کوردایەتی چییە؟ (بەشی یەکەم)

Saturday, 12/06/2021, 16:50

10303 بینراوە


1

هەموو گەلێک بەتایبەتی لەنێو قەوارەیەکی دەوڵەتیدا دەتوانێت تا ڕادەی شیان پێبگات و خۆی بپارێزێت، جا ئەوە دەوڵەتێکی تاک-نەتەوەیی یان فرە-نەتەوەیی بێت. لێ دەوڵەت پرۆژەیە وەک دامەزراوەی نیشتمانێکی سەرهەڵداو، کە بێگومان نابێت لە واتایەکی تەسکدا وەک بەڵێندەرایەتی، فیرمای دروستکردن یان بازرگانی لێی تێبگەین، بەڵکو پرۆژە نەخشەکێشانە بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەکدییەوە: بە ئاڕاستەیەک ڕەخنەی جڤاک و کولتوورە، کە گومانی تێدا نییە یەکێک لە کارە کرۆکییەکانی بریتی دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستینەی کوردایەتی پێکەوە لەتەک شۆڕەسوارانی دوێنێ و ئەمڕۆیدا، ئەوجا لەوێوە بنیاتنەرانە بە ئاڕاستەی بەرەڤار هەڵدەچێت بەرەو کاری سیاسیی ڕێکخراو.
ئاڕاستەی پرۆژە وەک ڕەخنە لەو داواکارییەوە دێت کە پێویستە "هەموو شتێک سەرلەنوێ ڕەخنەییانە ڕوونبکرێتەوە" و بەوەش بناغەی بڕێژرێت. ئاخر بەتایبەتی لە سەردەمە داڕزاوەکاندا شێوەی هزرین و ڕەفتاری سوننەتی بێڕیشە دەبن، ئەوجا پێویستییەک بۆ نرخاندنەوەی سەرجەمی ترادیسیۆن سەرهەڵدەدات، ئەگینا مرۆ تەنیا درێژەپێدەرێکی ترساوی هەیەپارێز دەبێت کە لە داماوییەوە مەمنوونە هەر کارێکی دەستبکەوێت تاکو زگی خۆی تێربکات، یان بەڕاستی جەبانێکی خۆمەڵاسداوە و خواستی چەوساندنەوە ئاگای لە ژینگە و مێژووەکەی پێنەهێشتووە.
لێ ئاڕاستەی بەرەڤاژی بنیاتنەرانە بریتییە لە ڕێکخستنی بەپلانی سیاسی، کە بێگومان لەم سەردەمەی کوردەکانی ئێراقدا نایەتەگۆڕێ، بۆیە دەیخەینە دۆخی پشوودانەوە و ڕووی تێناکەین.

2

کوردایەتی بە شێوەی جیا بەرجەستە دەبێت، وەک خەباتی ڕێکخراو، وەک خەباتی هۆزانڤانیانەی خوێندەوارانی شارنشین، وەک دەسەڵاتخوازیی شێخەکانی تەریقەت بەناوی کوردچێتییەوە، وەک کرداری پڕسۆز و ئەندێشاویی خەباتگێڕانی گەلخواز.
بێگومان کوردایەتی دەرهاویشتە نییە لە ئاگایی ڕۆشنی کوردییەوە، بەڵکو پەرچەکرداری داماوە و وەک سەرجەم پێشنموونەیەکی هەیە کە سوننەگەریی ئیسلامییە. واتا کوردایەتی وەک بێ-هۆش، شێوە هۆنینەوەی ئیسلامییانە تەرجومە دەکات بۆ پەیوەندیی مێژوویی کوردیانە. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی زۆر قووڵ بە هەستی کەمبەهایی (شعور بالنقص) بەرانبەر ئارەب تەنراون و لە دێرزەمانەوە چاویان لە هەر شێوەیەکی خۆدەربڕینی پەخشانی و ڕێکخستنی سیاسی ئەوان بووە، بەڵێ تەنانەت واژەی کوردایەتیان لە شێوەی پەرچەکرداردا بەرانبەر ئارەبگەری زیتکردۆتەوە.
ئیسلام کە لە بنەڕەتدا تیۆریی دەوڵەتی تیۆکراتییە، بەپێشیانی لە دووانەی چاکە و خراپەوە خۆی بە تیۆریی پیلانگێڕی بارگاوی کردووە، جا ئەوە شەیتانێک بێت کە ئەم یان ئەو کاری نالەبار بە کەسان دەکات، یان خائینەکانی نێو ئیسلام خۆیان بن کە گورزیان لەو ئایینە چاکە خوداییە وەشاندووە، یان دامەزراوە موخابەراتییەکانی وڵاتانی ناحەز بن کە لە نێوخۆی جڤاکدا ئاژاوە دەگێڕن و نایەڵن ئەو موسڵمانە دڵساف و لەخوداترس و بەویژدانانە لە لایەن نوێنەرەکانیانەوە ڕێبەری بکرێن. بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی ڕاڤەی هەر تێکەوتنێکی خۆیان دەکەن: یان لە دەرەوە پلانی هەڵدێریان بۆ کێشراوە، یان شوێنی جیۆگرافیی وڵاتەکەیان ڕێی نەداوە لە گشت لا سەرکەتنی مەزن بەدیبهێنن، یان ئەوانی نێوخۆ خەتابار بوون، چونکە گۆیا ملکەچی ئەوان نەبوون و شوێنیان نەکەوتوون.
نوێنەرانی کوردایەتی لە هەمان بنەماوە لەسەر نموونەی پێشوێنە ئیسلامییەکەیان نازناوی شەهید لە کوژراوانی خۆیان دەنێن، لێ ئەمیش، هاوشێوەی پێشوێنەکەی، هیچ ڕێزێکی بۆ مرۆڤێتیی کوژراوەکان دانەناوە و دانانێت، بەڵکو بەسووکی وەک شایانی بەکوشتدان، وەک "بەرخی نێری گونجاو بۆ سەربڕین"، بینیونی. هاوکات چۆن ئیسلامگەرایان ی کۆن و ئەمڕۆ نەک تەنیا دڵسۆزانی هەرە کەمینەی محەمەدییان بەدووی کوژرانیاندا وەک شەهید ڕاگەیاندووە، بەڵکو هەروەها نازناوی سەحابەی شەهیدیان بە سەرجەم تاڵانیخوازان و سەبایا-پەرستان و شەیدایانی ماڵی جیهانی داوە، بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ئەو نازناوەیان لە خەباتگێڕانی گەلخواز دەنا و لێی دەنێن، بەڵکو هەروەها شێخ و ئاغا و دەرەبەگ، عەسکەری فیرار و چەقۆکێش و مرۆڤکوژان و هتد بە کوژرانیان دەکران و دەکرێن بە شەهیدی گەل و وڵات.

3

کوردایەتی کە خۆی بە حیکایەت (و تیۆریی پیلانگێڕی) لە ژیاندا دەهێڵێتەوە، ئەندێشەییانە "کوردەواری"یەکی تا ڕادەی شیان هۆنیوەتە، لێ تەنیا بە هۆنینەوەی نەوەستاوە، بەڵکو هاوکات تا ڕادەی شیان ئارایشتی کردووە. لەم حیکایەتەدا جڤاکی کوردی چاک بووە و چاکە، بەڵگەی چاکێتییەکەشی ئەوەیە کە ژنانی کورد لە ژنانی گەلانی دراوسێ ئازادتر بوون (!!)، کە بێگومان هۆکارەکەی بۆ چاکیی پیاوی کورد دەگەڕێتەوە. لێ کوردەواری خۆی لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە چی بووە، ئەوە پرسیار نییە، واتا: کوردەواری وەک نێوەندێکی پڕ لە چەوسانەوەی چینایەتی، توێژایەتی، لاسایی گەلانی دی، دانانی پیاو بە سەروەر و ژن بە کۆیلە، کە "پیاو" دوای مارەکردنی هاوشێوەی دۆڵاب و کورسی "دەیگوازێتەوە"، ئەوجا لە ماڵەوە "سواری دەبێت"، ئەویش وەک ژن "دەیداتێت"! یان کوردەواری وەک ئەو ژیانە سروشتییە پریمیتیڤە کە گوندییەکانی لە دەرەوەی گوند دەچوونە "سەرئاو" و لەوێ "دەستیان بە ئاو دەگەیاند"، یان پیاوەکانی زوو عەسەبی دەبوون، ئەوجا تەنانەت بە تەلاق سوێندیان دەخوارد، یان پیاوانی سادە و ساویلکە بوون و هەروا ئاسان خۆیان بە حیکایەتی کوردایەتی بەکوشت دەدا.
بێگومان ئێمە مەبەستمان لێرەدا ئەوە نییە کە کوردەواری لە گشت ڕوویەکەوە نەفرەت لێ بکەین، ئاخر فرەڕەنگی و ڕەشبەڵەکی گوندی (ئەوە نەک وەک لاساییکردنەوەی قێزەوەنی شارنشینان) دڵگیرن، یان لە زۆر دەڤەر و ناوچەدا دیاردەی یاخی و مرۆڤدۆستانەی تێدا بوو، کە خەماویترتان بریتی بوو لە یاخیبوونە قبووڵکراوەکەی "ڕەدووکەوتن" / "هەڵگرتن"، بەڵێ تەنانەت بە مایەی شانازی دادەنرا. لێ ئەوە کوردایەتی بوو کە ناوەرۆکێکی دیکەی بەم ئازادیخوازییە هەرە سادەیەی کوڕان و کیژان دا: وەریگۆڕی بۆ مایەی سووکایەتی بە نامووس و شەرەف، بەوەش بە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی یاخیبووەکان. کەواتە کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلام لە بنەڕەتەوە لەناوبەری ڕووە یاخی و مرۆڤدۆستەکانی خودی کوردەواری بووە، بەڵێ گەر تەنانەت "ئستیعراب" لە سەردەمی شانشینی و "تەعریب" لە سەردەمی بەعسدا لە دەرەوە ئاڕاستەی کوردەکان کرابن، ئەوا کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلامی سوننی دەستەبرای ئەوانە و فاکتەرێکی پڕمەترسیتری بەئارەبیکردنی کەسێتیی کوردە.

4

کوردایەتی وەک خۆڕاگر بە حیکایەت گەورەترین دوژمنی مێژوو و سۆسیۆلۆژییە.

ئاخر مێژوو هۆنینەوەی ئەندێشەیی نییە، حیکایەتی مەزنییەکان نییە، داتاشی ناونیشانی زەبەلاحی وەک "دەروازەی ڕاپەڕین" و "سەرۆکی نەمری گەل" نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی ڕووداوەکانە، یان هۆکار و سەرەنجامی یاخیبوونە کوردییەکان لە ئیستەنبول و تاران و درەنگتر بەغداد ئاشکرا دەکات بەبێ ئەوەی بە هەستی هۆزانڤانی ناویان بنێت "شۆڕشەکانی کورد"، یان کەسانی خاوەن بڕیاری سیاسی دەهێنێت بۆ ژێر پرسیار، کە ئیدی وەک مەزنی گەل پێیاندا هەڵنادرێت، بەڵکو ئەم ئێستا هەقیقەتیان بۆ کەسانی سەردەم و ئایندە دەردەخات، کەواتە شێوەی ڕاڤەکردنی ئیسلامییانەی محەمەد وەک بنەڕەتی ڕاڤەکردنی ئەوان وەرناگرێت.
هەروەها سۆسیۆلۆژی حیکایەتەکانی کوردایەتی لەکاردەخات. ئاخر ئێستا پەیوەندییە جڤاکییەکان دەهێنرێنە ژێر دیدی پرسیارکەرەوە: خواستە چینایەتییەکان، پێشبینیکردنی شێوەی ژیانی خۆیی و جڤاکی، ڕەفتاری ئەخلاقی بەرانبەر زارۆک و ژن، لێ هەروەها بەرانبەر سروشت بە لایەنەکانی نێوییەوە، وەک ئاو و ئاژەڵ و ڕووەک و هتاد، ئەوجا نرخاندنی کار و پێناسەکردنی لە ئاگایی سادەی خەڵکدا و زۆری دیکە ئەو زەمینانە خۆش دەکەن کە بەڕێیانەوە هەڵچووی نێو کوردایەتی یەکسەر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لێ لەبەر ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەت هەمیشە سۆسیۆلۆژییەکی بەو چەشنەی گەرەکە و کوردایەتی دوژمنی سۆسیۆلۆژییە، ئەوا هاوکات سەرسەختترین دوژمنی دەوڵەتدارییە. ئاخر کاتێک دەوڵەت بەبێ سۆسیۆلۆژی دانامەزرێت، ئەوا کوردایەتی بەگوێرەی کرۆکی تەنیا دەسەڵاتدارییەک دەناسێت و دەتوانێت بناسێت کە دەسەڵاتدارانی دێرین لە دیوەخان و تەکیە و خانەقاکاندا پیادەیان کردووە، بۆیە توانای بۆ ژیان و کارکردن لەنێو دەوڵەتدا نییە. ئەو زەبری دەوڵەتی (state power) کە بە یاسا بناغەی ڕێژرابێت، ناناسێت، واتا ئەو زەبرە کە هەردەم ئامادەیە (هەموو کردارێکی پێچەوانەی یاسا لە پرۆسەی دادوەریدا سزا دەدرێت، جا گەر ئەوە کرداری سەرۆکی پارت بێت)، بەڵکو تەنیا کرداری عەسابانە دەناسێت (بە تۆپز ئەم دادەمەزرێنێت و ئەو لەکار دەردەکات)، یان وەک خێڵەکییەکی گوندی دابەشکردنی سامان بەسەر نەوەکانی خۆیدا وەک ڕەوا دەبینێت.

5

ئێمە بۆ نزیککەوتنەوەی کۆنکرێت لە کرۆکی کوردایەتی چاک دەکەین لە "سەرەمی هەنووکە"دا نموونەی ریال وەربگرین، بەتایبەتی خۆزگە و هەڵوێستی سیاسیی زۆر کورد بەهەند وەربگرین کە لە کانگای ناخیانەوە خویا دەبن. لێ ئێمە ئێستا لێرەدا بەر پرسیارێکی زۆر ناڕەحەتکەر دەکەوین کە بریتییە لە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ ئاواتەخوازی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند-ی / فیدرالی بەغدادن بۆ نێو "وڵاتەکەیان"؟ یان هەمان پرسیار بە شێوەیەکی دیکە و کەسێنراو دەکەین کە لەم شێوەیەیدا زۆر ڕاچڵەکێنەرە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ بەشانازییەوە لە "سەدام حسێن" دەدوێن؟
ئەم ڕەوشە زۆر جێی سەرنجە، چونکە هەڵوێستێکی ڕەسەنی کوردییە و کەسی هەڵوێستنوێن خۆی بەئاشکرا وەک هاوڵاتییەکی "ئێراق"ی ڕادەگەیەنێت! لێرەدا حیکایەتەکانی کوردستانی دابەشکراو و لکێنراویی زۆرەکی بە ئێراقەوە لەکارکەوتوون! ترس لە کوردایەتی ڕەویوەتەوە! پێدەچێت کەسی هەڵوێستنوێن بۆ یەکەم جار لەژێر ستەمی نوێنەرانی کوردایەتیدا "ئێراقی-بوون"ی خۆی ئەوها ڕۆشن ئاشکرا کردبێت!
لێ ئێمە بە هێنانی ئەم نموونەیە بۆ ژێر پرسیار مەبەستێکی دیکەشمان هەیە: ئێمە دەمانەوێت هاوکات ببێژین، کە کوردایەتی ناڕەوایە لە تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکەی دژبەر یان دوژمنی خۆیدا، چونکە تۆمەتەکانی لە دووانەی لەگەڵ-لەدژەوە ڕادەگەیەنێت: "یان لە خزمەتی ئامانجەکانی مندایت و هەنگاو بە هەنگاو شوێنم دەکەویت، یان تۆ دوژمنی گەل و وڵاتی خۆتیت!". لێ ئێمە دەبێت بەڕاستی لەم پەیوەندییەدا بوێریمان بۆ پرسیارێک هەبێت، واتا: ئایا لەبەر چە هۆیەک دەبێت زێبارییەکان کە هاوڵاتیی ئێراقین، جاش بووبن؟ ئەی ئایا نوێنەرانی کوردایەتی خۆیان (بە هەموو لایەنەکانیانەوە) چین کە لەنێو خاکی ئێراقدا پێش سوپای بێگانان کەوتوون و دەکەون؟
بێگومان مەبەستی ئێمە لەوە نییە کە خیانەت لە گەل و وڵاتی خۆ بە ڕەوا دابنێین، بەڵکو دەمانەوێت ببێژین، کە تۆمەتبەخشینەوەکانی نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ناڕەوان، بەڵکو هەروەها پڕمەترسیترن لە هەڵوێستی ئەو کەسانە / گرووپانە کە بە ئاشکرا خۆیان وەک هاوڵاتی دەوڵەتی ناوەندی (ڕاگەیاندبوو و) ڕاگەیاندووە و ئامادەن خزمەتی دەوڵەتی خۆیان بکەن. جگە لەوە و زۆر بەتایبەتی لەم پەیوەندییەدا سەرلەنوێ کرۆکی درۆزنانەی کوردایەتیمان بۆ ئاشکرا دەبێت، چونکە ئەو خۆی لە کرۆکییەوە شەڕکردن بووە بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتی ناوەندیدا کە ئاشکرایە دەسەڵاتدارییەکی چەوسێنەر بووە، هاوکات شۆڕەسوارانی ویستوویانە لە ناوچەکانی خۆیاندا درێژە بە دەسەڵاتی چەوسێنەری خێڵایەتی و شێخایەتییان بدەن، بەڵێ مڕ و شاناز لەنێو دیوەخاندا دابنیشن و حیکایەتی مەزنییەکانی باوک و باپیریان (تەنیا ئەوان) بگێڕنەوە.
بەم شێوەیە خویا دەبێت کە کوردایەتی هیچ پەیوەندییەکی بە خەباتی ڕزگاریی نیشتمانییەوە نەبووە و نییە، بەڵکو لە کرۆکییەوە نوێنەری چەوسانەوەیە، ئەوە بێگومان لە هەردوو ڕووی خێڵەکی-گوندی و شارنشینی-مۆدێرنیزەکراویدا، جا گەرچی گەرەکە هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە کوردایەتی لە ڕووی مۆدێرنیزەکراوییەوە پتر ئەدگاری عەسابانەی وەرگرتووە. ئەمە بێگومان واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە عەسابەیەتی لە نێوەندی دەسەڵاتداری خێڵەکیانەی گوندیدا نەبێت، لێ لەوێ سەری عەسابەکان بە خێڵەکییانی گوندی گیراوە، بە پێچەوانەوە لای شارنشینانی مۆدێرنیزەبوو سەربەست بووە – خۆی لە مەیداندا باڵی فشکردۆتەوە.

6

کرۆکی کوردایەتی هەردەم ئاشکرا بووە، لێ بەتەواوەتی لە گشت لا پێزانراو نەبووە. ئەمیان بۆ یەکەم جار دوای ڕاپەڕینی 1991 ڕووی دا، واتا ئەو کاتە کە دەرفەتی کاری دامەزراوەیی بۆ ڕەخسا. ئیدی بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا بوو کە چۆن شۆڕەسوارانی کوردایەتی دوای گەڕانەوەیان یەکسەر درێژەیان بە شێوازی دەسەڵاتنواندنی دیوەخانییانەی (واتا پان-بۆوەی تەمەڵی) باب و باپیرانیان دا و تا ئەمڕۆ پیادەی دەکەن، کە بێگومان ئەو جۆرە دیوەخانییەی دەسەڵاتنوێنی هاوکات تاکە مۆدێلی سیاسەتکردنی عەسابەکانیش بوو. جگە لەوە ئەوانی تێهەڵدراو کە ئێستا دوای جەنگی کەنداو و ڕاپەڕین دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نێو ئێراق بۆ ڕەخسا، زۆر چاک لەوە بەئاگابوون و هاوکات بەلایانەوە ئاسایی بوو کە لە دەرەوە شەڕی نێوخۆی کوردان بەپرۆگرامکراوە. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی هەمیشە مرۆڤی کوردیان وەک سووک و ناشایستەی ژیان بینیوە، بەلایانەوە ئاسایی بووە ئەو شەڕە بەپرۆگرامکراوە بهێننە سەر خاکی خۆیان و لەوێ گەنجانی کورد بەکوشت بدەن! ئێمە لێرەشدا سەرلەنوێ بەڵگەیەکمان دەستگیر دەبێت بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە کرۆکییەوە توانای دەوڵەتداریی نەبووە، بەڵکو بریتی بووە لە یاخیبوونی کوردانی سۆزمەند و خێڵەکییانی گوندی و شەقاوە خوێندەوارە سیاسییەکان. ئاخر ئاگایی دەوڵەتداری لە ڕەوشی ئەوهادا شیمانەکانی شەڕی نێوخۆ دەکوژێنێتەوە، ئەوە گەر بە کودەتاش بێت. بەڵێ لە ئاگایی دەوڵەتداریدا هەموو دەستوێژێک بۆ پاراستنی گرووپ (گەلی خۆ) ڕەوایە.
گومانی تێدا نییە کە کوردستان بۆ کوردایەتی تەنیا خاکە نەک وڵات، ئەوجا دەبێت لەسەر ئەو خاکە دەمارگیرانە شەڕی پاراستنی دەسەڵات بکرێت کە لە زۆر ڕووەوە میراتیی باب و باپیرانیانە و دەیانەوێت بیپارێزن. لێ شۆڕەسوارانی کوردایەتی هاوکات درۆزنانە لە "ماڵی کورد" دەدوێن کە هەرگیز وجودی نەبووە، بەڵکو کوردەکان هەردەم لە فرەماڵدا دراوسێیانە (بەئاشتی یان دوژمنانە) ژیاون. کەواتە ئێمە پەیوەند بە دەستەواژەی "ماڵی کوردی"شەوە یەکێک لە گەورەترین درۆکانی کوردایەتی ئاشکرا دەکەین، یان بەگشتی تەنیا ڕەوانبێژییەکی قێزەوەنی خۆخۆشەویستکەرە و لە ئەوروپییەکان وەرگیراوە، کە بەزۆر بەسەر داکەوتی ناتەبا و فرەماڵی کورداندا دەسەپێنرێت. ئێمە هاوکات لەم پەیوەندییەدا جەبانێتیی نوێنەرانی کوردایەتی دەبینین کە فرەماڵی ناناسێنن و وەک هەرێمی سەربەخۆ بەرجەستەیان بکەن. لێ لە بنەڕەتدا، سەربەخۆ لە ئەوان، تەنیا بەدامەزراوەییکردنی ماڵەکان دەرفەت دەڕەخسێنێت کە لە ئایندەدا بە کاری کولتووری و ئیجرای سیاسی و ئابووری ماڵێک لە ئەوان پێکبهێنرێت.

7

کوردایەتی سەر بە کولتووری (سەقافەی) نزمە، وەک ئەوەش دژی یان تەنانەت دوژمنی کولتووری باڵایە، ئەوجا ئەمڕۆ وەک باڵادەست کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووری نواندووە و بەردەوام دەینوێنێت، کە گرنگترینیان بریتین لە: ساویلکەکردنەوەی خەڵک و فێرکردنیان بۆ تێربوون بە دەربڕینی سادە، بەمەش دەمەوەرکردنی ساویلکەکان کە لە خۆیانەوە لەسەر هەموو شتێک قسان دەکەن؛ ئەوجا فراوانکردنی بوارەکانی رواڵەتگەری و فشکەرێتی لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا، لێرەشدا بەدجۆرترین و بەدئەخلاقترینی ناکەسانی کۆمەڵ لە میدیاکاندا کاری پرۆپاگەندەیی بۆ دەکەن؛ هەروەها لەناوبرنی خەون یان مەبەست یان هەوڵی دەوڵەت لەنێو هەناوی کوردانی ئێراقدا، چونکە نوێنەرەکانی مەمنوون بوون کە ئارەبی برا گەورەیان دیدێکی ئەرێنییان تێبگرێت یان بە "عافیە کەکە" بە شانیاندا بکێشێت، و هتاد.
کوردایەتی ڤایرۆسێکە کە جەستە تووشی شەلەل دەکات و هۆش بە خورافیات دەتەنێت. ئەمڕۆ کورد بەهۆی ئەم دوو نەخۆشییەی نێو لەش و هۆشی خۆیەوە زۆر لە هەنگاوی دامەزراندنی دەوڵەت دوورکەوتۆتەوە. مەگەر سێ کوردستانەکەی دی بە داگیرکردن فریای کوردەکانی ئێراق بکەون، کە پاشان بەهێز هەڵوێستمەندان و کەرامەتدارانی نێویان بهێننە سەر دەسەڵات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە لەبەر ئەوەی ئەمانیش تەمەڵ و نەشارەزای سیاسین، ئەوا دەبێت هەرسێکیان پێکەوە دارەدارەیان پێبکەن و هاوکات لەبەر ئەوەی کەمینەن، دەستیان بەرنەدەن.

ماویەتی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە