یاسا بنچینەییەکان

Friday, 28/05/2021, 23:20

7078 بینراوە


یەکەم: فۆرمی حکومەتدارییThe Instrument of Government                     
دووەم: ئازادیی چاپ و بلاوکردنەوە The Freedom of  the press Act             
سێهەم: ئازادیی ڕادەربڕین The Freedom of Expression Act                      
بەشی یەکەم
بەرەوناوەرۆک و سەرەتایەکی پێویست.
دوای سی ساڵ، حوکومەتداریی!! مەسەلەی دەستوورێک بۆ باشووری کوردستان، لەلایەن سەرکردەیەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، هێنرایەوە بەرباس.
کەواتە ئەمە ئەوە پیشاندەدات، کە سەرکردەیەتی پارتی، کاتێک لە بەرژەوەندی یان بۆ خۆڕزگارکردن لە قەیرانێکی ناوەکی خۆی نەبێت، ئاوڕ لەو مەسەلانە ناداتەوە، کە گەل یا حیزبەکانی تر بە ساڵان داوایان کردووە!! بۆیە دەبێت گەلەکەمان لە باشووری کوردستاندا، زۆر بە ئاگاییەوە، لەو باسوخوازانە وردبێتەوە کە لەلایەن سەرکردەیەتی پارتی بە تایبەتی و حیزبەکانی ترەوە بەگشتی، دەهێنرێنە بەر باس و ڕێکلامیان بۆ دەکرێت.
لە سیمیناری زانکۆیەکی سەر بە سەرکردەیەتی پارتیدا لە هەولێر، کە بۆ یەکڕیزیی حیزبەکان و نووسینەوەی دەستوورێک بۆ باشوور ڕێکخرا بوو، قسەی زۆر کرا، کە نابێت بەسەرماندا تێپەڕ بکات، چوونکە ئەو قسانە ڕاسپاردەی دەسەڵات بوون بۆ حیزبە بچووکەکانی دەوروبەریان.
سەرۆکی هەرێم وتی: دەستوورێکمان دەوێت کەلەگەڵ واقعی کوردستان بگونجێت.
با سەیری واقعی ئێستای باشووری کوردستان بکەین بزانین چۆنە:
• دوو دەسەڵات و دوو ناوچە.
• دوو حیزبی فەرمانڕانی چەکدار.
• ئابوورییەکی گشتی داتەپیوو بۆ زۆرینەی خەڵک، ئابوورییەکی گەشاوەی چالاک و تایبەت بۆ کۆمپانیاکانی حیزب و فەرمانڕان و پاشکۆکانیان.
• قسەی یەکەم لە هەردوو زۆنەکە، چەک دەیکات نەک دادگا.
• سیستەمی خوێندن، تەندروستی، کشتوکاڵ، هاتووچۆ و بازاڕ لە نزمترین ئاستدان و لە هەندێکیاندا بۆ نموونە : پەروەردە و فێرکردندا!! بە تەواوی تەپیوە و حوکومەت لە جیاتی دروستکردنی قوتابخانەی مۆدێرنی ستاندارد، بینای قوتابخانەکان دەفرۆشێت، تا بکرێنە شوێنی بازرگانی بۆ سپی کردنەوەی پارەی ڕەشی حوکومەت.
• تێکچوونی باری کۆمەڵایەتی زۆرینەی خەڵک و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بە هێز و چەک، ئەو چەکانەی کە کۆمپانیا حیزبییەکان، ڕۆڵی گرنگیان هەیە بۆ هاوردەکردنی و بڵاوکردنەوەیی و فرۆشتنی بەخەڵک لە ڕێگەی قاچاغچییە بچووکەکانی سەر بە تۆڕی کۆمپانیا حیزبییەکانەوە، هەروەها بڕەوسەندنی ماددەهۆشبەرەکان، کە بازرگانانی سەرەکی سەر بەهەمان تۆڕی بازرگانیی حیزبین بۆ هاوردەکردن و ناردنەدەرەوە.
• داگیرکردنی زیاتر ٢٥% ی خاکی باشووری کوردستان لەلایەن حوکومەتی ڕەگەزپەرستی تورکەوە و کۆنترۆڵکردنی نزیکەی هەموو بازاڕی باشوور لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکی و ئێرانییەوە کە سەر بە دەزگای سیخوڕی ئەو حکومەتانەن  بە ئاگاداری و هاوبەشی کۆمپانیا حیزبییەکانی باشوور، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە دەبێت بزانین، ئەم کۆمپانیا بازرگانیانە، یەکێک لە کارەکانیان برەودان و بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشییە و تۆڕی ژنگەل و پیاوگەلیان دروست کردووە بۆ گومڕاکردنی کچان و ژنان و لاوان و پیاوانی باشوور. 
ئەمانە بە کورتی ئەو واقیعەیە کە سەرکردەیەتی پارتی و حیزبەکانی تری پاشکۆیان دەیانەوێت، دەستوورێکی بۆ بنووسنەوە.
هاووڵاتییەکی باشوور و تاکی نەتەوەی کورد، کە گوێ لە فەرمانڕانانی باشوور دەگرێت: وا دێت بە خەیاڵیدا، کە کۆمەڵێک مرۆڤ، لە هەسارەیەکی ترەوە هاتوون و کێشە و گرفتاریان بۆ خەڵکی باشوور دروست کردووە و ئەم حیزبانە و حوکومەتەکەیشیان، دەیانەوێت بەرەنگاریی ئەم مرۆڤ گەلە ببنەوە و ئەو بەشە لەنەتەوەکە لە باشووردا لەداگیرکردن و ئەو کڵۆڵیانەی بۆیان دروست کراوە بپارێزن!!. زۆر ئاسایی باسی چارەسەری خەیاڵی و کێشەی خەیاڵی و وێنەکردنێکی واقعەکە بە شێوەیەکی هونەری و بێدەربەستانە بۆ خەڵک دەکەن، لێرەدا چەند سەرنجێک پێویستە:
ئەلف: ئایا ئەم فەرمانڕانانە، هەر ئەوانە نەبوون، کە دەرگای پەرلەمانیان دوو ساڵ داخست؟!
بێ: ئایا هەر ئەم تایەفەیە نەبوون، خەڵکیان سوک کرد و لە مامۆستایان هەڵدا و قوتابی ١٢ ساڵەیان لەسەر جادە کوشت؟!
جیم: ئایا هەر ئەمە خەڵکە بێدەربەستە نەبوون، بەو بەشە لەنەتەوەکە لە باشووری داگیرکراویان وت: هەڵپەڕن، داپەڕن و سەما بکەن؟! 
کێ دەتوانێ گەرەنتی ئەوە بکات، کە ئەم ڕەفتارانە و لەوە خراپتر چەندبارە نابنەوە؟!
چوونکە ڕووداوەکانی ئەوان خوڵقاندیان/ دەیخوڵقێنن، ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەساتی خراپترمان لە پێشە، نەک باشتر!! خۆ ئێمە قاوە ناگرینەوە و فاڵ ناخوێنینەوە، شیکار بۆ واقعی بە شێک لە نیشتمانە داگیرکراوەکەمان  دەکەین و بەپێی تێگەیشتنی خۆمان، دەمانەوێ  وشیاریی بەکۆمەڵ و تێگەیشتنی نەتەوەیی لەسەر بناغەیەکی کوردستانی بە نەتەوەکەمان ڕابگەێنین.
ڕەشبین نیم، چوونکە لەو باوەڕەدام، هیچ کاتێک لە مێژووی ئازادیخوازیی کوردستانیی نەتەوەکەمدا، وەک ئێستا بیرە کوردستانییەکە و وشیارییە نەتەوەییەکە لە سەر بنچینەیەکی دروست، گەشەی نەکردووە و لە هیچ قۆناغێکدا، هێزی ئاوا بە دسپلین و ڕێکخراومان نەبووە. 
ئێمە باسی ئەو قۆرت و کێشانە دەکەین، کە دەیانەوەێ، لە باشوور بە تایبەتی و بۆ نەتەوەکە بەگشتی دروستی بکەن، دەمانەوێ دیوارێکی لار لە بنچینەوە ڕاست بکەینەوە، یا بناغە و بنچینەیەک بۆ هەڵچنینی دیوارە ڕاستەکە دابمەزرێنین.
سەرۆکی حکومەت وتی: ناتوانین ئازادیی لە بەرەڵایی جیانەکەینەوە!!
وەک باسم کرد، لە زمانی کوردیدا، ئازادیی و بەرەڵایی پەیوەندیان بەیەکەوە نییە ، لەگەڵ یەک نایەن و پێچەوانەی یەکیدیش نین.
• ئازادی، ناسنامەی مرۆڤ بوون و بنچینەی ژیانمانە وەک مرۆڤ لەهەموو ئەو ساڵانەی تەمنماندا، کە وەک مرۆڤێکی ئاسایی بە ئەرکەکانی مرۆڤ بوونی خۆمان هەڵدەستین. ئەو هەناسەی زیندوێتی و ڕوخسارەگەشەکەی چالاکییەکانی ژیانمانە. لە دەرەوەی چوارچیوەی بێ سنووری ئازادیدا، هەر کارێک وەک مرۆڤ ئەنجام بدەم، گومانی تێدا نابێت، لە ژێر کاریگەرییەکی سەپێنراودا ئەنجامم داوە، چ خۆیی چ دەرەکی.  
• ئازادی نە دیارییەکە حوکومەت و فەرمانڕانان پێم ببەخشن، نە مافێکیشە لە میهرەبانیی و بەزەیی حوکومەتەکانەوە بەدەستی بێنم، ئەو دەبێت بنچینەی یاسا و دەستوورەکان و کرۆکی بەڕێوەبردن بێت، هەموو حوکومەت و یاساکان دەبێت لە ئازادیی خەڵکەوە، هێز و توانا وەربگرن، نەک پێچەوانەکەی!!.
• لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە کوردستانیشەوە بەتایبەت باشوورکەی، کلتووری بەڕێوە بردن، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، تاک سەرۆکی، تاک فەرمانڕانی، تاک حیزبی، تاک قارەمانی و تاک مەرجەعی، برەو پێداوە و بەرهەم هێانەوە. لە حاڵێکدا کە مەرجەع و دەسەڵات و قارەمان و حیزب و سەرچاوە، دەبوایە خەڵکێکی ئازاد بایە. 
• ئازادیی خەڵک کرۆکی پاراستنی دیمۆکراسییە، چوونکە ناتوانی دیمۆکراسی وەک قات و بۆینباخێک، لە فرۆشگاکانی کرستیان دیۆر، بیکڕیت!!. دیمۆکراسییەت، پەروەردە و مومارەسە و ڕەفتارە، بەر لەهەرکەس، بۆ تاربێژەکە خۆی، ئەوەی کە لە باشوور، قسەی ڕووتی پشت میکرۆفۆنەکانە و زۆر جوانیشن بەڵام وەک هەڵم، دوای سمینارەکە و کوژاندنەوەی چاوی کامێرەکان، بە هەوادا بڵاودەبنەوە و ئەسەریان نامێنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە