کۆنە سەرۆک جاشێک پلەکەی لیوایە و کوڕەکەیشی قایمقامی ھەولێرە

Tuesday, 22/06/2021, 1:31

4059 بینراوە


سەیر و سەمەرەکانی دەسەڵاتی کوردی لەدزی، گەندەڵی، کوشتنی ڕۆژنامەنووسەکان، کڕینی شەڕەفی خەڵک بەپارەی دزراوی نەوت و بوودجە و داھاتەکانی تێپەڕاندووە، بەوەش نەوەستان لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ ھەزاران ماڵیان تاریک و وێران کرد.

ئێستاش دێن سزای ئەو دایک و باوکە جەرگ سوتاوانە و بنەماڵەی شەھیدانە بەوە دەدەن، کاتێک مستەشارێکی سەردەمی سەدام حسێن،کە دەستی سوورە بە خوێنی دەیان رۆڵەی نیشتمان و بەشداربووە لەشاڵاوەکانی بەدناوی ئەنفالی کوردستان و ھەزاران ماڵی کوردی وێران کردووە و چەندین پیاو و ژن و منداڵی بێتاوانی کووشتووە، کەچی ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان پلەکەی لیوایە و ٢٧ پێشمەرگەش پاسەوانیی دەکەن و، کوڕەکەیشی وەک وەفایەک بۆ خەباتەکەی باوکی، کردوویانە بە قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر.

چ ئابڕووچونێکە ئەو دەسەڵاتە تووشی بووە ؟!!

دادگای باڵای تاوانەکان دۆسیەی سەرۆک جاشەکانی لە خولی یەکەمی دادگا بڵاوکردەوە کە، ناوی حەمید عوسمان بە پلەی عەقید لەریزبەندی ١٢٦ دا ھاتووە کە سەرۆک جاشی ٣٠٠ بووە و لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق داواکراوە لەسەر کێسی ئەنفالەکان، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتداران داڵدەدراوە و نەبەزی کوڕیشی لەسەرپشکی پارتی قائیمقامی ھەولێرە.

بەڕاستی من جیاوازی ناکەم لەنێوان کۆنە مستەشارەکان و ئەو دەسەڵاتە، بەڵام ھیچ نەبێت بیانکەنە سەروەتی خۆتان و ھەمیشە لەژێرپێیان بن، بەڵام لەھەولێر ھیچ پلەیەکیان پێمەدەن و، وەک ھەمیشە بۆکوشتنی نەیارەکانی خۆتان و دەنگە ئازادەکان بەکاریان بێنن، تاکو ڕۆژێک دەبێت ئێوە و ئەوانیش بەسزای گەل دەگەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە