پەیامی هونەرمەندان

Tuesday, 15/06/2021, 18:38

4012 بینراوە


 هونەرمەندان لەشاری سلێمانی گردبوونەوەیەکیان بەست و پەیامێکیان نارد بۆ حزبە سیاسیەکانی کوردستان و داوایان لێکردن کە ڕێگە نەدەن بەهیچ شێوەیەك شەڕی ناوخۆ و شەڕی براکوژی دروست ببێ.

ئەم گرووپە لەهونەرمەندان ئەوپەڕی ناڕەزایی خۆیان لەدژ داگیرکاری تورکیا دەربڕی و داوا لەهەموو لایەك ئەکەن نەیەڵن دەست کەوتەکان بەگشتی و قەوارەی هەرێم لە کیس بچێ.
دیارە ئەم پەیامە هیچی جیاوازتر نیە لەو هەموو ڕەخنە و قسە باق و بریقانەی ڕۆژانە لە تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی باشور ئەیبیستین کەوا مەترسیمان لەسەرە و کوردستان بە بار و دۆخێکی هەستیار تێپەڕ ئەبێ و قەیرانەکان قووڵتر بوونەتەوە و کێشەکان زیاتر ئاڵۆز بوون و مەترسیە دەرەکیەکان زیاتر لێمان نزیك بوونەتەوە و چی تر بەرگەی ئەم بارو دۆخە ناگرین و پێوستە هەنگاوی جدی بنێین و هەزارەها بەیت و بالۆرەی لەم جۆرە. بەڕاستی گەر یەکێ لەم بەشەی کوردستان نەژی و ئاگادار نەبێ لەنزیکەوە ئەڵێن دیارە ئەم هونەرمەندانە گەلێ دڵسۆز و کوردپەروەرن، ئەمانە لەئاست ئەو مەترسیانە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەریەك بۆ ئەوەی زیاتر هاوڵاتی هۆشیار بکەنەوە و نەیەڵن ئەم ئەزموونەمان لە دەست دەربچێ.
پێشەکی ئەبێ ئەوە بەیادی ئەو هونەرمەندانە بێنینەوە کەوا ئەوەی ئەم ڕۆژەی دروست کرد بەشێکی زۆری گوناه و خەتاکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئێوەی ڕۆشنبیر و نوخبە و هونەرمەندان. ئەوە ئێوە بوون گونی مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانی و مەسعودتان گەورە کرد و هەزارەها شیعر و شانامەتان بۆ نووسین، چەندینی وەك هەژاری موکریان و شێرکۆ بێکەس و کەمال مەزهەر و عزە دین مستەفا ڕەسوڵ و بەختیار عەلیەکان بوون واژووتان کۆکردەوە بۆ ئەوەی مەسعود لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، ئەوە ئێوە بوون داواتان کرد مەسعود ببێ بە مەرجەع، ئەوە هەر ئێوە بوون لەگەڵ فەرهادە شێت پێشنیارتان کرد مەسعودی قەزم ببێ بە مەلیکی کوردستان، ئەوە ئێوە بوون خەڵکیتان فێری مووچە کرد و وەك لەتیف هەڵمەت لەسەرەی مووچەدا بوەستێ و بکووڕوزێتەوە.. ئێوە بوون پارەو پوولتان لە تورکیا و پشوەکانتان سەرف کرد، ئێوەن ڕیکلام بۆ ئێران و تورکیا ئەکەن.. هەرجی ناشرینی کۆمەڵگابوو ئێوە فێرکەری بوون، ئەوە ئێوەبوون بە هەر 10 پەنجەکەتان ڕیفراندۆمتان واژوو کرد.
ئەو کاتە میلەت هەموو شتێ ئەدۆڕێنێ کاتێ ئاستی هونەر وکەسایەتی و  جۆرایەتی هونەرمەندانی چەپڵە بۆ دیکتاتۆر و سەرۆك جاش و خاکفرۆش ، لێبدا. کامتان گلەیەی و ناڕەزایی و خۆپیشاندانتان ڕێکخست بۆ لەناوبردنی ئەو هەموو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانەی بەدەستی دوو بنەماڵە تیرۆر کران؟ کام لە ئێوە مانی لە نان خواردن گرت کاتێ ئەو هەموو ژنە بەنای شەرەف ئەکوژرێن؟ کەم لە ئێوە لەباتی مووچەیەك زیاتر لە ٦ مووچەی زیاتری نەبێ؟ کام لە ئێوە وێراتان ڕۆژێ بایکۆتی ڕۆژنامەنووسانی ئەم دوو بنەماڵەیە و بەشداری تەلەفیزۆنەکانیان نەکەن؟ کام لە ئێوە توانیتان جگە لەو کۆمیدیا بێ لەزەتەی دەرخواری خەڵکی ئەدەن، شتێ بڵێن دژی بەرژەوەندی بنەماڵە و ئێران و تورکیا؟ کام لە ئێوە ڕۆژێ توانیوتانە بە دەنگی دلێر بڵێن؛ پێوستە گەنجانی ئێمە بچن بۆ خەبات کردن لە ڕێزەکانی پەکەکە و پەیەدە و پژاك؟ کام لە ئێوە زاتی ئەوەتان هەیە خانمەکانتان پێش خۆتان بدەن و بەشداریان پێ بکەن لە کارو خەباتی مەدەنییانەی ڕۆژانە؟ کامتان ڕۆژێ هاتوونەتە نێو ئاپۆڕەی خۆپیشاندەران و دژی بە دەستەڵاتی ملهوڕی جەلال و مەسعود دەنگتان هەڵبڕیبێ؟
ئاخر چۆن چۆنی پەیامتان کورت ناهێنێ و دوای 5 خولەك لەبیر ناچێتەوە ، ئێوە ڕاستگۆ نین لەگەڵ خۆتان و هونەرەکەتان، هەر بۆیە کەس ئامادەیی نیە گوێتان لێبگرن و دەنگتان وەك بارانی بەهار وایە و تاوێکەو دواتر هەتاو دەرئەکەوێ. ئێوە لەگەڵ خەمی خەڵك نین و هیچ کات لەڕیزی پێشەوەی هەژاران و لێقەوماوان نەبوون... هیچ جیاوازیەك نیە لەگەڵ بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی ئەندامانی هونەرمەندانی کوردستان. هەمووتان لەیەك سەنگەرن دژ بە خواست و بەرژەوەندیەکانی کورد و کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە