حەسەن خەیری و حوسێن عەونی کێ بوون؟ چیان بۆ تورک کرد؟

Saturday, 05/06/2021, 13:11

6514 بینراوە


پاش کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و سەرکەوتنی هاوپەیمانان و لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەوڵەتانی هاوپەیمانان بیریان لەوە کردەوە کە هاوشێوەی دەوڵەتەکانی تورکیا، عێراق، ئوردن و وڵاتانی دیکە، دوڵەتێک بۆ کوردیش دابمەزرێنن. ئەو بڕیارە لە بەندەکانی رێکەوتننامەی سیڤەری فەرەنسا دا بە سەر میراتگرانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا سەپێندرابوو، کە تێیدا هاتبوو: "پێویستە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە لە شەڕدا شکستیان خواردووە، لە بەرانبەر دروست کردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ یۆنان و سەربەخۆیی بۆ ئەرمەنییەکاندا، بە سیستەمی ئوتۆنۆمی بۆ کوردەکان رازی ببن".
 ڕێكەوتننامەی (سیڤەر) لە(10 ئابی ساڵی 1920) لە نێوان دەوڵەتانی (توركیا، ئینگلتەرا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئەرمەنستان، بەلجیكا، یۆنان، پۆڵندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سربیا، كرواتیا، سلوانیا، چیكوسلۆڤاكیا، حیجاز) مۆركرا. (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا)ش وەكو چاودێر دانرا. لەم ڕێكەوتنامەیەشدا بوار بە (جەنەڕاڵ شەریف پاشا) درا وەك نوێنەری كورد بەشداری بكات.
 ڕێكەوتنامەی سیڤەر ئەو ڕێكەوتنامەیە بوو كە كورد هەموو هیوا و ئامانجێكی لەسەر هەڵچنیبوو، ئەگەر چی هیچ یەك لە بڕگە و ماددەكانی جێبەجێ نەكران و هیچ دەوڵەتێكی ئەندام پابەند نەبوو بە جێبەجێكردنی ئەو ماددانەوە كە تایبەت بوو بە كورد. ئەوە بوو لە كۆی (432) ماددە، مادەكانی (62، 63، 64) سەبارەت بە كێشەی كورد بوون. ناوەڕۆكی ئەو سێ مادەیەش ئەمانە بوون: ماددەی(62): لیژنەیەك لە سێ ئەندام پێك دەهێنرێت، لە (بەریتانیەك، فەرەنسیەك، ئیتاڵیەك) و نوێنەری كورد، كە ئەم ئەندامانە حكومەتەكانیان دیاریان دەكەن.
مەڵبەندی لیژنەكە شاری ئەستەمبوڵ دەبێت، كە لە ماوەی (6) مانگ كۆبونەوە ئەنجام دەدەن، تا ڕاپۆرتێك سەبارەت بە مافی فەرمانرەوایەتی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو ناوچانەی زۆرترین دانیشتوانی كوردن ئامادە بكەن. ئەوەش لە ناوچەیەك، كە كەوتوەتە خۆرهەڵاتی ڕوباری فورات و باشووری ئەرمینیا و باكوری سنوری سوریا و عێراق، كە لە بەندی ( 27)ی ماددەكانی (322)دا هاتووە.
 هەروەها ئەگەر هەریەك لە ئەندامانی لیژنەكە بڕیاریان لەسەر كێشەیەك لە كێشەكان نەدا، ئەوە بۆیان هەیە كێشەكە بەرەو ڕووی حكومەتەكانیان بكەنەوە. هەر لەم پڕۆژەیەشدا پێویستە مافی پاراستنی ئاشوری و كلدانییەكان و كەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەكان زامن بكرێت، كە لە خاكی كوردستاندا دەژین. 
هەروەها لیژنەیەك لە بەریتانیانییەك و ئێرانییەك و فەرەنسییەك و كوردێك دەنێردرێت بۆ ناوچەكە بۆ مەبەستی پێشوو. ئەو لیژنەیەش لە توانایاندا هەیە گۆڕانكاری لە سنوری توركیادا بكەن، بەمەرجێك لەگەڵ ماددەكانی ڕێكەوتننامەكە و سنوری ئێراندا بگونجێت.
ماددەی(63): دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدات لە ماوەی (3) مانگ دا سەرجەم بڕیارەكانی ماددەی (62) لەبەرنامەی كاری لیژنەكان دوای دەرچونی بڕیارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەكە جێبەجێ بكات
 ماددەی (64): ئەگەر گەلی كورد لەو ناوچەیەیی، كە لە ماددەی (62) دا دیاری كراوە لە ماوەی ساڵێكدا ڕوویكردە كۆمەڵەی گەلان و زۆرترین دانیشتوانی ناوچەكە ئارەزوی جیابونەوەیان لە توركیا كرد. ئەگەر كۆمەڵەی گەلان بۆی ڕونبوویەوە ئەو گەلە شایەنی ئەو سەربەخۆییەن ئەوا ئامۆژگاری توركیا دەكات و توركیاش بەڵێن دەدات واز لە هەموو مافەكانی لە ناوچەی ناوبراودا بهێنێت،  لە هەمان كاتدا هێزە هاوپەیمانەكان هیچ كۆسپێك ناخەنە بەردەم ئەو ڕێگەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو دەوڵەتە كوردییە ئارەزومەندی یەكگرتنی كرد لەگەڵ بەشی ویلایەتی موسڵ یان بە پێچەوانەوە. ڕێکەوتننامەی سیڤەر لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو بەڵێنانەی تێدابوو بۆ کورد.
بەڵام ماوەیەکی درێژی نەخایاند، ئەمەش بە هۆی ئەو دەستکەوتانەی کە تورک بە دەستی هێنا، واتە تورک توانی دوای لە ناچوونی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی خەبات بکات لە پێناو هەڵسانەوە و مافەکانی دا، بەڵام کورد نە سەرکردەیەکی لێهاتوو کاریزمای هەبوو، کە تێکۆشان و شۆڕشێکی شێلگیرانەی گشتی نەتەوەیی لە پشتییەوە بێت تا بتوانێت لە سیاسەت و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دا مافەکانی کورد بچەسپێنێت. ئەوە بوو لە ئازاری ساڵی 1922 ووڵاتە گەورەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕی دەستکاریەکی گونجاوی ڕێکەوتننامەی سیڤەر بکەن سەبارەت بە کوردستان و مافەکانی کورد، بەو مەرجەی تورکیا (ئامادەیی خۆی پیشان بدات کە هەڵوێستێکی نەرم بنوێنێت بەرامبەر کارگێڕی خۆجێیەتی ناوخۆی بۆ کورد و پارێزگاری بکات لە بەرژەوەندییەکانی کورد وەکو چۆن پێویستە).
لە ڕاستیدا ووڵاتە گەورەکان بەرژەوەندییەکانی کوردیان بە هەند وەرنەگرت لەو بارودۆخە نوێیەدا، لەبەرئەوە ڕەزامەندییان نیشاندا لە سەر داخوازییەی کەمالییەکان. سوکایەتیان بە کورد کرد کە باسی مافی چارەی خۆنوسینیان دەکرد بۆ کورد لە سەر خاکەکەی و دواتریش بۆ پێنج پارچە دابەشیان کرد. ووڵاتە گەورەکان دەیانتوانی مافەکانی کورد بەپێی بەندەکانی تایبەت بە کورد لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر بچەسپێنن و دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکەن بێ ئەوەی گوێ بە خواستەکانی دەوڵەتی نوێی تورکیا بدەن، هەر وەکو چۆن لە ساڵی 1925 (ویلایەتی موسڵ)یان لکاند بە عێراقەوە بێ ئەوەی گوێ بە خواستی کەمالییەکان بدەن.
 لە ئازاری ساڵی 1922 کەمالییەکان هەموو تواناکانیان خستە گەڕ بۆ هەڵپەساردنی ئەو مەرجانەی دانرابوون لە سەر تورکیا لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر دا، یەکێک لەو هۆکارانەی بەکاریانهێنا بەستنەوەی کورد بوو لە بەشداریکردنی (یەکێتی کۆمەڵایەتی)، (یەکسانی گوزەرانی کورد)، کەمالییەکان ڕایانگەیاند کە کورد گەلێکە مافی یەکسانی هەیە لەگەڵ تورکەکان دا، لە تورکیا لەو بارودۆخەی کە ئیعتیراف کرا بە مافەکانی کورد. لە ڕاستیدا ئەمە پیلانگێڕی بوو، چونکە بە شێوەیەکی گشتی لە قازانجی تورکیا نەبوو لەو بارودۆخەدا نکۆڵی لە بوونی کورد بکەن، لە کاتێکدا ئەوان کاریان لە سەر زامنی سەرکەوتنی تورکیا دەکردەوە لە هەوڵەکانیان بۆ دەرباز بوون لەو مەرجانەی لە ڕێکەوتننامەی سیڤەردا بەسەریاندا سەپێنرا بوو. 
دەرئەنجامی ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێکرد بڕیار لە چارەنوسی ڕێکەوتننامەی سیڤەر درا، ئەمەش لە کۆنگرەی لۆزانی ساڵی 1923 دا جێگیرکرا، ئەو کۆنگرەیەی کە لە بڕیارەکانی دا تەنها یەک ووشە نەهات دەربارەی کورد و کوردستان. 
لە ساڵی 1923دا لەوکاتەی کە نوێنەری تورکەکان لە دانیشتنی لۆزان دا دەیویست رێکەوتننامەی لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان واژۆ بکات، لەگەڵ ناڕەزایەتی نوێنەرانی وڵاتە ئەورووپیەکان بەرەوڕوو بوویەوە. نوێنەری وڵاتە ئەوروپیەکان ئامادە نەبوون رێکەوتننامەکە واژۆ بکەن و گوتیان: "لە خۆرهەڵاتی تورکیا، کورد و خاکی کوردان بوونی هەیە، ئەگەر ئەم رێکەوتننامەیە واژۆ بکەین دواتر کوردەکان چیان بەسەردێت؟". نوێنەرانی تورکیا لە وەڵامدا دەڵێن: "تورکیا تەنها دەوڵەتی تورکان نییە، بەڵکو دەوڵەتی تورکەکان و کوردەکانیشە. ئێمە تورک و کورد پێکەوە بڕیارمان داوە لە وڵاتێکدا بژین و دەوڵەتێکمان هەبێت. دیارە نوێنەری وڵاتە ئەورووپیەکان بەو قسانە رازی نابن و بڕوا بە قسەی نوێنەرانی تورکیا ناکەن". عیسمەت ئینونۆ سەرۆکی شاندەکەی تورکیا بوو، پاش ئەوەی کە زانی هیچی پێ ناکرێت و ڕەنگە بەشێکی دیکە لە خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ـ کە لە بنەڕەتدا خاکی کوردستانە و هی کوردە ـ لەدەست بدات، زیرەکانە پەیامێک بۆ مستەفا کەمال ئاتاتورک دەنێڕێت و پێی دەڵێت: "ئەگەر بە زیرەکی و وشیاری نەجووڵینەوە، وڵاتە زلهێزەکان، دەوڵەتی کوردستان بینا دەکەن. پێویستە کارێکی وەها ئەنجام بدەین کە بۆ ئەو وڵاتانە بیسەلمێنین کە کوردەکان و تورکەکان بڕیاریان داوە پێکەوە و لە یەک دەوڵەتدا بژین و بەمشێوەیە پەیمانی سیڤەر هەڵبوەشێتەوە".
 ئەوە بوو مستەفا کەمال ڕوویکردە نوێنەرەکانی کورد، (ئەوانەی لە ڕاستیدا بە شێوەیەکی ڕووکەشی هەژماردەکران بە نوێنەری کورد، بەڵام بە کرداری خزمەتی بەرژەوەندییەکانی تورک و کەمالییەکانیان کرد)، تاکو ڕابۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ماف و دەوڵەت و داهاتووی کورد و یەک پارچەیی دەوڵەتی تورکیا بخەنە ڕوو. لە بەرامبەردا (حوسێن عەونی) کە نوێنەری ئەرزەڕۆم بوو لە ئەنجومەنی نیشتیمانی تورکی دا، بەڕاشکاوانە وتی: "ئەم ووڵاتە بۆ تورک و کوردە، کەسیش بۆی نییە لەسەر ئەم دوانگەیەوە قسە بکات، تەنها دوو نەتەوە نەبێت، ئەوانیش نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکن".
بەڵام (حەسەن خەیری) کە نوێنەرایەتی ناوچەی دێرسیم بوو لە ئەنجومەنی نیشتیمانی تورکی دا بە شێوازێکی تر کاری لە سەر ڕازیکردنی تورک و کەمالییەکان کرد، مستەفا کەمال پێی ووت: "بە جلوبەرگی کوردیەوە سەردانی پەرلەمانی تورکیا بکە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووس و شاندی وڵاتە بیانیەکان بتبینن و پێشیان بڵێ کە حکومەتی تورکیا کلتوری کورد، جلوبەرگ و زمان و هونەری کوردی قبووڵ کردوە و رێز لە ماف و کلتوری کوردەکان دەگرێت. بە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارەکان و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵێ کورد لەناو تورکیادا خاوەن ماف و ئیمتازاتی خۆیانن و بە هیچ شێوەیەک نایانەوێ لە برا تورکە موسڵمانەکانیان جودا ببنەوە. چارەنوسی ئەو دوو نەتەوەیە پێکەوە گرێدراوە و لە یەک وڵاتدا بن بۆ ئەوان باشترە، هەر لەبەرئەوە کوردەکان تێکڕا بڕیاریان داوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا بژین". هاوژینی حەسەن خەیری لێی دەپاڕێتەوە کە گوێ بە قسەی ئاتاتورک و تورکەکان نەدات، لەبەرئەوەی تورک بۆ ئەوە نابن کە مرۆڤ بڕوایان پێ بکات، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسەش کورد بێت هەر نابێت بڕوا بە تورکەکان بکات، داوای لێ دەکات خیانەت بە نەتەوەی کورد نەکات و بە ویستی تورکەکان رازی نەبێت، لەبەرئەوەی دواتر بەبۆنەی ئەمکارەوە لەناوی دەبەن.
بەڵام بەداخەوە حەسەن خەیری بە قسەی ئاتاتورک هەڵدەخەڵەتێ و بە هیچ شێوەیەک گوێ بە ئامۆژگاریەکانی هاوژینەکەی خۆی نادات. حەسەن خەیری چەندین جار بە جلی کوردیەوە لە پەرلەمانی تورکیادا ئامادە دەبێت و بەردەوام دەڵێت: "کوردەکان نایانەوێ لە تورکیا جودا ببنەوە". چەندین جار لەبەردەم ئاژانسەکانی هەواڵ و ڕۆژنامەنوس و میدیاکار و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادە دەبێت و ئەوانەی کە ئاتاتورک داوای لێکردبوو دووپاتیان دەکاتەوە. دواتر ئەتاتورک داوا لە حەسەن خەیری دەکات لە رێگای تەلەگرافەوە پەیام بۆ نوێنەری وڵاتانی ئامادەبوو لە (لۆزان) بنێرێت و بۆیانی بسەلمێنێت کە کوردەکان حەز ناکەن لە تورکیا و برا تورکەکانیان جودا ببنەوە.
حەسەن خەیری بەقسەی ئاتاتورکی کرد و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری دایە دەست نوێنەری وڵاتانی خۆرئاوا و بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکان بۆ ئەوەی بە رێکەوتننامەی لۆزان ڕازی ببن و واژۆی بکەن. پاش ئەوەی کە هەموو شت کۆتایی پێ هات و رێکەوتننامەکە واژۆ کراو بەرپرسانی تورکیا و بەتایبەت مستەفا کەماڵ ئاتاتورک دڵنیابوون کە ئیدی پرۆسەکە کۆتایی پێهاتووە و پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ئارادا نەماوە، بڕیاری دەستگیرکردن و دادگایی کردنی (حەسەن خەیری)یان دەرکرد. فەرمانی دەستگیر کردن و دادگایی کردنی حەسەن خەیری بە تاوانی پێشێل کردنی یاساکانی تورکیا و بێڕێزی کردن بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی تورکیا، هەوڵدان بۆ دژایەتی کردنی تورکیا و بە تاوانی لەبەر کردنی جل و بەرگی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا، لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە واژۆ کرا. ئەتاتورک کاتێک کاری بە حەسەن خەیری نامێنێ، لەسێدارەی دەدات. ئەگەرچی حەسەن خەیری پێی گوتن: "من ئەو کارانەم بە فەرمانی ئەتاتورک و بۆ رێگری کردن لە سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام داوە. من تەلەگرافم بۆ (لۆزان) هەنارد و من بوومە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەی سیڤەر، رێکەوتنامەیەک کە تێیدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کورد درابوو". بەڵام دیسان بەرپرسانی تورکیا رازی نابن و حەسەن خەیری رەوانەی بەردەم دادگای باڵای تورکیا دەکەن. لە دادگای تورکیاشدا خەیری قسەکانی دوبارە دەکاتەوە بەڵام دادوەر لە وەڵامدا دەڵێت: "ئێمە باش دەزانین کە لە رێکەوتننامەی سیڤەردا بڕیار درابوو دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکرێت و باشیش دەزانین تۆ بووی بە هۆی ئەوەی کە ڕێکەوتننامەی لۆزان جێگای ڕێکەوتننامەی سیڤەر بگرێتەوە. بەڵام لەبەرکردنی جلو بەرگی کوردی لەناو پەرلەمانی تورکیادا، پێشێل کردنی یاسای بنەڕەتی تورکیایە و لەبەرئەوە بە لەسێدارەدان سزات دەدەین".
 بەر لەوەی حەسەن خەیری لەسێدارە بدرێت لێی دەپرسن دوایین داواکاری و وتەت چییە؟ حەسەن خەیری کە لە هەڵەکانی خۆی تێگەیشتبو و زانیبوی چ خیانەتێکی بە نەتەوەکەی کردوە، بیر دەکاتەوە کارێک بکات کە پەیامێکی بۆ خەڵکانی دوای خۆی تێدا بێت، تاوەکو ئیدی خیانەت بە نەتەوەکەی خۆیان نەکەن. دەیەوێ کارێک بکات کە ببێتە نمونەیەک بۆ جیلەکانی دوای خۆی، بۆ ئەوەی نەبنە گوێ لەمست و دارەدەستی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان و خیانەت لە نەتەوەکەی خۆیان نەکەن. هەر بۆ ئەو مەبەستە خەیری وەکو دوا داواکاریی دەڵێت: "من داواکاریم ئەوەیە کە پاش ئەوەی لەسێدارە درام، تەرمەکەم لەسەر ڕێگایەک بە خاک بسپێرن کە سەر ڕێگای کورد بێت، لەبەرئەوەی هەر کوردێک بەو ڕێگایەدا تێپەڕ دەبێت پێ لە قەبرەکەم بنێت و تفێکم لێ بکات". دەوڵەتی تورکیا داواکارییەکەی خەیری جێبەجێ دەکات و قەبرەکەی لەسەر ڕێگایەک دەبێت کە ڕۆژانە ژمارەیەک زۆر خەڵکی پێدا تێپەڕ دەبێت و هەر کوردێک گەیشتبایەتە لای قەبرەکەی خەیری تفێکی لێ دەکرد. دواتر کاتێک تورکەکان زانیان قەبرەکەی خەیری بۆتە هۆکارێک بۆ یەکگرتن و تێگەیشتووی کوردەکان و هەستی نەتەوەییان بەرز دەکاتەوە، بڕیاریان دا قەبرەکەی هەڵبدرێتەوەو ئێسک و پروسکەکەی لە شوێنێکی دیکە بشارنەوە کە هیچ نیشانەیەکی نەبێت، بۆ ئەوەی حەسەن خەیری و خیانەتە گەورەکەی بەتەواوی لە بیری کوردەکان بچێتەوە. یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی سەرکەوتنی پیلانگێڕی دەوڵەتی نوێی تورکیا و مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ڕێگەی (حەسەن خەیری، حوسێن عەونی)ەوە. ئەوە بوو کە دوو خیانەتکار توانیان خەونی کورد لە گۆڕ بنێن، بەڵام بە تێکڕای کورد لە بەر بێئاگایی و خەمسەری بەرامبەر بە وڵات و مافەکانی نەیتوانی ئەوەی بۆ تورکی کرد بۆی خۆی بکات و بە قازانجی مافەکانی نەتەوەکەیدا بیشکێنێتەوە، واتە نەیتوانی پیلانگێڕی دەوڵەتی نوێی تورکیا تێکبشکێنێت و بگات بە مافەکانی. هەموو ئەوانەی پێشی سوپای تورکیا دەکەن و ڕێگە بە پیلانگێڕییەکانی تورکیا و ئەردۆغان دەدەن لە باکور و خۆرئاوا و باشوری کوردستان، هەمیشە بیانوو بۆ کوردکوژی و داگیرکارییەکانی تورکیا دێننەوە لە پێناو ئابوری و دەسەڵات دا، 
کورد بەبیانووی سەرچاوەی پەلکێشی سوپای تورکیا بۆ قوڵایی باشور دەزانن و خۆشیان بنکە و بارەگاکانیان دەپارێزن لە تێکۆشانی ووڵاتپارێزان. دڵنیابن هەمان چارەنوسی (حەسەن خەیر)یان هەیە بەڵام بەفۆڕمی جیاواز.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە