کاتێك حیزب نەتەوەیەک دەشکێنێ!

Thursday, 27/05/2021, 23:23

4158 بینراوە


سیاسەت، هەم لێدان وهەم گریان نییە. سیاسەت هونەری بەڕێوە بردنە. هێز، ستڕاتیژیی، دوورناسیی، چەند فاکتۆڕی گرینگن لە رێگوزەریی سیاسەتدا، بەتایبەت لە هەزارەی سەردەمدا. نەتەوەکان مێژوو دەنووسنەوە، بۆیە پێویستە وانەی لێ فێربن. هەرنەتەوەیەک لە مژاریی دیرۆکیدا پرسی گرینگی خەسارناسیی وەلا بنێ، وێنەی نەتەوەی کوردی بەسەردێ! ئەو پرسەش بە هیزی تۆکمە  ولێهاتوو رێکخراوەی شۆڕشگێر دەخرێتە بەر باس و شیکاریی بۆ دەکرێ ، نموونەی بەرچاو باشووری کوردستانە کە لە ناو سیستمی نەتەوەیەکگروەکانیش خەریکە قێزەون دەبێ  و لە بەرچاوان دەکەوێ. هاتنی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بە ناوی هێنیس پلاسچارت، بۆ باشووری کوردستان و ئاخاوتنی وی لە بارەی ئەو بارودۆخەی کە چەتەکانی سیاسەت لە لایان ئەو دوو بنەماڵەی بەسەر کوردیان هێناوە بەڵگەی روون  وئاشکرایە، کە چۆن حیزب حیزبێنەی بنەماڵەیی کوردیی لە باشووری کوردستان شکاندوە! ئەوەی بەغدا دەیهەوێ ئەوە هێدی هیدی بەسەر کورد دێ. ئەوجار سەددام نییە، بەڵكو دەسەڵاتدارانی کوردن کە دوای سەددام شکستمان بە سەردا داسەپێنن! ئادرێسی کاتیک حیزب نەتەوەیەک دەشکێنێ، ڕیک حیزبەکانی باشووری کوردستانە! سەددام هەر چی کردبایە بە مافی خۆی دەزانی، بەڵام ئەو دەسەڵاتە لە ژێر ناوی ئاڵا و سروود و شەهید و پێشمەرگە هیچ نەماوە بەسەر خەڵكییدا نەهێنن!

کاتێک حیزب نەتەوەیەک دەشکێنێ!

یەک: خانی لەپ زێڕین
خاڵی هاوبەشی شائیسمایل سەفەوی و خانی لەپ زێڕێن ئەوە بوو،کە هەردوویان بە رەگەز کورد بون. پاشان شائیسمایل لە رەگەزیی خۆی لایدا و بنەماڵەی سەفەی سەر بە شیعەگەریی دامەزراند و دەسەڵاتیان لە ئێران بەدەستەوە گرت! قزڵباشەکان بۆ ماوەیەی نزیک بە پێنج سەدە حوکومڕانیان لە ئێران پەرەپێدا! لە بەرئەوەی کە شائیسمایل خانی لەپزێڕینی خۆشدەویست دەسەڵاتێکی فرەی خستە بەردەستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وناوچەی ورمێ.
خان، دوای ماوەیەک بەفیتی تورکەکانی عوسمانی لە شائیسمایل وەرگەرایەوە و دەستی بە دروستکردنی قەڵای دم دم کرد لە دژی سەفەویەکان. قەڵا گەمارۆ درا و شەڕیکی نابەرابەر دەستی پێکرد. قزڵباشەکان مەنجەڵی گەورەیان هێنابوو تا دوای سەرکەوتن بە سەردانیشتوانی قەڵادا کورد بەزیندوویی بخەنە ناو ئەو مەنجەڵانە و بیکوڵێنن و بیخۆن! هەرواشیان کرد! خانی لەپزێڕێن  بەهۆی خۆفرۆشیی ناوخۆیی و ناکارامەیی لە سیاسەتدا تووشی شکست بوو، خۆی رادەستی شائیسمایل کرد و سەرهەڵدانی قەڵای دم دم کۆتایی پێهات! بۆیە لە کەسایەتی  خانی لەپزێڕێندا بەو شێوەیە کورد تێک شکا!
دوو: سمکۆی شکاک:
سمکۆ شکاک، لە کەسایەتی خۆیدا کوردی شکاند! زۆر هاسان فریوی جواد ئاغای تورکی خوارد بۆ ئەوەی ماڕشیمۆن تیرۆر بکا! خەسرەوی کوڕی دەچەنگ تورکەکاندا بە دیل گیرابوو، بۆ ئازادکردنی کوڕەکەی ئەو کارە دزێوەی کرد. پاشانیش لە کردەوەی خۆی پەشیمان بۆوە!
لە کۆتاییدا بە تەنیا مایەوە و بۆ جارێکی دیکەش فریوی رەزاشای ئێڕانی خوارد وخۆی رادەست وێ کرد. ئەویش بە هاسانی گرتی و لە نزیک شاری شنۆ گۆشاوگۆش سەری بڕی! سمکۆیان بە باوکی ناسیونالیزمی کورد دەشوپهاند! بەڵام ناسیونالیزمێکی سەقەت و لاواز وخۆبەدەستەوەدەر. ئەوەی سمکۆ بە سەرکوردی هێنا، کەمتر لە هی داگیرکارنەبووە!
قازی محەممەد:
 قازی محەممەد، بە بێ هەڵسەنگاندنی بار و دۆخی سیاسیی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی کۆماری مهابادی راگەیاند. ئەوە لە کاتێکدا بووکە دونیای زلهێزەکان تازە لە چەنگ شەڕی دووهەمی جیهانی رزگاریان بووە. هەر لەو سەردەمەدا حەڕەکەتێک لە ژێر ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە مهاباد دامەزرا ( ژ،ک) ئەو رێکخراوەیە داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستانی گەورە دەکرد. سەفەرەکانی قازی محەممەد بۆ شاری باکۆ لە ئازەربایجان رۆڵێکی نەرێنی هەبوو. بە فیتی باقرئۆف کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد وەلانرا و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیان لە ڕێگای قازی محەممەد دامەزراند و پرسێکی مەزنی نەتەوەیی لە چوار چێوەی ئیڕاندا بوو بە خودموختاری!
دوای شکستی کۆماری ئازەربایجان، نۆرەی کۆماری مهابادیش هات. ئەرتەشی شای ئێڕان بەرەو مهاباد رێکەوت. قازی محەممەدیش ٤٥ کیلۆمیتری بڕی و بەرەو پیلی سەرهەنگ هوماوینی چوو مەڕی لە بەر لاقی کوشتەوە و کۆمار ئاشبەتاڵی پێکرا و قازیش بە فیتی ئامریکاییەکان دەگەڵ هاوڕێیانی حوکمی ئێعدامی بۆ دەرچوو!
بەو جۆرە جارێکی دیکەش لە ڕێگای سیاسەتە هەڵەکانی سەرکردەیەکی دیکەی کورد، ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد تێك شکێنرا! شای ئێرانیش هەر ئەوەی دەویست!
شێخ مەحموود:
 شێخ مەحموود ئاستی سەرهەڵدانی کوردیی گەیاندە قۆناغێک کە سەککەی بەناوی خۆی لێبدا و تاوەک پادشای کوردستان لە خۆی بنەرێ! لە بەر نەبوونی ستڕاتیژیەکی بەهێز بۆ راپەراندنی ئەرکە سیاسیەکانی لە کۆتاییدا داوای کرد کە خانەنشێن بکرێ و بۆ ئەوەی وەدووی ژیانی شەخسیی خۆی بکەوێ.ئەوکەسانەی کە بە کوشتیدان زۆر هاسان خوێنیان بە فیڕۆ چوو! بەو جۆرە بۆ جارێکی دیکەش لە سەرناوی کورد و دۆزیی کورد کەسایەتیەکی وەک شێخ مەحموود کوردیی تێشکاند و رووپەرێکی دیکەی لە شکست بە سەر کورددا سەپاند. ئەوەی دووژمن دەیخواست لە ڕێگای سیاسەتە هەڵەکانی خۆی ئەنجامی دا! ئیستێش رای گشتیی چین و توێژی رووناکبیر و پێنووس بە دەستی کورد شێخ مەحموودیان پێ قارەمانێکی کوردە!
مەلا مستەفای بارزانی:
مێژوویەک پڕ لە نەهامەتی بۆ نەتەوەی کورد! بە کوشتدانی هەزاران مرۆڤی بێ تاوان! کوشتن، تیرۆر، رفاندن، سیخۆریی، بێرەحمی، پەنابردن بۆ دوژمنی کورد، شەڕ دەگەڵ هەر کەس و رێکخراوەیەک کە رەخنەی لە سیاسەتەکانی بنەماڵەی بارزانی گرتبێ! لە کۆتاییشدا ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥، کە یەکێک بووە لە شکستەکانی کورد لە رێگای ئەو مەلایە. مەزنترین شکست لە سەرکەسایەتی مەلامستەفا بە سەر کوردهات! ئێستێش دوای سەددام پاشماوەکانی خۆی لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا هیچ نەماوە بە سەر کوردی نەهێنن!
کارنامەی مەسعود بارزانی و کوڕەکانی و نێچێروان لە بەرچاوانە.ئەوەی بە سەر کوردیان هێناوە دوژمنیش هەر ئەوەی کردوە. شکستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، شکستی بەرێوەبردنی وڵات کارنامەی ئەو چەند ساڵەیانە لە باشوری کوردستان. وێنەی بەکرێگیراوێکی ناونەتەوەیی نۆکەرایەتیان بۆ داگیرکاریی وڵات کردوە. هەموو وڵات لە پێناو بنەماڵەی خۆیاندا بۆئەوەی کورد نەگاتە ئامانج!
قاسملوو:
دەڵێن، دەعبای زیرەک بە دندووک پێوە دەبێ. قاسملوو دوای تەمەنێک لە ژیان و خوێندن و فێڕبونی چەند زمانی بیانی جڵەوی سیاسەتی لە حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئیڕان گرتە دەست. دوای نەمانی شای ئیڕان گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان. لەو ماوەیەدا کە بەرپرسی یەکەمی ئەو حیزبە بووە، رووداوی دڵتەزێنی شەڕ دەگەڵ کۆماری ئیسلامی وحیزبەکانی دیکە کارنامەیەکی پڕ لە تڕاژیدیی لە پاش خۆی بە جێ هێشتووە. لە هیچکام لەو شەڕانەیدا کە کردی سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا! بە ئاشکرا حەولی دەدا، کە هەر بڕیارێکی چارەنووس لە ئاست کێشەی کورد بدرێ تەنیا قسەی کۆتایی هەر ئەو بیکا. بۆیە مەلا عەوڵای حەیاکی گووتوویە: قاسملوو کەسێکی سەرەڕۆ بوو!
پاش ناهومێد بون لە شەڕ بەرانبەربە کۆماری ئیسلامی بە یارمەتیی جەلال تاڵەبانی دەرگای وتووێژی دەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردوە، لە راستیدا نەخشەی لەناوبردنیان بۆ کێشابوو بە بێ ئەوەی هەستیی پێبکا! کات گەیی، لە دانیشتنێكدا ئەو تیڕۆرە بە پڕاتیک کرا و بەو شێوەیە گیانی خۆی لە دەستدا!
قاسملووش، ئاوا لە کەسایەتی خۆیدا وەک بەرپرسیی یەکەمی حیزبیی بوو بەهۆی ئەوەی جارێکی دیکەش لەو بەشە لە وڵات کورد تێک بشکێ! گزەی کۆماری ئیسلامی سەری گرت. دۆزیی کوردیش لە سای قیادە مووەقەتەی سەر بە بنەماڵەی بارزانی کرایە دوودێمۆکرات و لە کەمپەکانی کۆی سەنجەقدا خۆی حەشاردا!
سرنج: ئەو وتارە بەشێکی کەمە لەو نەهامەتیە کە حیزبیی کوردیی بەسەر کوردی هێناوە. هەر کامیان هەڵگریی چەندین پەڕتووکن بۆ مێژوومان. لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێکراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە