سازاندنی مێشک و دڵ

Wednesday, 06.02.2021, 1:13

1379 بینراوە


ئەم بابەتە لە زنجیرەی (Missing Links)، کە لەلایەن دکتۆر گرێگ برەیدن (Dr. Gregg Braden) پێشکەشدەکرێت لە ڕووتەختی گایا (Gaia)، وەرگیراوە و وەرگێڕدراوە.

پێکهاتنی ئاڵۆزی DNA دێرین، بریتییە لەوەی کە بوونی ئێمەی مرۆڤ دیاریدەکات و جیامان دەکاتەوە لەهەموو زیندەوەرێکی تر. هەروەها ئەوەی بریتییە لەو وردەکاریەی؛ لەو کار و فرمانە نائاسایی و ڕێکەوتی پێکهاتنەی DNA، کە پێشنیاری شتێکی زۆر زیاتر لە سروشت و پەرەسەندنی تێوەگلاو دەکات لە پێکهاتنیدا. شتێکی تر دەبێت ڕوویدابێت، لێرەوە زانستە ڕاستەقینەکە دەوەستێت و کۆتایی دێت، چونکە وەڵامی ئەوەی کە چ شتێک DNA پێکهێناوە ناتوانرێت بەشێوەیەکی زانستیانە بسەلمێنرێت، لانیکەم هەتاوەکو ئێستا.
بەڵام ئەوەی کە دەیزانین، بە دڵنیاییەکی تەواوەوە، ئەوەیە کە بەهۆکاری ڕیکخستنی بۆماوەییمانەوە؛ بەهۆکاری ئەوەی کە ئەم پێکهاتنەی DNA ڕوویداوە و کڕۆمۆسۆمی ژمارەی ٢ی مرۆڤمان هەیە، ئێمەی مرۆڤ توانای نائاساییمان هەیە! کە هەر کاتێک کە هەڵیدەبژێرین و دەمانەوێت، بە خواستی خۆمان، ئێمە دەتوانین بەئاگابێینەوە. لەم بابەتەدا، ئەم توانایانە دەخەینەڕوو و فێردەبین کە بەڕاستی گەیشتن بە لوتکەی تواناکانی ئێمە وەکو مرۆڤێک چییە؟!
یەکێک لە باوەڕە کلیلییەکانی بیردۆزە پەرەسەندنەکەی داروین، لەلایەن یەکێک لە هاوکارەکانیەوە پێشکەشکراوە بەناوی ئالفرێد واڵەس. هەر لەو سەردەمەدا، واڵەس لێکۆڵەر و زانایەک و هەروەها پاڵپشتێکی ئەم بیردۆزە بوو. ئەو باوەڕی بە بیردۆزی پەرەسەندن هەبوو و تەنانەت هاوکاری داروینی کردووە بۆ بنیاتنانی ئەم بیردۆزە. ئەو باوەڕەی کە ئالفرێد واڵەس پێشکەشی کرد کە ئێستا بووە بە ڕوویەکی کلیلی بیردۆزی پەرەسەندن، بەشێوەیەکی سادە بریتییە لەمە: سروشت تەنها ئەو شتانەمان پێدەدات کە پێویستیمان پێی هەیە، لەو کاتەی کە پێویستیمان پێی هەیە. بەواتایەکی تر، سروشت تەنها ئەو کاتە توانای گەرمکردنەوەی جەستەمان پێدەدات کاتێک کە پلەی گەرمی ساردترمان هەیە و پێویستیمان بە گەرمبوونەوە هەیە. یاخود، سروشت تەنها کاتێک توانای بینینمان لە تاریکیدا پێدەدات، کە پێویستیمان پێی هەیە. حەز دەکەم کە بەتەواوەتی ئەوەت بۆ بخوێنمەوە کە ئالفرێد واڵەس نووسیویەتی، چونکە ئەمە بنچینەی هەموو ئەوە دادەڕێژێت کە لە دەرەنجام پێی دەگەین و بۆمان دەردەکەوێت لە دۆزینەوە تازەکانەوە. لە کۆتا بەشی پەرتووکی ناونیشانکراوی بە "پیشنیارەکان بۆ بیردۆزی هەڵبژاردەی سروشتی،" کە لە ساڵی ١٨٧٠ بڵاوکراوەتەوە، ئالفرێد واڵەس ئەمەی نووسیوە: "سروشت هەرگیز زیاد-نابەخشێت بە بوونەوەرێک لەسەروو پێداویستیەکانی بوونی ڕۆژانەوە." کێشەکەش لەوەدایە، کە ئێمە هەموومان زیادمان پێبەخشراوە وەکو بوونەوەرێک! دەزانیت بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئێمەی مرۆڤ ٢٠٠ هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆ دەرکەوتین و هەر لەگەڵ دەرکەوتنماندا هەموو ئەو تایبەتمەندییە پێشکەوتووانەمان هەبوو کە جیاماندەکاتەوە لە هەموو بوونەوەرێکی تر. بەهێواشی تایبەتمەندییەکانمان گەشەی نەسەندووە لە ماوەیەکی درێژدا، بۆ نموونمە، کاتێک کە ٢٠٠ هەزارساڵ لەمەوبەر دەرکەوتین مێشکێکمان هەبوو کە بەڕێژەی ٥٠٪ گەورەتربوو لە نزیکترین بوونەوەری هاوسێی سەرەتایی خۆمان، کە دەبووا ئەم مێشکەی ئێمەی مرۆڤ بەهێواشی لە ماوەیەکی درێژدا پەرەی سەندبا. ئێمە دەمانتوانی قسەبکەین، تایبەتمەندی پێشکەوتووی وەکو پەنجە گەورەمان هەبوو کە ڕێگەمان پێدەدات چەندین شت ئەنجامبدەین، زمانێکی ئاڵۆزمان هەبوو، هەروەها شتێکی ترمان هەبوو کە پێی دەوترێت تۆڕێکی دەماری فراوان و درێژکراوە. تۆڕی دەماری پێشکەوتوو و درێژکراوەی ئێمە ئەو توانایانەمان پێدەبەخشێت کە هیچ بوونەوەرێکی تر، لانیکەم هیچ بوونەوەرێکی تر کە تا ئەمڕۆ پێی ئاشناین لەسەر ڕووی زەوی، نیەتی. کاتێک کە پێشوازی لەم تایبەتمەندی و هەروەها ئەو شتانەش دەکەین کە ئەو تایبەتمەندییانە پێمانی دەڵێن، ئەوا دەرگایەکمان بۆ دنیایەک لە ئەگەری تەواو تازە و نوێ بۆ دەکرێتەوە، هەروەها واتایەکی تەواو جیاوازمان بۆ دەردەکەوێت لەوەی کە بەڕاستی گەیشتن بە لوتکەی تواناکانمان چییە وەکو مرۆڤێک لە جیهانەدا.
لە دۆزینەوەیەکی کەمێک تازەوە دەست پێدەکەم لەبارەی دڵەوە، کە لە ساڵی ١٩٩١ ئەنجامدراوە. مرۆڤایەتی هەر لە ساڵانی ١٩٦٠ هەتاوەکو ئێستا نەشتەرگەری ئاڵوگۆڕی دڵی ئەنجامداوە، تا ڕادەیەکیش ئەم نەشتەرگەریانە بەسەرکەوتوویی تێپەڕبوون نەوەکو هەموو ڕۆژێک هەر نەشتەرگەریەک کە ئەنجامبدرێت سەرکەوتوو بێت، بەنزیکەیی ساڵانە ٥ هەزار نەشتەرگەری دڵی ئەنجامدراو سەرکەوتوو دەبێت. زاناکانیش، سەرکەوتنی ئەم نەشتەرگەریانەی دڵ دەخەنەپاڵ ئەو باوەڕەی کە ئێمە هەموو شتێک دەزانین لەبارەی دڵەوە. هەر لەبەر ئەمەشە، کە دۆزینەوەیەکی لەم شێوەیەی ئێستا پیشانی ئێوەی دەدەم، هۆشیارمان دەکاتەوە لەوەی کە چۆن ئێمە هەتاوەکو ئێستا بەردەوامبووین لەسەر ئەم نەشتەرگەریانە بەبێ زانینی ئەوەی کە ئەم دۆزینەوەیە چیمان پێدەڵێت؟ دۆزینەوەکە بریتییە لەوەی، کە زانایان ئێستا بۆیان دەرکەوتووە نزیکەی ٤٠ هەزار خانەی تایبەت هەیە لەناو دڵمان کە بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک خەستبوونەوە. ئەم خانە تایبەتانە ناودەبرێن بە "دەمارە تەوەرەیی هەستەوەری،" کە لە ناوەکەیانەوە دەردەکەوێت دەمارەخانەی هاوشێوەی خانەکانی مێشکن، بەڵام لەناو مێشکمان نین، بەڵکو لەناو دڵمان بەشێوەیەک خەستبوونەوە، کە زانایان ئێستا ئەم خانانە ناودەبەن بە "مێشکە بچووکەکەی ناو دڵ." یەکێک لەو شتانەی کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشاوە بریتییە لەو زانایەی کە دۆزینەوەکەی ئەنجامداوە، چونکە کۆتا ناوی بریتییە لە “Armour” کە بەواتای "خۆشەویستی" دێت لە زمانی فەڕەنسیدا، بەڕاستی ناوەکەی زۆر جوان لەگەڵ دۆزینەوەکەیدا یەکدەگرێتەوە. بەڵام بەهەرحاڵ، ئەو دۆزینەوەیەکی زۆر ناوازە و گرنگی ئەنجامداوە، ئەم خانانەی دڵ بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە خانەکانی مێشک فێردەبن؛ بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە خانەکانی مێشک بیردەکەنەوە؛ بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە خانەکانی مێشک هەستدەکەن. کەوابێت ئەوەی بۆمان دەرکەوتووە ئێستا، ئەوەیە کە شێوازێکی ژیری جەختکراومان لەسەر دڵ هەیە کە بەتەواوەتی دەتوانێت دابڕاو لەوە کاربکات کە ئاساییانە دەیزانین لە مێشکماندا. هەروەها هەر وەکو دواتر بۆت دەردەکەوێت، دەتوانرێت هەردووکیان یەکبخرێن و بگونجێندرێن بەیەکەوە، هەردوو دەمارەخانەکانی مێشک و دڵمان دەتوانرێت بسازێنرێن بەیەکەوە بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک بۆ بەئاگاهێنانەوەی کار و کردەوەی توانا نائاساییەکانی نێوانیان.
بەڵام پێش ئەوەی بچینە ناو ئەمەوە، دەمەوێت هەندێک نموونەت پێشکەش بکەم لەوەی کە تا چەند ئەم خانانەی دڵ و کار و فرمانەکانیان ڕاستەقینەن. وەرگرانی دڵ دوای نەشتەرگەریەکی سەرکەوتوو لە ئاڵوگۆڕی دڵ، تایبەتمەندی و جۆرێتی کەسایەتی جیاوازیان تیادا دەردەکەوت وەکو لەو شێوەیەی کە پێشووتر بیریان پێ لە خودی خۆیان و ژیانیان دەکردەوە پێش نەشتەرگەریەکە. یەکێک لەو نموونانە بریتییە لە چیرۆکی ئافرەتێک کە دڵی پیاوێکی وەرگرتبوو، بەگشتی زانیاری لەبارەی بەخشەری دڵەکەوە بڵاوناکرێتەوە و تەنانەت بە وەرگرەکەش نابەخشرێت لەبەرئەوەی کە لە دادگاکان ئەم زانیارە هەڵگیراوە. بەڵام دەتوانرێت ئەم زانیاریانە بەچەندین ڕێگا بدۆزرێنەوە، تەنها ئەوەیە کە هەمیشە بەشێوەیەکی باو نادۆزرێنەوە. نەشتەرگەری ئاڵوگۆڕی دڵەکە بۆ ئافرەتەکە سەرکەوتوو بوو، کاتێک کە پزیشکەکە هات بۆئەوەی کە بارودۆخی بپشکنێت، پرسیاری کرد کە هەست بە چی دەکەیت؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی، زۆرباشم، برسیمە. پزیشکەکەش وتی، زۆرباشە، داوا لە نەخۆشخانەکە دەکەم تا هەندێک خواردنت بۆ بهێنن. بەڵام ئافرەتەکە ڕاستەوخۆ وەڵامیدایەوە و وتی کە من خواردنی نەخۆشخانەکەم ناوێت، بەڵکو داوای چەند جۆرێکی زۆر دیاریکراوی خواردنی کرد. ئەوەشی کە سەرنجڕاکێشە لێرەدا ئەوەیە، کە ئەمانە ئەو جۆرە خواردنانەبوون کە ئەو هەرگیز لە ژیانیدا نەیخواردبوون پێش ئەوەی نەشتەرگەریەکەی ئاڵوگۆڕی دڵی بۆ ئەنجامبدرێت. خواردنەکان زۆر جۆری دیاریکراوبوون و تەنها یەک شوێن هەبوو کە دەتوانرا ئەم خواردنانەی لێ بدۆزرێتەوە، ئەویش چێشتخانەی خواردنی خێرای KFC بوو، KFC تەنها خواردن بوو کە حەز و ئارەزووەکانی خاترجەم دەکرد. دوای ئەوەی کە لە نەخۆشخانەکە دەرچوو، ئافرەتەکە دەیەویست بزانێت کە ئەو دڵە هی کێیە ئەو وەریگرتووە. هەرچەندە کە تۆمارەکان شاردرابوونەوە بەڵام خۆی هەندێ پشکنینی ئەنجامدا و بەدواداچوونی کرد لە هەندێ تۆماری پرسنامە لە ڕۆژنامەکانەوە لە شارۆچکە بچووکەکەیدا، ئینجا بۆی دەرکەوت کە ئەو دڵەی وەریگرتووە هی پیاوێکە کە بە مۆتۆرسکیلێک لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا مردووە. هەروەها توانی لەڕێگەی پرسنامەکەشەوە خێزانی پیاوەکە و دایک و باوکی بدۆزێتەوە، تاوەکو پەیوەندیان پێوە بکات و قسەیان لەگەڵدا بکات بۆئەوەی لەبارەی ژیانی ئەو پیاوەوە زیاتر بزانێت کە ئێستا دڵی هەڵگرتووە. هەروەها لە گفتوگۆ لەگەڵ خێزانی پیاوەکەدا، ئەوەشی بۆدەرکەوت کە خۆشترین ژەمی خواردن بەلای ئەو پیاوەوە بریتی بووە لە KFC. کاتێکیش کە پزیشکەکان چیرۆکێکی لەم شێوەیە دەبیستن، هەمیشە دەڵێن، کە ئەمە چ ڕێکەوتێکە؟ ئینجا دواتر پشتگوێی دەخەن و بەردەوام دەبن لەسەر نەشتەرگەری دواتر بۆ ئاڵوگۆڕی دڵێکی تر.
چیرۆکی لەم شێوەیە چەندین جار ڕوویداوە، بەڵام هەمیشە هەر تەنها وەکو چیرۆکێکی ئاسایی پەسەدنکراون و هیچی تر، هەتاوەکو یەک چیرۆکێکی دیاریکراو هەموو شتێکی گۆڕی. ئەمەیان بریتییە لە چیرۆکی کچێکی تەمەن ٨ ساڵان لە شارۆچکەیەکی بچووک لە خۆرئاوای ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە دڵی کچێکی تری بچووکی تەمەن ١٠ ساڵی وەرگرتووە. بەگشتی پزیشکەکان هەوڵدەدەن تا دەتوانن دڵی بەخشەر بەشێوەیەکی هاوتەمەن بگونجێنن لەگەڵ وەرگرەکەدا، بۆیە کەسێکی زۆر مناڵ دڵێکی گەورەی کەسێکی زۆر بەتەمەن وەرناگرێت. کچە بچووکەکە نەشتەرگەریەکەی سەرکەوتووانە تێپەڕکرد، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرگەریەکە شتێک ڕوویدا، ئەویش ئەوەبوو کە خەونێکی دەبینی. بەردەوام کچەکە خەونێکی ناخۆشی دووبارەبۆوەی دەبینیەوە، خەونێکی وەکو کابوس. هەموو شەوێک نەبوو کە ئەم کابوسەی دەبینی، بەڵام چەندین جار لە هەر هەفتەیەکدا، بە ڕادەیەک کە پزیشکەی بۆی دەرکەوت شتێکی تر هەیە دەگوزەرێت لەبارەی ئەمەوە. بەڵام ئەمە شتێک بوو لە دەرەوەی مەودای شارەزایی ئەودا، بۆیە پزیشکەکە وتی کە من کاری خۆم بەئەنجام گەیاندووە و دڵێکی ترم بەسەرکەوتوویی پێداویت و ئێستا دەتوانیت بڕۆیت ژیانی خۆت بژیت، بەڵام پێموایە کە دەبێت قسە لەگەڵ کەسێکی تردا بکەیت لەبارەی ئەو خەونانەوە کە ئەزموونی دەکەیت. بۆیە پزیشکەکە خۆی ناردی بۆلای پزیشکێکی دەروونی و ئەویش ڕاستەوخۆ درکی بەوە کرد کە ئەمە خەونێکی ئاسایی نییە، چونکە تایبەتمەندی یادەوەری لەخۆدەگرێت ئەو خەونە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئەمە یادەوەری کێیە؟ ئەمە یادەوەری کێبوو کە ئەم مناڵە بچووکە شەو بەدوای شەو خەونی پێوە دەبینی؟
وێنەکێشێکی دادوەرییان هێنا بۆ ئەوەی کچە بچووکەکە هەموو ئەو وردەکاریانەی پێببەخشێت لە هەموو ئەو نیشانانەی کە دەیبینی لە یادەوەریەکە هەر کە بە خەونەکەدا تێدەپەڕی، خەونەکەش زۆر هاوشێوەبوو هەموو شەوێک: هەمیشە لە شەودا دەستپێدەکات، لەناو دارستانێک، زۆر بەخێرایی ڕادەکات لەبەرئەوەی کە کەسێک، پیاوێک، پیاوێکی گەورە، بەدوای دەکەوێت. زۆر بەخێرایی لە تاریکایی دارستانەکە ڕادەکات و قاچی گیر دەبێت، دەکەوێتە سەر زەوی و پیاوەکە پێی دەگاتەوە، ئینجا هێرشی دەکاتەسەر، سەیری ناو چاوەکانی دەکات هەر کە هێرش دەکاتەسەر کچە بچووکەکە و هەندێ قسەی زۆر دیاریکراوی پێدەڵێت. کچەکە ئەم قسانە بۆ وێنەکەشێکە دەڵێتەوە، ئینجا دواتر پیاوەکە دەیکوژێت و ژیانی لەناو دەبات. ئێستا، پیاوەکە وێنەیەکی هەیە لە یادەوەری کچە بچووکەکە لە خەونەکانەوە، لەو پیاوەی کە بینی و هەروەها وێنەکیشەکە ئەو قسانەشی لابوو کە پیاوەکە دەیوت کاتێک کە ژیانی کچەکەی لەناودەبرد. ئەم زانیاریانە لە شارۆچکە بچووکەکەدا پێشکەشی لایەنە دەسەڵاتدارەکان کرا لە هەموو بڵاوکراوە فەرمیەکانەوە، زۆری نەبرد تا ئەو پیاوەیان دۆزیەوە کە یەکیدەگرتەوە لەگەڵ وێنەکەدا. هەروەها کاتێک کە دەستگیریان کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرد، زۆر بەخێرایی کەوت و دانی بەوە دانا کە ئەو کچەکەی کوشتووە. تەنانەت کاتێ کە لێپرسەرەوەکان داوای وردەکاریەکانی تاوانی لەناوبردنی ژیانی کچەکەیان لە پیاوەکە دەکرد، بەتەواوەتی هەمان ئەو قسانەی بەوان دەوتەوە کە کچە بچووکەکە بۆ وێنەکێشەکەی وتبووەوە. لەسەر بنچینەی بەڵگەی ئەم یادەوەریە لە خەونی ئەو کچە بچووکە، پیاوەکە تۆمەتبار کرا و دادگایی کرا، هەروەها ئێستا بەندکراوە بەتاوانی کوشتنی ئەو کچە بچووکەی دڵەکەی لێوەرگیراوە. ئەمە هەمووی تەنها بەهۆکاری ئەوە ڕوویدا، کە یادەوەری کچە کوژراوە لەناو خانەکانی دڵیدا هەڵگیراوە کە ئێستا لە جەستەی کچە وەرگرەکەدان. من تەنها لەبەر یەک هۆکار ئەم چیرۆکە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە، ئەویش بریتییە لەوەی کە تا چ ڕادەیەک یادەوەریەکانی ناو دڵمان ڕاستەقینەن.
ئێستا زانراوە، کە ئەم خانە تایبەتمەندانەی دڵ دەتوانن سێ فرمان ئەنجامبدەن: فێردەبن، بیریاندێتەوە، هەروەها بەسەربەخۆیی لە خانەکانی مێشکمان بیردەکەنەوە. هەروەها دەتوانرێت بگونجێندرێن و بسازێنرێن، بۆ ئەوەی کە بەیەکەوە لەگەڵ خانەکانی مێشکمان کاربکەن. مێشک و دڵ گەرچی دوو ئەندامی جیاوازن لە یەکتر، بەڵام تۆڕێکی فراوانی دەماری هاوبەشیان هەیە بەیەکەوە کە تەنها بەهۆکاری پێکهاتنی بۆماوەییەوە دروستبووە بەر لە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆ، ئەو پێکهاتە بۆماوەییەی کە ئێمە دەکات بەم مرۆڤەی ئێستا. بەگشتی، ئێمە لە کلتووری خۆماندا زۆر بە مێشکمانەوە بەستراوینەوە، تەنانەت هەندێ کات دڵمان بەلاوە دەنێین، بەتایبەت لەلایەن نێرینەکانەوە، بەشێوەیەک پەروەردەکراوین کە ئەو هەستەی لە دڵمانەوە دێت بەتەواوەتی بەلاوەی بنێین. هەندێ کلتوور هەیە، کە ڕێک پێچەوانەی ئەمە ئەنجام دەدات، وەک کلتووری کۆگی لە ئەمریکای باشور، ئەوان جەخت لەسەر گەشەدان بە بیرکردنەوە، هەستکردن، هەروەها یادەوەری دڵی منداڵەکانیان دەکەنەوە پێش هەموو شتێک بۆماوەی چەند ساڵێک، ئینجا دواتر دەخرێنە ناو دنیاوە بەهەموو ئەو چالاکیە فیزیاییانەوە کە پەرە بە بیرکردنەوەی مێشکیان دەدات. ئەوان لەڕێگەی دڵیانەوە لەبارەی جیهانی مێشکیانەوە فێردەکرێن، لە کاتێکدا کە ئێمە پەروەردەکراوین لەڕێگەی جیهانی مێشکمانەوە لەبارەی دڵمانەوە فێرببین. من ناڵێم کە هیچ کامێک لەمانە ڕاستن یان هەڵە، باشن یان خراپە، بەڵکو تەنها دوو ڕێگەی زۆر جیاوازن لە پێشوازیکردن لە توانا شاراوەکانمان، ئەوەش مەبەستی منە لە هەموو ئەم باسە و هۆکاری ئەوەیە کە بۆچی هەموو ئەم شتانەت بۆ ڕووندەکەمەوە.
ئێمەی مرۆڤ ئەم توانا شاراوانەمان هەیە و هەبووە هەر لەو کاتەوە کە دەرکەوتووین لەسەر ڕووی ئەم زەویە، بەشێوەیەکی هێواش گەشەی نەسەندووە لەماوەیەکی درێژی کاتدا، سروشت زیادی بە ئێمە بەخشیوە لەم توانا شاراوانەوە. کاتێک کە دڵ و مێشکمان دەسازێنین بەیەکەوە، ئەو کاتە توانا نائاسایی و شاراوەکانمان بۆ دەکرێنەوە. کاتێک کە دەمارەخانەکانی دڵمان دەسازێنین لەگەڵ هی ئەوانەی مێشکمان – دوو ئەندامی جیاواز و سەربەخۆ کە هاوبەشی دەکەن لە تۆڕێکی فراوانی دەماریدا – ئەوا لەناکاو توانای چارەسەکردنی زانیاریەکی یەکجار زۆرمان دەبێت، دەتوانین زۆر، زۆر بەخێرایی بیربکەینەوە و کێشەکان چارەسەربکەین، تەنانەت بەنزیکی بیرهاتنەوەی دەستبەجێمان هەیە لە یادەوەریەکان و وردەکاریەکان. کاتێک دەچیتە ژوورێکەوە و سەیرێکی ژوورەکە دەکەیت، چاوەکانت هەموو شتێکیان بینیوە، هەرچەندە، لەوانەیە کە هەوڵێکی ئاگاییانەت نەدابێت بۆ بیرهاتنەوەی هەموو شتێک لە ژوورەکە بەڵام تۆ هەموو زانیارییەکت لەبارەی ژوورەکەوە بەشێوەیەکی ژێرئاگاییانە وەرگرتووە لەڕێگەی چاوەکانتەوە. بەشێوەیەکی ئاسایی هەرگیز ناتوانیت هەموو شتێکت لەبارەی ژوورەکەوە بیربێتەوە، بەڵام ئەگەر بێتوو تۆ مێشکت سازابێت لەگەڵ مێشکە بچووکەکەی ناو دڵت ئەوا دەستبەجێ هەموو شتێکت لەبارەی ژوورەکە دێتەوە یاد و هەموو ئەو زانیاریەی کە چاوەکانت وەریگرتبوو لەبارەی ژوورەکەوە زۆر بەخێرایی لێکدەدرێتەوە.
ئەم سازاندنەی مێشک و دڵمان، دەرگا بەڕووی ژێرئاگاییماندا دەکاتەوە. پێویست بەوە ناکات کە بخەوێنرێین یاخود لە بارودۆخێکی گۆڕدراوی دەروونیدا بین بۆ ئەنجامدانی ئەم توانا نائاساییانە، هەرچەندە کە دەتوانین، بەڵام پێویست نییە، چونکە ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کە خۆمان بچینە ناو ئەم بارودۆخانەوە. ئێمە بوونەوەرێکین کە خۆمان دەتوانین خۆمان تەندروست و چاکبکەینەوە. من باس لە چ جۆرە تەندروستی و چاکبوونەوەیەک دەکەم لەمەوە؟ هەروەها بۆچی پێویستیت بە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ هەیە بە ژێرئاگاییتەوە؟ وەڵامێکی کورت بۆ چیرۆکێکی زۆر دوور و درێژی لەم شێوەیە، بریتییە لەمە: لەو کاتەوە کە ئێمە لە منداڵدانی دایکمان داین هەتاوەکو نزیکەی تەمەنی ٦ ساڵی، ئێمە هەموو شتێک لە ژینگەی دەوروبەرمانەوە وەردەگرین، شێوازەکانی کەسایەتی و هەڵسوکەوتمان لە بەخێوکەرەکانمانەوە، لەوانەیە دایک و باوکمان بن، یاخود ئامۆژن و مام و داپیرە و باپیرەمان، یاخود هاوڕێکانمان. لەو کاتەوە کە لە منداڵدانی دایکمان داین و لەڕێگەی سکیەوە دەنگی دەرەوە دەبیستین هەتاوەکو ئەو کاتەی کە بەنزیکی ٦ ساڵین، مێشکمان لە حاڵەتێکدایە کە هەموو شتێک وەردەگرێت هەروەکو ئیسفەنج وایە، ئەمە پێی دەوترێت “Hypnogogic Trans” و لەم بارودۆخەدا نازانین چۆن ئەو زانیاریانە جیابکەینەوە کە وەریدەگرین. ئەمە شێوازی سروشتە بۆ ئەوەی کە ئامادەمان بکات بۆ هاتنەناو ئەم دنیایەوە، کە تیایدا هەموو شێوازەکانی ژینگەی دەوروبەرمان بەشێوەیەکی نائاگاییانە وەردەگرین تاوەکو فێربین چۆن وەڵامدانەوەمان هەبێت بۆ ژیان. بۆیە، ئەگەر تۆ لە خێزانێکی تەندروست و باشدا لەدایکبووبیت کە شێوازی زۆر باشی هەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژیان، ئەمە شتێکی زۆرباشە. بەڵام ئەگەر وانەبووبین، ئەوا ئێمە مامەڵە لەگەڵ شێوازەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانمان، خۆشەویستەکانمان، هاوڕێ و خوشک و براکانمان، دایک و باوکمان، تەنانەت پەیوەندیمان لەگەڵ خودی جەستەی خۆمان و ئەندامەکان، بەهەمان شێواز ئەنجامدەدەین کە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژینگەیەی تیایدا گەورەبووین. ئەوەش تەنها لەڕێگای پەیوەندیمانەوە بە ژێرئاگاییەوە، کە دەتوانین ئەم شێوازە ناتەندروستانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژیان بگۆڕین. دەتوانین شێوازی تازە، باش، تەندروست و گونجاو بنیاتبنێین بە چوونەناو ژێرئاگاییمانەوە.
ئەمە تەنها یەکێک بوو لەو ئەگەر و توانایانەی سازاندنی مێشک و دڵ، بەڵام جگە لەوەش، سازاندنی مێشک و دڵ دەتوانێت بمانخاتە حاڵەتێکی نائاسایی نیهادی قووڵەوە (واتای وشەی نیهاد لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە، بریتییە لە "احساس دروونی")، بەڵام، نیهادی قووڵ بە خواستی خۆمان! لەوانەیە هەموومان ئەزموونی ئەوەمان هەبووبێت کە کاتێک تەلەفۆنەکە هەڵدەگریت بۆ پەیوەندی کردن بە کەسێک و دەبینیت کە ئەو کەسە هەر خۆی خەریکە پەیوەندیت پێوەدەکات لەهەمان ئەو ساتەدا. کاتێک هەبوو لە ژیانم کە هەموو ڕۆژانێکی یەکشەممە، لە هەر کوێیەکبام لە جیهان، تەلەفۆنەکەم هەڵدەگرت و پەیوەندیم دەکرد بە دایکمەوە. هەرچەندە کە هەموو جارێک ئەمە ڕووی نەدەدا، بەڵام شتێکی باو بوو. من تەلەفۆنەکەم هەڵدەگرت بۆ پەیوەندی کردن بە دایکمەوە، ئەویش ڕاستەوخۆ هەر خۆی لەسەر هێڵ دەبوو لەگەڵم. یاخود، من تەلەفۆنەکەم هەڵدەگرت بۆ پەیوەندیکردن پێیەوە و هێڵەکە سەرقاڵ دەبوو، منیش پەیوەندیەکەم ڕادەگرت و زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدەدا چونکە هێڵەکەی ئەو لەبەرئەوە سەرقاڵ بوو کە پەیوەندی بە منەوە دەکرد لە هەمان ئەو کاتەدا. بیربکەرەوە، کاتێک کە شتێکی لەم شێوەیە ڕوودەدا، ئەوا دەبێت پەیوەندیەکی دەروونی هەبێت لەنێوان ئەو دوو کەسەدا. ئەگەر من لە ڕێگابام بۆ هەڵگرتنی تەلەفۆنەکە و تەنانەت بۆ یەک سات ڕێڕەوم گۆڕیبا، بۆ ئاو خواردنەوەیەک یاخود بۆ داخستنی دەرگاکە و پەنجەرەیەک، هەتا ئەگەر بە نانۆچرکەیەکیش لامدابا لە ڕێگەم بۆ هەڵگرتنی تەلەفۆنەکە، ئەوا ئەو ساتەم لەدەست دەدا کە دایکم تەلەفۆنەکەی هەڵدەگرت بۆ پەیوەندیکردن پێمەوە کە لە هەر کوێیەکبا لەسەر ڕووی ئەم زەویە. کاتێک کە پەیوەندیەکی دەروونی لەم شێوەیە لە نێوان دوو کەسدا دروست دەبێت، ئەوە پێی دەوترێت نیهاد، نیهادی قووڵ. بەڵام ئەم نموونەیە حاڵەتێکی لەخۆیە، بۆیە دەڵێم لەخۆیە چونکە ئێمە خوازیارانە ئەمەمان نەدەکرد.
چەندجار، لە تڕافیکلایتدا وەستاویت و چاوەڕێت کردووە بۆئەوەی کە ببێت بە سەوز و بڕۆیت. کاتێک کە چاوەڕێ دەکەیت، لە حاڵەتێکی کراوەدایت، چونکە نازانیت کەی سەوزدەبێت، بۆیە بەجۆرێک هیچ بیر ناکەیتەوە بەشێوەیەکی ئاگاییانە. ئەم کرانەوەیەش، بریتییە لە پێشوازی کردن لە نیهاد. کاتێک کە چاوەڕێ دەکەیت سەوزبێت، لەناکاو خەیاڵێک دەبینیت، لە سروشتی ژیان تێدەگەیت، لە واتای گەردوون و ئامانجی ژیانت تێدەگەیت. هەروەها زۆریش ڕوونە کە کاتێک تڕافیکلایتەکە سەوزدەبێت، دەستدەکەیتەوە بە شۆفێریکردن و هەموو ئەم خەیاڵ و کرانەوەیە دەڕوات و تێدەپەڕێت. لەوانەیە بپرسیت، کە بۆ کوێ ڕۆیشت؟ چۆن بتوانم دووبارە ئەنجامی بدەمەوە؟ ئەمانە نیهادی لەخۆن، ڕوودەدەن هەر کاتێک کە ڕوودەدەن، بەڵام چۆن دەتوانین بە خواستی خۆمان ئەم حاڵەتە نیهادییانە هەڵبژێرین؟ ئەمە بریتییە لەوەی کە سازاندنی مێشک و دڵ دەتوانێت ڕێگەت پێبدات، هەروەها ئەمەش تەنها یەکێکی ترە لەو تایبەتمەندییە بەهێزانەی کە ئێمە بەم سازاندنە دەتوانین ئەنجامی بدەین.
ئەم سێ نموونەیەی کە دەیخمە بەردەستی تۆ لە توانا شاراوەکانی ئێمە، لە چوونەناو ژێرئاگاییەوە، فێربوون و لێکدانەوەی زانیاری بەشێوەیەکی نائاسایی زۆر نایابانە، هەروەها نیهادی قووڵ بەخواستی خۆمان، ئەمان هەمووی بەجۆرێک یەک کۆمەڵە پێکدەهێنن لە تواناکانمان؛ لە توانا مرۆڤیەکانمان. بەڵام لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیەدا، سوودێکی تریش هەیە لە سازاندنی مێشک و دڵ، لەبەرئەوەی کە جەستەمان ئەم سازاندنە بە تەندروستی و چاکبوونەوە، هەروەها بە خۆشەویستی، لێکدەداتەوە. بەم شێوەیە، ئێمە دەتوانین جەستەی خۆمان خۆشبوێت، بە زمانێک کە جەستەمان دەتوانێت بیناسێتەوە. کاتێک مێشک و دڵمان دەسازێنین بەیەکەوە ئەوا ئێمە گفتوگۆیەک لە نێوان دڵ و مێشکماندا دروستدەکەین، کە دەبێتە هۆی هاندانی زیاتر لە ١٣٠٠ کارلێکی ئەرێنی زیندەکیمیایی لە جەستەماندا، هەروەها هۆڕمۆنەکانی دژەپیربوون و چەندین وەڵامدانەوەی بەهێزی بەرگری دەست بە چالاکبوون دەکەن، تەنانەت دەمارەکانی دڵمان بەهێز و چالاکتر دەبن تەنها لەم پەیوەندیەی نێوان دڵ و مێشکەوە.
هەموو ئەمە دەتوانیت ئەنجامبدەیت، تەنانەت زیاتریش، تەنها لە سازاندنی مێشک و دڵ. یەکێک لەو شتانەی کە زۆر سەرنجڕاکێشە بەلای منەوە لەبارەی ئەمەوە، بریتییە لەوەی کە دێرینترین و پارێزراوترین کلتوورە ڕۆحیەکان و ڕەسەنەکان، ئەمە دەزانن و ئەم بیرۆکەیان خستۆتە ناو دابونەریت، مەڕاسیم، شێوازەکانی ژیان، تەنانەت نوێژەکانیان، بەڵام ئەوان زانست بەکارناهێنن بۆ ڕوونکردنەوەی. ئێستاش، ئێمە ئەمە بە زانست ڕووندەکەینەوە، من هەموو شتێکت بەتەواوەتی لەبارەی ئەمەوە بۆ ڕووندەکەمەوە، چونکە هەموو ئەمە تەنها پەیوەندی بە دەمارەخانەکانەوە هەیە. هەموومان ئاشناین بە دەمارەخانەکانی مێشک، بەڵام ئێستا دەمارەخانەکانی دڵمان هەیە. حەز دەکەم بەچاوەکانی خۆت ببینیت، کە شێوەی ئەو دەمارەخانانە چۆنە و چۆن کاردەکەن، چی دەکەن و واتای چی لە ژیانمان دەگەیەنن، تاوەکو بتوانین ئەم بیرۆکەیە بەکاربهێنین بۆ وێنەیەکی بیری لە بەرەوپێش بردنی ژیانمان بۆ سازاندنی مێشک و دڵمان.
ئەم وێنەیەی کە تۆ ئێستا دەیبینیت لەسەرەوە، دەمارەخانەیەکی ئاساییە لە مێشک، گرێ گەورەکە بریتییە لە لەشی دەمارەخانەکە، هەروەها ئەو لقانەی کە لێی دەبنەوە بریتین لە تەوەرەکان، هەر زیادەیەک لە دەمارەخانەکە پێی دەوترێت تەوەرە. ئەم دوو وێنەیەی دواتر، کە دەتوانیت بیانبینیت لە خوارەوە، بریتین یەکەمین ئەو وێنانەی دەمارەخانە کە لە مێشکدانین، بەڵکو لە دڵی مرۆڤدان. ڕێکخراوێکی پێشەنگی لێکۆڵینەوە لە کالیفۆرنیای باکور هەیە، بەناوی “The Institute of HeartMath”، ئەوان پێشەنگن لە لێکۆڵینەوە لە دڵی مرۆڤ بەڕێگای نامۆوە، بەڵام لەسەر بنچینەکانی زانستی نەگۆڕەوە. ئەوان ئەمڕۆ ئەم وێنانەیان خستۆتە بەردەستی من تاوەکو منیش بتوانم بە ئێوەیان بگەیەنم. ئەمانە ئەو دەمارەخانانەن کە دەتوانن پەیوەندی بە دەمارەخانەکانی ترەوە بکەن بۆ دروستکردنی تۆڕێک لەنێوان مێشک و دڵ کە هەموو توانا شاراوەکانمان چالاک دەکات، هەموو ئەوانەی کە باسمان کرد، چوونەناو ژێرئاگاییەوە، فێربوون لێکدانەوەی بەشێوەیەکی نایاب و نائاساییەوە، هەروەها نیهادی قووڵ بە خواستی خۆمانەوە. دەمەوێت ببینیت کە ئەمە چۆن ڕوودەدات، بۆیە گرتەیەکی کورتت پێشکەش دەکەم، کە تیایدا دەتوانین دەمارەخانەکان ببینین نەک وەک وێنەیەکی وەستاو، بەڵکو کە چۆن کاردەکەن لەناو شانەی زیندوودا.
 
لەم گرتەیەدا، دەتوانین تەوەرەکان ببینیت کە لە لەشی دەمارەخانەکانەوە درێژدەبنەوە و بڵاودەبنەوە، گرتە ڤیدیۆکەش فلیمێکە کە پەیوەندە بە باسەکەوە
لەم گرتەیەدا، دەتوانین تەوەرەکان ببینیت کە لە لەشی دەمارەخانەکانەوە درێژدەبنەوە و بڵاودەبنەوە، دەیانەوێت بە تەوەرەکانی تر بگەن و پەیوەندیان لەگەڵدا دروست بکەن، چونکە دەیانەوێت کە تۆڕێک، یاخود زنجیرەیەک پێکبهێنن. ئینجا تەوەرەکان نەک هەر تەنها یەکدەگرن بەڵکو تەنانەت جیاشدەبنەوە، وەکو بیرۆکەیەکی هات و ڕۆیشتوو، بیرۆکەیەکی هات و ڕۆیشتوو کە پەیوەندیەکە دروست دەکات و دواتر دایدەبڕێت و نامێنێتەوە. دەمەوێت بیربکەیتەوە کە ئەم گرتە و وێنانە چی دەگەینن لە ژیانماندا، چونکە کاتێک کە ئەم دەمارەخانانە گەشەدەکەن، ئەوا لە وەڵامدانەوە بۆ شتێک گەشەدەکەن کە تۆ لە ژیانتدا ئەنجامی دەدەیت. کرداری تۆ بۆ بوون بە شتێکی زیاتر لەم ساتانەی دواتری ژیانت وەکو لەو ساتانەی پێشووترت؛ کرداری تۆ بۆ هەڵبژاردنی شتێکی تازە بۆ فێربوون، فێربوونی شێوازێکی تازە بۆ ژەنینی پیانۆ یاخود گیتارەکە؛ شێوازێکی تازەی هونەری یان بیرکردنەوەیەکی تازە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی بیرکاریانە؛ پەرتووکێکی تازە بۆ نووسین و پەیکەرێکی تازە بۆ داتاشین، ئەوە ئەم کردارە داهێنەرانەی تۆیە لە خواستی خۆتدا، کە بریتییە لە هاندانی زیندەیی بۆ بزواندنی ئەو دەمارەخانانەی کە تۆ ئێستا بینیتن هەر کە دەست دەکەن بە گەشەکردن بۆ گەڕان بەدوای هاوبەش و پەیوەندی لەگەڵ دەمارەخانەکانی تردا، لەپێناو گونجان لەگەڵ ئەوەی کە تۆ هەر ئێستا داوات لێکردن ئەنجامی بدەن لە ژیانتدا. کاتێک کە داوا لە بوونی خۆت دەکەیت بۆ چارەسەکردنی کێشەیەکی بیرکاریانە، دەڵێیت، کە هەرگیز ئەم شێوازە بیرکارییەم ئەنجام نەداوە، یاخود، کاتێک کە داوا لەخۆت دەکەی بۆ فێربوونی زمانێکی تازە، دەڵێیت کە ناتوانم چونکە  یەکناگرێتەوە لەگەڵ شێوازی زمانەکەی خۆمدا. بەڵام کاتێک کە من دەستمکرد بە فێربوونی ئەوەندەی کە ئێستا دەیزانم لە زمانی تیبتی، کە زمانێکی زۆر سەختە بۆ من و یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئینگلیزی، تەنها لەگەڵیدا دەڕۆیشتم بەهەر شێوەیەکبا. تەنها خۆم وا دەردەخست کە دەیزانم هەتاوەکو فێریبووم، لەگەڵیدا دەڕۆیشتم و وشەکانم بەدەنگ دەوتەوە، هەرچەندە، کە هیچ واتایەکی لەو شێوەیەیان نەبوو بۆم، بەڵام دووبارە و دووبارەم دەکردەوە. زانایان بۆیان دەرکەوتووە، کە کاتێک ئەم دەمارەخانانە گەشەدەکەن، لەماوەی کاتژمێرێک یاخود ڕۆژێکدا تەواونابن، بەڵکو لەماوەی نزیکەی ٧٢ کاتژمێر یاخود ٣ ڕۆژدا گەشەیان تەواودەکەن. زانایان پێمان دەڵێن، کە بەنزیکی ٣ ڕۆژی دەوێت بۆ گەشەدان بە تۆڕێکی دەماری کە ڕێگەمان پێدەدات پێشوازی لەو شتە تازانە بکەین کە داوامان لە خۆمان کردووە بۆی، بۆئەوەی کە ببین بە کەسێکی باشتر و لە کۆتاییدا جیهانێکی باشتر دروست بکەین. هەموو ئەمەش هۆشیارانە، بە خواستی خۆمان، دەتوانین هانبدەین بەشێوازێک کە هیچ بوونەوەرێکی تر ناتوانێت ئەمە ئەنجام بدات.