سوارێک لە ڕەگەز و ڕەنگی ئاگر

Friday, 28/05/2021, 23:36

8780 بینراوە


لە گۆیژەوە ڕەشەبایەک
لە سنەوە بۆرانێک و
گەردەلولێک لە پێدەشتی گەرمیانەوە
لە ئامەد و قامشلۆوە
سوارێک لە ڕەگەز و ڕەنگی ئاگر
ھەندێ شەو لە بن تاوێرێک لە ئاویەر
ھەندێ ڕۆژیش لە جێی قەنارەکەی قازی
ڕۆژگارانێک لە ماڵێکی کوردەواریی کانێسکانا
جارناجاریش دیار نە دەمان
لە ناو ئەشکەوتێکی نیشتمانا
یەکیان بینی، بوون بە ھاوڕێ، بوون بە ھەڤاڵ
تا ھەر چواریان توانەوە و بوون بە ھاوبیر
جا سوارەکەی لە رەگەز و ڕەنگی ئاگر
لەھەر چواریان، ئیرادەی کوردێکی دروست کرد
ناویان لێ نا: گەریللا ژیر

ئەو خۆی وتی
ڕەنگێ مەکەن بە نیشانە بۆ میللەت
وەکو کوردێ بۆی بە داخین
کە نایەوێ، پشت لە وان کا و ڕوو لە میللەت
ئەو خۆی وتی: من ھەزارم، خۆی بوو وتی
بەڵام ھێشتا، ماون زۆرن
جامانەی سووری بە ڕوومەت.
من دارێکم کەی بووم بە تۆ
ھێندە پاڵت پێوە داوم
من بووم بە تۆ
ھێندە پرچت لە سایەما ھۆنییەوە
من بووم بە بۆنی پرچی تۆ
من دارێکم گەر نەمکوژن
بە ڕەنگی سەوزی گەڵاکانم
دەینووسمەوە، دڵنیابە
مێژووی گەشی خەباتی تۆ
قەندیل
کەرکوک دڵی کوردستان بوو 
دەریان ھێنا و ئینجا کوشتیان
ھەولێر ھۆلاکۆ بەزێن بوو
یەخسیریان کرد بۆ دوژمنان
سلێمانی، شەقامێکی
درێژ درێژی ئازادی بوو
بڕیانەوە، لەتیان کرد و
ئینجا کردیانە تابووتی
بچووک و کورت
بۆ تەرمی باڵای کوڕ و کچمان
لە کوشتنی کەرکوکەوە، سۆران
لە قەفەزی ھەولێرەوە، شیروان
لە تابووتی سلێمانێ وە، نەشمیل 
بە پرچێکی درێژەوە
ھەڵسانەوە و
 بوون بە قەندیل
بۆیە ئێستا 
دڵی ھەرچوار پارچەی نیشتمان
وا لە قەندیل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە