پەرلەمانێک بە تامی چایخانە و دیوەخان

Wednesday, 02/06/2021, 5:23

4063 بینراوە


بە ویستی دوژمنان پەرلەمان پێ بە پێ سووک کرا، تا بووە شوێنی گەعدەی بەند بێژوو جاش و بەعسی و موزیع و ھەڵەوەڕ و پاقلاوە فرۆشەکان.

(المجلس التشريعي لمنطقة كردستان للحكم الذاتي)

بەگوێرەی مادەی ژمارە(٢) لەفەقەرەی( آ ) لەیاسای ئۆتۆنۆمی ژمارە( ٣٣ )ی ساڵی ١٩٧٤.
ماوەی ھەر ھەڵبژاردنێک سێ ساڵ بوو بە(مەرسومی جمھوری) دەست پێدەکراو کۆتایی پێ دەھێنرا. سەنتەری دام و دەزگاکەی شاری ھەولێر(پایەتەختی ھاوینە یان دووەمی، عاصمة الصيفية) دوای بەغدا بوو لەعێراق.
بینایەی مەجلیس تەشریعی و تەنفیزی( ئەنجومەنی یاسا دانان و ڕاپەڕین) یان پەرلەمانی ئێستا لە دیزاینێکی کەم وێنەی ئەندازەیی بە نوێترین و باشترین کوالیتی و ڕووپۆش کردنی بە دیمەنێکی سەرنج ڕاکێش و کاشی و مەڕمەڕ کردنی بە گرانیێتی ئیتاڵی و گەرم کردن و فێنک کردنەوەی مەرکەزی بۆ ئەودەم لەکوردستان بەک ھەر دەگمەن بوو بەڵکوو بوونی نەبوو. لەگەڵ سیستەمێکی ناوازەی ھۆڵی کۆنفرانس و ڕاگەیاندن کەھیچی کەمتر نەبوو لە مەجلیس نوابی بەغدایێ. لەپێنج قات پێک ھاتبوو ئەسانسۆر(مەسعەد)و شوێن نیشتنەوەی ھێلی کۆپتەری ھەبوو.
دیارە پێش دەستپێکردنەوەی شەڕی(کورد و عارەب)کەوا لەناو خەڵک ناسێندرا بوو. ئەو بەرنامەیەی بەتەواوی ئامادە کراو و گەڵاڵە کرابوو بەبێ کەرکوک کە داوای سەرەکی کورد بوو ئەودەم بۆسەر سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆمی(خودموختاری کوردستان) کە دیارە سەرکردایەتی ئەودەمی پارتی مەلامستەفای بارزانی دوای تەواو بوونی دانووستانە چوار ساڵیە پڕ لەکێشمە کێشمەکەی نێوان بەغدا و گەڵاڵە لەژێر کاریگەری ئێران ڕازی نەبوو. ئیتر ئەوە بوو شەڕ دەستی پێکردەوە و چەند مانگێکی خایاند بە ئیعتیراف کردنی بەعس و خودی صەدام حوسێن کەژمارە تۆپێکی کەمیان مابوو بۆ شەڕ دژی کورد یان خۆیان گۆتەنی(جيب العميل)لە دژی یاخی بوونەکەی باکوور (تمرد الشمال) بەکاری بێنن.
دواتر حوکمی زاتی بووە ئەمری واقیع بەچۆڵ کردنی شریتە حدوودیەکەی سەر سنووری ئێران و تورکیاو وەک ڕاگەیەندنەکانی ئەودەمی پێشمەرگە گوایە سێکووچکەی بەعس لە(ترحيل، تعريب، تبعیث)كە کانیاوی ئاوە سازگارەکانی کۆنکرێت ڕێژ یان بە داینەمێت تەقاندەوە و نێزیکەی پێنج ھەزار گوندی بەمزگەوتەوە تەخت کرد و خەڵکێکی زۆری تەھجیری بیابانەکانی نوگرەسەلمان کرد لەسەماوەی باشووری عێراق و ئۆردوگای زۆرەملێ یان(مجمع العصري)كردەوەو ئیتر دواتر تاڕادەیەک ھێمنی باڵی کێشا سەر کوردستان.
سەرەتا ھەموو ئەوانەی بەعس دای دەنان خاوەن پێگەی کەسایەتی و ڕەوشەنبیری و باکگڕاوندی عەشایەری بێلایەن یان سەربەخۆیان بوون.
ھەر لە کوڕەکانی (بارزانی موستەفا) بەتایبەت شێخ عوبەیدوڵا بارزانی و شاکیر فەتاح و عەلائەددین سەجادی و دەیان کەسی سەرۆک عەشیرەتی ھەموو کوردستان و یاسا زان یاسا ناس و چەند ژمارە ژنێکی کەم. بەگشتی سەرەتا لەوێش کەسانی سەرۆک جاش و بەعسی کەم تێدابوو.
لێرەش لەدوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ کشانەوەی دام و دەزگای ئیدارەی بەغدا لەژێر چاوسوورکردنەوەی ھاوپەیمانان. خودی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تێدا بوو دوای یەکەم ھەڵبژاردن و دواتر دەست لێ کێشانەوەیان و جێ ھێشتنی بۆ دوای خۆیان. سەرۆک و کەسانی یەکەمی حیزبەکان و کەسایەتی زانای ئایینی و عەشایەری و ئەکادیمی تێدا بوو بە وێنەی کۆسرەت ڕەسول و نەشیروان موستەفا و قادر عەزیز و فرانسۆ ھەریری و سامی عەبدول ڕەحمان و جەوھەر نامیق و حەمەی حاجی مەحموود و سەید کاکە و وەک عەدنان موفتی لەسەرۆکایەتی پەرلەمان و دەیانی تر. ھیچ کەسێکی بێ ئەرزش و بێ ئاست و تا ڕادەیەک کۆنە جاش و بەعسی و کەوتووی ناو کۆمەڵگای تێدا نەبوو. ھەتا لەناو کەسایەتی حیزبەکانیش.
مشت و مڕی ڕاستە و خۆ و دەست لەسەر برینەکانی تێدا دەست نیشان دەکرا وەک ئەو ووتە ئۆدیۆ ڤدیۆ تۆمار کراوانەی دانیشتنەکانی فرانسۆ ھەریری کە ڕووی قسەکانی ئاراستەی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دەکاو یان بەدەنگ وەھاتنی ڕاستەو خۆی سەید کاکە دژ بە نیشتەجێ کردنی ماڵی ئەنوەر بەگی بێتواتە لە بێتواتەی نوێی ھەولێرێ و بەدواداچوونی قادر عەزیز بە سەعاتێک پێش سووتانی خەستەخانەی ڕزگاری لەساڵی ١٩٩٤ لەشەڕی ناوەخۆی ئەودەمەی ئێمە لەناو خەستەخانەی ڕزگاری بەتەلیفۆن ئاگادارمان کردەوە کە خەسرۆ شێرە لە موکەبیرەی مزگەفتی برایم گەردی گەڕەکی حەی زوبات داوای لە تەسلیم بوون و جێھێشتنی خەستەخانەی لە پارتی دەکرد کە مەریوانی کەمال ئاغای نازەنینێ سەنگەری لێ گرتبوو. ئیتر بووە وێران کردن و سووتان و دزینی کەل و پەلەکانی.
ئەو کاتەش بەھای نیشتیمانی خۆی لەدەستدا کەبەھەموو فراکسیۆنەکان کەوتنە بن کاریگەری تورکیا کە ئیعلانی شەڕی براکوژیان دا لە دژی بوونی گەریلا لەباشوور.
دواتر ھەر بۆ سووک کردنی زیاتری ئەوە بوو جەوھەر نامیق وەک سەرۆکی پەرلەمان گوایە بە حەسانەی پارێزبەندی لەوێ مابۆوە و نەچوو بووە مەسیف کە یەکێتی کۆنترۆلی تەواوی شاری ھەولێرێی کردبوو. بەقسەی مام جەلالی گوایە تەنەصووتی جیھاز ڕاکالەکانی جەوھەر نامیقیان کردبوو کە گۆتبووی بەو ڕاجیمە(حەیاتانە)لە کەسنەزانی بنەسراوە یان قەڵای سەوزی یەکێتی پێ بکووتن!
بەڵام لە سی و یەکی ئاب ئیتر وەک قادر عەزیز لە لێدوانەکەی نۆکانێ ووتی پەرلەمان بوویتە گەراجی دەبابان!
لەوەش زیاتر دەنگۆیەک ھەبوو ئەگەر ڕاست بێ جوندیەکانی حەرەس جمھوری عێراقی لەسەر ھەر مێزێکی سەرۆک پەرلەمان و جێگر و سکرتێر و مێزی پێش ئەندامەکانی ئەو دەمی پارتی و یەکێتی بە وێنەی ئاودەست پیساییان لەسەر کردبوو. گوایە پارتی زۆر زوو پێش ئەوەی دەنگ دانەوەی لێ بێ خاوێنی کردبێتەوە!
لەدوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بە بیست و پێنج کورسی بەجیا لە بەربەرەکانی شەڕی نێوەخۆ بە تەپڵ لێدانی سەر مێزی بەردەمیان و دەبە تێگرتنی عەبدوڵای مەلا نووری چوونە ناو ھۆڵی پەرلەمان. پارتیش بۆ زیاتر ھەیبەت شکاندنی ئەو ئەنجومەنە تا رادەیەک ھەڵبژێرراوە کەمال کەرکوکی کردە سەرۆک و توانی ئەرسەلان بایز وەک دەیانەوێ بەکاری بێنن بۆ سووک کردنی خودی پەرلەمان و بێ ڕەواج کردنی و ھێشتنەوەی پیرۆزی ھەر لای خۆیان لە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی نەک بکەوێتە دەستی خەڵکی ناو شەقام و دەنگی خەڵک.
دیسان بۆ بێ بایەخ کردن و بێ بەھا کردنی پەرلەمان وەک ناوەندێکی ھەستیار و گرنگ یان گاڵتە کردن بە دەنگی خەڵک.
پێدەچێت گۆڕان یان نەوشیروان موستەفاش ھەر بەرنامەی سووک کردنی پەرلەمانی ھەبێت لەبن ڕکێڤی پارتی لەھەولێرێ کە بەرەنگاری کەمال کەرکوکی بۆووەوە لە ڕێگای تەپڵ کووتین و دەبە ئاو تێگرتن و فیکە لێدان!
ھەڵسان بە دانانی کەسانی لێ نەوەشاوەی وەک سەرۆک سکرتێر و پەرلەمانە جنێو فرۆش و ڕابردوو شەرم ھێن و ئەندامە کەوتووە جاشە شایەرە بەعسیە بەند بێژەکان و کەسانی نێزیک لە میت و ئیطلاعاتی وەک (مونا قەھوەچی) و جەلال پەرێشان و گۆران ئینزیبات و یاسین خزر و ئایدن مەعروف و دەیان ژنی گووماناوی نێزیک لە بەرپرسەکان کە زۆریان خوێندەواریان نەبوو بەشێکی زۆریان دەستیان سوور بوو بە خویێنی براکوژی.
چەندان ھەڵەوەڕی گوماناوی وەک عەلی حەمە ساڵح و ڕابوون مەعروفی تێیدا بوونە شت و خوول لە دوای خوول خەڵک زیاتر گێل دەکەن و دەنگیان دەدزن.
ئیتر ھەر بە ڕاستی پەرلەمان بووە جێی خۆ نمایش کردن و خواردن و جاسووی کردن و گۆرانی گووتن و شەڕە جوێن.
تاوای لێھات لەپرسە چارەنووس سازە گرنگەکان خۆیان لەگێلی بدەن و باس لەقەدەغەی جگەرە وسوونەت کردنی ژنان و دەمژمێر و کاتژمێر بکەن.
تا وای لێ ھات سەرۆک پەرلەمانیان بەھەموو ھەیبەتەو پارێز بەندی لەسەیتەرەی پردێ گێڕاوە سلێمانی و دەرگایان لێ ڕەپێش کرد و ژنە سەرۆک پەرلەمانێکی بێ دەسەڵاتی گووناحی وەک ڕێواسیان دانا.
یان سیداد بارزانی بەخۆی ھاتە ناو پەرلەمان و دوای سووکایەتی پێ کردنی ڕابوون مەعروف و ڤدیۆیەکیشی دەم و دەست پێ تۆمار کرد و بڵاوی کردەوە.

تێبینی:-

شەڕی ناو پەرلەمان ئاساییە لە مەجلیس ئەعیانی بەریتانی لەھەشتایەکان ھەموو تەپڵەکی جغارەیان بە مێزەکانەوە لکاند تا لەیەکی نەگرن و دواتر جا شەرە بۆکس و شەڕە قۆندەرەیان دەکرد.

سەرنج:-

ھیچ پاساوێک نیە بە بردنە پێشی کەسانی سادە و ھەژار بە ھەر بیانوویێک بێ ئەگەر ئەو کەسە شارەزای یاسا و مێژوو جوگرافیا و زمان زان و دەست و دەم و داوێن پاک نەبووبێ.
کەسانی وەک جەلال پەرێشان بە زمانی خۆی دەڵێ فڕ لە سیاسەت نازانم ھەر تاقیم کردەوە.
ھی وەک مونا قاوەچی چی لە قۆناغی خوێندنی ئەھلی زانکۆش کەسێکی بەطئ التعليم بووە.
وەک عەزیمە(ھێڤار) نمایشی دانانی دووکانی کووتاڵ و درووینی سەدان دەستە جلی کوردی و خۆ نمایش کردن. وەک یاسین خزر نازانی ئێمزاکەشی بکات.
وەک ھێڤیداری کەم ئەزموونی ژیان و بەکەڵەگایی و گەلحۆیی و شەڕە مست نمایشەکانی دەکات.
ژنەئەندام پەرلەمانی تورکمان ھەبوو بەس لە دانیشتنەکان کولیچەی ھەولێری ماڵانی دەبەخشیەوە.
زۆر ڕوو قەیممانە ھیچیان لە دینارێکی خانەنشینی و سەیارە و شووقەیان خۆش نەبوون.
ھەموو ئەوانە بەرامبەر بە ئەوانەی زووی دەمی بەعس لە داڕشتنی یاسای حوکمی ئیدارەی خۆجێیەتی بەراورد ناکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە