سەرەتایەک بۆ خۆدۆزینەوە

Thursday, 03/06/2021, 3:30

8081 بینراوە


کەسێک لە بنەماڵەیەکی ناسراوی سلێمانی، کە ئیستا لە هەولێر دادەنیشێت، بە پلەیەکی سەربازی گەورە لە لای پارتیی خانەنشین کراوە. ئەو کەسە بەر لە ماوەیەک لە واڵەکەی خۆی لە فەیسبووکدا نووسیبووی: (گیروگرفتی کورد لەوەدایە، کە بیر ناکاتەوە).
ئەم کەسە دەیەوێت ئەوەمان پێڕابگەیەنێت، کە خۆی باش بیری کردۆتەوە بۆیە بووە بە پارتیی، ئەمە لە کاتێکدایە کە پارتییبوون پێویستی بە بیرکردنەوە نییە، کەسی بێ مێشکیش دەتوانێت ببێتە پارتیی، یان یەکێتی و هەر پارتێکی تری باشوور، هەروەها بە پێی بیرکردنەوە باشەکەی ئەم کەسەش بێت،  ئەوانەی وەکو ئەم بیردەکەنەوە، ئەوا  (بوون بە پارتیی بیرکردنەوەیەکی باشە).
 ئەم پارتانە کە هەڵگری ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ نیین، کارکردن تێیاندا خۆدامەزراندنە وەک هەر کەسێک بیەوێت لە کارگە و کۆمپانیاییەک کاربکات، تەنیا مەرجیش بۆ ئەوان کە پێویستە تێیدا بێت، نەبوونی ویژدانە. ئەو کەسەی کە ناشبێت بە ئەندامی ئەم رێکخراوانە پێچەوانەکەیەتی، چونکە لە هزر و بوونی ویژداندا  مرۆڤ خاک و گەلی خۆی خۆش دەوێت و لەگەڵ ویژدانی خۆیدا نایفرۆشێت، کەسی بە ویژدان کەسایەتییەکی سەنگینی هەیە ناتوانێت ببێتە پیاوی هیچ سەرکردە و بەرپرسێک، بۆیە بەردەوام دەسەڵاتیش کێشەی لەگەڵ ئەمانەدا دەبێت.
هەر کەسێک ناسنامەی مرۆڤبوونی پێبێت لە ناسنامەی گەلی خۆی دوورناکەوێتەوە. ئێمە تا لە ناو کوردبوونی خۆماندا زیاتر رۆبچین، زیاتر هەست بە بوونی خۆمان دەکەین. کوردبوون پێناسەی مرۆڤبوونە هەردووکیان هاوتەریبی یەکترن. منێکی کورد بۆ ئەوەی لە مانای مرۆڤبوون بگەم، دەبێت لە کوردبوونی خۆمانەوە دەست پێبکەم.
 ماندێلا نەک تەنیا لە ناو ئازاری رەشپێستەکانی ئەفەریقای خواروو، بەڵکو لە ناو کوردبوونی ئێمەشدا، خۆی دۆزیەوە. لە ناو ئازاری کورددا هەستی بە ئازاری هەموو مرۆڤەکان کردووە، ماندێلا دەڵێت:(ئەگەر بە راستیی دەتەوێت دەسەڵاتی تورک بناسیت، بۆ تەنیا کاتژمێرێک ببە بە کورد). لێرەوە منیش لە بەرامبەر ئەم قسەیەی ماندێلا، هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە دەبینم جامانەسوورێک لە باشوور نیشتیمانەکەمی رادەستی تورک کردووە. 
ئەگەر ئێمە وەکو مرۆڤێک بمانەوێت ژیان بەڕێکەین، دەبێت لە پێشدا کوردبین، نەک وەکو بەرپرسە کوردەکان و سەرکردەی پارتەکان لە کوردبوونی خۆمان شەرمەزاربین. بەرهەم ساڵح کە ریشەی خۆی بۆ عەرەب دەگەڕێنێتەوە، یان وەکو بنەماڵەی تالەبانی خۆیان بە عەرەب دەزانن، هەروەها بنەمالەی بارزانی کە تا ئیستا چەندین ناسنامەی جیوازیان بۆ خۆیان دروستکردووە. ئەمانە نەک تەنیا بە جەستە، بەڵکو بە رۆحیش لە کوردەوە نزیک نیین. بە جەستە بازرگانی خوێنن، بە رۆحیش دژی کورد و  خائین و سیخوڕن. بازرگانەکان زۆربەیان کەسانی بێویژدانن، لە هەموویان خراپتر بازرگانە سیاسییەکان.
پێش ماوەیەک ڤیدیۆی کوڕێکی وشیار زێباریم بینی، لە ژوورێکدا پڕی کردبوو لە بوتڵە ویسکی و کهوڵی گرانبەها، بە دەم گۆرانییەکی هیندیەوە مژی لە نێرگەلەکەی دەدا و دوکەڵەکەی دەکرد بە سەر پەرداخە ویسکییەکدا، بە دوایدا پەرداخەکەی هەڵدەدا. ئەم جۆرە کەسانە لەو ژیانە خۆشەدا دەژین و رادەبوێرن، تانە لە خەڵکی هەژار و فەرمانبەرانی بێموچە دەدەن. پێیان رادەبوێرن، ئەم کوڕە وای پیشان دەدا، کە لەوپەڕی خۆشیدایە و تامی خۆشی ژیان دەکات، هەڵبژاردن و رەخساندنی ئەم جۆرە ژیانە... هەرچی هەستی مرۆڤبوونە تێیدا نابینرێت، کە زۆر جار لەگەڵ برادەراندا لەسەر ئەوە ناکۆکین، من رادیکاڵانە وەڵامم بۆ چارەسەرەکەی پێیە، بەتایبەتی بەرامبەر بەمانە و پێیان دەڵێم: نابێت ئەمانە وەک مرۆڤ سەیر بکرێن، ناتوانم وەک مرۆڤ لەگەڵیاندا بدوێم، دەبێت دادگایی رۆح و گیان و ویژدانیان بکەین.
ئەگەر  ئێمە بڕیارە خۆمان بە مرۆڤ بزانین، دەبێت ئەوانە بخەینە دەرەوەی پێناسەی مرۆڤبوون. کاتێک مێشولەیەکی ژاراوای، یان کێچێکی خرپنی خۆینخۆر، دەکەوێتە مژینی خوێنی لەشمان، لەگەڵ خوران و ئازاردا رقمان هەڵدەستێنێت، لە ژێر پەنجەکانماندا دەیانفلیقێنینەوە و دەیانکوژین، ئاواش دەبێت تەماشای هەموو ئەندامانی ئەم بنەماڵە خائینانەی کورد بکەین، چونکە لەشی نیشتیمانیان بێزار و بێتاقەت کردووە.
پارتیی بوون، یان یەکێتیی بوون، دوورکەوتنەوەیە لە ئازاری گەلێکی ژێر دەستە، کە هەر رۆژەی توشی تراژیدیا و کارەساتی ناخۆشمان دەکەن، لەسەر خوێن و رەنجی خەڵکی کوردستان ئازاری ئەو میللەتە دەدەن. بیرکردنەوەی راستەقینە بۆ چارەسەر رزگاربوونە لە بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و برایم ئەحمەد، لەگەڵ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکانیان، رزگاربوونمان لەمانە گەڕانەوەی کەرامەتە بۆ هەر تاکێکمان، ئەوسا هەست بە مرۆڤبوونی خۆمان دەکەین، لە ناوبردنی ئەمانە پێشترە وەک لە داگیرکەری نیشتیمانەکەمان، چونکە دوژمنی  سەرەکی کورد ئەمانەن.
چۆمسکی دەڵێت: کاتی ئەوە نییە ئێمە بزانین کێ ئەم جیهانەی دروست کردووە، بەڵکو پێویستە ئەوە ببینین، کە کێن ئەوانەی خەریکی وێرانکردنین.
 گیروگرفتی ئێمەی کوردیش لەوەدا نییە کە بیرناکەینەوە، بەڵکو لەوەدایە کە نازانین کێن ئەوانەی بیرکردنەوەیان وێران کردووین، هەر بۆیە ئەمڕۆ زۆربەی کورد لە باشوور ئاژەڵئاسا خەریکی تێرکردنی گەدە و ئارەزووە سێکسیەکانی خۆیانن. نووسینیش کە بەرهەمی بیرکردنەوەیە بۆ هەندێک لە نووسەرانی کورد، بریتییە لە بەرەڵاکردنی قسەی باش و جوان بە بێ کردار، دەشیانەوێت خۆیان وا پیشان بدەن کە پیاوچاکن، بەڵام هیچ کاتێک قسە و نووسینی باش، مرۆڤ ناکاتە مرۆڤی چاک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە