پرۆژه‌كانی لێبڕین!

Wednesday, 05.26.2021, 0:51

3139 بینراوە


له‌كاتێكدا په‌رله‌مان كه‌ خوێكه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆشته‌كه‌دا گه‌نیبێت و یاسایه‌ك نه‌بێت حكومه‌ت پابه‌ندی سوێند و به‌ڵێنه‌كانی بكات و موچه‌خۆرانیش هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی حكومه‌ت لێیان ده‌كات، ئیتر بۆچی حكومه‌تیش موچه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بدات؟!
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم مژده‌ی ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غدا پێده‌فرۆشتینه‌وه‌ و نرخی به‌رمیلێك نه‌وتیش 70 دۆلاره‌ و نرخی  100دۆلاریش 148 هه‌زار دیناری عێراقییه‌.
 بڕیاره‌ له‌مساڵیشدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت سه‌ردانی بنكه‌كانی ده‌نكدان بكه‌ن بۆ  نوێكردنه‌وه‌ و دڵنیابونه‌وه‌ له‌ ناوه‌كانیان بۆ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌كه‌!
له‌ دواین لێدوانیشیاندا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌هه‌موو به‌ڵێنه‌كانیه‌وه‌!
دیسان بانگه‌شه‌ی ده‌ستپێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك  به‌گوژمه‌ی سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌كه‌ن! لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسین ئه‌گه‌ر پاره‌ به‌شی موچه‌ی ته‌واوه‌تی ناكات ئه‌ی به‌چی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن؟
به‌كورتییه‌كه‌ حكومه‌ت ده‌یه‌وێت به‌ پاره‌ی لێبڕینی موچه‌ی موچه‌خۆران پرۆژه‌ی گه‌وره‌ و به‌رچاو بخاته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و كه‌ ته‌واویش بوو له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و دیمانه‌ و مێزگرد و پانێڵ و ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بیده‌نه‌وه‌ به‌ نێوچاوی میلله‌ت و ئۆپۆزسیۆن و نه‌یاره‌كانیاندا.
ئایا ده‌زانن به‌ناوی لێبڕینه‌وه‌ حكومه‌ت له‌ كۆی پێنج موچه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ كۆی موچه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی و 5 % ی موچه‌یه‌كی له‌موچه‌خۆران بڕیوه‌؟
بۆیه‌ ده‌ڵێم حه‌قه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ هه‌رچیه‌ك بون ناویان بنێن (پرۆژه‌كانی لێبڕین).