من تەنها نابینم بیریش دەکەمەوە...

Friday, 25/06/2021, 4:41

4813 بینراوە


هەندێک هاوڕێی خۆشەویست خەریکە عاجز دەبن لەسەر ئەوەی لەبارەی شانۆگەریەکانی شاسوار عەبدولواحید دەینوسم، تکایە با هێندە عاتیفی نەبین هەردوو دیوی شتەکان ببینین. هەمووتان من دەناسن کە تا سەر ئێسقان دژی ئەم دەسەڵاتە مافیا و چەتەیەم و لەدژایەتی ئەواندا ئازار و زیندانیم چێشتووە. 

پاپلۆ ئەسکۆبار:

پاپلۆ ئەسکۆبار مافیا و سەرمایەدارێکی کۆڵۆمبی بوو، بەڕێگەی ناشەرعی و نائینسانی سەرمایەی ملیاران دۆلاری کۆکردەوە، بەڵام بۆ شاردنەوەی کارە خراپ و قێزەونەکانی و جوان نیشاندانی خۆی کامێرا و تیڤیەکانی دەهێنا و یارمەتی چەند ماڵە هەژارێکی دەدا تا سۆزری خەڵک بۆ خۆی ڕابکێشێت سەرکەوتووش بوو، هەتا چووە پەرلەمانی کۆڵۆمبیاوە.
خەڵکیش تەنها ئەوەی دەدی کە لەبەر کامێرا ئەسکۆبار دەیکرد نەک ئەوەی لە پشت کامێراکان دەگوزەرا، نەک ئەوەش، کە هەزاران منداڵی ئەو خەڵکەی ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر کردبوو.

پێناسەی ئێمە بۆ مافیا چیە؟ خۆ هەر ئەوە نیە ماددەی هۆشبەر دەفرۆشێت.

شاسوار عەبدولواحید وەک ئەسکۆبار جار جار بۆ ئامانجی سیاسی و ماددی ئەوە لەبەردەم کامێراکان دەکات کە دەیبینین، بەڵام ئەوە نابینین کەلەپشت کامێراکانەوە لە ژوورە داخراوەکاندا دەگوزەرێت، ئەوەی ئەو کە بەڕێگای ناشەرعی و نائینسانی بۆتە ملیاردێر .
سەرمایەی ملیار دۆلارییەکەی شاسوار بەرهەمی گەندەڵی و ناعەدالەتی سیستەمی چەتەگەری ١٨ ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستانە.
کێ دەتوانێت بەڕێگەی دروست لە چەند ساڵێکی کەمدا ببێتە ملیاردێر ئەگەر خودی سیستەمی دز و گەندەڵ شەریکی نەبێت و ڕێگای بۆ ئاسان نەکردبێت؟
هەرگیز چاوەڕێی هیچ هیوا و باشەیەک لە کەسێک ناکەم، کە سەرمایەکەی بە ڕێگەی نا ئینسانی و نایاسایی کۆکردبێتەوە!! باوەڕ بە فرمێسکە تیمساحیەکانیشی ناکەم.
دەستان بخەنە سەر ویژدانتان من کەسێک لە قوربانییەکانی دەستی شاسوار دەناسم، کە لە میراتی باوکی شتێکی بەرکەوت بە مەبەستی ئەوەی قازانجێکی لێبکات پشکی لە چاڤیلاند پێکڕی، بەڵام پارەکەی خورا و ئیستا کرێچیە، دەکرێت ئەو کەسە ساویلکە بوبێت، بەلام ئەوەی قۆڵی بڕی پڕۆفسیۆناڵ بوو، ئیتر من چۆن باوەڕ بەم شانۆگەرییە بکەم؟..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە