پرچی شەھید

Saturday, 05/06/2021, 10:42

10196 بینراوە


لە سنە کوڕێک لەدایک بوو، ناویان نا کەژوان، لە مێردین کچێک لەدایک بوو، ناویان نا ئارین. 
لەسلێمانی کوڕێک لە دایک بوو، ناویان نا ئازاد، لە کۆبانێ کچێک لە دایک بوو ناویان نا دەلال.
-  ئارین، ھەمیشە خەونی بە کوڕێکەوە دەبینی، جوان بوو وەکو قەڵەم، یاخی بوو وەک ڕەشەبا.
-  ئازاد، ھەمیشە خەونی بە کچێکەوە دەبینی، پرچەکانی دەھۆنییە و گۆرانی بۆ سەربەستی دەگووت.
ئارین، بووە شاعیر و شیعری یاخی بوونی (با)ی نووسی. ئەو شیعرە بە دزییەوە لە سنە، ھەر ڕۆژەی لە گیرفانێکی قاچاخدا، گیرفانە و گیرفانی دەکرد.
ئازاد، بووە سترانبێژ و ڕۆژێک کە دایکی، خەریک بوو پرچەکانی خوشکە بچووکەکەی دەھۆنییەوە، ئەم گۆرانی: من ئێستاکە کەزیی کچێک لەو چیایە(نیشتمانمە)ی، پڕ بە بێدەنگی ماڵەکەیان ھاوار کرد.
ڕۆژگارێ ھات، کەژوان پێشمەرگەی دەستەیەک بوو، ھەرکەزانی پیلانی سبەی بۆ کوشتنی، چەند پێشمەرگەی دەستەیەکی  تری کوردە، تفەنگەی بەدیواری ژوورێکی بارەگای حیزبەکەیدا ھەڵواسی و تولە ڕێگای پشتی بارەگاکەیانی گرتەبەر،  کە دەیبرد بەرە و لوتکەی کێوێکی بەرز.
ئازاد پێشمەرگەی پارتێکی باشووری بوو، ئەو شەوەی بڕیارەکەیان بۆ باسکرد، سبەی لەگەڵ پارتێکی تر و ھێزێکی گەورەی دوژمنێکی دێرینی کورددا، ھەڵمەت دەبەنە سەر سەنگەرەکانی، پارتێکی کوردستانی، لێوی کرۆشت، دڵی گوشرا، تفەنگەی بە ھاوڕێیەکی سپارد و ڕێگای خوارکانییەکەی گرتەبەر، کە دەیبرد بەرەو لوتکەی کێوێکی بەرز .
ئارین، لە کازیوەی بەربەیاندا سوارپشتی، ئەسپە ڕەخشەکەی باوکی بوو، پێچی کردووە لە بەردەم دارە گەورەکەدا، دوا ئاوڕی لە گوندەکەی نزیک دەریاچەکە دایەوە و ئاوزنگی ئەسپی توند کرد و ئەو ڕێگایەی گرتەبەر، کە دەیبرد بەرەو لوتکەی کێوێکی بەرز.
دەلال، پڕ بە سییەکانی بۆنی خۆشی دایکی ھەڵمژی و لەچکە گوڵنکەدارەکەی بەست بە سەریەوە و ئەو ڕێگایەی گرتە بەر، کە دەیبرد بەرەو لوتکەی کێوێکی بەرز.
لە چوار ڕێوە، چوار جوامێری ئەویندار، چوار دلێری بریندار، چوار عەشق و چوار پارچەی یەک نیشتمان، دڵبەرێکیان ھەڵبژارد، 
-  ژیانێکی ئازاد لەگەڵ لوتکەی کێوێکی بەرز.
-  ئەوە ئێستا، ئازاد و کەژوان و ئارین، لەدەوری گۆڕێک کۆبوونەوە، لەپاڵ لوتکەی کێوێکی بەرزا، ئازاد گۆرانی دەچڕی: من ئێستاکە کەزی کچێک لەم چییایە نیشتمانمە، دەنگی لوتکە و لوتکە، چیا و چیا، نزار تا شار دەڕۆیشت و لەبەر سەرای سلێمانی بوو بە ھاوار.
-  کەژوان تاپلۆی پرچی شەھیدی کێشا بوو، دای بە با و دار، بە دزییەوە بردیانەوە بۆ سنە،  بۆ بەیانی کە خەڵک ڕابوون، تابلۆکەیان ماچ  دەکرد و بۆ ئێوارە کردیانە ملوانکەی گەردنی شار. 
-  ئارین، ئەوسا شیعرەکانی بای یاخی بوون دۆڵاودۆڵ و نزار نزار دانەساکان، ئەوا ئێستا چرای گەشی شیعرەکانی بوون بە ( مانگ) و لەسنە دەچنە سەرشانی ئاویەر و لە سلێمانی دەبن بە میوانی ماڵان.
-  لە مێردینیش، خەڵک بە چپە بەیەک دەڵێن، ئەو سوارانەی شەوان لەگەڵ مانگدا دێن و تیژ تیژ تێدەپەڕن، شیعرەکانی ئارین چیان، بوون بە لەشکرێ لە شەڕڤان.

سەرنج:

 - ھەر حیزبێک لە باشوور و ڕۆژھەڵات، بە ژمارەی زۆری شەھیدەکانییەوە، کە ھەموویان ڕۆڵەی کورد بوون، شانازی بکات، دەبێ گەل لێپرسینەوەی توندی لێ بکات.
ژمارەی شەھیدی کورد، نە پەیژەیە بۆ سەرکەوتن، نە سامان و پارەیە، بۆ کۆکردنەوە و  ژماردن!!.
گەل دەبێ پرسیار بکات: بە ئەندازەی، دڵۆپ دڵۆپ خوێنی شەھیدانم، ئاوەدانی و ئازادی و دادپەروەریم لێتان دەوێ، ئەی کوا...؟!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە