بەگوێی هاوڕیکانی خۆیدا، ڕەنگە خەڵکی شار ئاگاداری ئەوە نەبن، کە نزیکترتن هاوڕێی خۆی ناردە بەر پەتی قەنارەی بەعس، یان بە پیلانی خۆی و کاکە عیزەدینی برای و دەست تێکەڵ کردنیان لە گەڵ بەعسدا مەلا جەمیلێ ڕۆژبەیانیان تیرۆر کرد. هەموو خەڵکی شار باش باش ئەزانن کە عەلە بچکۆلی پارتی لە ساڵی (١٩٧٦)دا لە زەڕایەن بە دەمانچەوە گیرا فاروق بە تەلەفۆنێکی ئەوسا بۆ بەغدا بەریدا، تۆ بڵێی بەعس لە ڕێی خوادا ئەوەی بۆ فاروق کردبێت؟ یان یەکێک بوو لە ڕست لە ملەکانی تەها جەزراوی.
ئێستا فاروقی کۆنە شیوعی جگە لە قومارخانەکەی ئاسیاسێڵ ڕۆژانە باخەڵی مناڵی کورد ئەبڕێ کۆمپانیای دەرمانی تەزویر و ماوە بەسەرچوو، خەستەخانەکەشی کردوە بە قەسابخانە بۆ تاڵان کردن و کەلەپاچەکردنی خەڵکی ئەو شارەی کە نەک خۆی کاکی و باوکیشی باش ئەناسن، من لەمپەڕی دنیایەوە پێی ئەڵێم ئەو کاتەی ئەمینی شێخ جەلالی ئاسنگەر لە مۆسکۆ کوژرا قوتابیەکانی هاوڕێی ئەیان وت کە بە دەسیسەی عیزەدینی مەلا مستەفا بووە. جا باش بزانن ئەگەر دوێنی لە سێبەری بەعسدا و ئەمڕۆش لە سێبەری ئەم حیزبە مافیایانەدا بە ئاسودەیی بژین دڵنیابە خەلکی سلێمانی ڕۆژێک دێ ئەگەر فریای خۆت نەکەوێت تۆڵە لە نەوەکانت ئەکاتەوە، با خەڵک چاوەڕێی ڕۆژگار بن.

٣ــ یاسینە لیکەی موبڕە:

ئەم پچوک پیاوەی لەگۆرەوی فرۆشی دەستگێڕەوە (لەگەڵ ڕێزما بۆ هەموو دەستگێڕەکان لە ئاستیانا سەردائەنەوێنم، چونکە ئەوان زەحمەتکێشین) ئێستا موستەسمیرە، لەسەر مێزی مەیخواردنەوەی بەرپرسانەوە کە بۆ مەزە و گاڵتەجاڕی ئەیانبرد وەک ڕۆپۆشێک بۆ چەند بەرپرسێکی دز و مافیا کار ئەکات، با ئاگادار بێت ئەو خیزانانەی کە پاشەکەوتی چەند ساڵەیان کردە دەستی ئەم نەخوێندەوارەوە ئەوێش بە پشتی دزە گەورەکان خواردی، نەوەکانیان لە نەوەکانی خۆش نابن.

٤ــ زاهیری کەریمە ڕەش:

 ئەم مۆرانەیە ئەبێت ڕۆژێک بێت لەبەر دەرگای سەرای ئازادیدا وەک تاوانبارەکانی بەعسی لێبکرێت، بە تاوانی ئەوەی کلتوری سلێمانی سڕیەوە، بەرپرسانی ئەمڕۆی کوردستان لەبەر ئەوەی خەڵکی سلێمانی ڕەسەن نین، یا لەدەرەوەی وڵات ژیاون هەست بەو تاوانە گەورەیە ناکەن کە ئەم هەژدیهایە چۆن سلێمانی کاول کرد و کلتورو مێژوەکەی سڕیەوە، ئەشێ ئاشکرا بڵێین عەفلەقیەکان چیان لە قەڵادزێ و هەڵەبجە کرد ئەو خراپتری بەسلێمانی کرد.

٥ ــ نەوزاد ڕەباتی:

ئەم مافیایە کە ئەمڕۆ سنوری پێنجونی تەسلیم کراوە هەمو ئەو داهاتانەی کە لەو مەرزە ئەبێت حکومەت وەریبگرێت، لە ئاکامدا بە موڵکی گشتی هەژمار ئەکرێت ئێستا ئەم چەتەیە بە پشتی شێخ جەعفەری جێگری سەرۆکی هەرێمی ئێستا و، ئامۆزای شێخ جەعفەری کۆنە پارێزگاری سلێمانی دەستی بەسەردا گرتوە بە شەراکەت لەگەڵ شێخ دلێری بەنزین دزی دوێنێ چەتەی ئەمڕۆ ئەو داهاتە تاڵان ئەکەن.
جا با ئەو مافیایانە دڵنیابن ڕٶژێک دێت ئەکەونە بەر دەستی میللەت سەریان پان ئەکرێتەوە بەدرێژایی مێژوو نە کەس لەدەست میللەت قوتاری بوە، نە هیچ هێز و دەسەڵاتێکیش توانیویەتی بەر بە لافاوی توڕەبونی برسیەتی بگرێت.
کەواتە لەم سەکۆیەوە من هەرچی زانیاریەکی نوێم دەست بکەوێت ناوی هەر چەتە و مافیایەکی ترم بگاتە دەستم دڵنیا ببمەوە لە زانیاریەکان ئەوا لە داهاتودا ئەیخەمە سەر ئەم لیستە،  لێرەشەوە بە هەمو ئەو بەڕێزانە ئەڵێم کە خاوەن قەڵەمن بە ویژدانەوە کار بۆ ئەم ئیشە بکەن مافیاکان و بەرپرسەکان دەست نیشان بکەن لەم سەکۆیەوە.
لە کۆتاییدا تکام وایە کەس بەبێ زانیاری تەواو ناوی هیچ کەسێک نەخاتە سەر مەڵۆی ئەم زانیاریانە، لەبەر ئەوەی ئەم نوسینانە ئەبنە دۆکۆمێت، ئەبێت بە خوێنەرانی ئازیز بڵێین چاوەڕوان بن بەڵکو لیستی هەولێریش بگاتە کوردستانپۆست، ئەم بابەتە ببێتە پرۆژەیەک بۆ مێژوو هەموو ئەوانەی قوتی مناڵەکانتان ئەدزن دەست نیشان بکرێن، دەرمان دزەکان و ئەوانەی بەناوی ئۆفەری ئاسیا سێڵ و کۆرەک تلیکۆمەوە گیرفانی گەنجەکانتان ئەبڕن، کۆمەڵانی خەڵک بیانناسن.
چاوەڕوانی لیستی نویی مافیاکانبن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە