بۆچی ئەکادیمیستەکانی کورد بێدەنگیان ھەڵبژاردووە؟!

Tuesday, 15/06/2021, 23:56

21316 بینراوە


کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و زانای دەروونی و سیاسەتمەدار، واتە ئەکادیمیستی چواردە وڵاتی ئەوروپایی، لە زەمانی کۆرۆنا و گوڵلەبارانی دوژمنێکی دێرینی نەتەوەی کوردا،  دەگەنە باشوور  و گۆمی بێدەنگی میدیا وحوکومەتەکانی خۆیان، دەشڵەقینن.
ھاوکارە کوردەکانیان، کە لەھیچ قۆناغێکی نەتەوەکەدا، ھێندەی ئێستا ژمارەیان زۆر نەبووە و لە زاستگە وزانکۆکانی جیھاندا بوونیان نەبووە، بێدەنگن و تەنانەت، نەیان توانییوە وەک، کوردێکی ئاسایی، با بڵێن ڕەشەکوردێک، ھاواریان  ببیسترێت و ھەر ھیچ نەبێ لەیەکێک لەم تۆڕانەدا، لاپەڕەیەکیان ھەبێت، تا ڕەشەکوردەکە، وەک سەرچاوەیەک بۆ بیروڕا و شڕۆڤەکانیان بگەڕێتەوە.
• نالی، دژ بە شەڕی براکوژی بابانەکان، توڕەیی خۆیی بە سەرھەڵگرتنی خۆی پیشاندا.
• پیرەمێرد وەک خۆی دەڵێ، جلی پاشاکانی ڕۆمی لە بەردا بوو، لە کۆشکی پاشایی ڕۆمدا دەژیا، بەڵام شەوانەخەونی دەبینی، وا لە باخێکی گەڕەکی چوارباخی سلێمانی، خەریکی ھەنار دزینە، بۆیە شەقێکی لە تاج وئەستێرەی پاشایەتی ھەڵدا و گەڕایەوە بۆ نیشتمان و ئەو بزووتنەوە ڕۆشنبیرییەی دەست پێکرد، کە ئاگرەکەی  تادێ دەگەشێتەوە.
ئێمەی ڕەشە کوردە، بە ھەر چوارلای خۆماندا، پەل دەھاوین و دار و بەردمان لە خۆمان و خێزانمان کردۆتە ئاگر وپردەکانی پشت سەری خۆمان ھەمووی وێران کردووە، نە ڕەخنەیەک، نە ڕێنماییەک، نە سەر کۆنە و نە بانگێک و نەدڵنەوایەک و نە توڕە بوونێکمان لە ئێوە نەبیست!.
ئەگەر ھەڵەیەک بکەین، ئەگەر عەقڵمان بە سیاسەتێ نەشکێ، ئەگەر  دروست نەنووسین، ئەگەر زمانمان تەواو نەبێ،چی بکەین؟! 
مەگەر ئێوە لە خوێن و ئێسک و ئازار و ژانی کوردبوونی ئێمە نین، بۆلای کێ بگەڕێنەوە، لە دەرگای فکری کێبدەین،  کێ ڕێنمایمان بکات، ھەرچی دەکەین، پێمان دەڵێن: تیرۆرستن، ئاخر لە توانای کێدایە، ئەم مۆرە لەناوچەوانمان بسڕێتە و لە سەرمان بێتە دەنگ، جگە لە ئێوە.
ئێوە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی جیھانیدان، لە ناو دڵی سیاسەت و ئابووری و زانستی ئەوروپادان، بۆ بێدەنگن بەرانبەر ڕەنجی بێوەری ئێمە؟!.
• ھاوکارە کوردەکانتان، لە زانکۆکانی باشوور، بێشەرمانە گاڵتە بە تواناکانی ژنانی کورد دەکەن و ئێوە بێدەنگن!!.
• نیشتمان دەسووتێ و ئێوە بێدەنگن!!.
• منداڵی کورد، ھاواریی بێکەسیی گەیشتە عەرشی ئاسمان و ئێوە بێدەنگن!!.
• قەڵەمەکان لە باشووردا لە خاچ دەدرێن و ئێوە بێدەنگن!!.
• ئەگەر ئێمەی ڕەشە کورد، بە ھەموو کەمایەسییەکانمانەوە نەیەینە دەنگ، ئەی چی بکەین!!.

چاوەڕێی کێ بکەین؟!
ئەگەر دڵمان بە ئەکادیمیستە ئەوروپاییە مرۆڤ دۆستەکان خۆش نەبێت، دڵمان ئەتەقێ، ئەی دڵ بە کێ خۆش بکەین!!.
ئێوە وەک فکری کوردی، زانستی کوردی، پێشڕەوی کوردی، ئەرکتانە، وشیارمان بکەنەوە، ئاگاتان لێمان بێت،ڕێنما و چاوساغ و خاوەنمان بن!!
- کام پەیمانە کۆمەڵایەتییە کوردییە نەنوسراوە، ڕێگەتان پێدەدات، ئێمە ھەڵە بکەین و ئێوە بێدەنگ بن؟!.
کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ و خاوەن کۆمپانیای حیزبی، چارەنووسی نەتەوەیەک بخەنە مەترسییەوە و ژیانی خەڵکلەسەر خۆیان تاپۆ بکەن و ئێوە بێدەنگ بن؟!.
تکاتان لێ دەکەین، ھەموو ھاوار و خەم و حەسرەت و ھیوا و تواناکانمان، کۆکردۆتەوە و بۆ ئێوەمان ھێناوە،بۆمان جودا بکەنەوە، 
ڕەش و سپیمان نیشان بدەن، 
دەرسێکمان پێ بڵێن، 
ڕێنماییەکمان بکەن،  
ئەلفی زاستێک و
بێی ئابوورییەک و 
زێی ئازادییەکمان نیشان بدەن.
- ئێمە ئێوە بە خاوەن و خەمخۆر و کەسمان دەزانین...
- ئێوەش نیشانمان بدەن، کە خاوەن و خەمخۆر و کەسمانن.
دڵمان تەنگە، کە ئێوەمان ھەیە بەڵام لە بیابانی بێکەسیدا، ئێمەتان بە کەسانێک سپاردووە، سەرەواو لە سکیاندا نییە و ھەر لەبەر ئەوەی کوڕی سەرەک خێڵ و خاوەن کۆمپانیای حیزبی حەفتاساڵەن، کەرامەتی ئینسانی وکوردبوونمان ورد دەکەن و دەمان شکێنن....
دڵتان دێت گوێ بۆ شکاندنی کەرامەتی ئینسانی ئێمە بگرن و فکرتان نەکە ھێزێکی کارا و کاریگەر و پێکەوەیی ( یەکگرتوو)  و لە ئێمەی ڕەشەکورد نەبنە خاوەن؟!. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە