هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان!

Friday, 18/06/2021, 20:47

2527 بینراوە


ماوەی ٤٢ ساڵ دەبێ کۆماری ئیسلامی بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار لە هەر چوار ساڵ جارێکی هەڵبژاردنێکی ساختە و پڕ لە فێڵ و گزەی سیاسیی بەڕێوە دەبا. دەڵێن هەر پێغەمبەرێک پەڕجوویەکی هەیە کە نیشانی خەڵکی بدا تا باوەڕی پێ بێنن. پەڕجووی کۆماری کەمتیارەکانی ئێران وەک هیچکام لە پێغەمبەرانی دیکە ناچێ. ئەوەیش ئەوەیە: خەڵک دەنگی (نا) دەخاتە ناو سندووقەکانی دەنگدان کە چی ئەو دەنگە بە (ئا) دێتە دەرێ! چون پێش دەنگدان لە مێژ بوو سەرۆک کۆمار لە لایان خامنەیی دەست نیشان کرابوو! ئەوڕۆ هەڵبژاردن تەنیا شانۆگەریییەک بوو بۆ ئەوەی بە دونیا نیشان بدەن هەڵبژاردن لە ئێڕان واتای هەیە  ورێکارێکی دێمۆکڕاسییە!
ئەوڕۆ، رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی بوو لە ئێڕان و رۆژهەڵاتی کوردستان. لەو وڵاتە بە کوردیشەوە زیاتر لە ٥٩ میلیون کەس مافی دەنگدانی هەیە. بە پێی هەواڵ و خەبەرەکانی ناوەندە جێی متمانەکانی ئێڕان و خەڵک و دونیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەو جار بەشداریی خەڵک بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر کەمی کردوە. تا ئەو ساتە نزیک بە  ٢٥ لە سەتای خەڵكی ئێڕان بەکوردیشەوە چۆتە سەر سندوقەکانی دەنگدان! بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتدارانی ئاخوندیی هیچکات بەو جۆرە ئەو هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئاوا تووشی شکست نەبووە. فیلم  وکورتە ویدئۆ و نیشاندانی بنکە دەنگدەران پێمان دەڵێن: ساردترین هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەو جارەی کە لە رۆژی ١٨/٦/٢٠٢١ بەڕێوە چووە.
تەنانەت لەو وڵاتانەی کە ئێڕانی و کوردیش وەک پەنابەر تێیدا دەژین سندووقی هەڵبژاردن پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکراوە! هەرچەند ئاخووندەکانی دەسەڵاتدار هیچ نرخێک بۆ دەنگی خەڵک قایل نین، بەڵام بە هاتنە سەرکاری تووندئاژۆکان لاپەڕەیەکی نوێ لە سەرکوت وگوشار بۆ سەر خەڵکی ئێڕان دەست پێدەکا.
رۆلی کورد چی لێدێتەوە؟
من وێنەی کوردێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووخانی کۆماری ئیسلامی دڵخۆش نابم. هەر چەند ئەو گوتنەم لە سەر گرانیش بکەوێ، بەڵام بە بەڵگە قسە دەکەم. وای دانێ بۆ چەند رۆژ یان مانگی دیکە دوای ئەو هەڵبژاردنە کۆماری ئیسلامی رووخا!

پرسیار ئەوەیە:

- ئایا حیزبە کەمپنشینەکانی ژێر دەستی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی خاوەنی ستڕاتیژیەکی نەتەوەیی ونیشتمانی هەن؟
- خاوەنی هێزێکی بەرگریی یەکدەست و تۆکمەن؟
- لەسەر کام ئەقڵی ئیستڕاتیژییەکی پێکەوە سازاون؟
- ئایا توانای بەرێوە بردنی وڵاتیان هەیە؟
- لێکترازان ودووبەرەکیان وەلاناوە؟
- دەگەڵ ئۆپۆزیسیونی ئێڕانی ولایەنی حیزبەکانی دیکەی ئێرانی سازاون کە بۆ داهاتووی دوای ئەو سیستەمە چۆن دەسەڵات دابەش بکەن؟
جگە لەوانەش، لە ماوەی سی ساڵ دەسەڵاتی چەتەکانی دەسەڵات لە باشووری کوردستان تەنیا فێری ئەوە بون بۆ ئەوەی جێگایان ئەوەندەی دیکە پێ لێژ نەکەن زوو زوو باس لەوە دەکەن کە ئەزموونی باشووری کوردستان دەبەنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئەوێش بە یەکجاری وێران بکەن! بۆیە لەم کات و ساتەدا کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پەڕی لاوازیی دایە. شای ئێڕان کە رووخا، کۆماری ئیسلامیش بە سەر کورددا رووخا، ئەوجاریش کۆماری ئیسلامی بڕوخێ، هەر دەسەڵاتێک دەسەڵات بگرێتە دەست، بە سەر کورددا دەڕووخێ!
بۆیە دڵخۆش نابم بە رووخانی کۆماری ئیسلامی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە