نەنە گوڵەی گەرمیان

Sunday, 20/06/2021, 23:36

9770 بینراوە


نەنە گوڵەی گەرمیان

کامی قادر 

ھەر ڕۆشنکار و ھونەرکارێک*، ڕۆشبیرییەکەیی و ھونەرەکەی ئازادیی بەرھەم نەھێنا، دەبێتە کاسبکارێکی دەستبڕ.
بۆ من زۆر ئاسانترە، لەگەڵ جوتیارێک و کرێکارێک و سواڵکەرێکی ( تورک، فارس و عەرەب)، ببمە ھاوڕێ، تا ئەوەی بێ لێکدانەوە و بێ ئاگایی و بێ شەن و کەوکردن، نووسینێک و تابلۆیەک و گۆرانییەک لە ھونەرکارێکی ئەو میللەتانەوە، لە زەینمدا جێ بکەمەوە و بیقەبڵێنم کە مرۆڤێکی ڕاستگۆیە.
جوتیارەکە، کرێکارەکە و سواڵکەرەکە، فرە سادە و بێغەل و غەش، دڵی خۆیانم بۆ واڵا دەکەن و ئاوێتەی ئازارە ئینسانییەکانیی خۆیانم دەکەن، چون قسەی زمانیان، بڕوای دڵیانە و ڕەفتاریان ئاوێنەی بڕوا سادەکەیانە.
زۆر جاران، خاڵۆی مەتکەب نەڕۆشتوو، ڕۆژنامە نەخوێن و کتێب نەکڕ، فرە 
مرۆڤ دۆستانەتر، ئەو نانەی ھەیەتی لەگەڵمدا کەرتی دەکات و ھەرچی دەکات، ئاوێنەی دڵی خۆیەتی.
کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵات، خەریکە بە ھۆی ڕۆشنکارانێک و ھونەرکارانێک و بانگخوازانێک و سیاسەتبازەکانییەوە کە چاو لە حەق دەنووقێنن و مێژوو ئاوەژوو دەنووسنەوە و سۆز و ژانە ئینسانییەکانی، جوتیارەکە و کرێکارەکە و سواڵکەرەکە، چاپ دەکەن و دەفرۆشنەوە و لە بڵندگۆی مزگەوتانەوە ھاواردەکەن بۆ ڕەواجدانیی و لە کۆبوونەوەی حیزبایەتیاندا ئاڕایشتی دەکەن، ئەوان ئەو کۆمەڵگایانە بەرەو ڕەگەزپەرستی و تاوانکاریی و دوو ڕوویی و ( ستەمکارپەسەند!!) و داڕزان دەبەن. 
ھونەر کار( بە نووسینیشەوە، چوونکە نووسینیش ھونەرە)، بە ڕۆشنگەریی و قەڵم و لاپتۆپ و ئایفۆنیشییەوە، بە گۆگڵ و تێسلا و زانکۆ و فەلسەفە و دەفیشییەوە، بە گیتار و ڕووبابە و چەکوش و داس و بە تفەنگ و سیاسەت و زانینیشییەوە، ئەرکێکی کۆمەڵایەتی لەئەستۆدایە، کە ڕێبەرایەتی ھەموو ئەرکە مرۆییەکانی تری دەکات ئەویش: 
• بەرھەمھێنانیی ئازادییە.
ئایا لە کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتییەکاندا، ھونەر، بەو پێناسەیەی سەرەوە، بووە زەمینەی گەشەی گوڵزاریی ئازادیی؟!

ئەگەر لە کتێبان و چەھچەھەی گۆرانیی و قسەی قەبەی سمینار و پشتی میکرۆفۆنی ھونەرکار و سیاسی و وتاربێژ و بانگخوازاندا بۆی بگەڕێین، بێگومان گومڕا و سەرلێشێویا و کە ھاتینە دەرەوە، یا لەداخان وەک بێکەس گووتی، دەڵێین: 
- تف لە عیلم و سەنعەت و سەد کارەبا
مەرحەبا ئەی جەھل و وەحشەت مەرحەبا
یا، ئێمەیش، دەبینە یەکێک لەو ھەزاران ھەزارەی مێگەل ئاسا، بەدوای شوانێک و قارەمانێک و ئایدیاڵێک و فەرماندەیەک و سیاسییەک و ئیمامێک و مەزھەبێک و فەلسەفەیەک و ..و...و...و ....دا وێڵ دەبین، تا خۆ بە کوشت دەدەین، ئەگەر بەختیش یارمان بوو نەکوژراین، ئەوا دەبینە بورغویەکی مەکینەی ھەڵھێنانی ستەم و ڕەواجدەری درۆ.
چون لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاکاندا، پێچەوانەکەی دەژیین، مەگەر مێژووی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان وەکو کوردێک ھەموو ساتێک، ئەم خورپەیە ناخاتە دڵمانەوە؟!
نەنە گوڵەی گەرمیانیی ئەنفالکراو، کە یەکێک بوو لەو تاق و تەرایانەی، لە دۆزەخی
نوگرەسەلمان دەربازی ببوو، گەرمە برینەکەی تا ماوەیەک ساکاندبووی، ھەر دەیڕوانی و وەک کورد دەڵێت: دەریای چاوەکانی چۆڕبڕ ببوون و نە دەگریا و نە پێدەکەنی، لە سەر بەرزەخی مەرگ و ژیانەوە، بۆ ھیچی دەڕوانی.
- ئایا ژیان خۆی ھیچ نەبوو یا ئەم دوای کارەساتەکان تێگەیشتبوو، ژیان لەناھیچەوە دەست پێدەکات و بە ناھیچیش کۆتایی دێ؟!.
- بەڵام نا، لوتکەی جوانییەکانی ژیانی مرۆڤ لە کارەساتەکاندا خۆیان جوانتر نیشان دەدەن، بۆیە پاش ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناخیدا، ھەم زەریای چاوەکانی ژیانەوە و ھەم قوفڵی زمانی کرایەوە و بەسەر شەقامەکانی کەرکوکدا، وەک تەنیایی خوا، تەنیای تەنیا، دەڕۆیشت و بۆ دیواری باڵانزم و دەرگای لەتەنەکە گیراو و گوڵێکی وشکەوەبووی فڕێدراو و سەگێکی وێڵی دوای تیکە نانێک کەوتوو بۆ بەچکەکانی، چیرۆکی دۆزەخەکەی دەگێڕایەوە: 
- کاروان سێ ساڵی بوو
 تەنیا سێ ساڵ ھەوای سەر زەوی ھەڵمژی و 
تەنیا دووساڵ باوەشی میھرەبانی دایکی بینی و 
تەنیا دووساڵ دایکی ماچی کرد و 
تەنیا دووساڵ بۆ دایکی ڕوانی و 
تەنیا دوو ساڵ گوێی لێ بوو دایکی پێی وت: 
- ھەناسەکەم، 
چەند کورت بوو، کچەکەم دڵی دایە، 
ئەو ھەناسەیەت، 
لە ئەرزەوە تا ئاسمان، 
لە ئەزەلەوە تا ئەمڕۆ، 
لە گەرمیانەوە تا کوێستان، 
لە ڕوانینەوە تا پژانی زمان.
نەنە گوڵە، پێکەنینی لەگەڵ خۆیدا دەگریان، بۆ سەگەکەی گێڕابۆوە: 
- ئەو ڕۆژە ھاتن و کوڕەکەمیان برد، وتم قەینا، ھەرمنی لەپاش جێ دەمێنم، ئەو ڕۆژەی ھێنامە ژیانەوە، لە بیرکردنەوەی ئەوەدا ڕۆژێ لە دەستی بەم، دڵم تەنگ دەبوو، ئەوا ئێستا خەون و خەیاڵەکەم بوون بە ڕاستی، بردیان خوا حافیزی بێت، من تا کۆتایی ھەروەک دایکی دەمێنمەوە، چون من دایکی ئەوم، کوڕەکەمیان لێ سەندمەوە، بەڵام ناتوانن دایکایەتیم لێ بسەننەوە، ئەوە ھەر ھی خۆمە و ھەر بە کچ و کوڕەکەی خۆمم داوە!!.
بەڵام سەگەگیان: ئەو ڕۆژەی ھاتن و کچەکەمیان برد، ڕۆح و چاوەڕوانیی و ھەناسە و ژیانمییان برد، پاڕامەوە، لاڵامەوە، ھاوارم کرد، زەریای فرمێسکم ڕشت، پۆستاڵە پیسەکەیانم ماچ کرد، خۆم بە ملیاندا ھەڵواسی وتم: 
- یومە یومە!!
ڕیچ بوونەوە و لە ملی خۆیان کردمەوە و پۆستاڵەکەیان، خستە سەر سنگم، وتم: 
- کچەکەم منداڵێکی ھەیە، من کەسم نییە، من ببەن، ئەو کاروان چاوەڕوانێتی، من کەس چاوەڕوانیم ناکات، ئەو ھەناسە بۆ کوڕەکەی دەدات، من کوڕم نەماوە ھەناسەی بۆ بدەم، ڕیچبوونەوە و بردیان و بردیان!!.
- بردیان خوا حافیزی بێت، من تا کۆتایی ھەروەک دایکی دەمێنمەوە، چون من دایکی ئەوم، کچەکەمیان لێ سەندمەوە، بەڵام ناتوانن دایکایەتیم لێ بسەننەوە، ئەوە ھەر ھی خۆمە و ھەر بە کچ و کوڕەکەی خۆمم داوە!!.
نەنە گوڵە ھەر ئەو سەگەی ھاوڕێی ھەبوو گوێی بۆ شلکا، چوونکە، زیندەوەرە دووپاکانی تر، یا پێیان دەووت: 
- مجنونة
یا پێیان دەووت:
- دەلی
بۆیە دڵی نەھات، نەکا سەگەکەی ھاوڕێی غەمگین بێت، چیرۆکی مەرگی کاروان، کە سەگە ڕەشەکەی نوگرەسەلمان خواردی ، بە زمانی خۆی بگێڕێتەوە، خەیاڵ قسەی بۆ دەکرد و ئەمیش گوێی بۆ نەنە گوڵەکەی ناخی شل دەکرد، ئەو باسی مەرگی کاروان بکات:
نەنە گوڵەی ناخی وتی: ساڵێک تێپەڕی و دایکی کاروان، نەھاتەوە، خوا حافیزی بێت، ئەو کچە جوانەکەی ڕۆحی دایکی خۆیەتی، دەزانێ، من ھەر دایکی ئەوم، ناتوانم خۆم لە دایکێتی ئەو بشارمەوە، من بە دایکێتی ئەوەوە جوانم، لە نێوان دایکێتی من و کچێتی ئەودا، مەودا نییە، دوورێتی وەک نزیکییە و 
بانگکردنی ئەوی: دایە  و  وەڵامی منی: کچم، گیانەکەم!!.
لەگەڵ یەک دەوترێن، دو وشەن یەک دەنگیان ھەیە و دوو تۆنی یەک ڕەنگن و دوو ھەناسەی یەک سینەن.
نەنە گوڵەی ناخی بەردەوام بوو:
- چەند ڕۆژێک بوو، کاروان ھەر بەھانەی دەگرت و دەگریا بۆ خەیار، تا لە شەکەتیی گریانیدا، خەوی لێکەوت و منیش، وەک کڵۆڵییەکی پیر، خۆم بەسەر بێنازیدا شۆڕکردەوە، بەیانییەک چاوم کردەوە، کاروان، ھەر گازی دەگرت لە تاکە جزمە سەوزەکەی، ئەو جزمانەی دایکی بەر لە دوو ڕۆژ لە قیامەتی ئەنفال بۆی سەند بوو، پێی وتبوو: 
- ھەناسەکەم با پاپەکانت، تەڕ نەبن!!.
- سەگە گیانەکەم: کوڕەکەمیان برد وتم خوا حافیزی بێت، کچەکەمیان برد، وتم خوا حافیزی بێت، من وەک دایکیان دەمێنمەوە و ناتوانن دایکایەتی ئەوانم لێ بسەننەوە.
- بەڵام ئەو بەیانییە، چاوم کردەوە، بینیم سەگە ڕەشەکەی نوگرە سەلمان، قەپی لە پای کاروان گرتووە و بە دوای خۆیدا کێشی دەکات، ھیچم نەوت، ھەر تەماشام کرد:
 تا کاکۆڵی قژە لولەکەی لە دەرگای ژووری زیندانەکەوە، لە ڕۆحمدا ون بوو......
ئیتر نەنە گوڵەی ناخی، بێدەنگ بوو، ئەم ڕووی بۆ لای سەگەکە وەرگێڕاو وتی: 
- وریابە ئاگات لە بەچکەکانت بێت، سەگەکە وەک ئەوەی شتێکی بیرکەوتبێتەوە و لە شتێ یا کەسێ ترسابێ، قولانی و بە پرتاو ھەڵھات.
نەنە گوڵە ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و وتی: خواحافیزت بێت، دەزانم بەچکەکانت چاوەڕوانتن، خۆزگەم بە خۆت، من نە چاوەڕوانی کەس دەکەم و نەکەسیشم ھەیە، چاوڕوانم بێت.
ھەبوون، زۆر بوون، ھەناسەکانی دڵی دایکیان، بەڵام!! ............
• چی: وای کرد، سەربازەکان، دڵییان ببێت بەبەرد؟!!.
• قوتابییەکان: کام کتێبانەیان خوێندەوە، لە منداڵێکی دڵ وەک پەڕەی گوڵەوە، بوون بە گەورەیەکی سەربڕ؟!!.
• شەڕ: بۆ گەشەی کرد و خێر بۆ بووە نێچیرێکی ئاسانی ئەو؟!!.
• دڵەکان: بۆ بەشێکی گەورەی خۆیان دا بە خراپە و چاکەیان کرد بە کرێنشینی ئەو؟!!.
• پیاوەکان: بۆ دایکی خۆیان خۆش ویست و وتیان بەھەشت لەژێر پێی دایکماندایە، بەڵام دۆزەخیان بۆ ھاوژینەکەی خۆیان و ژنانی تر داگیرساند؟!!.
• ژنەکان: بۆ وتیان باوکمان ئایدیاڵی ژیانمانە و ھەناسەی بوونمان، کەچی نەفرەتیان لە مێردەکانی خۆیان کرد و وتیان پیاو بەقای پێ ناکرێت؟!!.
• کێ : دووڕوویی ڕەواج پێدا و جوێنی خستە سەر زاری خەڵک و دڵپیسی ئارایشت کرد و تۆوی گومانی لە ناخەکاندا ڕوواند؟!!.
• کەی بوو: ئەوە ھی منە و ئەوە ھی تۆ، بووە باو و ڕفاندنی مافی ئەویتر کە لە خۆمان لاوازترە، کێ فێریی کردین؟!!.
كـم أكره من علمني 
الدرس الأول في التاريخ.
كرديا كان صلاح الدين
وأنتصروا..
أصبح عربيا
ماذا لو هزم صلاح الدين؟
لأصبح جاسوسا كرديا؟
الشاعر الراحل معين بسيسو
.....................
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابووردودا، مەحموود دەروێش
شیعرێکی بۆ کورد نووسی بە ناوی: 
الی کردستان
معکم عیون الناس معکم....
لە فیستیڤالێکی شیعرییدا کە سەددام ڕێکی دەخست، لەو شیعرەی ژیوان بوویەوە.
...................
نەزار قەبانی، لە ھەمان فێستیڤاڵدا، کە بە ( مربد) ناسرا بوو، شیعرێکی بۆ سەددام خوێندەوە و وتی:
تۆ، ھێندە میھرەبانی
دەست ڕادەگری
چۆلەکە دێن
لەسەر لەپی دەستت ئاو دەخۆنەوە
.................
مەعین بەسیسۆ بانگھێشتنی بۆ ئەو فیستیڤاڵەی ڕەتکردووە و نامەیەکی نووسی:
من نایەم بۆ فێستیڤالێک و کۆکتێلی شەمپانیا بخۆمەوە، لە کاتێکدا ھاوڕێ شاعیرە عێراقییەکانم، لەپشتی دیواری زیندانە زۆرەکانەوە، کۆکتێلی ئەشکەنجە بدرێن!!.
.................
تورکەکان، لە دەروازەی ھەر شارێکی کوردستاندا لە باکوور، تابلۆیەکی گەورەیان چەقاند و ئەو قسەیەی ئەتاتورکیان نووسی:
- تورکم، بۆیە سەربەرزم.
...................
شەجەریان، دووسەعات لە سەر مۆزیکی ئێران، لە زانستگەی ستاندفۆرد لە ئەمێریکا قسەی کرد، باسی گەورەیی و مەزنیی موزیکی ئێرانی کرد، بەیەک وشە ئاماژەی نەکرد، بە مۆزیکی کوردی و ئەو ھەشت نەتەوەیەی لە ئێراندا دەژین!!.
شەجەریان، مامۆستای زمانی دایک بوو/ فارسی
زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی دایک بوو/ کوردی
زارایان، زیندانی کرد، لەسەر زمانی دایک.
مامۆستاکانی زمانی دایکیی فارسی، نوزەیان لێوە نەھات.
...................
ئەحمەد کایا، ھەموو تەمەنی بە مۆزیکی تورک بەخشی، بەڵام کاتێ بە تورکی وتی: من کوردم، شۆربای گەرمیان کرد بە ڕوخساریدا!!.
..................
مەلایەکی کورد لە سلێمانی وتی: ھەر ژنێ بەسەری ڕووتی بچێتە دەرەوە، خۆی قاحبەیە و مێرد و براکەی گەوادن.
..................
ھاوڕێ، ھەڤاڵ و ھاوبیرەگیانەکانم
ئێستا دەزانن بۆ:
شەڕ بوو بە خاوەن ماڵ و خێر بە کرێچی ئەو؟!
قوتابییەکان، گوێیان لە چ کەسانێک گرت، کە کردنی بە سەربڕ؟!
سەربازەکان، بۆ کوڕەکەی نەنەگوڵەی گەرمیانیان کوشت و کچەکەیان فرۆشت بە سەرمایەدارێک؟!
دەروێش بۆ لە شیعرەکەی ژیوان بوویەوە؟!
کێ ستەمی، وەک میھرەبانی، بۆ قوتابییەکان وێنە کرد؟!
چۆن ڕۆشنکار و بانگخواز و ھونەرکار و سیاسی و حیزبییەکان دەبنە کاسبکاری دەسبڕ؟!
بەڵام:
•ئەو کوردەی بە خەتێکی قوڵ لە ڕۆحی خۆیدا نووسی: 
- لەقەندیلم بۆیە سەربەرزم 
ئەو و بەسیسۆ و زاراکان:
 بە بەخشینی گیانیان، ئازادی بەرھەم دێنن، ئەمڕۆ خونچەیەکن، سبەی دەبنە گوڵێک و لە
 پاشاندا گولستانی نیشتمانێکی ئازاد.
——————————
سەرنج/ سەربوردەکەی نەنەگوڵە ئەو منداڵەی چەکمە سەوزەکەی لێ بۆتە خەیار، ڕاستییە.
* بیرمەندی گەورە مامۆستا مەسعوود دەڵێت:" هونەرکار، بەواتای (فنان) ڕاستترە و 
نیشانەپێکاوترە لە ( هونەرمەند) چونکە ئەمیان نەک هەر بۆ (فەن) بگرە بۆ هەموو مەهارەتێک دەست دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە