یاسا بنچینەییەکان (بەشی سێیەم)

Friday, 06.04.2021, 18:28

588 بینراوە


یەکەم یاسای بنچینەیی، لەو سێ یاسایەی کە پێشنیازم کردووە بریتییە لە :
فۆڕمی حوکومەتداریی The Instrument of Government                          
وەک دەزانین، لە مێژووی خوێناوی مرۆڤدا لەسەر دەسەڵات و فەرمانڕانیی، زۆر شێوازی بەڕێوەبردن تاقی کراونەتەوە: هەر لە ئیمپراتۆر، پاشای سەربڕ، فەرمانڕانیی پیاوانی ئاینی، کۆماریی و پەرلەمانیی.... .
تا ئەم سەدەیەی بیست و یەکەم، کە سیستەمی پەرلەمانی نزیکەی جێگای بە هەموو ئەو فۆرمانەی تر چۆڵ کردووە، لە زۆر وڵاتاندا بە تایبەت خۆرئاوای گۆی زەوی، لە سایەی ئەم جۆرە سیستەمەوە، زۆر دەسکەوتی گەورە بۆ تاکی مرۆڤ و کۆمەڵگا و نەتەوەکان، دابینکراوە.
کە پێشی دەوترێت ( دیمۆکراسی نوێنەرایەتی)، بریتییە لە بەشداری ئازادانەی گەل لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی خۆیاندا بۆ پەرلەمان، کە هێزی یەکەمی یاسادانەر و چاودێری کاروباری بەڕێوەبردنی حکومەتیشە، واتە لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە کە هەر لە سەرۆک وەزیرانەوە تا دەگاتە وەزیرەکان، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات و داوای ڕوونکردنەوە و بەڵگەیان لێ بکات و متمانەشیان لێ بستێنیتەوە.
1- کرۆکی  فۆڕمی حوکومەتداریی، ئەوەیە کە هەموو دەسەڵاتە ڕەسمییەکان لە خەڵکەوەیە، واتە خەڵک هاوبەشن لە بڕیارداندا، لە ڕێگای ئەو سیاسەتمەدارانەوە کە هەڵیاندەبژێرن بۆ: پەرلەمان، پارێزگاکان و شارەوانییەکان، هەروەک لە سەرەوە وتم: دیمۆکراسی نوێنەرایەتی.
2- یاساکان لەلایەن پەرلەمانەوە دادەنرێن و پەسەند دەکرێن، حوکومەت ئامڕازی جێبەجێکردنی یاساکانە.
3- بۆیە پاراستنی ئازادیی و مافی خەڵک لە ئەرکە بنەڕەتییەکان و ( سینتراڵ) ی فۆڕمی حوکومەتدارییە، لەوانە:
a. ئازادی ڕادەربڕین
b. ئازادی کۆبوونەوە
c. ئازادی خۆپیشاندان
d. ئازادیی دروستکردنی بزووتنەوە مەدەنییەکان.
e. ئازادی ئاینی.
لێرەوەیە کە هەموو جۆرە جیاوازییەک و سزایەک بە هۆی : نەتەوە، ڕەگەز، جۆری کارو پیشە و ئاینەوە، قەدەغە دەکات.
4- هەر فۆڕمی حوکومەتدارییە کە شێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەرک و شێوازیی کاری پەرلەمانی دیاری دەکات.
5- فۆڕمی حوکومەتداریی دەسەڵاتەکانی حوکومەت دیاری دەکات.
6- فۆڕمی حوکومەتداریی شێوە و دەسەڵاتی پەرلەمان، بۆ گۆڕینی یەکێک لە یاسا بنچینەیەکان، ئەگەر پێویست بکات، یا گٶڕانکاریی کردن و هەموارکردنەوەیان، دیاری دەکات.
7- فۆڕمی حوکومەتداریی، دەبێت شێوازی بە دواداچوونی پەرلەمان بۆ کارەکانی حوکومەت دیاری بکات.
8- فۆڕمی حوکومەتدارییە، دیاری دەکات، ڕۆڵی پەرلەمان بۆ کۆنترۆڵکردنی حوکومەت دەبێت چۆن بێت.
9- لە فۆڕمی حکومەتداریدا، حوکومەت، وڵات بەڕێوە دەبات.
10- فۆڕمی حوکومەتداریی، سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگاکان دیاری دەکات.
11- فۆڕمی حوکومەتداریی، یاسای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، یاسای دادگاکان و فەرمانگە ڕەسمییەکان دیاری دەکات.
12- فۆڕمی حوکومەتداریی، شێوازی بەڕێوەبردنی پارێزگاکان و شارەوانییەکانیش دیاری دەکات.
ئەو خاڵانەی سەرەوە، هەموویان لە فۆڕمی حوکومەتدارییدا بەرجەستە دەبن و مومارەسەکردنی ئەوانەش بەو شێوەیەی دیاری کردوون، فۆڕمی حوکومەتداریی دەپارێزن.
با نموونەیەکی بینرا و بەرجەستە بێنمەوە بۆ ئەرکی حکومەت لە فۆڕمی حوکومەتدارییدا:
تۆ وەکو سەرۆکی حوکومەت، ئەو دەسەڵاتەت پێنەدراوە لە فۆڕمی حوکومەتداریدا، کە تێیدا دادگاکان دەبێت بێلایەن و سەربەخۆبن، بەر لە دادگا بڕیار بدەیت کە تاوانبارکراوێك یا دەستەیەک، بە تیرۆریست، ئاژاوەگێڕ، تێکدەر و سیخوڕ ناوببەیت، ئەمە لە دەسەڵاتی تۆدا نییە و کاری تۆ ئەوە نییە. لە فۆڕمی حوکومەتدارییدا ئەم پێشێلکردنی ئازادیی و بڕیاردانەی پێش دادگاکان، دەیکاتە ئەرکێکی قورس و سەنگین، کە پاش ئەم قسەکردنەت، خۆت فۆرمی شکاتکردن لە خۆت پڕبکەیتەوە و پۆلیس تێبگەێنی کە کارێکی مەترسیدار و هەڵەیەکی یاسایی فرە گەورەت ئەنجامداوە و تا بڕیاری دادگا سەبارەت بە پێشێلکارییە مەترسیدارەکەت، نابێ مومارەسەی پۆستی سەرەک وەزیران، بکەیت. 

نموونەیەکی تر:

لەبەر ئەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە فۆڕمی حوکومەتدارییدا سەرچاوەکەی خەڵکێکی ئازادە، خەڵک ناتوانن دەستە و تاقمێک بە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن کە چەکدار بن . 
بنچینەی فۆڕمی حوکومەتداریی پرۆسەیەکی مەدەنی سیاسییە، کە بۆ پاراستنی سنووری وڵات و ئاسایشی نەتەوەیی و رێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی و جێبەجێکردنی فەرمانی دادگاکان، هێزی سپای نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری و پۆلیس لە چوارچێوەی یاسای تایبەت بە ئازادی و پاراستنی مافی خەڵکدا، ڕێک دەخات. 
بوونی دەستە و پارت و حیزب و ڕێکخراوی چەکدار، خۆی مەترسی گەورەیە بۆسەر ژیان و ئاسایش و ئازادیی خەڵک، پێچەوانەی دیمۆکراسی و پێکەوە ژیان و سەربەخۆیی دادگاکانە.
خۆتان بەراوردی نموونەکان بکەن لەگەڵ بانگەشەکانی، بۆ نموونە فەرمانڕانیی و فەرمانڕانانی باشووردا، بە زۆر ڕاستی دەگەن.
ئەمە خاڵی یەکەمی ئەو پێشنیازەیە کە دەبێت ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد دەنگی پێبدات و جگە لەم خاڵانە دەنگ بەهەر جۆرێک لە فۆڕمی حوکومەت بدات، بە دڵنیاییەوە بە هەڵەدا چووە.
دەمەوێ تەئکید لەسەر خاڵێکی گرنگ بکەمەوە، کە وروژاندنی دەستوور لە ئێستادا تەنها لەبەر ئەو خاڵەیە:
وەک باسم کرد، پۆستی سەرۆکی هەرێم، یادگارێکی زۆر تاڵی سەردەمی فیفتی- فیفتییە، کە ماکەکانی تاکو ئێستا ئازاری نەتەوەکەمان دەدات لە هەر چوارپارچەکەدا، هەمووتان لەبیرتانە کە سەرکردەیەتی پارتی چۆن ئەم پۆستەی بەکارهێنا و چ نەهامەتییەکی بەدوای خۆیدا ڕاکێشا و نەتەوەکەی گیرۆدەی چ ماڵویرانی و دەردەسەرییەک کردوە.
نووسینەوەی دەستوور، بە قەوڵی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستییە!!
• ئەوبەشە لە نەتەوەکەمان لە باشووردا دەبێت بزانێت، ئەو پێویستییە،  پێویستی گەل نییە، پێویستی سەرکردەیەتی حیزبێکی تایبەت و مەرامێکی تایبەت و خواستێکی تایبەتە، کە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر، دەبێ فاتیحە بۆ هەموو ئازادییەکان بخوێنن، من وتم و ئاگادارم کردنەوە.
هەر لەئێستاوە دەستیان کردووە بە زەمینە خۆشکردن بۆ سازدانی بیری خەڵک و گومڕاکردنیان. کاک حەمەی حاجی مەحموود، لە نوێترین چاوپێکەووتنیدا، لە بەرنامەی تاووتوێدا ئەم ئێوارەیە ٠٢/ ٠٦/٢٠٢١ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا، باسی لە هەڵبژاردنی، سەرۆکی هەرێم دەکرد، کە لەناو خەڵکەوە بێت یا لە پەرلەماندا بێت!!.
• ئەگەر ورد بیتەوە، بۆت دەردەکەوێت و تێدەگەیت، کە ئەوان (فۆڕمی حوکومەتداریی ) یەکەیان بڕیارداوە، مانای پرسی بابەتێک بە گەل دەکەن کە کاڵایەکە بەقەدی باڵایەکدا بڕڕاوە.
یاخود ئەوەی کورد پێی دەڵێت: پرسە گورگانە و نوکتەی ئاسکت دەوێ ئەوە کەروێشک، بە گەل دەکەن!!
جا بۆ ئەوەی بابەتەکە ئاسایی پیشان بدەن، چەند کەسێکیشیان لە پاڵ کاندیدەکەی خۆیاندا، هانداوە کە بڵاوی بکەنەوە، گوایە ئەوانیش کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێمن!!
کەواتە هەر بەو قسەیەی کاکە حەمەدا ( کە نزیکی ماڵی پاشایە)، بۆمان دەردەکەوێت، کە فۆڕمی حوکومەتداریی، لەو دەستوورەدا دیاری کراوە، لە حاڵێکدا، دەبێت: فۆڕمی حوکومەتداریی، دەستوور و وردەکارییەکانی تری وەک لە سەرەوە باسم کردن دیاری بکات.
• دوو سیستەم و دوو جۆر میللەت سەرۆک هەڵدەبژێرن. یان لە لوتکەی ئازادیدان، یا لە بنەوەی چاڵی کڵۆڵی و دکتاتۆریدان . 
• جۆری یەکەمیان، ئەمریکا و کۆریای باشوور بەرهەمدێنێ.
• جۆری دووەمیان، کیم جۆن- یون، خامەنەیی، بەشار ئەسەد و...
• خۆشت بگەڕێ بۆ خۆشمان، بزانە لە کوێدا دەماندۆزییەوە!!. 
هەڵبژاردنیش گاڵتەجارییەکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، نزیکەی ئەوە نەوەیەکی تەمەن سی ساڵی و باوانیان لە باشووری نیشتمانەکەی ئێمەدا، لەناو گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردندا، گیرۆدەی دەیان گرفتی کوشندە بوون.
لە کۆتایی ئەم خاڵەدا : ئاگادار بن، ئینجا ئاگادربن، دیسان ئاگادار بن.
دووبەشی ئەم بابەتە ماوە.... کە جگەر گۆشەی نازدار و نازەنینی، فۆڕمی حوکومەتداریین.