دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور

Sunday, 20/06/2021, 22:01

10249 بینراوە


پاش هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر لە کۆتاییدا سرودی هاوسەرۆکان: (دەبا هەربژی بافڵ و لاهوور)م تەواو کرد.
لە ماوەی داهاتوودا بەشێوەی کۆرس و بەدەنگی کۆمەڵێک کچان و کوڕانی جوانی ئەو شاره لەگەڵ تیپی موزیکی ماڵە گەورەکە لە شاشە جوانەکەی کوردساتەوە دەکەوێتە بەر دیدە و گوێی ئێوەی ئازیز.

شیرینن وەکو شوتی شارەزوور
بۆن خۆشن وەکو کولێرەی تەنوور
بۆ نەشتەرگەری ناخی ئەم شارە
بون بەکامێرا و بە سۆندەی نازوور
دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور


هاوسەرۆکانی لێهاتو و جەسوور
لەگەڵ ئامۆزا نێچیر و مەسرور
کێبڕکێتانە لەم نیشتیمانە
کێ بەختەوەر کات پارچەکەی باشوور!
دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور


قسەتان جوانە وەک نەخشی مافوور
ئازیزن وەکو خاڵ و مام و پوور
هەموو هاتینە سەر ئەو بڕوایەی
مەڵبەند خۆشترە لە ماڵی خەزوور
دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور


پۆڵاڕێژ ئەکەن چواردەوری سنوور
ئینجا کێ پیاوە قاچ بێنێتە ژوور
هەریەک بەتەنیا فەوجێ ئەشکێنن
بون بە (ئەمیتا) و بە (شامی کاپوور)*1
دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور


ڕێگای ئازادی هەورازێکی دوور
ئێمە بێ ئێوە وەک پیاوی قەمبوور
پێشمان ئەکەون بۆ شەڕی دوژمن
لاهوور بەشمشێر بافڵ بە ساتوور
دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور


ئاوەدان ئەکەن وڵاتی خاپوور
دادەڕێژنەوە قانون و دەستوور
لە پاش مردنیش لە مۆزەخانە
مۆمیاتان ئەکەین وەکو دەیناسوور
دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور


کە دەڵێی ساوەر، واتا چەور و سوور
لەگەڵ دۆی سارد و ترشیات و توور
کاتێکیش دەڵێی هێزی یەکێتی
واتا هەیبەتی  بافڵ و لاهوور
دەبا هەر بژین بافڵ و لاهوور


(ئەمیتا) و (شامی کاپوور) *1 : دوو ئەکتەری فلیمی هیندین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە