لەوەتەی دایکی کورد ھەیە!

Tuesday, 01/06/2021, 2:10

3782 بینراوە


شەڕ و تفەنگی کوردستانیان، کردنی و ھەڵگرتنی سەپێنراو و ناچارییە، چوونکە، ھیچ کەس ھێندەی ئەو کەسە، تامەزرۆی ئەو شتە نییە، کە نییەتی، بۆ کورد ئازادی و ئاشتییە.
کورد لە نیشتمانی بندەستی خۆیدا، لە ژێر ستەمێکی نەتەوەیی لە ڕادەبەدەر، بێڕەحمانە، وەحشیگەریانە و ھەمەلایەنەدایە: لەھەموو بوارەکانی ژیانێکی ئاساییدا لە ژێر پاڵەپەستۆدایە 
- چ بە سووک تەماشاکردنی، چ بە ڕێگرتن لە زمانی دایکی، چ بە ناچارکردنی بۆ جێھێشتنی شار و گوندی خۆی و ڕووکردنە شارەکانی نەتەوەی سەردەست، وەک دەستی کاریی ھەرزان، بەھۆی پشتگوێ خستنی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستەوە بۆ ئاوەدانیی نیشتمانی ئەو و بایەخ نەدانی بە شار و ژینگەی کوردستان، کە سەرەڕای ئەم پشتگوێ خستنەش، وێرانکردنی ژینگەکەشێتی !!.
لە حاڵەتی کورددا، ھەموو بەرەنگارییەکی، بۆتە ئەرکێکی مرۆیانە و شەرافەتمەندانە، چوونکە بەرگریی لە حەق دەکات و دژی ستەمە، کەواتە فەرمانی یەزدانی جێبەجێ دەکات و خۆشەویستی ئەویشە.
چوونکە بەرگری لە خۆی نەکات:
١-  سێ ئابووری گەورە، 
٢-  سێ کلتووری دڕ و 
٣-  سێ ھێزی سەربازیی پڕ چەکی بێبەزەیی، کە ئەمانە نوێنەرایەتی کلتوور و بیرکردنەوەی نەتەوەی سەردەست دەکەن، دەیخۆن و جینۆسایدی دەکەن و کلتوورەکەی لە ناو دەبەن و ژینگەکەشیی دەکەن بە سووتماک.
-  لەوەتەی دایکی کورد ھەیە داوای ئاشتی دەکات، بەڵام دەیکوژن، ئەنفالی دەکەن و بە بەرچاوییەوە: 
-  کچەکانی دەکەنە کۆیلەی لەزەتەکانی خۆیان و 
-  کوڕەکانیشی ......سەردەبڕن !!.
من دەزانم: بەر لە ھەرکەس، ڕەنگە خوشک و برای کوردم ھەبن، نیگەران بن، بەم وتنانەم، بەڵام من ئێوەم خۆشدەوێ.

لێتان دەپرسم ئەگەر وا نییە؟!
تۆ، پێم بڵێ: 
لە ھەشتاودوو میلیۆن خەڵکی تورکیا
لە ھەشتاونۆ میلیۆن خەڵکی ئێران، 
چەند ھەزارێک : زانا، مامۆستای زمانی دایک، پێشەوای ئاینی، سیاسەتمەدار،  نووسەر و مرۆڤی ئازادیخوازیی تێدا نییە؟! جارێک پێکڕا بێنە دەنگ و ھاوار بکەن:
-  بۆ خوشک و برا کوردەکانی ئێمە دەکوژن؟!!.
-  کێ مۆڵەتی بە ئێوە داوە، بەشێک لە خەڵکی نیشتمانی ئێمە قەتڵعام بکەن؟!!.
- بۆ ژیانتان لە میللەتانی، بندەستی ئێمە، کردۆتە دۆزەخ؟!!.
کەواتە، ئێمە بەشێک نین لەو وڵات و بانگەشە درۆینەی قەڵەم و ھاواری ئازادییە، چوونکە دەمانکوژن.
خوشکەگیانەکەم، برا جوانەکەم
مەگەر، پاراستنی ئازادیی یەکتر، بناغەی مرۆڤ بوونی ئێمە نییە؟!
ئەگەر وا نییە، ئەی بۆ چی بەھەزاران زانستگە، زانکۆ، قوتابخانە، نووسەر، فیلم، پیاوانی ئاین و میدیاکانیان، دەم لە ئازادیی مرۆڤ و ئاشتی جیھانی دەکووتن؟!!.
ئەگەر لە بنەوەی بیرکردنەوەی، کۆمەڵگای ڕۆشنفکریی میللەتانی سەردەست لە کوردستاندا، ھەمان حەز و ئاوات و داخوازیی دەروونیی، ئەو عەقڵ و قەڵەمانە ناجوڵێنێ، کە عەقڵی دەسەڵاتدارانی ئەو نەتەوە سەردەستانە دەجووڵێنێ، ئەی بۆ وایە؟!!.
کورد پەلاماری کەسی نەداوە، سەربازگە و دەزگای سیخوڕیی و جبەخانەی، لە ھیچ شار و گوندێکی میللەتی سەردەستدا نییە؟!
-  کوتەکێکی پێیە بۆ بەرگری لەخۆی، داوا دەکات کەس نەیەتە بەر زەبری کوتەکەکەی، ئەوەی دێتە بەر کوتەکی کورد، ھەڵبژاردەی خۆیەتی.
لەناو شارەکانی خۆیاندا، لەسەر شەقام، لە ناو میترۆ، پاس و تاکسی، فەرمانگە و چایخانە، خەستەخانە و میواندارییاندا، دەسەڵاتەکەی خۆیان، بە نایاسایی و زاڵم دەدەنە قەڵەم، بەڵام :
-  تفەنگی بۆ ھەڵدەگرن و زۆر بە خوێن ساردییەوە، کۆڵبەرێکی کورد، باوکی چەند منداڵی زەردوسووریی کورد، دەکەنە ئامانجی سێڕەی تفەنگیان لە کوردستاندا!!.
کە وایە: 
بەڵێ و ھەزاران جار بەڵێ: کورد کۆڵبەری ھەیە کە ئێوە دەیکوژن!!.
گریللاشی ھەیە کە خاوەنی مەسەلە و ئامانج و تێکۆشانێکی مرۆییانەی زۆر بەرزە، ئێوە ناتوانن، بیکەنە ئامانجی تفەنگەکانتان.
تێکۆشانی ئێمە، بۆ ئاشتییە، بۆ دادپەروەری و یەکسانییە، بۆ ئازادی مرۆڤە.
ئەگەر بانگەشەی ئەدەبیات و ھونەری ئێوە بۆ ئازادی خۆتان و سەرجەم مرۆڤایەتییە، دەبوایە بەشێک بن، لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلانی بندەستی گەلەکانی ئێوە.
ئەگەر بانگەشەکەتان، وشە و نووسین و ھونەری پوچ و ھاواریی ئاینیتان، بۆ ئەوەیە کە ھاوبەشیتان کردبێت، لەو ڕەوتە جیھانییەی، قسەی زۆر و کردار ھیچەدا!!.
ئەوا ئێمە لەو بازاڕەدا، مامەڵە و سەودایەکمان نییە، ئێمە خاوەنی مەسەلەکین بە ناوی (ئازادیی مرۆڤی کورد)، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئاسمانی و زەمینییە، گیانی خۆمان دەبەخشین، ئێمە ئەوەی دەیڵێین ئەوە دەکەین، جوڵەمان بەر لە وەستانە و کردارمان بەر لە گفتارە.
———————
یەڵماز گیونەی دەڵێت: " دایکم حەزی ئەکرد هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە بکەم، ئەما لەبەر سەلامەتی گیانم ئەیگوت: کوڕم ئەگەر لێیان پرسیت: بڵێ تورکم ! 
بەڵام ئەوانەی لێیان ئەپرسیم و ئەوانەش کەلێیان نەئەپرسیم هەر ئەمگوت کوردم، ئەوەتا نەک سەرو ڕیشم، ژیانیشمم لەسەر ناسنامەکەم دانا وهەرکوردیشم، ئازار هەتا بەئێشتربێت باشترئەتوانی دەنگ هەڵبڕیت و لەقیژەبدەیت ".
ئەم وتەیەی یەڵمازم لە پەیجی ھاوبیر حەمە سەعی باپیرەوە، وەرگرتووە، سپاسی دەکەم.
کوردستانیان تەندروست بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە