بۆ عەلی باپیر و سەڵاحەدین بەهادین، ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن، من خەرجیتان دەکێشم

Sunday, 06/06/2021, 20:33

5074 بینراوە


- عەلی باپیر: با جولەکە دڵنیابن، چەندە دڵڕەق و دڕندە بن، تەمەنیان کورتتر دەبێت و کۆتایی خۆیان نزیکتر دەبێتەوە.

- سەڵاحەدین بەهادین: فەلەستین بەرەی پێشەوەی جەنگی هەقە و دەبێتە سەرەخۆرەی داگیرکار.


وەڵامی مەریوان هەڵەبجەییش، بۆ ئەو دوو لێدوانەی سەرۆکی دادگەریی و ئەمینداری یەکگرتوو:

- کاتێک کە نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، هەزاران موسڵمانی بەغدا، ڕۆژانە دەڕژانە شەقامەکان‌و خۆپێشاندانیان دژی ئیسرائیل دەکرد، هاواریان دەکرد بڕوخێ، بڕوخێ، بڕوخێ.. چەندینجار ئاڵای ئیسرائیلیشیان دەسوتاند، ڕۆژانە شەقام و شوێنە گرنگەکانیان دەگرت و هاتوچۆو کاروکەسابەتیش تا ڕادەیەک پەکی دەکەوت. 
ئەم دیاردەیە بەردەوام بوو تا ڕۆژێکیان نوری سەعید چوو بۆ لایان، سوپاس و ستایسی کردن و پێی گوتن: خۆپێشاندان بەسە، لێرەوە قودس ڕزگاری نابێت، ئەوەی ڕاست دەکات با ڕۆژی هەینی لێرە ئامادە بێت، نوێن و قاپ‌ و کەوچک لەگەڵ خۆی ئامادە بکات، سواری پاسی دەکەین‌ و لەسەر خەرجی خۆمان تا سنوری فەلەستینی دەیبەین، لەوێش جل و بەرگ‌ و پێداویستی تری دەدەینێ تا لە ئیسرائیل جیهاد بکات‌ و بەئارەزووی خۆی جولەکە بکوژێت، ئەگەریش کوژرا ئەوە شەهیدە و دەچێتە بەهەشتەوە.
 لە رۆژی دیاریکراودا، لە مەیدانی خۆپێشاندانەکە، جگە لە پاسەکان، لەو هەزاران موسڵمانە تەنها چوار کەسیکی لێبوو، خستیاننە ناو پاسێکەوە و چاوەڕوانی ئەوانی تریان دەکرد، بەڵام یەک کەسی تر نەهات، بەم شێوەیە کۆتایی بە درۆ و دووڕووی و ترسنۆکی خۆپێشاندەران هات.  
ئەوەی لە کوردستانیش دەگوزەرێت هەمان فاک و فیکی دیندارەکانی زەمەنی نوری سەعیدە کە دەیان ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، کەچی لە ئێستای خۆماندا جار جارە سەرهەڵدەداتەوە. 
ئەوەی گەنجی کۆمەڵگای ئێمەی فیکروێران و ژیان کاولبوو کردووە، دروشمی بریقەداری گوتارەکانی دین و سیاسەتە. دیندارەکان دووجار تاوانبارترن چونکە بە ناوی خوداوە پەیام بڵاودەکەنەوە. گەنجان هان دەدەن لە پێناوی ئەڵڵاکەیاندا خۆیان شەهید بکەن و بە حۆریەکانی بەهەشت شاد بکەن، بەڵام خۆیان پاسەوانیان هەیە تا زووتر نەمرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە