سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


هونەری شێتەکان و هونەری پوخت

Friday, 05.28.2021, 16:58

2010 بینراوە


(l’Art Brut et l'art des fous)


دەستەواژەی هونەری پوخت، بە فەرەنسی ؛ بغیوت (l’Art Brut) بۆ یەکەم جار ساڵی 1945 لە لایەن هونەرمەندی فەرەنسی ژۆن دیوبیوفێ (Jean Dubuffet, 1901.1985) ە وە بەکار هات، هەرچەندە هونەری بغیوت (پوخت)، لە پێش دیوبیوفێ وە، ساڵێ 1906 ڕاڤەی لە سەر کراوە بە ناوی ؛ هونەری شێتەکان (l'art des fous) لەلایەن دکتۆری دەرووناس؛ (Paul meunier 1873-1957) لە فەرەنسا. دکتۆر؛ پۆل مونیێ، خۆی شاعیر بوو، بۆیە بەهایەک و گرنگیەکی دەبینیەوە لە کاری نەخۆشەکان لە خەستەخانەکەیدا، ئەو یەکەم کەس بوو لە فەرەنسا ووتار و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو جۆرە هونەرە کردووە.
ساڵی 1812 لە ئەمەریکاش، لەلایەن دکتۆری دەرووناسی ئەمەریکی؛ (BenjaminRush) لێکۆڵینەوە لە سەر هونەری دەرون نەخۆشەکان لە خەستەخانەکاندا کراوە، بەڵام وەک رەوتێکی هونەری کە بتوانرابێت بناسرێتەوە، هونەرمەندێک ئەو هونەرە ناو بنێت ؛ هونەری پوخت، پەیڕەوی ئەو ڕەوتە بکات و وتاری لەسەر بنوسێت، گرنگی پێ بدات، وەک زوانێکی هونەری پێناسەی بۆ بکات، بە جیهانی بناسێنێت، هونەرمەندی فەرەنسی ؛ ژۆن دوبوفێ بوو کە لە سەردەمی خۆیدا بە وتارەکانی هەڵای زۆری نایەوە و دژایەتی زۆری کرا لەلایەن ئەکادیمیست و بۆرژوازیەکانەوە. بەڵام دواجار وەک گەورەترین هونەرمەندی سەدەی بیست ناسێنرا و کاریگەری لەسەر هونەری ؛ بەد شێوەکاری، سالانی حەفتا هەبوو.
دیوبیوفێ و پۆرترێی خۆی
دەسەتەواژەی؛ (Brut) لە زمانی فەرەنسیدا بە ئاوەڵناو(adjective) بە مانای؛ (پوخت) دێت، کاتێک دەڵێین : ئەو ئاڵتونە یان ئەو تەختەیە بغیوتە، واتە ؛ پوختە و دەستکاری نەکراوە، دارەکە وەک ئەوەی بڕاوەتەوە، تەنها گەڵا و لقەکانی لێکراونەتەوەم ئامادەکەنکراوە بۆ بەکار هێنان. زێڕەکە تێکەڵ نەکراوە لەگەڵ کەرەسەی تردا، کە دەڵێین ؛ موچەی بغیوت، واتە موچەکە هیشتا بەشی سێکوریتێ سۆشیال و خانە نشینی و تاکسی تری لێ دانەشکێنراوە. دەبێت باش ئەو جیاوازیە بکەین کە دەستەواژەی ؛ پوخت، بە مانای ؛ پاک نایەت. 
بەڵام کاتێک دەستەواژەکە وەک ناو بەکار دەهێنین دەڵێین : مرۆڤێکی بغیوت، لێرەدا ووشەکە بە نەرێنی دێت، مانای وایە ؛ ئەو کەسە مرۆڤێکی شارستانی نیە، هەڵس و کەوتی بە بێ گوێ دانە بە دەور و بەرەکەی، بە بێ گوێدانە بە کۆدی کۆمەڵگە، لە زمانی کوردیدا بەم هەڵس و کەوتە دەڵیین ؛ هەڵەشە.
ئەنتیمۆلۆژی وشەک پارادۆکسی باسەکەمان بۆ ڕون دەکاتەوە؛ چۆن پوختی، ئەتوانێت نەرێنی بێت لە هەمان کاتا ئەرێنی، لەبەر ئەوەی کە ناتوانین ڕاستە وخۆ بڕوانینە تیشکی ڕۆژ، هەقیقەت وەک ئەوەی کە ھەیە کوێرمان دەکات، بۆیە توانای دەستەمۆکردنی هەقیقەتمان نیە. بۆ هروژاندن و نوێکردنەوەی هەوەسی دیۆنیزۆسیش دەبێت ئیشتار داپۆشین و هەر دیۆنیزۆس خۆشی ڕۆبەکەی لە بەردا دادەدڕی، ئەمەیە پرادۆکسی ژیان. 
هونەری هەڵەشە، هونەری شێتەکان، یان هونەری ؛ پوخت، لە سەرەتاوە وەک وتمان بریتی بوو لە گوزارشتکردنی کەسانی دەروون شێواو لە هەستی خۆیان لە خەستەخانەکاندا بە نەخش. هەندێک لەو دکتۆرانەی وەک لەسەرەوە ناوم هێنان، کاری ئەو نەخۆشانە سەرنجی ڕکێشاون، بەهایان داوە بەو جۆرە گوزارشت کردنە وەک کاردانەوەیەکی ڕاستەو خۆی هزری نەخۆشەکان بە بێ دەستکاری کردن و گوێدان بە هێزێکی دەرەکی، بە مێژووی هونەر و بازاڕی هونەر و مۆدێلی سەردەم. هونەری پوخت، داماڵڕاوی میکانیزمی ئەفراندانە لە هە موو هێزێکی دەرەکی، نواندنی ڕۆحە بە راستە و خۆ، خۆ دەربازکردنێکی یەکجارەکیە لە خود (من) ی باڵا، کە بریتیە لە یاسا کۆمەڵایەتیەکان و مۆراڵ.
چوانترین گوزارشت کە کرابێت لەسەر هونەری؛ پوخت، پەیڤی ژۆن دوبوفێ خۆیەتی، کە دەڵێت : (ئەو زێڕە زیاتر سەرنجم ڕادەکێشیت، کە شکڵێکی تایبەتی وەرنەگرتووە؛ وەک پولەکە بە چەندایەتیەکی کەم تێکەڵ بووە لەگەڵ لمی ڕوبارەکاندا، هەتا ئەو زێڕەی لە ژێر دەستی زەرەنگەرێکەوە دێتە دەرێ)
تابلۆی ژۆن دیوبیوفێ(Jean Dubuffet)
دوبوفێ لە ساڵی 1901 لە شاری ئاڤغ (Havre)، ئەو شارەی مۆنێ یەکەم تابلۆی ئەمرێسیۆنیستەکانی تێدا کرد، هاتۆتە ژیانەوە، هەر لەو شارەدا هونەرە جوانەکانی خوێندووە، پاش ماوەیەک واز لە هونەر دەهێنێت لەبەر ئەوەی ئارەزوی بە نێوەندی هونەری نایەت، وەک کەسانی بۆرژوازی رەچاویان لێ دەکات، بۆیە واز لە هونەر دەهێنێت و دەگەڕێتەوە سەر هەمان کاری خێزانەکەی کە بریتی بوو لە ؛ شەراب فرۆشتن. لە نێوان ئەم دووکارەیدا؛ هونەر و بازرگانی شەراب، دێت و دەڕوات، دواجار بە یەکجارەکی، ساڵی 1944 دەگەڕێتەوە بۆ هونەر، یەکەم پیشانگای دەکاتەوە، پێشانگاکەی وەک پیشانگایەکی شۆک دەبینرێت، لەلایەن ئەکادیمیست و بوارژوازیەکانەوە دژایەتیەکی زۆری دەکرێت. دوبوفێ دەیویست خۆی ڕزگار بکات لە رەوتی سەردەمەکەی کە بریتی بوو لە سرویالیست و کوبیست، دوبوفێ دژی کاری ئەکادیمیست بوو هونەری سەردەمەکەی بە بێ ڕۆح و مرۆک هەژماردەکرد، وەک خۆی دەڵێت : (جگە لە ئەفراندن، نە گرنگی بە هونەر ئەدەم، نە بە جوانی). بە ڕشاکاوی و بە مەبەستەوە دەیووت : (من کەسێکی پرۆفیشنەڵ نیم، نیازیش وەهایە بەو جۆرە بمێنمەوە).
Jean dubuffet
 دوبوفێ گرنگی بەو کارە هونەریانە ئەدا کە بۆرژوازی و مۆزەخانەکان پشت گوێیان خستبوون، ساڵێ 1945 پێشانگایەک بۆ کۆلەکسێۆنەکەی دەکاتەوە، بە ناوی ؛هونەری پوخت، بریتی بوو لە کاری هونەری شێتەکانی خەستەخانە و ئەو کارانەی کە ڕۆژئاواییەکان ناویان نابوون ؛ هونەری ئەفریقی یان بەڕبەڕ، ین هونەری سەرەتایی (primitive). بۆ دوبوفێ هونەری سەرەتایی یان ئەفریقی، بوونی نیە وەک ئەوەی ئەکادیمیستەکان باسی لێوە دەکەن و خستویانەتە دەرەوەی بازنەی هونەر، دەستەواژی هونەری سەرەتایی، داهێنانی ئەوروپیەکانە و هونەرێک بۆی نیە خۆی لەوی تر بە باڵا تر بزانێت. هەمووشمان دەزانین کە هونەری ئەفریقی، ماسکی ئەفریقی کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هونەری ئەوروپی هەبووە بەتایبەتی لەسەر پیکاسۆ، وەک لە تابلۆ بەناوبانگەکەی کە گرنگیەکی بێ هاوتای هەیە لە مێژووی هونەردا، بە وەرچەرخانێکی گرنگ ڕاڤەی لەسەر دەکرێت لە مێژووی هونەردا، بەلام ئەکادیمیستەکان لە ژێر لێوەوە باسی ئەو کاریەگریە دەکەن. دواجار ئەوە بوو لە پاریس لە سەردەمی جاک شیراکدا مۆزەانەیەکی گرنگ کرایەوە لە ناوەڕاستی پاریسدا. ڕاستە ناوی مۆزەخانەکە بە ناوی ئەو جادەوەیە کە مۆزەخانەکەی تێدایە ناێکی تری لێ نەنراوە، ئەمەش خۆ ڕزگارکردنە لەو چەمکە، بەڵام هەمیشە دەڵێین ؛ هونەری ئەفریقی و جودای دەکەینەوە لە گەڵ هونەری ئەوروپی کە خۆی بە خاوەنی هونەری ڕەسەن دەناسێنێت.
ماسکی ئەفریقی و ئۆتۆ پۆرترێی پیکاسۆ
کیژانی ئەڤینۆن، پیکاسۆ 1907 (les demoiselle d’avignon)
دوبوفێ خۆی نە دەخستە ناو بازنەی هونەری سەردەمەکەی، ئەوانی بە کەسانی بۆرژوا ناو دەبرد، دەیویست ئەروپیەکان لە ئالودەبوون ڕزگار بکات، هونەری ئەوروپی وەک هونەرێکی بالا نەبینرێت، دوبوفێ ڕقی لە مۆزەخانە و پێشانگاکان بوو ;دەیووت: (هونەر ئەبێت، لەهەمان کاتا کە دەمان هێنێتە پێکەنین، بمان ترسێنێت). دوا جار دوبوفێ خۆی سەپان؛ لە لە لایەن ئەکادیمیستەکانەوە قبول کرا، بەڵام توانی خشتێک لە قەڵای ئەوان داڕمێنێت. ئەو سەردەمەی کە نەخۆشی مانگای شێت سەری هەڵدا لە ئەوروپا، لە لاپەڕەی دەستپێکی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیدا، مانگاکەی دوبوفێ بڵاو کرایەوە.
(Jean Dubuffet)
(Jean Dubuffet)
دوبوفێ لە سەردەمێکی ژیانیدا سەردانی خەستەخانەی شێتەکانی دەکرد لەگەڵ دکتۆرەکاندا بۆ لێکۆڵینەوە و سەرنجدان لەسەر کاری هونەری دەرون شێواوەکان، لەبەر ئەوەی دوبوفێ هاوتەریبیەکەی دەبینی لە نێوان کارەکانی خۆیی و کاری شێتەکانی خەستەخانەکان، ئەگەر دوبوفێ بە پێچەوانەی شێتەکانەوە توانای هەبوو بەهایەک بدات بە کارەکەی، لەبەر ئەوەی ئەو ئاگایی بە هونەر هەبوو، ئاگایی بە هونەری سەردەم و بۆرژوا هەبوو، ئاشنایی بە زمانی ئەوان هەبوو، بەڵام ئەوەی کاری دوبوفێ و شیتەکانی لەیەک بازنەدا کۆدەکردەوە، ئەوە بوو کە دوبوفێ وەک ئەوان بە شێتیدا تێ پەری بوو، وەک زۆر لە هونەرمەندان و بیرمەندەکان لەسەردەمێکی ژیانیاندا ڕوبەرووی شێتی دەبنەوە، وەک میشێل فوکۆ دەڵێت : (بوون بە مرۆڤێکی راستەقینە، ڕێگاکەی تێ پەڕبوونە بە شێتیدا)، دەنا دوبوفێ هەرگیز نەی دەتوانی لەکاری ئەوان تێ بگات. بێ شک کاتێک دوبوفێ لە گەڵ دکتۆرەکاندا بە ژوری خەستەخانەکاندا تێ دەپەڕی و سەرنجی کاری نەخۆشەکانی ئەدا، ئەو رستەیەی ڕامبۆ بە هزریدا گوزەری کردەووە کە دەڵێت :

من شانسم هەیە کە ئازار زۆرتر ناچەژم
من تەنها شێتی ناسک میوانم بووە

هێزی بەرهەمی هونەرمەندێک، هێزی هەژێنی هونەرمەندێک، بەستراوەتەوە بەوەی چەندە لە هەقیقەتەوە نزیک بۆتەوە، چەندە لە شێتیەوە نزیک بۆتەوە، وەک هاویشتنی بەردێک بە حەوادا؛ دوری و بەرزی بەستراونەتەوە بە ڕێژەی ئەو هێزەی پێی هاوێژراوە، ئەوسا بە یاسای فیزیای، کاتێک دەگاتە خاڵی سفری خێرایی، بەرە و زەوی دەگەڕێتەوە، باسی گەشتەکەیمان بۆ دەکات بەرەو هەقیقەت. هەلهێنجاندنەوەی هەقیقەت و هێنانەوەیەتی بۆ جیهانی خوارەوە، ئەوجا بڕیار ئەدەین؛ ئایا بەرگێک بپۆشین بۆ ئیشتار یان ئیشتار بە روتی پیشان بدەین و بەرگی ئێرۆتیزمی بەبەردا بکەین ؟ دوبوفێ نەی دەویست بەرگێك بکات بە بەری ئیشتاردا، بۆیە هونەرەکەی ناو نا : هونەری بغیوت (پوخت).
دوبوفێ لە سەردەمێکی ژیانیدا، ڕۆژێک کە خەریکی تەلەفۆنە و بەتەنیشتیەوە بە خۆڕسکانە و بە بێ ئاگایی هێڵکاری دەکات لەسەر پارچە پەرەیەک، کاتێک تەلەفۆنەکە دائەخات، دەبینێت کە هێڵکاریکەی سەرنجڕاکێشی کردووە بە بێ ئەوەی ڕاستە و خۆ بڕیاری دابێت و ئاگامەند بێت پێی، ئەو هێڵکاریانە دەبنە دواهەمین ستایلی دوبوفێ و پەیکەر و تابلۆکانی لەسەر ئەو ستایلەن. 
پەیکەری دووبوفێ (Jean Dubuffet)
(Jean Dubuffet)
***
بۆ باشتر تێ گەشتن لە هونەری پوخت، باشتر وایە باسی هێڵکاری تەلەفۆن بکەین ؛ هێڵکاری تەلەفۆن بریتیە لەو هێڵکاریانەی کاتێک لەگەڵ کەسێکدا خەریکی تەلەفۆنین، قەلەمێکمان بە دەستەوەیە، بە ئۆتۆماتیکی و بە بێ ئەوەی هزر، هۆش، کۆنترۆڵی هیڵکاریەکانمان بکات، بە خۆڕسکانە نەخش دەکێشین. ئەو هێلکاریانە بە هیچ جۆرێک لەلایەن ئاگاییەوە کۆنترۆڵ نەکراون، ڕاستەو خۆ لەنەستەوە بە بێ گوزەرکردن بەکۆنترۆڵدا خۆیان دەبیننەوە لەسەر پەڕەیەک، ئەو هێڵکاریانە هەرچەیک بن، گوزارشت لەهەستی ئێمە دەکەن لەو ساتەدا. ئەمەیە ک پێێ دەڵیین ؛ هێڵکاری تەلەفۆن. ئەم هەسەتەیە کە هەموو هونەرمەندێک وێڵە بە دوایدا؛ چۆن بتوانم خۆم ڕزگار بکەم لە کاریگەری دەرەکی و ئازادی بە دەست بهێنم ؟ بۆ نەخۆشێکی دەروونیش کە تەواو کەوتۆتە دەرەوەی کۆمەڵگە و مۆراڵ، ئەو نەخشانە ڕاستەو خۆ ئاوێنەی هزری ئاڵۆزی ئەوون، بەرگی شکڵی سەرسوڕهێنەر دەپۆشن وەک بۆزۆنی هیگس بارستایی ئەدەن بە ماتریاڵ. هەستێکی پوختە، لەبەر ئەوەی جوڵەی دەست، ڕاستەو خۆ بە بێ پرسیارکردن لە خۆ : چۆن ئەو شکڵە بکەم ؟ باسی چی بکەم ؟ ئاخۆ نەخشەکەم سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕادەکێشیت ؟ ئایا لەگەڵ هونەری سەردەمەکەمدا دەگونجێ ؟ ئایا ئەم شکڵە گوزارشت لە هزری من دەکات ؟ خەڵکی بە شێتم ناچوێنن ؟ ئایا شکڵی ئەو دەسەتە، ئە گوێچکەیە، ئەو سەگە، وەها دەکرێت ؟ بۆچی ئەم باسە نەخش دەکەم ؟ بۆچی رەسم دەکەم ؟ وابەستە بوون بەم پرسیارانەوە هونەرمەرمەند دەکاتە کەسێکی کەم ئەندام. دەبێت ئەوە بزانین کە هونەرمەند زۆرجار ئاگایی نیە بەم پرسیارانە، بەڵام لە ژێر کاریگەری ئەم پرسیارانەدا گوزارشت لە هزری خۆی دەکات بە بێ ئەوەی ئاگایی هەبێت پێیان، بۆیە فرۆید دەڵێت : (ئاگایی (conscience) لە ماڵی خۆیدا ساحێب ماڵ نیە). هەر بۆیەش کارەکانی هونەرمەندانی کوردستان، بە پێچەوانەی بۆچونیانەوەن ؛ کاتێک دەیانەوێت بەرگری لە مێینە بکەن، باسی ئازادی مێینە بکەن، کارەکانیان بە پێچەوانەی وتەکانیانەوەن. کاتێک دەیانەوێت گوزارشت لە شەرەڤانان، بکەن دژی ئایدیۆلۆژی شەرەڤانانە، لەبەر ئەوەی ئەم هونەرمەندانە ئاشناییان بە نەستیان نیە، بۆیە بە پێچەوانەی وتەکانیانەوە، نەست ناخی راستەقینەی ئەوان ئەنوێنێت. بەڵام کاتێک مرۆڤ لە ئەشکەنجەیەکی دەرونی بەتیندا دەژی، ئەم پرسیارانە ناتوانن خۆیان بسەپێنن، بزر دەبن، دەگەنە هەقیقەتی ڕەها. هونەر دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ دەربازبوونی راستەو خۆی ڕۆح، هونەرمەند دەبیتە کە سێکی ئازاد، هزر بە بێ ئەوەی لەوە و بەر پێشبینی کردبێت بۆ باسێک، بۆ شکڵێکی پێش وەخت، راستەو خۆ هەموو ئەو بیرۆکە ئاڵۆزانەی کە تاکی نەخۆش بەدەستیەوە دەناڵێنێت لە شکڵەکاندا خۆیان ەبیننەوە. بەمە دەڵێن : هونەری بغویت (هونەری پوخت). 

ئەگەر ھونەر کاری ھەلمالینی ھەقیقەتە، ئەوا هونەر، ھونەری داپۆشینیش ئەزانێت.

بازاڕی هونەر و ئەکادیمیستەکان هێندەی گرنگی ئەدەن بە تابلۆکانی مانێ گرنگی نادەن بە تابلۆی؛ خواردنی پەتاتەی ڤانگۆگ. ڕاستە، تابلۆکەی مانێ (خوان لە سروشتا) شۆڕشێک بوو، بە یەکەم تابلۆی مۆدێرن هەژمار دەکرێت، لە سەردەمی خۆیدا هەرای زۆری نایەوە و لە پێشانگاکاندا رەفز کرا، هەر چەندە گوزارشت لە ژیانی بورژوا دەکات بەلام دژی تابلۆی میتۆلۆژی وەستایەوە و چووە ریالیسمەوە، لە پێش مانێوە چەندەها تبلۆ کراون؛ ژنان بەروتی لە سروشتا، بەڵام باسی میتۆلۆژی و باسەکانی بایبڵ بوون، ژیانی ڕاستەقینە نەبوون، بۆیە تابلۆکەی مانێ هەرای نایەوە. ئەمڕۆ تابلۆکەی مانێ لەلایەن ئەکادیمیستەکانەوە گرنگی زیاتر پێ ئەدرێت لە خواردنی پەتاتەی ڤانگۆگ کە کەسایەتیەکان شکڵی پەتاتەیان وەرگرتووە، خۆ ئەگەر مانێ ڕۆبەکەی ئیشتاری دادڕیوە، ئەوا دوبوفێ دوو جار ڕۆبەکەی ئیشتاری دادڕیوە، یەکەم؛ لەبەر ئەوەی بەگژ هونەری بۆرژوازی سەردەمەکەیدا چۆتەوە و بە مۆدێلی ئەوان گوزارشتی لە هەستی نەکردووە، دووهەم ؛ بە زمانی ئەوان نەدواوە و ڕۆبی ڕازاوەی بۆ ئیشتار نە دورووە، ڕاستەو خۆ باسی شێتی مرۆڤمان بۆ دەکات، باسی ئاڵۆزی هزری مرۆڤمان بۆ دەکات، ئیشتارمان بە رووتی پیشان ئەدات. لەبەر ئەوەی خواردنی پەتاتە باسی ژیانی بۆرژوا ناکات، باسی مۆدێلی بۆرژوا ناکات، مۆدێلی بۆرژوا کە هەمیشە خەونی چینی خوارەوەیە، هەمووشمان دەزانین کە ئەوان خاوەنی زمان و هونەر و ئەدەبن، ئەکادیمیستەکانیش پۆلیس و قەڵای ئەوانن، هەموو رۆژێک ئێمە خشتێک لەو قەڵایە دەڕوخێنین، هەرچەندە کارەکانی دوبیوفێ لە هەندێک شاری دەرەوەی پاریس دانراوون و لەزۆر شاری جیهاندان، بەتایبەتی کارەکانی کۆتایی ژیانی، بەڵام تابلۆکانی دبیوفێ وەک خواردنی پەتاتەی ڤانگۆگ ناخرێنە پێشەوە. بۆیە کاتێک لە فیلمی جۆکەردا، جاک نیکلسۆن، گاڵتە بە هەموو تابلۆی مۆزەخانەکان دەکات و یەک بەیەک تێکیان دەشکێنێت و میزیان دەکات بە سەردا، کاتێک دەگاتە سەر تابلۆی فرانسی بەیکۆن؛ (Francis Bacon. 1909. 1992)، دەڵێت : نا، ئەمەیان نا، ئەمەیانم بە دڵە.
ژۆکەر لەبەردەم تابلۆی فرانسیس بیکۆندا
لەبەر ئەوەی فرانسیس بیکۆن راستەو خۆ بە بێ پۆشینی بەرگێک بە بەری هەقیقەتا، گوزارشتی لە ئەشکەنجەی دەروونی مرۆڤ کردووە، راستە وخۆ باسی ئازارەکانی مرۆڤی کردووە، ئیشتاری دانەپۆشیوە، ئەشکەنەجەی ناخی مرۆڤمان پیشان ئەدات بە پوختەیی. فرانسیس بیکۆن، ئەو هونەرمەندەی کە لە تەمەنی لاویدا لە تەنەکەی خۆڵی سەر کۆڵاناندا بە دوای ناندا دەگەڕا، لە کۆتایی ژیانیدا بێزار بوبوو لە ژیانی پالاسەکان. ئەکادیمیسیەکان نازانن چۆن بدوێن لەسەر کارەکانی فرانسیس بەیکۆن، لەبەر ئەوەی بە زمانی ئەوان نەدواوە. زامنی ئەکادیمیستی، هونەری ئەکادیمیستی، نوسینی ئەکادیمیستی، دەتوانن لەسەر هەموو کارێک بدوێن کە هەقیقەت دەشارێتەوە، چونکە زمانەکەیان توانای شاردنەوەی هەقیقەتی هەیە، هەر بەو مەبەستەش ئەو زمانە داهێنراوە، ڕاستە، هروژاندنی هەر بیرۆکەیەک، خۆی لە خۆیدا دژ بەخۆی دەبێتەوە، درێژەدان بە باس و داپۆشینی باس بە زمانێکی ئەکادیمی ئامانجی داپۆشینی ئەو ناکۆکیەیە کە ڕووبەڕوی دەبینەوە لە هەموو بیرۆکەیکدا، هەر بۆیەش ئیشتارمان داپۆشی، هەتاوەکو باسی گوڵی ڕازاوەی ڕۆبەکەی بکەین نەک ئیشتار خۆی. ئەوان پۆلیسن، کاریگەریەکی ڕاستەوخۆشیان لەسەر ئێمە هەیە و دەمان بەن بەو ئاراستەیەی کە خۆیان ئەیانەوێت. ئەوان حەزیان بە پیاهەڵدانی ڕۆبی ئیشتارە، لەشی ئیشتار، خۆی بڤەیە، وەهایان باوەڕە لەو دیو ڕۆبەکەی ئیشتارەوە کۆتایی ژیانە. لەڕاستیدا هەموو ئەم راڤەکردنانە شەڕی مان و نەمانی مرۆڤە و ڕۆژێک هەر پێی دەگەین، جارێکی تر پەردە لەسەر خواوەندی ئیشتار لادەبەین و ڕووتی دەکەینەوە، ئەمەیە کە پێی دەڵیین : مردنی مرۆڤ.
ساڵانی 78 لە ئەمەریکا، هونەری ؛ بەد شێوەکاری "bad painting" لەلایەن چەند هونەرمەندێکەوە هاتە کایەوە، هەندێک لەو هونەرمەندانە لەوە و بەر لە سەر دیوارەکانی شار گرافیتیان دەکرد، کاریگەری هونەری ئەفریقی و ئیسپانیان بە سەرەوە بوو، بەناوبانگترینیان، هونەرمەند ؛ Jean-Michel Basquiat بوو. ئەمانیش وەک دوبوفێ دژی هونەری سەردەمەکەیان وەستانەوە کە بریتی بوو لە ؛ هونەری؛ (کۆنسێپتوێل و مینی مالیست)، کۆنسێپتوێل گرنگی بە کۆنسێپت، بە بیرۆکە ئەدا، نەک کارە هونەریەکە خۆی. مینی مالیستیش، دژی هونەری فیگوراسیۆن بوو، لە هەمان کاتا، داماڵینی هونەر لە مانا و باس. 
 جیاوازی ئەم هونەرمەندانە کە بزوتنەوەکەیان ناونراە ؛ بەد شێوەکاری، لەگەڵ هونەری شێەتەکاندا ئەوەیە کە شێتەکان بە (بەد) نەخشیان نەکردووە، بڕیاریان نەداوە بە بەد نەخش بکەن، بەڵکو شکڵەکان ڕاستەوخۆ لە بەدەوە هاتوون، لە ناخەوە هاتوون، بە بێ ئەوەی بەرگێکی نوێی بکەن بە بەریا، بە بێ ئەوەی ڕۆبێک بۆ ئیشتار بپۆشن، دوبوفێ هەرگیز باسی بەدی نە کردووە وەک دەستەواژە، کارەکەی بە بەد ناو نەبردووە، بەڵام هەمان چەمکە؛ گوزارشت کردنی ڕاستەوخۆی هزر بە بێ داپۆشین.
Jean-Michel Basquiat
خۆ ئەگەر بۆرژوازیەکان بەرگێک دەپۆشن بەبەری ئیشتاردا ئەوا هونەرمەندانی بەد شێوەکاری و دوبوفێش بەرگێک دەپۆشن بە بەری ئیشتاراد بە نیسبەت شێتە رەسەنەکانەوە، شێتەکانی خەستەخانەکان، ئەوانەی تەواو پەیوەندیان پچڕاندووە لەگەڵ دەور و بەرەکەیان، بەشێکی سەرەکی هۆکاری پچڕاندنی پەتی پەیوەندی، لەبەر ئەوەیە کە ئاگاییان بە هونەر نیە و نازانن چۆن گوزارشت لە هەستی خۆیان بکەن، خۆیان بە نامۆ دێتە بەرچاو.ئەوانەی کاتێک ئێمە بە بینیان هۆنراوەکەی ڕامبۆ دێت بە بیرماندا : من شانسم هەیە کە ئەشکەنجە زیاتر ناچێژم....
ئەگەر هونەری پوخت، زۆر لە پێش بزوتنەوەی؛ بەد شێوەکاری هاتە کایەوە، بە مانای ؛ رەسم کردن بە خراپی، ئەوا هونەری؛ پوخت (Brut)، بنەمایەکی ڕێ خۆشکەر بوو بۆ ئەوان، لە ساڵی 1945، لە کاتی شەڕی جیهانی دووهەمدا، یەکەم هەنگاوە پەتەو بوو بەرە و بەد شێوەکاری، لەبەر ئەوەی دوبوفێ لە سەردەمی خۆیدا لە ئەمەریکا پێشانگای کردبوەوە، خەڵکی بە کارەکانی دووبوفێ ئاشنییان هەبووە.کاتێک دەڕوانینە هەندێک تابلۆی دووبوفێ، زۆر پێشتر لەوان گوزارشتی لەو هەسەتە کردووە، بە تایتبەتی دووبوفێ لەو سەردەمەدا بە تەنیا بوو، تەنها خۆیی و بتڵە شەرابەکەی بوو.
Jean-Michel Basquiat
دەلێن گوایە کۆمەلگەی ؛ ئەبۆریژێن لە ئوسترالیا، هەرگیز لەتوانیاندا نیە نەخشی مرۆڤێک بکەن وەک ئەوەی کە هەیە، ئەگەر نەتوانن گوزارشت لە ناخی مرۆڤ بکەن، بەهەمان شێوە مرۆڤی سەرەتایی لە ئەشکەوتەکاندا وێنەی مرۆڤیان وەک خۆی نەکردووە، هەرچەندە ئەم چەمکە وەها راڤەی بۆ دەکرێت، گوایە ئەبۆرێژێکان وەک مرۆڤی ئەشکەوتەکان ئاشناییان بە ئاوێنە نەبووە، بەڵام منداالانیش هەرگیز مرۆڤ وەک ئەوەی دەیبینن نەخش ناکات، هەرچەندە دوبوفێ هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەکردەوە کە هونەری پوخت، هیچ پەیوەندیەکی نیە لەگەڵ هونەری منداڵان و هونەری ساویلکە (Naive) دا.
مامۆستاکانی کوردستان، دەتوانن خوێندکارەکانیان بەم ئەزموونە ئاشنا بکەن، هەتا یارمەتی خویندکارەکانیان بدەن ئاشنایی بە نەست وەدەست خەن، بە داخوازیکردن لە خوێندکارەکانیان بە پڕکردنەوەی پانتاییەکیی فراوان بە نەخش، بە بێ ئەوەی پێشبینی شکڵێک یان باسێکیان لەوە و بەر کردبێت لە هزریاندا، وەک ؛ خۆڕسکی (amprovisqtion) لە شانۆدا کاتێک داوا لە ئەکتەرێک دەکرێت، دەوری خەمگینی یان توڕە بوون یان هەر بارێکی دەروونی تر ببینێت، بە بێ ئامادەکردن، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە لێرەدا، جگە لەوەی کە هونەری شیوەکاری دەتوانێت گوزارشتی راستەو خۆ لە هزر بکات، لە حاڵەتی دەروونی هەنوکەدا بکات، کە تاک تیایادا دەژی و دەناڵێنێت پێوەی، لە هەمان کاتا باسەکەش ناوی لێ نەنراوە، واتە ئێمە ناوی نانێین ؛ خەمگینی یان توڕە بوون یان هەر هەستێکی تری مرۆڤ، لەبەر ئەوەی لە هونەری شێوەکاریدا خەمگینی و توڕەبوون و شێتی مانایەکی تریان هەس.کەواتە دەبێت داوا لە خوێندکار بکرێت بە بێ بیرکرەنەوەی پیش وەخت و بە بێ گوێدان بە چۆنایەتی شکلێک، وەک ئەوەی لەو کاتەدا هزر ئارەزووی دەکات، ڕاستەو خۆ جوڵەی دەست لە ژێر داخوازی ئەودا بێت نەک هێزێکی دەرەکی.ئەم تەمرینە جگە لەوەی یارمەتی خوێندکار ئەدات بە نەستی خۆی ئاشنا بێت، لە هەمان کاتا ئەگەر وەک هونەرمەندێک بەردەوام بێت لە کاری هونەری و ڕاڤەکردن و پرسیارکردن لە ژیان، ئەوا رۆژێک هەر دەبێت رووبەرووی جۆرێک لە ئاڵۆزی دەروونی ببێتەوە، ڕوبەرووی شێتی ببێتەوە، ئەوسا ئەم جۆرە کاکردنە دەبێتە چەکێکی کاریگەر بە هەلهێنجاندنی ئەو هزرە شێواوە، بە چواندنی بە شکڵێکی هونەری، بە پۆشینی بەرگێک بەو ڕۆحە سەرشێتەدا، بە ماڵی کردنی ئەو باڵندە کێویە.بە هەڵهێنجاندنی ئەو هەستە، دەزانێت کە ئەو هەستە، دەتوانێت بچێتە ناو هونەرەوە و نامۆ نیە بە هونەر.بەڵام نابێت مامۆستا هیچ وێنەیەکی پێش وەختی هونەری پوخت پیشانی خوێندکارەکانی بدات.
هونەری شێوەکاری کارێکی تەواو سپیریتوێلە، ئەتوانین بڵێین کارێکی جادوگەریشە.مرۆڤی ئەشکەنجە کێش، دەرون شێواو، لە بەر ئەوە نیە کە شوناسی ونکردوە بۆیە دابراوە لە دەوروبەرەکەی ؟ ئەو شکڵانە توانایان هەیە جارێکی تر شوناسێک بۆ ئەو بئافرێنن، شوناسێک بدەن بە ھزری سەرلێشێواوی، ھزری ون، قوفلدراو، بەندکراو لە ناو قەفەزی رۆحدا.لە کوردەواریدا، خۆ ڕاژەندنی منداڵیان وەک نیشانەی دەرون ئاڵۆزیی بینیوە، بۆیە ڕێگریان لێ کردوون.خۆ کابرای جوو، کاتێک لە بەردەم دیواری داڤیدا خۆی ڕادەوەشێنێت، بە بێ ووچان، مەبەستی ئەوە نیە بە خوێندنەوەی چەند پەرەگرافێکی بایبڵ هزری شێتی خۆیمان لێ بشارێتەوە ؟ ئەی مرۆڤێکی ڕێبازی سۆفی گەری، هەموو ڕۆژێک خۆی لەسەر پردی سیراج نابینێتەوە، لە خوارەوە شێتی ؟ هونەری شێتەکان ئەو سە ڕوەشاندنەیە بە بێ وچان، کاتێک هزر ئەتوانێت شوناسێک بدات بەخۆی، ڕاستە و خۆ لەو حەلەتەدا خۆی دەنوێنێت بە بێ ئەوەی بەرگێکی نوێ بپۆشێت.ئەو شێتانە لە بری ئەوەی خۆیان ڕاژەنن، سەر بدەن بە دیواردا، هزریان راستەو خۆ بە دەستیاندا وەک پەنجەرەیەک لە دەرونیانەوە راستەو خۆ، خۆی دەبینێتەوە بەرامبەریان.