ئایا کاتی نووسینەوە و داڕشتنی دەستوورە؟

Sunday, 05.23.2021, 20:24

1752 بینراوە


بێ ڕووپامایی و ڕاشکاوانە دەڵێم نەخێر، سەد جار نەخێر. ئێستای ئەم جڤاتە چ لە ڕووی فیکری و چ لە ڕووی سیاسی و ڕۆحی و کولتوورییەوە، نەک هیچ ئامادەییەکی نییە بۆ بیرکردنەوە لە نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور، بگرە سەرقاڵی دروێنەکردنی شکستە پەیدەرپەییەکانی پەنجا ساڵەی خۆیەتی و لەناو گێژاو و میحنەتی چەندین قەیرانی وجوودیدا سەرلێشێواوانە و عەبەسییانە و نائومێدانە گێژووێژ دەخوڵێتەوە. 

دەرهەق ئێستا بە کورتی ڕای خۆم لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕوو:

١_ وەک ئەوەی لە "کتێبی وێرانەخاکی شۆڕشگێران"دا و وەک شاهیدێک بە وردی نیشانم داوە، کە شێوازی حوکمرانیی (٣٠ ساڵە)ی کوردی و ئەو ئەزموونە، نەک شکستی خواردووە، بەڵکو یەکێک لە مۆدێلە هەر قێزەونەکانە و لێوانلێوە لە ستەمکاری و بێئابڕوویی سیاسی و گەندەڵی و کەوتنە گەورەکانی خستووەتە سەر خەرمانی ئەزموونە زۆر زۆر خراپەکانی حوکمڕانی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە ڕاستیدا ئێستا گەورەترین خزمەت بە مێژوو و بە مرۆڤایەتی ئاگادارکردنەوەی گشت ئازادیخوازان و عاشقانی دادپەروەرییە لە جیهاندا، لە شکست و ناشیرینی و کەوتن و کەڵکەڵە ترسناکەکانی ئەم بەناو ئەزموونە. ئاگادارکردنەوەی جیهان لەو بێڕێزییە گەورەیەی لێرەوە و لەم جوگرافیایەدا کراوە و دەکرێ دژ بە مرۆڤ و دژ بە سیاسەت و دژ بە گشت پرەنسیپ و بەها مەزنەکان، دەبێت جیهان بزانێت کە  ئەم  بەناو ئەزموونە حوکمرانییە هیچ نییە جگە لە لاقەکردنی خودی بوون و ژیان لە لایەن چەند هێزێکی شاخاوییەوە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: کێ دەستوور دەنووسێتەوە و بۆ کێ دەنووسرێتەوە؟ ئەم شکست و کەوتنە گەورەیە بە دەستوور چاک دەبێت؟ دەستوورێکیش ئەو بەناو ''سیاسەتمەدارنە'' بینووسنەوە، کە دامەزرێنەری گشت ئەو ئابڕووچوون و کەوتنانەن!
٢_ کەشوهەوای گشتی و فەزای گشتی و فەزای مەجازی لە لایەن هێزە ڕیاکتێڤ (ئیرتیجاعی)ی ئیسلامییەوە داگیر کراون، شەپۆلێکی سەلەفییەت و بیڕورای ئیخوانی باڵی بەسەر ژیانی ڕۆحی و کولتووری و ژیانی ڕۆژانەی هاونیشتمانیان لەم هەرێمەدا کێشاوە، کە بوغزێکە، ڕق و کینەیەکە، دژ بە ‌هەڵکردن (تسامح)، دژ بە پێکەوەژیان، دژ بە ئازادییەکان، دژ بە خودی کولتوور و مرۆڤ و تاک و ئازادی و هەر بەهایەکی ژیاری. ئیسلامگەراکان چ فەزایی گشتی و چ فەزای مەجازییان داگیر کردووە کە یەکێک لە بەرەنجامەکانی ئەم داگیرکارییە پووکانەوەی ماناکانی بوون و ژیانە، پووکانەوەی خودی ئازادی و خودی بیرکردنەوەیە، ئابڕووبردنی خودی ژیانە. نووسینەوەی دەستوور لەم کاتەدا بە لەبەرچاوگرتنی هەژموونی ئیسلامگەراکان و شکستی ''ناسیۆنالیزمی کوردی'' و شکستی بەناو ''ڕۆشنبیران''، دەستوورێکی لەو چەشنە دەبێتە بەیاننامەیەک یا ڕەچەتەیەک بۆ شکستەکانی دوایی و دەبێتە کۆت و زنجیرێک لە مل و دەست و قاچی نەوەکانی داهاتوودا، وەک ژەهرێک دەکرێتە خەڵاتی مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە و دەبێتە ڕەچەتەیەک بۆ دامەزراندنی '' ئیمارەتێکی ئیسلامی'' لە چەشنی حوکمڕانییەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان و دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی لە سووریا و عێراق (داعش) و حوکمرانیی ئیسلامییەکان لە سۆماڵ و سودان (کە ئەمەی دواییان سی ساڵی ویست تا سودانییەکان خۆیان لە ئیخوانەکانی ئەوێ ڕزگار بکەن، ئەگەر ڕزگار کرابن!).
٣_ هەژموونی ''حیزبی کوردی'' بەسەر ژیانی کولتووری و سیاسی و ڕۆحی و ئابووریی ناو جڤاتی کوردی و دەستتێوەردانی لە گشت سێکتەر و کایەکانی ژیانی سیاسی و حوکمرانی، خۆی لە خۆیدا کارەساتێکی گەورەی ژیاری و کولتووری و سیاسییە. ئێستا حیزب بڕیاردەری هەموو شتێکە، یاسا، کولتوور، زمان، سیاسەت، ئیدارەکردنی بازاڕ، ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی خێزان... جومگەیەک نەماوە لە ژیانی ئەم جڤاتەدا حیزب داگیری نەکردبێت، نەیشێواندبێت، لە پەلوپۆی نەخستبێت، داینەماڵیبێت لە گشت ماناکان. بەڵام خۆی چییە؟ حیزبی کوردی بەرجەستەبووی جەهلێکی موڕەکەبە لەم دەڤەرەدا، واتا نازانێت کە نازانێت. حیزبی کوردی لە هیچ شتێک نازانێت، جگە لە گەندەڵی و بێڕێزیکردن بە خودی جڤاتی کوردی، بەڵام وێرای ئەمەش ''مامۆستا'' و ''ڕابەری'' جڤات و گشت کایەکانە. هەر ئەمەشە مەرگەساتی جڤاتی کوردی. حیزبی کوردی نمایشکردنی نەخوێندەواری و بێکولتوورییە. ئێستا و لەم کاتەدا، ئەم دامودەزگا لێوانلێو لە بیرنەکردنەوە و نائاگایە لە سیاسەت، دێت و دەستوور دەنووسێتەوە. بۆ لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور کادرە نەخوێندەوارەکانی خۆی، واتا هیی حیزب دەنێرێت. ئێمە پێشتر شاهیدی ناو و کەسایەتییەکانی لیژنەکەی پێشووتر بووین، هەندێکیان لە ڕووی حەرفییەوە نەخوێندەوار بوون، وەک نوێنەرەکەی هێزێکی بەناو ئۆپۆزیسیۆن لەو کاتەدا. باشترینیان فاشیست بوو، کە نوێنەری هێزێکی ئیسلامی بوو، ئەو پیاوەی هەڕەشەی کرد کە ''دوو مزگەوت دەهێنمە سەر جاددە''، دژ بەو واژۆیانەی بۆ دەستوورێکی مەدەنی کۆ کرابوونەوە، کە ئەو لێدوانە گەورەترین سووکایەتی بوو بە مزگەوت و ئیمانداران، کەچی کەسێک ورتەی لێوە نەهات. 
بەڵگەیەکی دیکەی بۆچوونەکانمان ئەو گاڵتەجاڕییە بوو کە لە زانکۆی کوردستان_هەولێر (١٩/٥/٢٠٢١) وەک کۆمێدیایەک خۆی بەیان کرد. ئەکتەرەکانی ئەم گاڵتەجاڕییە بەناو ''سیاسییەکان'' بوون، بۆ هەزارەمین جار بە ئێمەیان گوت چ مەهزەلە و چ مەسخەرەیەکن و چ کۆمیدیایەکی بێ ڕازونیازن (بۆ ئەوەی جیایان بکەمەوە لە هونەری کۆمێدیای ڕەسەن)، شەکەرۆکەیەکیان نوکتەی دەگێڕایەوە، یەکێک لەو لێبۆکانە بە کردار سەرقاڵی تەمەلووق (ماستاوساردکردنەوە) بوو، بەڵام ترسناکترینیان ئەو ستەمکارە بوو کە دەیگوت ((دەستوور بۆ سەد ساڵ نانووسرێتەوە، هەر چوار ساڵ جارێک دەبێت بگۆڕدرێت)). (گەر هەڵەم نەکردبێت وا بزانم گوتی دەیگۆڕین)، ئێستا بەو ستەمکارە دەڵێم؛ دەستووری ئەمریکی ٢٣٢ ساڵ بەر لە ئێستا، لە لایەن کۆمەڵێک سیاسەتمەداری بلیمەتی شارەزای فەلسەفە و قانوون و شارستانێتیی یۆنان و ڕۆم و ڕێنسانس و ڕۆشنگەری نووسراوەتەوە. ئەو دەستوورە موعجیزەیەکی دونیای مۆدێرنە و تا ئێستا بە باشی کار دەکات، گەر چەپەکان بهێڵن لە ئایندەشدا ئیش دەکات. باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکی (پێچەوانەی بەناو سیاسەتمەدارە گەمژەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تیژبین بوون، بیرمەند بوون، چاویان لە ئایندە بڕیوە، بۆ چوار ساڵ دەستووریان نەنووسیوەتەوە و بە میزاجی خۆشیان نەیاننووسیوەتەوە). ئەوان مێژووی خۆرئاوایان خۆێندووەتەوە، فەلسەفە و فەلسەفەی قانوونیان خوێندووەتەوە، مۆدێلەکانی حوکمڕانییان خۆێندووەتەوە، یەکەم شت ویستوویانە ئەو میکانیزمانە دابڕێژن  بۆ ڕێگەگرتن لە ستەمکاریی ئایینی، هەروەها ڕێگەگرتن لە دیموکراسیی حەشامات، کە مۆدێلەکەی ئەسینایە. هاتوون سوودیان لە مۆدێلی ڕۆم وەرگرتووە، بە زیادکردنی ''سەنەت'' (ئەنجوومەنی پیران) بۆ مەجلیسی نوێنەران کە لە سەنەتدا زۆرینە ١+٥٠ نییە، بەڵکو ٦٧%ی دەنگەکانە، ئەوان یۆنان و ڕۆمیان خوێندووەتەوە، شارەزایەکی باشی سەدەکانی ناوەڕاست و مەحاکمی تەفتیش و زوڵمەکانی  ئایین بوون. ئاگاداری مۆنتسکیۆ و جۆن لۆک بوون، واتا شارەزای فەلسەفەی کلاسیک و مۆدێرن بوون، ئەوسا ١٢ ساڵ گفتۆگۆیان کردووە تا دەستوورێکی ٣ لاپەڕەییان نووسیوەتەوە. ئێستا ئەم شەکەرۆکانە کە هیچ یەکێکیان نە لە فەلسەفە، نە لە  قانون، نە لە  فەلسەفەی قانوون، نە لە مێژوو، نە لە مۆدێلەکانی حوکمڕانی ئاگادارن، دێن و ''دەستوور'' بۆ ئێمە دەنووسنەوە؟ بەڵام ئەو بەناو ''سیاسەتمەدارە''، کە ڕابردوویەکی ترسناکی هەیە، بۆ گوتی دەبێت دوای چوار ساڵ بیگۆڕین؟  بە ڕاشکاوی دەڵێم ویستی بڵێت: ''ئێمەی ئیسلامگەرا ئەو کاتەی بە تەواوی حوکمڕانیمان گرتە دەست، دەستوورەکە تووڕ هەڵدەدەین و لە شوێنی، شەریعەتی ئیسلامی کە ئامادە و ئەبەدی و ئەزەلییە، دادەنێین. کێش قسە بکات، بە شمشێر لە ملی دەدەین. کەواتە هیچ هەلومەرجێک لە ئێستادا و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لەبار نییە بۆ نووسینەوە دەستوور. لە هەمان کاتدا نابێت و کاری کردن نییە نووسینەوەی دەستوور بەم کۆمەڵە زۆمبییە بسپێرین (واتا کادرانی ئەحزابی کوردی و ئیسلامی). خاڵێکی جەوهەری کە نابێت لە یادمان بچێت، ئەویش ئەوەی کە ڕۆشنبیر و توێژەری شارەزامان نییە لە بواری دەستوور نووسیندا. ئەوانەی ئیدیعای ئەوە دەکەن کە شارەزای دەستوورن، هیچ شتێک دەربارەی فەلسەفە و فەلسەفەی قانوون نازانن، لەبەر ئەوەی حیزب بە تەنیا پەنا دەباتە بەر زۆمبییەکانی خۆی بۆ نووسینەوەی دەستوور، ئەمەش کارەساتی کارەساتەکان دەبێت و هیچی دیکە. 
با بپرسین کێ دەتوانێت لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووردا بەشدار بێت؟ گەر ڕۆژێک بڕیار بێت دوای ڕەوینەوەی هەژموونی ئیسلامگەراکان و ڕەوینەوەی هەژموونی حیزبی کوردی، چاکترە بڵێم؛ کردنی '' ئەحزاب لە کوردستان'' بە حیزبی سیاسیی ناهەژمووگەرا، کردنیان بە حیزبی قانوونی، کردنیان بە دامودەزگای مەدەنی، داماڵینیان لە کەڵکەڵە فاشیستی و  ستەمکارییەکانی، کە تا گەردن نوقمی بوون، لەو هەلومەرجەدا نە لە دوور نە لە نزیک، نابێت کەسانی ''حیزبی'' لەو لیژنەیەدا بن. دەبێت کەسانێک کە پەروەردەکراون (educated)، لەسەر فەلسەفە مەشقیان دیبێت، فەلسەفەی سیاسی، فەلسەفەی قانوون، دواجار دەبێت شارەزای ئەو بەشەی قانوون بن، کە پەیوەندیدارە بە دەستوورەوە، لە پاڵ ئاشنابوونیان بە مێژوو و مێژووی حوکمڕانییەکان لە خۆرئاوا، بێگومان لە جیهانی ئیسلامیدا نموونەی پرشنگدار نییە، هەروەها دەبێت ئاشنا بن بە دەستووری کۆمەڵێک وڵات، لەوانە ئەمریکی، کەنەدی.
 ئەرستۆ ئەو کاتەی ''دەستووری ئەسینا'' دەنووسێتەوە، کۆپیی ٨٩ دەستووری نووسراوی لە بەردەستدا دەبێت، ئەوسا دەستوورێک بۆ ئەسینا دەنووسێتەوە.
 لە ئێستادا هیچ یەک لەو هەلومەرجانەی نین، نە لە ڕووی میزاجی گشتییەوە، نە لە ڕووی ڕۆشنبیری و کولتووری و فیکرییەوە، ئامادە نین. هەر لە بنەڕەتدا بیرکردنەوە لەم جڤاتە بە ئاستی مەحاڵ گەیشتووە. "تێگەیشتن" کە مەرجی بیرکردنەوەیە، لە هیچ کایەیەک لە کایەکاندا ئاسەواریشی نییە. دەی گەر بەنیازن کۆمەڵێک زۆمبی دەستوورتان بۆ بنووسێتەوە، فەرموون با زۆمبی دەستوور بۆ زۆمبی بنووسێتەوە.