ئەڵمانیای کۆلۆنیالیست و نامیبیای قوربانی

Wednesday, 16/06/2021, 0:09

5972 بینراوە


ئەگەرچی ئەڵمان لەمێژوودا بەھێزێکی کۆلۆنیالیستی دیاری وەک ئینگلیز و فەرەنسی و ئیسپانی و پورتوگالی و ھۆڵەندی نەناسراوە، لێ لەگەڵ ئەوەشدا لەو مێژووە ڕەش و قێزەونەی کۆلۆنیالیزم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆماری کردووە پریشێکی بەردەکەوێ...
 سەردەمی سەرھەڵدان و بەھێزبوونی کۆلۆنیالیزم لەسەدەی 19 دا ئەڵمان بەتایبەت بسمارک چاوی بڕیبووە داگیرکردنی ئەوروپا زیاتر لەوەی ھیچ ئامانجی پەلھاویشتن نەبوو بەرەو ئەفەریکا و ئاسیا.. ھەر ئەم فاکتەشە کەوای کردووە ئەڵمان لەدەرەوەی ئەوروپا مێژوویەکی وا تایبەتی کۆلۆنیالیستی نییە. دوای دروست بوونی رایخی یەکەم لە 1871 لەسەر دەستی بسمارک دا، تا وازھێنانی ئەڵمان بە دراوسێکانییەوە سەرقاڵ بوو.. دوای وازھێنانی ئەو لەریکان 1884-1915 ھەندێ وڵاتی لە ئەفەریقا داگیر کرد.
وڵاتی نامیبیا، کۆلۆنی ئەڵمانیا بووە. لەسەردەمانێکدا1904-1908 نزیکەی 100,000ھەزار کەسیان لە دوو ھۆزی دیاری ئەو وڵاتە، Herero,Nama  کوشتووە. ئێستا پاش 100 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو کوشتارەدا، حکومەتی ئەڵمانی ددان بەتاوانەکەی ئەو جینۆسایدەی ئەنجامی داوە دەنێت و ئامادەی قەرەبووکردنەوەی زیان لێ کەوتووانە.. بڕیارە بڕی 1,1 ملیارد یۆرۆ بدرێتە نامیبیا، جگە لەوەی کەوا لەماوەی 30 ساڵی ڕابووردوودا بڕی یەک ملیارد ھاوکاری جۆراوجۆر پێشکەشی ئەو وڵاتە کراوە... لەبواری تەکنەلۆژی و کشتوکاڵ و زۆر بواری تریشدا ئەڵمانیا ھاوکاری نامیبیایە... 
ھەردوو حیزبی گەورەCDU&SPD  کۆمیسیۆنێکیان پێکھێناوە بۆ «کارکردن لەسەر کۆلۆنیالیزمی وڵاتەکەیان». دەیانەوێ وێنەیەکی تری ئەرێنی ئەڵمان نیشانی جیھان بدەن. لە ڕاستیشدا ھەنگاوێکی نوێی و جێی ئەوەیە بەچاوێکی بەرزەوە تێی بڕواندرێ. ھەر نەبێت لە ئیستادا وڵاتی قوربانی لە ھیچ ڕوویەکەوە لە عۆدەیدا نییە ڕووبەڕووی ئەڵمان بێتەوە. کەواتە کاتێ دەسەڵاتدار چاکەیەک بە زیانی خۆی دەکات، مانا و بەھای گەور ەی ھەیە...
ئەوەی جێی سەرنجە ماوەی 7 ساڵە ھەردوو حکومەت بە بێدەنگی خەریکی گفتوگۆ و چارەسەری ئەم کێشە گەورەیەن...ڕێکەوتنێکی 7 لاپەڕەییان گەڵاڵە کردووە. بابەتێکی تریشی بریتییە لە گەڕاندنەوەی تاڵانییە ھونەرییەکان بۆ نامیبیا.
ئەم کێشە گەورەیە و ڕەھەندەکانی ئێستای پڕ لە پەند و سوودە بۆ مرۆڤایەتی ، دەست پێشکەرییەکەی ئەڵمانیا دەکرێ ببێتە سەرمەشق و دەشێ ھەنگاوی تری لە وڵاتانی تریشەوە بەدوادا بێت!.. مێژووی ئەوروپا بەتایبەت تژی لە ستەمکاری و کۆلۆنیالیستییە، لەبەرانبەر ئەفەریکا و ئاسیا و تەنانەت ئەمەریکاش دا...
ھەواڵەکان باس لەوە دەکەن کەوا لە ناوەوەی نامیبیا دەنگی ناڕەزایی گەورە بەرانبەر بەم ڕێکەوتنامەیە ھەیە، بەتایبەت ئێستا نوێنەری ئەو دوو ھۆزە لەدەسەڵاتدا نین... یاخود ڕەخنە و سەرنجی تریان بەرانبەر بە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە ھەیە.
ئەڵمانیاش لەوە دەترسێ ئەم ھەوڵ و ھەنگاوەی سەرنەگرێ. بەتایبەت وەک بڕیارە سەرۆکی ئەڵمانیا Walter Steinmeyer بە فەرمی بچێتە پەرلەمانی نامیبیا بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە و لەوێ وتارێک بدات و داوای لێبووردن بکات بەناوی حکومەت و میللەتەکەیەوە...
من لای خۆمەوە دەستخۆش لە بوێری و داوا ھەقەکەی نامیبیا دەکەم... ھاوکات بە چاوێکی بەنرخەوە تەماشای ھەنگاوەکەی ئەڵمانیاش دەکەم..
کوردیش... دەتوانێ لەم ئەزموونەوە شتێکی بەسوود فێربێ و بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، یان ھەر دەزگایەکی تری جێی بڕوا و متمانەی خەڵکەوە، دۆسییەکی چڕو پڕ بە داتا و ئارگومێنتەوە بدەنە دەست دەستەیەکی دیبلۆماسی و لۆبیساز ،بەرۆکی ئینگلیز و فەرەنسا بەتایبەت بگرن! لەسەر ئەو تاوانانەی دەرھەق کورد ئەنجامیان داوە . جگە لە داوای قەرەبووکردنەوەی مادی، داوای پرسی سەربەخۆیی یاخود پاراستنی ھەموو کوردستان لە داگیرکەران بگرنە ئەستۆ، چونکە جینۆسایدی کورد لە لایەن ئەو دەوڵەتانەی دەستکردی ئەمانن ھێشتا درێژەی ھەیە....
لەم بارودۆخەدا قۆستنەوەی ئەم ھەلودەرفەتە مێژووییە گەلێ گرنگە، کورد پێویستە باشترین سوودی لێ وەرگرێ...لەم وانەیەش سوود و پەندێ بچنێتەوە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە