سوراحی

Monday, 24/05/2021, 1:33

4114 بینراوە


سەرۆک حەزم ئەکرد لە کۆنفرانسەکەی برازاکەتدا بتبینم و پێت بڵێێم دیمانەت بەخێر. بیرم ئەکردیت و دەمێک بوو گوێم  لە وتە مێژووییەکانت نەبوو بوو.
 سەرۆک دەمێکە پاتری کوردایەتیم سکوتی کردووە (وەک سلێمانییەکان ئەڵێن) و شەحنی کوردایەتیشم وەها دابەزیوە پێویستم بە هەڕەشە و گوڕەشەی خەتە (3 فێس)ەکانی جەنابت بوو تا شەحن ببمەوە. هەر وەک لە نەورۆزیشدا ئومێدەوار بتبینم بە توڕەیی کەچی نەورۆزی ئەمساڵیشمان بە بێ دەنگی و لە سایەی کێشمەکێشی جەندرمەی تورک بەڕێکرد. حەزم لەو پەنجە پیرۆزەی شایەتمانت بوو کە هەڕەشەت پێ دەکرد بە بێ منەت. وتم بە تاکید سەرۆک دێتە ئێرە و بانگهێشت کراوە وەکو سەرۆک حزبەکانی تر. هەر وەکو پاڤڵ و عومەر و عەلی و سەلاحەدین و کاکە حەمە و ئەوانی دیکە. ئەگەر نا! مەگەر جەنابیشتان سەرۆکی گەورەترین حزبی گۆڕەپانی سیاسی نین؟ یان من لێم تێکچووە! هەرچەندە حزبەکەشتان لە نمرە یەکدایە، بەڵام  بە هەرچ شکڵێک بووبێ خۆ جەماعەت هەموویان دواجار بەوە  ڕازی بوون. 
سەرۆک سەیرە کە بۆ مەسەلەیەکی وەها گرنگ!( بەڵای ئێوەوە نەک ئێمە، چونکە بۆ نەگبەتی کورد هەمیشە یەکڕیزیتان لە خزمەتی گەندەڵی و نەگۆڕان و چەقبەستندایە) ئامادە نەبووی! لە کاتێکدا بە خۆشتان ئەڵێن سەرۆکی نەتەوەیی یان هەر نەبێت لایەنگرانتان بەوە ڕاهێناوە. سەرۆک بۆ ئەو یەکڕیزی و دەستورەی جەنابتان زیاد لە کاتێک و بۆنەیەک بوو بوو بە وێردی سەر زمانتان. ئەدی بۆچی فازیلتان ناردبوو لە جێی خۆتان؟ هەرچەند فازیل بە نوکتە خۆشەکانی هەوڵی دا سەرنجمان لە سەر ئامادە نەبوونی جەنابتان لا بدات، بەڵام جێگەت دیار بوو سەرۆک. بەینی خۆمان بێت سەرۆک ئەزانم لە کوێوە بیرت کردۆتەوە!؟ کۆنفرنسێک برازای کێبڕکێ کەری کوڕە گەورەتان رێکیخستبێ! کەواتا برازا دەبێتە سەرپەرشتیاری کۆنفرانس و تۆش دەبیت بە سەرۆکی حزبێکی بانگهێشت کراو و هەر لە پاڵ پاڤڵی یەکێتی و حەمەی حسک و عەلی کۆمەڵ و عومەری گۆڕان و سەلاحەدینی یەکگرتوو و ...هتد.  ئێ قەیدی چییە سەرۆک بۆچی ئەوانە لە مەقامی خۆتان نابینن؟؟ تۆ بڵێی هێندەی نەسر الحریری گرنگ نەبن تا لە خوانی چەورتدا دانیشن؟ گەورەیی لەوەدایە کە بتوانی سەر دانەوێنی بۆ بچوکەکان، نەک سەیری خوارەوە نەکات هەر عاسمان ببینێت.
سەرۆک ڕێگەم بدە با بە شێوەیەکی دیکە لە یەکی بدەینەوە. تۆ بڵێی یەکڕیزی نشتیمانی و دەستورێک بۆ وڵات ئەوە نەهێنێ لە گەڵ ئەو کۆمبارسە سیاسییانە دابنیشی؟ هەر بۆیە ئەم تەککەبوور و تەجەلایەی ناوێ سەرۆک؟ ئەگەر مەسەلەکە عەیبەیە لە پەنا پاڤڵ دابنیشی، ئەوا دوو هۆکار شک ئەبەم، کە بە بیری جەنبتاندا بێت. ئەوانیش گوایە مناڵ و مەزنن، بەڵام سەرۆک بیرت نەچێت کاتێک جەنابتان بوون بە سەرۆکی حزب لە ٧٩دا دە ساڵ لە پاڤڵ مناڵتر بوون، لە کاتێکدا ئەو بە چل و شەش ساڵی لەتە حزبێکی بەرکەوت!! خۆ ئەگەر بیانووش ١٦ ئۆکتۆبەرە؟ ئەوا نابێت بیرت بچێ کە دووهێندەی ١٦، تەقریبەن ئەکاتە ٣١!!
ئەی شەرم لە کاکە حەمە بۆ ئەکەی سەرۆک؟ ڕاستە حزبەکەی تاکە کورسییەکی بە هەزار حاڵ و بە پینە و پەڕۆی ئێوە پێکەوە ناوە، بەڵام باوەڕ ناکەم ١٪ ی حەمە فیشەکت بە دوژمنەوە نابێت!! یان وەکو حەمە یەکێ لە کوڕەکانت پێشی مەرگ دابێت لە شەڕی داعشدا!! ئیتر بۆ نەنگی بێت دانیشتن لە پاڵ حەمەدا، لە کاتێکدا حەمە دەمێکیشە ئەشمابیلای سەحنەکەی ڕوو لە قسەکانی جەنابت کردووە!؟
عەلی و سەلاحەدینیش هەر مەکە بە موشکیلە ئەگەر ئەوان سەر بە ڕەوتی سەلەفی و ئیخوانین، ئەوا بەڕێزتان سەر بە سەروەری ئیخوانەکانی جیهانن کە ئەردۆگانە. کەوابێ سەرۆک دانیشتن لە گەڵ ئەم دوو سەرکردەیە هەم ئەرکێکی ناوخۆییە و هەم ئیقلیمی، هەم ئاینییشە و هەم ئەردۆگانیش دڵی پێ خۆشە. ئەگەر باسی عومەریش بکەم، باوەڕ ناکەم بە هەموو بنەماڵەی بەڕێزتانەوە هێندەی عومەر قوربانی خەباتی کوردایەتی بووبن و پارچە بە لەشتانەوەبێت. ئێ خۆهەر نەبێت لەم دوو ساڵەی دواییدا خزمەتی گەورەی کردن و ئەوەی نەوشیروان بە چەندین ساڵ بنیاتی نا، عومەر بە ئیمزایەک کردی بە قوربانی ئێوە. ئیتر‌پێم ناڵێی نەنگی دانیشتن لە پەنا عومەر لە چی دایە؟
 هەر بۆیە باوەڕ ناکەم لە جەنابتان بیانوو بڕاوتر هەبێت بۆ ئامادەنەبوون لەم کۆنفرانسە گرنگەی برازادا. هەر بۆیە شکم بۆ کۆڕۆنا چوو. گوێی شەیتان کەڕ بێت، ئەمشەو دوعای خێری زۆرم بۆ کردیت کە خودا قەزای تۆ لە ئێمە بخات و تۆمان بۆ بهێڵێت کە شێلگیرانە ڕێگریت لە لەشکری تورک کردووە دژ بە قەندیل!! هەر وەک چۆن لووتی حەشدیشت لە دوای ڕێفراندۆم شکانت و رێگریت کرد بێنە کەرکووکەوە. گەر کۆرۆناش سەری نەداوی، ئەی سەرۆک پێم ناڵێی بۆچی لە وەها کۆنگرەیەکی گرنگ بۆچ ئامادە نەبووی سەرۆک؟ ناشێ مەغروور بێ و یان کبریاء ئازاری دابێت!! خۆ دەکرا هەر وەکو سەرکردە و مووچەخۆر و بندەستی خۆت تەماشات کردبان و بهاتبای. مەگەر تۆ پیرەمێردی شاعیریش ناناسیت و شیعرە بە ناوبانگەکەشیت نەبستووە کاتێ دەڵێت:-
ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا، لە ئاستی مووچەخۆری خۆی
سوراحی، لە بۆ پیاڵە، سەرفرۆ دێنێ، کە تێکا بۆی
ئەمە ئەگەر جەنابی خۆت بە سوراحی بزانیت و ئەمانیش بە پەرداخ!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە