دوو خوشکی کوردی جوولەکەی گۆرانیبێژی لەیادکراو

Thursday, 24/06/2021, 1:06

8428 بینراوە


گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، بەشێکی گرنگن لە فۆلکلۆری هەر گەلێک. هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی حەزیان لەو گۆرانییانە هەیە. ناشزانـرێت کە بۆ یەکەمین جار کێن ئاوازیان بۆ داناون، یان کێن وتوویانن. ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانە رەگێکی مێژوویی کۆنیان هـەیە. تا ئەمـڕۆش چێژ و خۆشییان کـاڵ نەبوونەتەوە و کاڵـیش نابنـەوە. بە بەشـێکی رەسەنی کەلەپووری نەتەوایەتی دەزانـرێن. هەر نەتەوەیەکیش شانازی بە فـۆلکـلۆری نەتـەوایەتی خۆیـەوە دەکـات و دەیپـارێـزێت. چـونکە هـەر نەتـەوەیەک فـۆلکلۆری رەسـەن و داب و نەریتی تایبـەتی خـۆی نەبێت. کەواتە رابـردووی نییە. 
ئێمەی کورد، گەنجینەیەکی دەوڵەمەنـدی لەبنەهـاتووی گۆرانی فـۆلکلۆریمان هەیە. کە بۆ سەردەمێکی کـۆن دەگەڕێنەوە. بەڵکو یەکـێکین لە نەتـەوە دەوڵەمەنـدەکـانی جیهان لە فـۆلکلۆردا. لە گـۆرانی فـۆلکۆری کوردیـدا، سروشتی جـوان و رەنگـینی کوردسـتان و زادەی بیـر و سـۆز و چـێژی مـرۆڤی کـورد و، داب و نەریتی جـوانی کوردەواریمان رەنگیان داوەنەتەوە و مۆرک و خەسڵەتێکی رەسەن و تایبەتییان بە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان بەخشیون. هێندەش هۆنراوەکانیان و ئاوازەکانیان ناسک و شیرینن. بە ئاسانی دەچنە دڵەوە و دەبنە وێـردی شیرینی سەر زارمان. تا ئێستا لە لایەن گەلانی هاوسنووری کوردستانەوە، دەستیان بەسەر چەنـدین گۆرانی و ئاوازی کوردیدا گرتوون و کردوویانن بە مۆڵکی خۆیان. بەڵام سەرەڕای شێواندن و دەستکاری کـردنیان.. بە زەقـی مـۆرک و رەسەنـایەتی کوردییـان پێـوە دیـارن. 
لەمە زیـاتر درێـژە بە باسکـردنی گـۆرانی فـۆلکـلۆری کوردیمـان نادەیـن. ئـەم باسە گرنگە بە هـۆنەرمەنـدان و شـارەزایانی دڵسـۆزی کوردمـان لەم بوارەدا دەســپێرین. هیوادارین کە بتـوانن لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیان دەربارەی فـۆلکۆری کوردیمان، بە ئەرشیف بکەن. لە کتـێبی چاپکـراودا پێشکەشمانی بکـەن. بەمـەش خـزمەتێکی باش پێشکەش بە فـۆلکـلۆر و بە کەلەپـووری نەتەوەییمان دەکەن. دەیان پارێـزن.  
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان. چەنـد سەد ساڵێک، لە پێش زاینەوە جوولەکەکان کە لە لایەن بابلییەکان و ئاشوورییەکانەوە وڵاتەکەیان داگیرکردن، بەشێکیان لێکوشتن. بەشـێکی زۆریشیان وەکو دیل بۆ عێراق و بۆ کوردستان هێنان. بەپێی نووسینەکانی مێـژوونـووسانی جـوولەکەکـان. لە هەمـوو ئەو وڵاتـانەی جیهـان، کە جـوولەکەیـان لێ دەژیان، جـوولەکەکانی کوردستان دڵنیاترین و ئاسوودەترین ژیانیان بەسەردەبرد. زووش تێکەڵ بە داب و نەریتی کوردی بوون و فێری زمانی کوردی بوون، بەشێک لە کوردیش چـوونە سـەر ئایینی جـوولەکە، بەڵام وەک نەتـەوە هەر خۆیـان بە کورد دەزانـین. گەلێ هـونەرمەنـدی گۆرانیبـێژی دەنـگخـۆش لە نـاو کوردە جوولەکەکـانی کوردستاندا هەڵکەوتن و خزمەتی هـونەری ئاواز و گۆرانی کوردییان کرد. لەوانەش  خاتوو (شیرین) یا (بەهـیجە) یا (فەرحە) کە لەبەر زۆر جـوانی بە (دایکی جەمال) واتا (دایکی جـوانی) ناویان بردووە، کە لە کوردە جوولەکە لەدایکـبووەکـانی شاری هەڵەبجـەیە، لە (١٩٠٨) لە دایک بـووە. دەنگی زۆر خۆشـبوو. کۆمەڵـێک گۆرانی فـۆلکـلۆری کوردی زۆر خـۆشی لە ساڵەکـانی (١٩٢٥ـ ١٩٢٦) دا، لەسەر قـەوان تۆمارکردوون. یەکەمین ژنە گۆرانیبێژی کوردە، کە گـۆرانی کوردیی لەسەر قـەوان تۆمارکرد. کە ئیـزگەی رادیـۆی کـوردی ـ لە بەغـدا کـرایـەوە، گۆرانییەکانی دایـکی جەمال یان زۆر بڵاودەکرانەوە. زۆر لە گۆرانیبێژانی ئێستا گۆرانییەکانی دەڵـێنەوە. دایـکی جەمـال ژنێکی کورد و کوردستان پەروەریش بـوو. سـروودی (وەتـەنی مـن کوردستانە)ی تۆمارکرد. دایکی جەمال لە ساڵی (١٩٧٩) دا لە بەغـدا کۆچی دوایی کـرد. ئەمەش ناوی هەنـدێ لە گۆرانییە فـۆلکلۆرییەکانی (دایکی جەمـال) ن:(هـەی ئاغا و ئاغا، هەی بەلار بەلارەوە، ئامین و ئامین، هـەی بێـنن بێـنن، سەوزە مەڕۆ، خـانمی سلـێـمانی، روحی شـیرینـم،... هتد). 
گۆرانیبێژی کوردی جولەکە(هەداسە یاشیرۆن)
دوای ئەویش هـەردوو خوشکی گـۆرانیبێژی کوردی جـوولەکە (نـازدار و ئەسمەر فەرهاد) کە لە کوردە جوولەکەکانی ناوچەی (ئاکرێ) بوون. دەنگیان زۆر خۆشبوو. چەنـد گۆرانییەکی فـۆلکلۆری کوردی زۆر خۆشـیان لە ئیـزگەی رادیـۆی کوردی لە بەغـدا، تـۆمارکـردوون.
لە ئێستاشـدا گـۆرانبـێژی دەنگخـۆش خاتـوو (هـەداسـە یاشیرون) کە ژنە کوردێکی جـوولەکـەیە و باووباپیـرانی لە کوردستان ژیابـوون، لە ئێسـتادا لە (تەلـئەبیـب) لە ئیسرائیـل دەژی. هەستێکی کوردیی سروشتی هـەیە و خـۆی بە کـورد دەزانێت، لە ئیسرائیل و لە کوردستاندا، بە زۆری بە جلی کوردیی ئاڵاو واڵاوە، چەندین گۆرانی فـۆلکلۆری رەسەنی کوردی بۆ تەلەفـزیـۆنەکان تۆمارکـردوون. چەنـدین ئاهـەنگی گۆرانی کوردیی سازکرد، لە زۆربەی یادی جەژنەکانی نەورۆزدا، ئاهەنگی گۆرانی کوردیی پێشکەش کردوون، گۆرانیشی بۆ پێـشمەرگەی قـارەمانی کوردسـتان وت.

(نازدار و ئەسمەر فەرهـاد) دوو کچە کوردی جوولکەی گۆرانیبێژی زۆر دەنگخۆش و ناسک و شـیرین و بەسـۆز بـوون. لە کۆتایی چلەکان تا ساڵی (١٩٥٢)ی سەدەی رابردوو، بە دووقـۆڵی لە ناخی دڵیانەوە و بەجۆش و خرۆشەوە، گۆرانییان دەچڕی. کۆمـەڵـێک گـۆرانی فـۆلکـلۆری کوردییان لە (ئیـزگەی رادیـۆی کوردی ـ لە بەغـدا) تۆمارکردوون. هەشت گۆرانییان بە دووقـۆڵی تۆمار کـردوون. لەو گۆرانییانەی کە مـن لە منـداڵـییەوە گوێـم لـێیان بـوو، کە (نـازدار و ئەسـمەر فەرهـاد) بە دووقـۆڵی دەیان چـڕين، کە تا ئەمـڕۆش ئاوازە رەسەنەکانیان و دەنگە زوڵەڵەکەیان، خۆشی و چێژیان لە دەروون و هۆشمـدا کاڵ نەبـوونەتەوە و لە گوێیەکانمانـدا دەزرنگـێنەوە. زۆر هـوگر و سەرسامی دەنگە بەسۆز و خۆشەکەیان بووم و لێیان مەست نابـووم. 
(نــازدار و ئەسمەر فەرهــاد) بە دووقـۆڵی سەرجـەم (٨) گـورانی فـۆلکـلۆریی کوردییان لە (بەشی رادیـۆی کوردی ـ بەغـدا) تـۆمارکردن و بڵاوکـرانەوە. ئەمانە 
ناوی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی (نازدار و ئەسمەر فەرهـاد) ن وەک لەیادم ماون: 
١ـ (مـەگـری مـەگـری چــاوانـت دێـشێ .... دایــکـت نەمــاوە نــازت بـکـێـشێ )
٢ـ ( گـەردوون من چـیبکەم چـیم دەسەڵاتـە .... خەتـای من نییە دڵ مفـتەلاتـە )
٣ـ ( جـوانـین ئێمە جـوانـین .... پەری ناو شاخـانـین .... لە خواوەیە جـوانـین )
٤ـ ( بـولـبــول مـژدە بەهــــارە ... هـەور نـەمـاوە و رۆژ دیـــارە )
٥ـ ( گـزەی جـەرگــانـم مـاڵی وێـرانـم .... جێـگـام بـۆ راخــە ئەمـشەو میــوانـم )
٦ـ ( هـە لاوە لاوە گـــوڵـێ .... شـــەوقـی روونــاکـی گـــوڵـێ ) 
٧ـ (نـەجـــیـبـە یــار نـەجـــیـبـە ... بـۆ دەردی مـــن تـەبـیــبـە )
٨ـ (ئـامـیـنـیـم نــازەنـیـنێ .. وەی وەی لـە زیــڕەی پـۆتـیـنی..  
بـاڵام بـە بـاڵای ئـەو کچــە گـرت... دوو پـەنـجــە کـورتی دێـنێ)
من وا تێدەگەم کە ئەم گۆرانییەش بە دەنگی نازدار و ئەسمەر فەرهـاد گوێم لێبووە:
(گەرد و گەردانـە.. یـارم شـەمعـە.. خومیش پەروانـە) پشت راستکردنەوەی دەوێت.
 بێگومان ئەم دوو خوشکە، بە دووقـۆڵی گۆرانی فۆلکلۆریی زیاتریان هەبـووە، کە لە ئاهـەنگ و شـایی گونـدەکەیانـدا سەر بە (ئـاکـرێ) بە دوو قـۆڵی وتوویـانە و لە رادیـۆدا تۆمار نەکراون. تەنیاش بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانیان هاتووچۆی رادیۆی کوردیان لە بەغــدا دەکرد، بە هەمیشەیی لە رادیـۆیی کوردیدا دانەمەزرابـوون، یان خۆیـان نەیـانویسـتووە دابمـەزرێـن. 
پێش کۆچکردنیشیان بۆ ئیسرائیل، کە ماڵیان لە بەغـدا بوو، زوڵم و ئەشکەنجەیەکی دەروونی زۆر دران، لە لایـەن عـەرەبـەکـانی بەغــدا و حکـومەتی عـێـراقـەوە. 
ناوی راستی نازدار و ئەسمەر فەرهـاد چییەوە کێ هـێنایانی بـۆ رادیـۆ؟ 
تەنیا کەس کە باسی ئەم دوو خوشکە گۆرانیبـێژە کوردە جـوولکەیەی کـردووبێت، هونەرمەنـدی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا (عەلی مەردان)ی نەمرە. لە کتێبەکەیدا کە بە ناوی (بیرەوەری گەڵای پایـز) لە ئامادەکردنی (عەبدولقادر عەلی مەردان) و رێکخستن و لێکۆڵینەوەی مامۆستا (ئەحمەد سەیـد عـەلی بەرزنجی) یە. مامۆستا عـەلی مەردان دەڵێ:"کاک کامیل کاکەمین ـ بەڕێـوەبەری ئیزگەی رادیۆی کوردی ـ پێی راگەیانـدم کە دوو کچە جوولەکە هەن خوشکن، دێنە ئیزگە و خۆزگە گوێت بۆ رادەگـرتـن. هـاتن و چـاومان پێـیانکەوت.. هـەروا بیست یا بیست و چـوار سـاڵان دەبـوون. گوێـم لێگـرتن، دەنگێکی جـوان و پوخـت و کاریگەریان هەبوو، لەوەبەر شتی وام نەبیستبوو. توانـایەکی وتنی باشیان هـەبـوو. نـزیکەی (١٠) گـۆرانیم بـۆ ئامادەکـردن. یەکـێکـیان دوو قـۆڵی دەبێـژرا، ئەویـش (بـڕوانـە...) بـوو، کە مـن و ئەسمەریان دەمانوت. حەزدەکەم زیاتر لە بارەی ئەو دوو دەنگە بەسۆزەوە بدویـم، چونکە ئەمـە دەبێـتە مـێژوو و دەچـێتە سەر لاپەڕەکـانی.
ئەو دوو خوشکە، لە جوولەکەکانی ناوچەی (ئاکـرێ) بوون، هەروەک لە خۆیانـم بیست. باوکـیان (مـوشێ) یان (مـوسـا)ی ناوبـوو. دایکـیشیان (بەسـتێ)ی ناوبوو. لەڕیـی (کـامـیلی کاکـەمین)ەوە، گـەیانـدرانە بەغـدا. ئەویـش کـاتـێک بە کـاروباری ئیـزگە و کۆکـردنـەوەی دەنـگ و ئـاوازەوە میللیـیەکـان، بـەو نـاوەدا گـەڕابـوو. لە یـەکێ لە گونـدەکانی (ئاکری) کە میوانی (ساڵح ئاغـا)ی موخـتاری گوندەکە دەبێ و دەزانن کە بۆ کۆکـردنەوەی ئـاواز و گـۆرانی ناو گوندنشینەکان هاتـووە و دەیەوێ مەسحـێکی هـونـەری بکـات. سـاڵـح ئاغـا ئـەو دوو خـوشـکەی پێـشانـدەدات کـە دەنگـێکی خۆشـیان هـەیە و لە شـایی و ئاهەنگەکـانی گونـدەکەدا گـۆرانی دەڵـێن.
دەنگیان تاقیدەکاتەوە و باش گوێیان لێدەگـرێ و دوایی پەسەندیا دەکات و داوایان لێدەکات کە بێنە بەغـدا. ئەوەبوو هاتن و کارەکەیان لە ئیزگە لای خۆمان بە باشی رۆی. گـۆرانییەکـانیشـیان بـە شـێوەی سـۆرانی بـوون. وریـابـوون و بە گـورجی ئاوازەکانیان وەردەگرت. یانی گوێچکەی مۆسیقایان زۆر هەستیار و ناسک بـوو. هەتا بچووکەکەیان (مـاری) ئینگـلیزییەکی باشی دەزانی و قـسەی پێـدەکرد. لاوازی و نەخۆشییەکی لەگەڵبوو. بەڵام گەورەکەیان (خۆخـە) جوان و رووخۆش و زیتەڵە بـوو. رۆژێـک لە گەرمەی پـرۆڤەکـانمانـدا، لەسەر یـەکی لـەو گـۆرانییانەی بۆمـان دانابوون کە بیڵێن. کاک کـامـیل پێشنیاری کـرد، کە دوو نـاوی لەبـار و جـوانیان بۆ هەڵـبژێـرین. ئەوەبـوو گەورەکەیـان کە (خـۆخـە) ی ناوبـوو، کردمـان بە (نـازدار) بچووکەکەشیان کە (مـاری)ی ناوبـوو، کردمـان بە (ئەسمەر)، (فەرهـاد) یش وەک نـازنـاوێکی هـونەری بۆ هـەردووکیـانمـان دانـا. ئیتر بـوون بە (نـازدار و ئەسـمەر فـەرهـاد). لەسـەر (سـیم) گـۆرانییەکـانمان بـۆ تـۆمـارکـردن. وەک وتیـشم خـۆم لە یەکێکیاندا بەشداربووم. کە لە ئیزگەشەوە بڵاودەکرانەوە، لەناو گوێگرەکاندا، ناو و شـورەتێکی باشـیان پەیـداکـرد و دەنگـیـان دایـەوە. سەدان نامـە دەهـاتنە ئیـزگە و داوای گۆرانیەکانی ئەم دوو ئافرەتە دەنگخۆشەیـان دەکـرد. (نـووسـەر: کـاتێک کە مێرد منداڵ بووم. ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆر هۆگری گۆرانییەکانی نازدار و ئەسمەر فەرهاد بووم. زیاتر لە (٣٠) نامەم بۆ ئیـزگەی رادیـۆی کوردی ـ گۆرانی داواکراوـ  نارد و داوای گۆرانییەکانی نـازدار و ئەسمەر فەرهادم کرد). هەمووی (٨) گۆرانی نازدار و ئەسمەر فەرهـاد لە رادیـۆی کوردی بەغـدا تـۆمارکـراون. 
هەتا سەرەتای ساڵانی پەنجاکان، ماڵی (نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد) لە خانـوویەک بوون لە بەغـدا، لە گەڕەکی (بەتـاوین) بەرانبەر بە (گۆلـێژی پۆلـیس) و بەرانبـەر بە (کەنیسـەی ئەرمەن) دوایی کەوتنە خۆ ئامادەکرد بۆ کۆچکـردن لەگەڵ هەزاران جوولەکەی تـردا. ئامادەبـوون کە بۆ ئیسرائیل بچـن. زێـدی رەسەنی باووباپیرانیان.
دواجار سەردانیم کردن جەنجاڵی خۆکۆکردنەوە بوون. دەبوو ئەو رۆژە بڕۆيشتنایە. هەرچـییەکـیان بـوو فـرۆشتیان. جگە لە پاسکـیـلێکی منـداڵانی سێ پێچـکە. وتیـان: "ئـەوەش وەک دیـاری بـۆ ـ کـاکـە ـ ی کـوڕت" بەڵام دڵـم بـڕوایی نەهـێـنا کە لێـیان وەربگرم، قبووڵم نەکرد. دواجاربوو یەکتر ببینین. دڵتەنگ و مات و پەست گریاین و حەسرەتمان کێشا، دەبوو بڕۆن. هەر دەبوایە بڕۆن. جگە لەو ناڕەحەتی و تەشقەڵە و زوڵمەی لە عێراقییەکانەوە تووشیان دەبـۆوە. کە رۆیشتن ئیتر دەنگوباسیان نەما، وەک بـەردێ بکـەوێتـە گـۆمـێکەوە. ببـڕای ببـڕ، هـیچـم لـێـیان نەبیـسـتەوە. داخ و حەسـرەتیـان تا ئێـستاش ئاسەواری خـۆی  لە دڵـمـدا هـەیە" 
نازدار و ئەسمەر فەرهـاد، لە ساڵی (١٩٥٢) دا، کۆچیان بۆ ئیسرائیل کرد، کە دوا کـۆڕەوی بە زۆری جوولەکـەکـان بـوو لە عـێراق. چی پـارە و خـشڵ و زێـڕیشیان پێبوو، حکومەتی عـێراق هەمووی لـێیان سەندن. تەنیا بۆیان هەبوو (٢٥) دیناری عـێراقی و جـانتایەکی جلـوبەرگ لەگـەڵ خۆیـانـدا بـەرن.    
تا ساڵی (٢٠٠٣) یش، شـریتەکانی گۆرانییەکـانی ( نازدار و ئەسمەر فەرهـاد ) و ساڵی تۆمـارکـردنیان. لە ئەرشـیفی ئیزگەی رادیـۆی کوردی لە بەغـدا مـابـوون.  کە بینایەی تەلەفـزیۆن و رادیـۆی عـێراق لە بەغـدا لە لایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە بـۆردوومـان کـرا، ئەرشـیـفی ئێـزگەی رادیـۆی کـوردی زیـانـێکی زۆری بـەرکـەوت. ژمارەیـەکی زۆری شریت و کاسێت و سیدییەکانی گۆرانییە کوردییەکان لە ناوچوون. بەشێکـیان دزران و بەشێکـیان سـووتـان و بەشێکی کەمیشیان کەوتنـە لای بێـژەری پێشـووی ئیـزگەی رادیۆی کوردی، جـوانەمەرگ کـاک (ئیـسماعـیل گەیـلانی) کە لەو کاتەدا مەترسییەدا، چوو بۆ بەغـدا و ئەو بەشەی لە تیاچوون رزگار کـرد و کەوتنـە لای ئـەو. بـەڵام بە داخـەوە، کە کـاک ئیسماعـیل بە هـۆی سـووتـانـەوە لە هـەولـێر کـۆچی دوایی کـرد. تا ئێستا نـازانـرێت ئـەو شـریـت و کاسـێـت و ســیدی گـۆرانییە کوردییانەمان، کە لە لای کـاک ئیسماعـیل بوون، لە ئێستادا لە لای کێـدا ماونەتەوە، هـیچ زانیارییەک لە بارەیـانەوە نازانـرێـت کە چـییان لێکـردوون. 
هـیوادارم کە دوو خـانمە گۆرانیبـێژی دەنگخـۆش و دەنگـناسکی کوردمان، پـێکەوە رێکبکەون و بە دوو قـۆڵی گـۆرانییەکـانی (نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد) بە جـوانی و پوختی و بە هەمان ئاوازەوە و سۆزەوە، بیانڵێنەوە و بۆ تەلەفـزیۆنەکانی کوردستان تۆماریان بکـەن. بۆ نموونە هـونەمەنـدی گۆرانیبێژ خاتوو (چـۆپی فەتـاح) و خاتوو (دینـا) و خاتـوو (لـۆکە زاهـیر) و خاتـوو (ئاڤـان جەمـال) و خاتوو (ماریا هەورامی) یا هەر خاتوونێکی گۆرانیبـێژی تری کوردمـان بێـت. دوانیـان پێکەوە رێکـبکەون و بە دوو قـۆڵی گۆرانییەکـانی نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد بڵـێـنەوە و تـۆمـاریـان بکەن. تا ئەم گۆرانی و ئاوازە رەسەنە فـۆلکلۆرییە کوردییانەمان لە تیاچـوون رزگاربکەن. دەسـتخـۆشی و ئـافـەریـن، بـۆ ئـەو دوو خـانـمـە گـۆرانیـبـێژە کـوردەمـان بێـت، کە دەست پێـشخـەری دەکـەن و ئـەم کـارە نەتـەوەییـە دەکـەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە