بۆ یادی 43هەمین ساڵەی عــەزیــز یــۆســفـی

Monday, 06.07.2021, 20:35

681 بینراوە


٤٣هەمین ساڵوەگەڕی کۆچی هەتاهەتایی!

بێگومان، لە ڕێڕەوی مێژووی هەر نەتەوەیەک دا، بە هەڵکەوت و بە دەگمەن، هەڵدەکەوێ کەسایەتێکی بڵیمەت، بوێر، لەخۆبردوو، بڕوامەند بە خۆ و بە گەل و بزاڤی گەلەکەی لە دایک بێت کە بە شێوەیەکی بێ وێنە، وەک هیچ کەسی‌ سەردەم نەچێ! نە لە بڕوا، نە لە تێگەیشتن ، نە لە ڕاستگۆیی و بوێری نە لە ماندوو نەناسی دا. کەسایەتێک ، هەڵکەوتەیەک ، ڕیبەرێک کە لە پشتی گەلەکەی و بەتایبەت لە پشتی هەژاران و دژبەری بێدادیی بوەستێ و ئیتر تەواوەتی ژینی ، بۆ وەدیهێنانی ئاواتە پڕبەهاکانی نەتەوەکەی و بۆ مرۆڤایەتی تەرخان بکات و خۆی لە بەرهەم و دەسکەوتەکانی خەباتەکەی و شادی ژین بێبەش بێ!
مخابن کە لەم بوارەدا، کەم کەسایەتی هەیە لە وێنەی "عەزیز یۆسفی" بێ!
کاک"عەزیز"، قوربانی‌یەکی مەزن و بێنازی بەربەرەکانی لەگەڵ ڕیژیمی نگریسی "پاشایەتی"یە بۆ چارەسەریی و دابینکردنی مافی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە نزیک بە چارەگە‌سەدەیەکی ژیانی لە ناو گرتووخانەکانی "شا" دا تێپەرکرد.
کاک "عەزیز"ی نووسەر، وەڕگێڕ و شۆڕشگێڕ، هاوڕێ و هاومەتەرێزی "غەنی بلووریان" ، "سولەیمان موعینی" ، "قادر شەریف" و کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی دڵسۆزی کوردی ئەو سەردەمی ناو ڕیزەکانی خەبات، وتەیەکی گەلێک بەنرخی هەیە کە دەڵێ: " ئێمە هەزاران کەس بووین. هەزاران کەسمان لێ شەهید بوون، یا لە گرتووخانە دا ڕزان و پووکان . هەزاران کەس لەئێمە پشتیان لە گۆڕەپانی خەبات کرد. هەزاران کەس لە نیوەی ڕێ ‌دا مانەوە ، بەڵام ئێمە ئێستاش هەر هەزارانین!...]].
٭٭٭٭
لە کاک "عەزیز" چەند نووسراوە و وەڕگێڕدراو بەجێماوە بۆ وێنە: وەرگێردراوی ڕۆمانێکی ئیڤان یەڤریمۆڤ بە ناوی "سرزمین کف" و نووسراوەیەک سەبارەت بە "شەڕی دووهەمی جیهانی".
کاک "عەزیز یوسفی" لە دایک بووی ساڵی ۱۳۰۷ی کۆچی هەتاوی لە شاری "مەهاباد"ە.
کاک "عەزیز"، لە ماوەی ژیانی دا دوو کەڕەت تووشی گرتن هات کە جاری دووهەم نزیک ۱۸ ساڵی خایاند. ئەو ماوە درێژخایەنە پڕ نەهامەتی‌یەی تێپەڕاند لە بەندیخانەیەک بۆ بەندیخانەیەکی دی، لە ئەشکەنجەگایەک بۆ ئەشکەنجەگایەکی دی. لە تاراوگەیەک بۆ تاراوگەیەکی دی..
 لە زیندانەکانی "شا" دا، تووشی نارەحەتی جەرگ و نەخۆشی سامناکی دڵ بوو. بۆ بەچۆک‌ داهێنانی سەردەمانێکی زۆر پێشی چارەسەر‌ییان لێگرت.
بێ هیچ گومانێک، ئەگەر زیندوو مابا، دەیتوانی لە ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ئێران(۱۹۷۹ـ۱۳٥۷)، ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێ لەسەر هێورکردنەوەی توندئاژۆییەکان و قووڵتر بیرکردنەوە و ڕوانگەی ڕوونی سیاسی سەردەم بەتایبەت لەناو حدکا دا، بەڵام مخابن کە ماوەیەک بەر لە ڕووخانی ڕیژیمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بەهۆی نەخۆشی سەخت و کوشندە و زیاتریش ترسی ڕیژیم لە مردنی لەسەر دەستیان و دەنگدانەوەی لە ناو دنیای ئازاد و بیروڕای گشتی جیهانی دا، لە زیندان ئازاد کرا و زۆری نەخایاند کە لەڕۆژی دووشەممە: پازدەی جۆزەردانی ۱۳٥۷ی کـ. هـ لە تاران، لە تەمەنی ٥۱ ساڵی چاوی پڕ لە هیوای لێک نا و کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی دوایی تەرمە پیڕۆزەکەی گەڕێندرایەوە مەهاباد و ڕۆژی چوارشەممە: ۱۷ی جۆزەردان لەناو شین و شەپۆڕی ئاپۆرەی خەڵکی مەهاباد و شەپۆلی ئاشقان و لایەنگرانی دیمۆکراسی ‌و ئازادی ، تەسلیم بە خاک کرا. ڕۆژی دواتر لە سێ ڕۆژەی کۆچی‌دوایی کاک عەزیز دا، بە بەشداری جەماوەرێکی پڕحەشیمەت پێکهاتوو لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و دۆستان و هاوڕێیانی کورد و ناکوردی کاک عەزیز لە سەر گڵکۆ پیرۆزەکەی، کۆبوونەوەیەکی پڕشکۆی شایانی ئەو بڵیمەتە بەڕێوەچوو. 
گەلێک شێعر و ئاواز و وتاری بە نرخ پێشکەش کرا. بۆ وێنە لەلایەن "کۆمەڵەی دانیشتوانی کورد لە تاران " کاک "جەلیل گادانی" و لە لایەن هاوڕێیانی ناوەوە کاک "عومەر قازی" وتاریان خوێندەوە، هەر لەم کۆبوونەوە دا شێعری پڕناوەڕۆکی شاعیری فارس "محمد خلیلی" ـ لەهاوڕێیانی ناوبەندی کاک "عەزیز" لە ژێر سەردێڕی "با مهاباد" بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک"عەزیز" پێشکەش کرا. هەروەها هونەرمەند کاک "عەزیز شاهروخ" بە کوتنی گۆرانی بەناوبانگی "سوبح پێ‌ناکەنێ"، بەدەنگی خۆش و پڕسۆز و زوڵاڵی هەستێکی جوانی بە جەماوەر بەخشی و لە ئاکام دا شاعیر و دەنگخۆشی لاو "ئەبوبەکر ڕەشیدزادە"[فرات] بە دەنگی پڕخرۆش و زەنوێری بەکوتنی شێعری "کچی بەیان" (... من ئەڵێم پەپوولەیەک فڕی بەباڵی زەرد و سوورەوە!) ، جۆش و خرۆشیان خستە ناو ئاپۆرەی خەڵکەوە و... ئیتر حەرەکە و بزاڤی دژە دەسەڵات لە مەهاباد دەستی پێکرد و خەڵک بە یەکڕیزی و دەنگی بەرز و دروشمی شۆڕشگێڕانەوە بەرە ناو شار بوونەوە....
٭٭٭٭
پیاوی مەزن و مێژوو ساز مردنەکەشیان هەر شۆڕشە!
مخابن کاک "عەزیز یۆسفی"ش هەر بەو دەردەی چوو کە سەرجەم کەسایەتی‌یە ماقووڵ و ڕاستگۆ و خەڵکیی و خاوەن بیروڕا و دژەلاڕێ‌ ودژەگەندەڵی‌یەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و ناو ڕێکخراو و حیزبەکان بە تایبەتی تووشی هاتن. 
هەر ئەوانەی سەردەمانێک خۆیان بە خەبات و زیندانی‌بوون و ڕەنجەکانی کاکە عەزیزەوە ڕادەنا و نانیان لێدەخوارد ، دەگەڵ سووڕانی چەرخی چەپگەڕ و کەوتنە لێژی گڵۆڵەی هاوبیر و ڕیبوارانی ڕیگاکەی ، وردە وردە وێنەکانی ئەویان لە سەر دیواری کۆبوونەوەکانیان هێنایە خوارەوە و لە هیچ بۆنەیەک و بە هیچ بۆنەیەک باسیان لێوە نەکرد و وەهایان بایکۆت‌کرد کە زۆر جاران لە لایەن هاوڕێیانی ناهاوڕێ و نیوەڕێ وە ، قسە و قسەڵۆکییان وەدوو خستن و هەوڵیان دا لە بەرچاویی خەڵک ڕەشیان بکەن .
بەڵام بڵیی خۆپەرستانی دەستەڵاتخوازیی ناو رێکخراوە کوردستانی‌یەکانی بە ڕەنگ و ڕوخساری بەڕواڵەت نوێ و بەبیروڕای کۆنی دەرەبەگایەتی! بتوانن بیر و هزری عەزیز و عەزیزەکان ئاوا بە ئاسانی بشارنەوە 
بڵێی ئەوە چارەنووس و مەحکوومییەتێکی هەتاهەتایی‌ بێ بۆ بیروهزری گەش و ڕاستگۆ و بوێر لە بەرامبەر چەواشەکاری و دەسەڵاتی شەو و تاریکی دا!
مێژوو وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە باش دەزانێ ...

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر