گه‌وره‌ترین باندی دزیی داو ده‌رمان له‌ سلێمانی ئاشكرابوو


بەکێ دەگوترێ پێشمەرگە؟

Thursday, 06.17.2021, 2:19

1766 بینراوە


بەوانە دەگوترێ پێشمەرگە” مەرگی خۆیان پێش ھەموو شتێک خستووە لە پێناو پاراستنی نیشتیمان و سەروەریی گەل، بۆ ئەو ئامانجەی ساڵەهای ساڵـــە کورد خەباتی بۆکردووەو بەدیی نەهاتووە، تۆی پێشمەرگە لە پێشەوەی جەنگــ ئێشکـگری” مەرگی خۆت وەک تارمایی لە هەرهەنگاوێکدا بەدی دەکەیی” پێشمەرگە درک بە ڕۆحی خۆی دەکا کەلەشەونخونیدایەو بەرگری لە نیشتمانەکەی دەکات و برینداربوون و برسێتی و تینوێتی بەشێکە لە مەرگی” پێشمەرگەی ڕاستەقینەی 30 ساڵی حوکمداریی کرێچیە ” خاوەن خانوەکەی دەری دەکاتە دەرەوە” بەسواڵ و سەدەقە ژیان بەڕێ دەکا، پێشمەرگە پارەی نیە خواردنێکی باش بۆ منداڵەکانی بکڕێت و گەشتێکیان پێبکات بۆ شوێنی خەیاڵەکانی” پێشمەرگەی ئێستە لەچاوەڕوانی مەرگی خێزان و منداڵەکەیەتی، موچەکەی ناگاتە کۆتاهیی مانگ” منداڵەکانی دەسبەرداری خوێندنن، لەسەر شەقامەکان سەرقاڵی بژێوی ژیانن، پێشمەرگە بەرەوپیری گولـلەوە دەچێ و پارێزگاری لە خاک و سنورمان دەکات” لە هەر ڕوو بەڕووبونەوەیەکدا سەرکەوتن تۆماردەکا.
لە ماوەی دەیان ساڵی ناوهێنانی هێزی چەکداری کورد بە پێشمەرگە شەوو ڕۆژگاری سەخت و پڕ تراژدیای هەبووە” لە هەندێك مانەوەو ڕێکردندا لەجیاتی گۆشتی ئاسک گەڵاوگۆڵیان خواردوە” باشتریین ژەمە خواردنەکانیان نانە ڕەقەی ناوگیرفان بووە، بنکەڵەکی چیاکان” شاخەدیوارینەکان” ئەشکەوتەکان جێگای حەوانەوەی شەوو ڕۆژیان بووە” هەرهەنگاوێکی ئەوکات بۆ ڕزگاری نیشتمان و پیرۆزییەکانی گەل بوو تا ‌ڕۆژێك بێت کورد به‌ئاوات و ئامانجی خۆی بگات، ڕۆژێك بێت و به‌سه‌ربەستی بتوانن به‌سه‌رشه‌قامه‌کانی شاردا بگەڕێین و به‌ئازادانه‌ باس له‌ بیرەوەریەکان بکەن و چیرۆک و مەرگەساتەکان بۆ نه‌وه‌ی نوێ بگێڕنەوە.
بێدەنگ بون و سڵکردنەوە لەو ناعەدالەتی و بێویژدانییەی ڕوبەڕوتان بۆتەوە ڕۆژگارە زێڕینەکان بەهەدەر دەدا” لە ئاوی لێڵا بەشوێن کلکەماسی دا مەگەڕێن’ زۆرجار هێز ئەوەندە بێ مۆراڵـە” خەرمانی عەقڵ فەرهوود دەکات و ڕادەستی تۆفانی دەکات” ئایا دوایی تەفروتونابوونی خاکەکەت و لەدەستدانی ئەوشوێنەی تێیدا دەژی وەڵامت چیدەبێ لەم ڕۆژگارانەی تێیدا بێ دەنگی؟ بۆدەبێ درەنگ بیربکەنەوەو لەکاتی نـەگونجاودا وەڵامتان هەبێت؟ مەگەر زەمەنێکی ناوێ بۆ گەڕانەوەو دەسپێکێکی نوێ؟ ئەوەی لە ئێستادا بەدیهاتوە چۆندەتوانن بیبەنەوە شوێنی بێدەنگیتان؟ ئەو بێدەنگیەی هەتانە ڕێگاکە دووردەخاتەوە دەبێت هوشیاربن، چونکە ئومێد تاکە شتێکە ناکرێ لەژیانا وون بکرێ و دەبێت بیپارێزیین” بۆیە گەیشتن بەئامانجێک هەموو شتێکی دەوێ لەپێناویدا بیبەخشیین گەر مەرگیش بێ.

پێشمەرگە موتوربەکراوەکان کێن؟

پێشمەرگە موتوربەکراوەکان” ئەوانەن وەرزاو وەرز دەچنە سەردانی پێشمەرگە لە سنور و بەرەکانی جەنگ بە بەرگی خاووێن و ئوتووکراو لە مێدیاکانەوە خۆیان ڕادەوەشێنن کاروچالاکی پێشمەرگەی جوامێر دەفرۆشنەوە، ئازایەتی پێشمەرگەی بەرگریکاریان داگیرکردوەو ئەوەی پێشمەرگە ئەنجامی دەدا بە هیخۆیانی دەزانن.
گەر تۆی پێشمەرگە تا کۆتایی ئەم نوسینەو تێبینیم لە بابەتەکە بخوێنیتەوە دەزانی کام پێشمەرگە پێشمەرگەیە!؟
ئێوە" لە چیرۆکی داستانی شاخ و خەباتی پارتی زانیتان خوێندۆتەوە"  کە پێشمەرگەی جاران ڕووبەڕوی دوژمن و داگیرکار دەبوویەوە، بەڵام بەداخەوە پێشمەرگەی ئێستا !؟ ڕوبەڕوی براو هاووڵاتی خۆی دەبێتەوەو هەموو هەوڵەکانی ڕابوردوو دەسڕنەوە، گەر شەرم نەکەین و، ڕاستگۆ بدوێین، دەزانین کە بەشێک لە سەرچاوەی دروستبوونی ھێزە چەکدارەکانی کوردی هەرێمی  باشوری کوردستان،  لەسەر  ژێرخان و سەرخانی ھاوبەش لە « پێشمەرگە و جاش کوردەوە، گەشەیکردووەو، ھەڵکشاوە بەرەو ئەو ھێزە پەرش و بڵاوەی ئێستا بونی هەیەو بوە بە دووبەرە.
ھەندێک لەپێشمەرگەکانی شۆڕشی ( کۆن و نوێ ) ی شاخ، دەگەڕانەوە باوەشی ڕژێم و، دەبوونەوە بەجاش و کرێگرتەی دەوڵەت! بەمجۆرە جاشە چەکبەدەستەکانی باشور، گەشەیانکرد و ڕێژەکەیان گەیشتە زیاتر لە "٢٥٠ ھەزار " کەس.
لە ھەمان کاتدا ڕێژەی پێشمەرگەی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردی باشور نەدەگیشتنە " ١٠ ھەزار " پێشمەرگەی شاخ بە شانە نەهێنیەکانەوە!.
لە گۆڕانکارییەکانی دوای ڕاپەڕیندا، ئەو زۆرینەیە لەجاش و خۆفرۆش بوونەوە بە پێشمەرگەو، ناو شارەکانیان بە ناخی جاش باشی و، بەرگی پێشمەرگەوە لێپڕکرا! ڕەمز و ڕەوشتی کەمینەی پێشمەرگەی شاخیشیان لە بۆتەی پرۆسیسی جاشبونەکەی خۆیاندا توانەوەو، جیاوازییەکانی نێوانیان وونکرد و بون بەم پێشمەرگەی ئێستە هەیە کە کلتوری جاشایەتی زەق دیارە. 
کارە قێزەون و نموونە خراپەکانی جاشایەتی بوو لە شێوەی ( «ڕاووڕووت و تاڵانی و، بەقۆنتەرات گرتنی شوێن شەڕگەکانی ڕاوەدونانی کورد و، خۆفرۆشی و چەتەیی، ڕەوشتە ناشرینە بۆماوەییەکانی جاشایەتی بوو بە فۆڕمی کار و ویستێکی خوازراو، بەقۆناغێکی نەرمیشدا گواستیانەوە ناو ھێزە چەکدارەکانی پێشمەرگە »جۆرە« ناونوسی وەھم و، ناسنامەی بێ کەس و، کەسی بێ ناسنامەو، لیستی ئاماری درۆو، فیشەک و چەک فرۆشتنی ناخونەکی کەرەستەو، ئازوقەو سوتەمەنی دزین» خووی خراپ و ڕاھاتوی جاشەکانی کورد بوو. لە ناو ھەندێک گروپی پێشمەرگایەتیشدا بوونە کاری ئاسایی و بێشەرمی لاسایکردنەوە لە شوێنکاری خۆیاندا بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەسی جێبەجێیدەکەن،
کلتوری بەجێماوی خراپی« پێشمەرگەی بووبەجاش و، جاشی بە پێشمەرگەپۆشراودا»، بۆتە موتوربەیەکی تێکەڵ و دارێکی بێبەر و نابەجێ، کە ھەمان ئەو شێوە و شێوازەیە بەشێکی نوێ دروستدەکات لە ژێر ناوەکانی جاش پێشمەرگەی باوەڕدار بە جاشایەتی و، پێشمەرگەی بووبەجاشی خۆپەرست!
دڵنیام ئەم ووتە ڕووگیرو، قورس و ناقۆڵایەش بە ئازارە. کە بەو واتا ناڕەواو ناشایستەیە گەیشتووەو، بەو جۆرەش لە چاوی زۆرینەی خەڵکدا دەبینرێت و لە ناو ناوەرۆکیشدا بە زەحمەت جیا دەکرێتەوە.
بێگومان زۆربەی کەسە شۆڕشگێڕ و دڵسۆزەکانی پێشمەرگە، ناڕازین لە دۆخی گواستنەوەو ھێنانی ئەم کلتورە سەپاوە و ئازار بەخشەداو ناشتوانن بەرامبەر ئەو دۆخە ناڕەوایە ھیچ بکەن و بڵێن: کە بە داخەوە لە شوێن و جوگرافیای جێگیری دۆخەکەشدا کردویانەتە کاری نەکردەو، دەستی بەشێک لە ھێزو خواستی لێدان و، ویستێکی نیەت خراپیشە لە پرۆسەی مەرام وبەکارھێنانی یەکلایکردنەوەی ململانێکان!.
لێرەشەوە ھەمیشە ڕێگاکانی وابەستە بوون و مانەوەی شێوازەکانی دەستەمۆکردنی کەسان و بەدەستەوەگرتنی کەرەستەکانی کرێگرتەیی بۆ خۆیان دەستەبەردەکەن! 
بۆ پەیبردنی بەو نەخشەیەو، چارەسەرکردنی ئەو کێشە پیشەییە، دەبێت لایەنی بەرپرسیارو باڵا لە پارێزگاریکردنی ڕەوشتی و، مێژووییەوە، وردتر لە دۆخەکە بڕوانێ و، دەروازەیەکیش بدۆزێتەوە کەتێیدا « جاش و نیەت جاش »لە« باش و کردەوە باش» جیابکاتەوەو، ئامانج و شکۆی بەرزی پێشمەرگەش وەک خۆی بپارێزێ.
نەک وەک چەک بەدەستێکی ناولێنراو، لە گەڕ و خولی سەنگەرگۆڕینەوەو بەرامبەرێندا، بە بەرژەوەندخواز و خۆپەرست لە بەرەی یار و نەیاری بەرامبەردا بمێنێتەوەو نەبێتەوە بە پێشمەرگە گیانفیداکەی جاران.
ھەر بۆ ئەوەی رۆحی پێشمەرگەو، پیرۆزییەکانی سەرلەنوێ گەشەبکات و، خەبات و مێژوویان بپارێزرێ، دەبێت: بنجی نیەت جاشی و گوێ لەمشتی حیزبی لەبنەوە بسڕینەوەو، داری خۆبەدەستەوەدان و، لایەنداری سیاسیش لە ڕەگەوە ھەڵکێشین، لەجێیدا تۆوی بەرگری و مانەوەی پیرۆزییەکانی پێشمەرگە لەناو دڵی خاک و نیشتیماندا زیندەبکەینەوەو، چەکەرەیەکی نوێتر پیشانبدەین و، موتوربەکراوەکان سڕبکرێن و خەڵکیش لەو بەرکەوتنە دوو ڕووییەی نێوان پلە بەرز و نزمی، جاش و باشدا، گیر نەکەین و، ئێمەش وەک گەلانی دونیا ببینە خاوەن ھێزێکی تۆکمەو یەکگرتوو.