هەڤاڵ ئەبوبەکر لەلایەکەوە پێکەنین و کۆمیدیایە، لەلایەکی تریشەوە گریان و تراژیدیایە

Saturday, 05/06/2021, 12:02

20968 بینراوە


یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پێشوودا  ململانێ و کێشمەکێشمێکی زۆریان کرد لەسەرئەوەی کە هەڤاڵ ئەبوبەکر بکرێت یان نەکرێت بە پارێزگار، لەبەرئەوەی ناوبراو پێشینەی بەعسێتی هەیە، لەنوسینەکانیدا بەشانوباڵی بەعس و قادسیەدا هەڵیداوە. دیارە بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری کرد و پاڵێوراوی خۆی نەگۆڕی، حەملەیەکی ئیعلامی گەورەی کرد هەڤاڵ ئەبوبەکری بەرز کردەوە بۆ ئاستێکی بڵند و باڵا و کردی بە فریادڕەسی هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی. لەدەرئەنجامدا ڕێکەوتن کرا بەهاوبەشی پۆستی پارێزگار وەربگرن و ئەوەبوو هەڤاڵ ئەبو بەکر لە  (٥ی ١٢ ی ٢٠١٧) بوو بەپارێزگار.  ئێستا حەقی خۆیەتی بپرسین ئەم زاتە لەو ماوە دوور درێژەی دەسەڵاتیدا وەک پارێزگار چی کردووە ؟  کارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی لە ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و تەندرووستی و ڕەخساندنی هەلی کار و نەهێشتنی گەندەڵی لەو پارێزگایەدا چین ؟
دڵنیام زۆرینەی هاوڵاتیان ووڵامی ئەو پرسیارەیان لایە، کە ئەم پارێزگارەی گۆڕان پارێزگارێکی زمان درێژ و ناکارا و هیچ لەبارا نەبووە و هیچ بەرهەمێکی بۆ شارەکە نەبووە و ناشی بێت، هەر وەکو پارێزگارە ئەڵقە لەگوێکانی دەسەڵاتە و هیچ جیاوازییەکی نییە، ماستاوچی و زمان لووسە بەرامبەر کاربەدەست و بەرپرسە باڵاکانی حیزب و زمان درێژێکی ناکارایە بەرامبەر خەڵکی، هەموومان ئەم پارێزگارەمان بینی لەتیڤییەکانەوە،  چۆن کۆسرەت ڕەسوڵی لەقادرمەی فڕۆکەکە هێنایە خوارەوە، لەکاتێکدا کەسوکارەکەی لەوێدا ئامادەییان هەبوو، ئەوەیان نەکرد کە ئەو کردی ..! هەروەها بینیمان لەخۆپیشاندانی گەنجە بێ کارە هەژارەکاندا، چۆن چەکدارە  شەقوەشێنەکانی حیزب بەکوتەک و شەق و قۆناغە تفەنگ و تەقەکردن کەوتنە گیانی ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوانە، ئەم پارێزگارە ناکارایە کە بەرپرسی لیژنەی ئەمنی شار بوو نەک هەڵوێستی نەبوو، بەڵکو بەبیانووی شێواندنی ئارامی شار و تێکدانی جوڵەی بازاڕ شەرعییەتیدا بەکپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان. جگە لەوە بینیمان ئەم عەبقەرییە بێ وێنەیە لەتیڤییەکانەوە دەرکەوت و چارەسەری خۆی بۆ قەیرانی سوتەمەنی خستەڕوو و وتی: با خێزانەکان لەوەرزی هاویندا، ڕۆژی (٢٥٠) دینار پاشەکەوت بکەن و لەزستاندا بیدەنە بەرمیلێک نەوت و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. لەوە سەیرتر، پارساڵ لەڕاگەیاندنەکانەوە دەرکەوت و ئاشکرای کرد کە دەرمانی دژە کرۆنایان دۆزیوەتەوە و کۆمپانیایەکی ناوخۆی بەرهەمی دێنێت و بەخۆڕای دابەشی دەکات بەسەر نەخۆشخانەکاندا، هەروەها ڕەوانەی عێراق و ووڵاتانی تریشی دەکەن.  بەڕاستی لێدوانەکانی تاک بەتاکی ئەم ووڵاتەی سەرسام کردووە، لەئاستی میلیدا بووە بەمەزە و بەر هەزاران توانجی هاوڵاتیانی هەرێم کەوتووە، وە بەقسە و لێدوان و دنیابینیەکانی سەرکردەکانی گۆڕانی لەئاست دەنگدەرانیاندا شەرمەزار کردووە، کارەکانی ئەم کاراکتەرە کە گۆڕان پێشکەشی پارێزگای سلێمانی کردووە، تەواو کاری کردووتەسەر پێگەی گۆڕان لەڕووی جەماوەرییەوە، چاودێران پێشبینی دەکەن، لەهەڵبژاردنی داهاتوودا لەڕووی دەنگەوە بزوتنەوەکە ببێتە نزیکترین هاوڕێی حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی محەمەدی حاجی مەحمود.
ئەو کاندیدە دەم گەرمەی کە پێش هەڵبژاردن مژدەی ژیانێکی باشتر و خزمەتی خەڵک و ڕەخساندنی هەلی کار و نەهێشتنی گەندەڵی (لەئاستی پارێزگاکەیدا) و فراوانکردنی پانتایی ئازادییە تاکییەکانی دەدا لەڕووی ڕادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپیشاندانەوە، لەوکاتەوە کە بووە بەپارێزگار ... تا ئێستا سەرقاڵی وتاردان و بەشداری پێشانگا و قردێلە قرتاندن و کردنەوەی ساڵۆنی ژنان و چوون بۆ شەکراو خواردنەوە و پرسە و بەسەرکردنەوەی نەخۆش و چەندین شتی لاوەکی تر و ناپەیوەندیدارە بەژیانی خەڵکییەوە. جا ئەوەی ئەو خەڵکەی کوشتووە ئەوەیە عاشقی خۆنواندن و بەرکامێرایە و باسی ئەو پڕۆژە زۆر زەوەندانە دەکات کە بۆ شار ئەنجامی داون، لاتان سەیر نەبێت ئەم کاراکتەرە هێشتا نۆ مانگ بوو پارێزگار بوو وتی: نۆ هەزار کارو پڕۆژەم ئەنجام داوە. سەیرە ئەم کابرایە دەڵێی (قسە) بۆ کەڕ دەکات، بەزمانی لووس و قسەی بریقەدار بەنیازە وا لەخەڵکی بکات باوەڕی پێ بکەن، دڵنیام سوور دەزانیت کە ئەوانەی دەتبینن و قسەکانت دەبیستن پێت پێ دەکەنن، دڵنیام هەست بەوێرانەیی و شکستخواردووی خۆت دەکەیت لەناختدا، هەر ئەمەش وایکردووە هەوڵی تەواو بدەی  تا بیشاریتەوە و خۆت بە بەهێز و براوە و سەرکەوتوو پیشان بدەیت. دڵنیام کە دەزانی هیچ نەبووی و هیچیش نابیت، نابیتە بەشێک لەمێژووی شار، هەر هاوار و پەلەقاژەیەکیش کە دەیکەیت، بۆ ئەوەیە شکستی خۆت بشاریتەوە. ئاشکرایە تۆ سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بوویت و توانیت سەرکردەکانی گردەکە بخەڵەتێنی و خەونی لەمێژینەی بوون بەپارێزگارت بەدی بهێنی و ببیتە پارێزگار، لەویژدانت دەپرسم جگە لەپیشەکەت کە لەمامۆستاوە بووی بەپارێزگار  چی ترت گۆڕیوە ؟  بێگومانم دەزانیت کە تەنها دیکۆریت و ماکیاژی سیستەمی دەسەڵات دەکەیت و تەنها دوای بەرژەوەندییە شەخسی و تایبەتییەکانی خۆت کەوتوویت.
لەکۆتایدا دەڵێم زۆر لەو کاراکتەرانەی کە بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەشی سیستەمی حوکمڕانی کردن لەهەرێمدا، کەسانی لاواز و لەرزۆک و بێ ئیرادە و ناکارا و بێ بەرهەم بوون و خاوەنی هیچ پڕۆژەیەک نەبوون، لەبەر کامێرادا و لە وتاردان و خۆنواندندا....شێربوون،  لەئاست پۆست و بەرژەوەندییە شەخسیەکانیاندا....کۆیلەبوون

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە