نووسراوە فەرمیەکانی ناتۆ و ئەمریکا ئەردوغانیان هار کردوە!

Thursday, 03/06/2021, 0:15

11129 بینراوە


ئەردوغان دەیەوێت دنیا بەتایبەتی وڵاتانی ناتۆ و ئەمریکا، لەبەر خاتری بیروباوەری شۆڤێنیستی ئەو و دوژمنایەتی ئەو بۆ پرسی کورد چاوبنوقێنن، ئەوەی تورکیا دەیەوێت ئەوان بۆی دەست لەسەر سنگ ڕابوەستن و ئەنجامی بدەن،  نووسراوە فەرمیەکانی ئەوان هاوپێچی وتار و گوتار و نووسراوەکانی تورکیا بێت، ئینجا بە دڵی ئەردوغان لە میدیاکاندا بڵاوبێتەوە و ئەویش بەردەوام بێت لە هێرشە سەربازییەکانی لە باشووری کوردستان و بە کەیفی خۆی شەلم کوێرم کەس ناپارێزم، بکوژێت و ببڕێت و بسوتێنێت و کاول بکات و خێروبێری وڵاتەکەش بدزێت! 
کاتێک کە تورکیا لە میدیاکاندا و لەزاری سەڕۆکی وڵاتەکە، ڕایدەگەیەنێت کە لە قوڵایی باشووریی کوردستاندا، یان لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە کوژراو و برینداری هەیە، خۆی لەوە گێل دەکات کە دنیا دەپرسێت، کە ئایا بۆچی سەربازی تورکیا لە قوڵایی وڵاتانی دراوسێی تەراتێن دەکات؟ ئایا ئەو مافی ئەوەی هەیە سنووری نێودەوڵەتی ببەزێنێت، هەژمار بۆ کەس نەکات و دوای کڵاوی بابردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکەوێت؟
بەدڵنیاییەوە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا ئەگەر خۆیان بە خاوەنی پرس کوردیش نەزانن بەڵام زۆر لە کوردێک باشتر دەزانن چی دەگوزەرێت و تورکیا چی ڕقێکی بێ هاوتای بەرامبەر بە نەتەوەیەکی چل میلیۆنی هەیە، هەروها دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، گەشەکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و وێنەگرتن بە موبایل، ئەو وڵاتانە ئەگەر خوازیاریش بن تاوانەکانی تورکیا وەک جاران پەردەپۆش بکەن بۆ دەستەکەوت و مەرامی سیاسی و ئابووریی و سەربازی و سەپاندنی مەرجیان، بێ گومان هەنووکە بۆیان ناچێتەسەر و ناتوانن، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ تەنیا ئەوانەی خاوەن میدیای زەبەلاح و پارەن، ڕووماڵی ڕووداوەکان ناکەن، بەڵکو وەک جاران نەماوە کە خەڵکی هەژار و لێقەوماو دەنگیان نەگات بە دنیا و ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا بەتەنیا  میدیای ئەوان نین تا بە ئارەزووی خۆیان یاری بە ڕاستی ڕووداوەکان بکەن. تۆڕی کۆمەڵایەتی میدیایەکی ئازادە، هەلی بۆ کوڕە شایەک و هەژارێک وەک یەک ڕەخساندووە، بۆیە ئەمڕۆ هەر ڕووداوێک یان هەر تاوانێک کە تورکیا دژی میللەتی کورد ئەنجامی دەدا، بە یەک چرکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و دنیای ئازادی ئەنتەرنێت بڵاودەبێتەوە و بە هەزاران نامەی ئەلکترۆنی بە بەڵگە و وێنەوە بۆ ماڵپەڕی تایبەتی وڵاتانی هاوپەیمان لە ناتۆ و ئەمریکا دەنێردرێت!  
ئەردوغان کاتێک کە لە سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵدا، کوشتنی چەند هاووڵاتیەکیی تورکیی لە باشووری کوردستاندا ڕاگەیاند، چاوەڕوانی ئەوە بوو لەسەر درۆکانی ئەو، هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا، بۆی دەست لەسەر سنگ ڕابوەستن، هەرچی لە سوپای زەبەلاح و مووشەکیان هەیە بیخەنە خزمەت ئەردوغان و کوردستان تەفروتونا بکەن و کەسی تیا نەمێنێت لە سوپا و میلیشیای تورکیا زێتر،  بەڵام دیارە کە ناتۆ و ئەمریکاش وەک جاران بۆ تاوانەکانی تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد لە ڕۆژئاواو و باکوور و باشووری کوردستاندا چاوناپۆشن و ناچنە ژێر باری ئەوەی کە دارشتنی  نووسراوە فەرمیەکانیان بە دڵی ئەردوغان بێت، بۆ نموونە، ئەمریکا لە نووسراوێکی کورتی چەند دێری فەرمیدا سەبارەت بە کوژرانی چەند هاووڵاتیەکی تورک لە سەرەتای مانگی دووی ئەم ساڵدا لە باشووری کوردستاندا هەڵوێستی ڕاگەیاند. ئەو کات هەندێک لە میدیای کوردی بەخۆشحاڵیەوە ئەو نووسراوەی ئەمریکایان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بەکارهێنا، ئینجا یان  پێیان وابوو یان ویستیان خەڵک چەواشە بکەن کە ئەم نووسراوە پاڵپشتە لە ئەردوغان و تورکیا. ئەمە جگە لە دوژمنایەتی یان ناتێگەیشتن لە سیاسەت و جۆری دارشتنی نووسراوەکە نەبێت هیچی دی نەبوو، بەڵام بۆ ئەردوغانێکی خاوەن ئەزموون لە قاتوقڕ کردنی نەتەوەیی کورد، یەکسەر تێگەشتنێکی تەواو بوو لە هەڵوێستی ئەمریکا و زانی کە ئەمە زەنگی هۆشیار کردنەوە بوو، بە ناڕاستەوخۆ لە ئەردوغانیان گەیاند، کە ئەوان پەکەکە بە تیرۆریستیش لە قەڵەم بدەن بەڵام هیچیدی لەسەر درۆیەکانی ئەویش شت بینا ناکەن! 

کورتە نووسراوی فەرمی ئەمریکا کە لە ١٤/٢/٢٠٢١دا دەربارەی ئەو مەسەلەیە بڵاوکرایەوە تێیدا گوترابوو:

 " بە کوشتنی چەند هاووڵاتیەکی تورکیی لە هەرێمی کوردستاندا نیگەرانین، ئێمە لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانمانین لە ناتۆ و پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی خێزانی ئەو کەسانە دەکەین کە لە شەڕەکانی ئەو دوایەدا کوژراون، بەڵام ئەگەر ڕاپۆرتەکان بیسەلمێنن کە ئەو چەند کەسە مەدەنیە بەدەستی پارتی کرێکارانی کوردستان کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستە کوژراون، ئینجا ئێمە بە توندی سەرکونەی ئەو کارە دەکەین". 
"United States deplores the death of Turkish citizens in the Kurdistan Region of Iraq. We stand with our NATO Ally Turkey and extend our condolences to the families of those lost in the recent fighting. If reports of the death of Turkish civilians at the hands of the PKK, a designated terrorist organization, are confirmed, we condemn this action in the strongest possible terms."

 هەر زوو ئەردوغان لە فیکەی خۆی گەیشت و لە ١٥/٢/٢٠٢١دا لە میدیاکاندا وەڵامی ئەو نووسراوەی ئەمریکای دایەوە و گوتی:
 "ناتۆ دەبێت لە ئەمڕۆ بەدواوە هەڵوێستی خۆی ڕوون بکات و بەبێ گوتنی ئەگەر یان بەڵام و بەبێ پرسیار کردن، پشتیوانی لە تورکیا بکات و دژی پەکەکە بێت، ئەگەر ئەوە نەکات کەواتە ئەوانیش بەشدارن لە کوشتنی سەربازەکانی ئێمە و خوێنڕشتن، ئێوە گوتان کە خۆتان پشتیوانی لە تیرۆریستان ناکەن بەڵام ئێوەن کە لەگەڵیانن و پشتیوانیان لێ دەکەن".
غروری ئەردوغان گەیشتۆتە ئاستێک کە کاتێک لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا دەدوێت وەک ئەوەی لەگەڵ سەربازێکی پلە خوارەوەی سوپای تورکیا بدوێت، یان وەک ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم بدوێت، کە هەمیشە ملکەچ و گوێڕایەلی بڕیارەکانی ئەون، بۆیە ئەردوغان خۆی لەیاد دەچێت کە دوان لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا بەوجۆرە نابێت، کە داوایان لێ دەکات کە ئەوان بەبێ پرسیار کردن و بە متمانەوە بەبێ مەرچ بڕیارەکانی ئەو جێبەجێ بکەن. لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوترێت، کە ئەردوغان دەبێت لەو ڕاستییە بگات، کە بەوە نابێت ئەو لە میدیاکاندا دژی میللەتێکی ژێردەستەی بێ سوپای وەک کورد شاتەشات دەکات،  ئەو هێزانە واتە ناتۆ و ئەمریکا بەهیچ جۆرێک گوو بە کڵاوی ئەو ناپێون.

لینکی نووسراوەکەی ئەمریکا:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە