یاسا بنچینەییەکان (بەشی دووەم)

Wednesday, 06.02.2021, 12:15

640 بینراوە


وەک دیاریم کرد بوو لە بەشی یەکەمی ئەم پێشنیازەمدا، ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووری نیشتمانەکەیدا، نابێت مل بۆ هەموو داخوازییەکانی حیزبەکان بدات و دەبێت لێپێچینەوەیان لە تەکدا بکات و لەسەر ئەلف و یێیەک، بکەوێتە گفتوگۆ و پێویستیشی کرد، لەگەڵیاندا بەرەنگاربێتەوە ، بە شێوە مەدەنییە سەردەمییەکان و ئامڕازی بەرەنگاربوونەوەی مەدەنیانەش زۆرن. 
گەل دەبێ گەیشتبێتە ئەو ڕادەیە لە وشیاریی کە باوەڕی بە خۆی بێت، وەک دادگایەکی گەل کەسایەتییەکی هەیە و لە توانایدایە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتدا، ئامڕازەکان بەکار بێنێت.
ئەو یاسا بنچینەییانەی کە پێشنیازی منە و من دەمەوێت، ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووردا دەنگی پێبدات، سێ یاسای بنچینەییە، کە ژیانی تاکی کورد ڕێک دەخات، نابێت خەڵک بە وردەکاری ( بەرنامەیەکەوە مژۆڵ ) بکرێت، بە ناوی دەستوورەوە، ئەمە هەمان مژۆڵکردنی خەڵک دەبێت، وەکی جاران و یاریکردن بە هەستی کورد بوونیان.
 هیچ پاساوێک نییە، نە کوردستانی، نە عێراقی، نە ناوچەیی و نە نێودەوڵەتی، ڕێگربێت لەوەی کە کورد لەو بەشەدا کە تا ئێستا نیمچە سەربەخۆییەکی هەیە و لە یاسای عێراقیدا دانپێدانراو و یاساییە، یاساگەلێکی مۆدێرن و مرۆیانە بۆخۆی دیاری بکات، بە پێچەوانەوە، ئەوەی ڕێگرە لە گەشەی کۆمەڵگای کوردی لە باشووردا، عەقڵی سیاسیی فەرمانڕان و بیرکردنەوەی خێڵ و بنەماڵەیە و هەر ئەمەشە ئاستەنگی هەرە گەورە ( کە لە کورد خۆیەتی) لەبەردەم هەنگاونانی مەزن و گۆڕڕانکاریی خێرادا.
یەکێک لەو ئاستەنگانەی خێڵ دەیخاتە بەردەم ڕێگای گەشەی نەتەوەکە، پۆستی فەرمانڕانییە، کە خێڵ و سەرۆک خێڵ دەیەوێ لە چنگی خۆیدا بیهێڵێتەوە و بۆ ئەمەش هەموو کارێکی ناشرین تا خیانەت بە نەتەوەکەش دەچێتە پێشەوە و سڵ ناکاتەوە، ئەزمووی سی ساڵ، فەرمانڕانی سەرۆک خێڵەکان ئەمەیان دەیان جار سەلماندوە.
پۆستی سەرۆکی هەرێم، پۆستێکی داتاشراوی، قۆناغی فیفتی- فیفتی سەردەمێکی هەرە ناشرینی مێژووی، بەڕیوەبەرایەتییە لە باشووری کوردستاندا، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی و کوردستانی نەماوە و( ئاکام و ڕەفتارەکانی بوونی ئەم پۆستە)، لە ماوەی سی ساڵی ڕابووردوودا، مەرجە خێڵەکێیەکانی، (هەبوون و بەردەوام بوونی لە ئیستادا)، پووچ کردۆتەوە و نەیهێشتووە.
سەبارەت بە سەرکردەیەتی پارتی، دیارە کە ئەم پۆستە، ئیمتیازی بێئەندازەی سیاسی، سەربازی و ئابووری بۆ مسۆگەر دەکات و لەسەر خۆی تاپۆی کردووە و بە چنگەکڕێ و چڕنووک هاویشتن پارێزگاری لێدەکات و وەک فۆرمۆلێکی ئۆتۆماتیکی چەسپاوی قابیلی گفتوگۆنەکردن تەماشای دەکات و ڕاسپاردەکانییان لەو فۆرمۆلە پیادەکراوەوە، بۆ پێشەڕۆژ * بەگەلی باشوور دەدەن.
 پرسی نووسینی دەستوور، لەو ئیلهام و تراویلکەیەوە سەرچاوە دەگرێت ( هەڵبەتە ئەوە سی ساڵە، لە پراکتیکدا، ئەوان مومارەسەی دەکەن)، چوونکە بەرانبەرەکەیان کە سەرکردەیەتی یەکێتیە، دوو ئامڕازیان لە دەستدا نەماوە: 
1- مردنی سکرتێری گشتیان و
2- نەبوونی ناوەندێکی بڕیاری یەکگرتوو.
کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە بەو هۆیانەی لە سەرەوە باسم کردن، هەردوو سەرکردەیەتییەکە، مەرج و بنەمای شارستانەتی و کوردستانییان، تێدا نییە بۆ پێشنیاز-، نووسینەوە- و ڕاپرسینی دەستوورێک بۆ بەڕێوەبردنی باشووری کوردستان.
هەر ئەوەی کە ئەوان دوو حیزبی چەکداری ڕابوورد و ناجوان و تاوانی گەورەیان دەرهەق بەنەتەوەکە لە ئەستۆدایە، دادگای مەعنەوی گەل ( کە لەهەموو ناخێکی کوردستانیی ئازادیخوازیی دڵسۆزی نەتەوەکەدا، بوونی هەیە)، ئەو مافەیان پێ نادات، جارێکی تر یاری بە هەستی کورد بوونی نەتەوەکە بکەن.
بۆیە گرنگە، ئەو بەشە لەنەتەوەی کورد، داواکارییە شارستانی و ژیارییەکانی ئەمڕۆی، لە چەند خاڵی پوختدا، کە سەراپای ( ژیانی مەعنەویی و فیزیکی) بەڕێوە دەبات کۆ بکاتەوە و وردەکارییەکانی یاساکان، بە پسپۆڕانی یاسا و شارەزایانی تری بوارەکە بسپێرێت.
هەوڵی من لەو چوارچیوەیەدا خۆی دەبینێتەوە، لێرەدا، ناتوانرێت، گەمە بە هەست و سۆزی کوردبوونی تاکی ئەو بەشە لە نەتەوەکە بکرێت. 
من پێموایە، حیزب لە فۆرمێکی یاسایی دانپێدانراودا، نابێت چەکی هەبێت، دەبێت بەرنامەی هەبێت و ڕێکلام و شەڕی گفتوگۆی لە سەر باشتربوون و واقعیتر بوونی بەرنامەکەی بکات، نەک هەر تەنگەتاو بوو، دەرگای پەرلەمان دابخات و هێز بجوڵێنێت و پەنجە ڕاوەشێنێت و سەرپای پڕۆسەی بیرکردنەوە و فەرمانڕانییەکی بخاتە ژێر پرسیارەوە!!.
لە بنچینەدا، کەمایەسی و بە سوک تەماشاکردن و بێڕێزییە، مرۆڤ بەرانبەر بە مرۆڤ بوونی خۆیی، لەم حاڵەتەی ئێمەدا کوردبوونی خۆشی، دەکات، ئەگەر پاش ئەو ئەزموونە ژەهرئاسایەی دوای سی ساڵ، مل بەوە بدات، دەستەیەکی چەکدار، دەستوورێکی مەدەنیانەی بۆ بنووسنەوە!!.
ماویەتی....     

سەرنج/ * 

پێشەڕۆژ: واتا ئەو ڕۆژانەی لە بەردماندایە، پاشەڕۆژ هەڵەیەکی چەسپاوە و بەکاردێت.