دایکم، پەپوولەکەی سەرشەقام

Tuesday, 06.01.2021, 2:12

2496 بینراوە


شەودرەنگ، لەدەنگی تەقەی دەرگاکە بە ئاگاهاتم. هاوین بوو، هەموومان لە حەوشە نوستبووین. دایکمم بینی، بەسەرپۆشە سپیەکەیەوە دەرگای حەوشەی کردەوە... پاش کەمێک ،لە ماڵە دراوسێکەی تەنیشتمانەوە، گوێم لە دەنگی میهرەبانی ئەو بوو. تێگەیشتم کە ئەمشەویش وەک زۆرینەی شەوانی تر دایکم بۆ بەهانای ژنەکەی دراوسێمانەوە رۆیشتووە.  
هاوسەرەکەی کردبوویە پیشە، ئەو شەوانەی کە بە مەستی بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە ، دەکەوتە لێدانی ژن و مناڵەکانی. ئەو شەوەش دایکم، هەروەک زۆر لە شەوانی دیکە، بەهانایانەوە چوو. ماوەیەکی زۆر لایان دانیشت. بە دەنگە لەسەرخۆ و نەرمەکەی دۆخەکەی ئارام کردەوە. 
بیرەوەریەکانی رۆژانی نانکردن لە دەوری تەنووری ماڵەکەمان ، ئێستاش یادەوەرییەکی شیرینە و بە خەندەوە یادی بەرز رادەگرم. نانکردن کارێکی هەرەوەزی بوو لەگەرەکدا. ئەو رۆژەی ماڵێک لە گەرەکدا نانی بکردایە، خانمانی دراوسێ وازیان لە هەموو کاروپیشەیەکی خۆیان دەهێنا و ئامادەدەبوون بۆ ئەو کارەهەرەوەزییە. 
ئەو رۆژانە، چەندین ژن لە خانمانی دراوسێ لە دەوری باجی ئایشێ و تۆ و تەنوورەکە کۆدەبوونەوە. لەگەڵ ئەوەی تۆ، دایەگیان، ئاگاداری هەموو باس و گلەییەکانی خانمانی گەرەک بوویت، هاواکات هەرچیەکیان بۆ باس بکردیتایە لەگەلەیی و گازندەی ناخی خۆیان. هەر لەسەر تەنوورەکە دەمایەوە و تەنانەت نەتدەهێنایە نێو ژووری ماڵەکەشمان. ئەمەش وایکردبوو کە تۆ دایەگیان، ببیتە جێگای بروا و متمانەی خێزانەکانی گەرەک. تەنانەت هاوسەرەکانیشیان، لە ئامادەبوونی تۆدا چەند مەست بوونایە بێدەنگ دەبوون و بەرێزەوە گوێیان بۆ رادەگرتیت. 
دایکم پەپوولەیەک بوو لە نێو باخی سەرشەقام دا، بە لەسەرخۆیی و ئارامیەکەی هەمیشە هەوڵی دەدا ماڵەکانی گەرەک ئارام و پرخەندە بن. 
دایکم، ئەختەری حاجی عارفی برنوتی، لە ساڵی ١٩٣٠ لە سلێمانی لەدایکبووە. تەمەنی تەنیا چواردەساڵان دەبێت کە دایک و باوکی لەیەکترجیادەبنەوەو ئەرکی دووبراوخوشکێکی بچوکی دەکەوێتە سەرشان.
کاتێکیش لەتەمەنی بیست ساڵی دا لەگەڵ باوکم هاوسەرگیری دەکات، دێتە خێزانێکی گەورەترەوە لەگەرەکی سەرشەقام.  
ئێواره‌ی رۆژێکی ساردی زستان بوو، کاتێک باران نم نم به‌‌ ڕووی مات و خامۆشی شاردا ده‌باری و  فرمێسکه‌کانی دایکیشم، دڵی بێ ئارامیان هێنابووە جۆش، ئەو ئێوارەیە، چاوبەفرمێسک دایەگیان، بەجێمهێشتی، و تەنانەت ماڵئاواییشم لە سەرشەقام نەکرد!
لەگەڵ ئەوەی کە بەرەوشاخ، بەرەو چارەنوسێکی نادیار رێگام دەبڕی، کەچی هەروەک ئەوەی بۆ گەشتیکی چەندرۆژەیی لە تۆ و لە شار دووردەکەومەوە و، چیترزووە دەتبینمەوە و بە ئامێزی پرلەخۆشەوسیتی تۆ شاد دەبمەوە!
تەمەنی لاوێتی هەر ئەو رۆژە دەبینێت کە لەو کاتەدا تیایدا دەژی و ئەوەی لەو رۆژەدا بریاری بۆ دەدات، دەرئەنجامی هەنگاوەکانی نابێنێت، ئەوەی نایبینێت دووری ئاسۆیە، دایەگیان! زۆرینەی کات بریارەکانی لاو و گەنج وردبینانە نیە و ئامادەش نیە گوێگری کەسەبەئەزموون و خۆشەویستەکانی بێت! 
منی ئاشق و دەروێشی نیشتمان هەموو شتێکم بە تەرازووی خۆشەویستی بۆ نیشتمان دەکێشا، زۆر ببورە دایکی ئازیزم کە لە تەمەنی لاوێتیمدا، بەژیرێتی تۆ ئاشنا نەببووم، ئاگاداری خەون و خەمەکانی تۆی میهرەبان نەبووم. دنیاکەی من زۆر تەسک بوو، هەرچەندە لەگەڵ باوکم باسی ئەمریکا و چین و روسیام دەکرد، هەرچەندە هەموو مانگێک گۆڤارم لە وڵاتی چینەوە بەدەستدەگەیشت، بەڵام لە دیدی جوان و گەورەو فراوانی تۆ بۆ ژیان بێ ئاگابووم!
بیرمە دایەگیان، ئازاری ساڵی ١٩٧٥، کاتێک شۆڕشی کورد ئاشبەتاڵی پێکرا و کاکم لە شاخەوە نەگەرایەوە بۆ شار و لە ئێران دا مابۆوە، تۆ رێگای ئێرانت گرتەبەر. بەبێ ئەوەی بزانی رۆڵەکەت لە چ ناوچەیەکە، لەو وڵاتە گەورەیەدا، نەک جارێک دووجار، کەوتیتە ڕێگای هات و نەهات. تا کاکمت نەدۆزییەوە و نەتهێنایەوە بۆ باوەشی پر خۆشەویستی خۆت، نەگەرایتەوە.
کاتێکیش من لە شاخ بووم، دووجار رێگای نادڵنیایی و پر لە مەترسیت لە شارەوە بۆ شاخ گرتەبەر و گەیشتیتە، لام دایە گیان! 
ساڵی ١٩٩٠ زۆر تامەزرۆی بینینی رۆڵەکانت بوویت، کە لە تاراوگە و نامۆییدا دەژیان. بۆ داواکردنی ڤیزە گه‌یشتیته‌ به‌غدا و داوای ڤیزه‌ت کرد. ئه‌مجاره‌یان وه‌ک جاری پێشوو نه‌بوو، بچیته‌ قه‌ڵادزێ و پاشان له‌ دێرێ وه‌ وڵاخێک بگریت و بگه‌یته‌ لام لە ناوزەنگ. ئه‌م جاره‌یان بڕیاره‌کان له‌ ده‌ستی خۆتدا نه‌بوو. 
زۆر هیوام بوو، دایەگیان که‌ ڤیزه‌که‌ت وه‌ربگریت و دوای ئه‌م هه‌موو ساڵی بێده‌نگی و بێڕه‌نگیه‌ کەمێک لە باوەشی پرناز و خۆشەوسیتی خۆت دا سەری ماندووم  ئارام بێت!
باشه‌ دایه‌ گیان خۆتۆ خوێنده‌وار نه‌بوویت، چۆن ئه‌م هه‌موو سه‌فه‌ر و هاتوچۆیه‌ت پێده‌کرا!
زۆر بەداخەوە دایەگیان، پەلاماردانی کوێت لەلایەن ئێراقەوە، هەڵگیرساندنی شەری کەنداو، بووە هۆکاری داخستنی هەموو ده‌رگاکان و ئه‌مجاره‌یان په‌پوله‌یه‌کی وه‌ک تۆش نه‌یتوانی سنووره‌کان ببەزێنێت.
دایەگیان، هەشت ساڵی زۆر دوورودرێژ بوو بە دیدارت شادنەببوم، کاتێک دواینیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌مه‌یه‌کی ئاسایی، ده‌نگی زه‌نگی ته‌له‌فونه‌که‌ ڕایچڵه‌کاندم.  لەگەڵ ئەوەی تا ئەمرۆش، دوای پانزەساڵ،  هەموو ساڵێک لە ١ی مانگی شەشدا، ئەو زەنگە رامدەچڵەکێنێ، لەگەڵ ئەوەی کە دەنگی هێمن و پر لەخۆشەویستیت ناگاتە گوێم، بەڵام تۆ هەمیشە لە دڵی مندا هەر زیندوویت و تا من هەناسە بدەم دڵی تۆ لە ناخی مندا لێدەدا.