نەتەوە یەکگرتوەکان و دەسەڵات لە باشووری کوردستان

Friday, 18/06/2021, 1:35

7741 بینراوە


لە ناو جەرگەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پێنج وڵات خاوەنی (ڤیتۆ)ن، بەواتایەکی دیکە ئەو پێنج وڵاتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی وگشتیی خۆیان ئەو رێکارەیان داڕشتووە. لە هەر بابەتێكی گرینگیی سیاسی و ئابووریدا هەست بە مەترسی بکەن بۆ سەروڵاتەکەیان مافی ڤیتۆ بەکار دێنن! ئەومافە بۆ تەنیا دراوە بەو پێنج وڵاتە؟ ئەوە  پرسیارێکی بێ وەڵامە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا! ئەو پێنج وڵاتە خاوەنی چەک و چۆڵی مەزن و ئابووریەکی بەهێز و بەرفراوانن. شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانیش ئەو چەند وڵاتە هەڵیانگیرساند بە بێ ئەوەی پرس بە هیچ وڵاتێكی دیکە بکەن.
رۆڵی ئەو پێنج وڵاتە زلهێزە لە سەرکەوتن و بنکەوتنی کورد یەکجار روون و ئاشکرایە. هەر سەرکردەیەک یان حیزبێکی کوردی بە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەو پێنج وڵاتە دەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەندام لە نەتەوەیەکگرتوەکانداسات وسەودای سیاسی یان ئابووری بەرێوەبەرێ هیچکات ئیزنی پێنادەن سەرکەوتن بەدەست بێنێ! شکستەکانی یەک بە دوای یەکی نەتەوەی کورد لە سەرهەڵدانەکانیدا بێگومان دەستیی یەکێک یان دوو، یان سێ لە وڵاتانەی تێدابووە!
رووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعسیش هەر بە فیتی ئەو زلهێزانە بووە.
بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی رۆلێکی ئەوتۆیان لە لابردنی سەددام نەبووە. هەروەک چۆن حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی خۆیدا کاریگەریەکی ئەوتۆیان لە سەر رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی نەبووە. دوای سەددام، ئێستێ ئەو دەسەڵاتە لە باشوور هەیە، سوارە و خەڵكی خاوەن ئەنفال و کیمیابارانکراو کۆڕەو دیتووش پیادەن! ئەوە سی ساڵە کوشتن و تیرۆر و رفاندن و شکەنجە وبێ مووچەیی و بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بەتاڵان بردنی سەرخان و ژێڕخانی ئەو بەشە لە وڵات درێژەی هەیە! کەچی دوای سی ساڵ نەتەوەیەکگرتوەکان نوێنەریی خۆی دەنێرێتە لای تاقمێک چەتە و دزی سەرشۆڕیی داگیرکار، کە دەستورێکی دێمۆکڕاتیک بۆ باشووری کوردستان بنووسرێتەوە!
هەر تاکێکی کورد ئەگەر پشت گوێچکەی خۆی دیت، دەتوانێ باوەڕ بکات کە دەستورێکی دێمۆکڕاتیک و سەردەمیانە لە سای ئەو دەسەڵاتە سەرشۆڕە لە داهاتوودا دەنووسرێتەوە. باشووری کوردستان تژی لە قەیرانە، چەتەکانی هەولێر و سلێمانی تا ملان دز و بە دەسەڵاتن لەناو خۆی وڵات. هەر ئاڵوگۆڕیکی باش و ئەرێنی لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان لە روور سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕووبدا، هەنگاوێکە بۆ لەناوچونی ئەو سیستمە گەندەڵە. ئەوانە چۆن رێگا دەدەن بزمار لە دارمەیتی خۆیان بدرێ.
خاتوو هێنیس پلاسچارت ماوەیەک لەوەی پێش هاتە باشووری کوردستان. تاقمی جەردە و دز و داوێنپیسیی لە دەوری خۆی کۆکردەوە تا پێیان بڵێ: ئەو ئۆتۆنۆمیەی ئێوە بەو شێویە تاسەر بەردەوام نابێ! بە بێگومان ئەو قسانەی کردی هەم گرینگ بووو هەمیش لە زمانی نەتەوەیەکگرتەوەکانەوە رایگەیاند. بەڵام پرسیاری گرینگتر لێرەوە دەست پێدەکات. ئەو نوێنەرانەی کە لەلایان دەوڵەتەکانیانەوە لە نەتەوەیەکگرتوەکان کورسیی ئەندامەتیان پێدراوە، تۆ بڵێی ئەوەندە گێل و نەزان بن کە مێژووی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نازانن؟ هەرکات وشتر توانێ گێرە بگێرێ، ئەو دەسەڵاتەش لە باشووری کوردستان کار بۆ نووسینەوەی دەستورێکی دێمۆکڕاتیک دەکات!
لە ساڵی رابووردودا حەفتا کەس لە رۆژنامەنووس و چالاکوان لە لایان بارەگای تیرۆریستیی سەر بەبنەماڵەی بارزانی گیراون و چەند کەسێکیشیان سزای شەش ساڵ زیندانیان پێدراوە! ئەگەر نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان راستی دەکرد وخەمی ئۆتۆنیمیی کوردستانی هەیە با لە زیندانداچاوی بەو کەسانە کەوتبایە، کە بە فەرمانی دەزگای تیڕۆریی بنەماڵەی بارزانی گیراون و مافی بەرگریی کردنیان لێ وەرگیراوە.
پرسێک لە خاتوو هێنیس پلاسچارت؟
خۆزگە ئەو خاتوونە پێش ئەوەی باسی مان و نەمانی ئەو ئۆتۆنۆمییەی کردبایە لە باشووری کوردستان، تۆزێک زەحمەتی بەخۆیدا بایە و مێژووی سی ساڵی رابوردووی ئەو دوو بنەماڵەیەی کە بە زەبریی تاڵان و دزیی کوردستانیان کەلەبچە کردوە، لێکۆڵینەوەیەی زانستیی لە سەرپێک هێنابایە. راستە وەک نوێنەریی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاخفیوە. بەڵام بۆ خۆشی مرۆڤێکە شارەزالە سیاسەت و شارەزا لە  شێوەی چۆنیەتی بەڕێوە بردنی وڵات.
مرۆڤ گومان لە نەتەوە یەکگرتوەکانیش دەکات. تۆ بڵێی ئەوەندە ساویلکە وناشارەزالە سیاسەت بن وادەزانن ئەو سیستمەی کە لە قەوارەی باشوور هەیە ئۆتۆنۆمییە؟ لە کوێی دونیادائۆتۆنۆمی لە نێوان دوو بنەماڵەدا بەشکراوە؟ سنوری ئەو ئۆتۆنۆمییە لە کوێ بۆ کوێیە؟ دار و بەردی ئەو خاکە کراوەتە دوو لەت لە نێوان دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی! خۆزگە ئەو خاتوونە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد پێناسە کردبایە، پاشان هەڕەشەی لە ناوچونی بکردایە. ئەو ئۆتۆنۆمیەی کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نیوەی خاکی باشووری کوردستانی فیدای رێفڕاندۆمەکەی کەسایەتیەکی نەخۆشیی وەک مەسعود بارزانی کرا، لە کوێی لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیداجێگا دەگرێ؟
من لە نەتەوە یەکگرتوەکان و نوێنەریی ئەو سازمانە دەپرسم، ئەو سیستمەی کە سی ساڵە باشووری کوردستانی بە دیل گرتووە خودموختاریە، یان خودگەردانییە، فدڕاڵییە، کۆنفدڕاڵییە ؟ کامیانە؟، تەنیا دوو بەرەی چەتەن کە هاتوونە سەر حازری بە بێ ئەوەی ماندوو بووبن. ناودێرکردنی ئەو بارودۆخەی کە بە سەر کورددا سەپاوە لەو بەشە لە وڵات کاڕێکی ئەستەمە. ئەوەی کە نەهامەتیە بۆ کورد، ئەوەیە دوای سی ساڵ لە شکەنجە و ئازاریی خەڵک بەدەستی ئەو ڕێگرانە، تازە نەتەیەکگرتوەکان نوێنەریی خۆی دەنێرێتە باشووری کوردستان هەڕەشەی نەمانی ئەو دەسەڵاتە دەکات!
تۆ بڵێی خاتوو هێنیس، هەڵكەوت زاهیر و نیهاد بارزانی بناسێ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە