ئیتیلاعات سەرانی گۆڕان و یەکێتی کۆ کردەوە!

Friday, 25/06/2021, 15:34

8292 بینراوە


هەژموونی ئیران بەسەر سەرانی باشووری کوردستاندا هەمیشە وەک ڕۆژی ڕووناک بووە. لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و تا هەنووکە، سەرانی یەکێتی هەر لە فەلەکی تاراندا خولاونەتەوە. لە قۆناغی شاخدا بیانوی سەرانی یەکێتی ئەوە بوو کە گوایە ئەوان سیاسەتیان دەکرد و ئیمکاناتیان نەبوو و پێویستیان بە ئیران هەبوو، بەڵام دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ دۆخی سەرانی یەکێتی گۆڕانی بەسەردا هات، پشتیوانی نێودەوڵەتیان بۆ پەیدا بوو، دەستیان لەگەڵ دەزگەی هەواڵگری ئەمریکی تێکەڵاو کرد و دەرامەتی گاز و بیرەنەوتەکانی باشووریان کەوتە ژێر دەست، بوون بە ملیاردێر، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ ئیراندا گۆڕانی بەسەردا نەهات، هەر لەسەر هەمان ئاوازی جاران بۆ ئیران بە تەپڵی ئیتیلاعات هەڵدەپەڕن، واتە ئەمانە هەر جاشی ئەزەلی ئیران بوونە، هەرواش دەمێنن و باجەکەشی پرسی کوردە کە بەرەو هەڵدێری دەبەن. 
میللەتی کورد ئەزموونێکی دەوڵەمەندی تاڵی لەگەڵ ئیراندا هەیە، کە لە ڕێگەی سەرانی باشوور ئەو وڵاتە هەمیشە توانیویەتی شۆڕش و جوڵانەوەی نەتەوەیی کورد بۆ مەرامی خۆی بەکاربهێنێت. لە ئەنجامدا ڕێڕەوەی سروشتی مێژووییان بگۆڕێت، بۆیە سوڕانەوە لە فەلەکی ئیراندا بۆ پرس و میللەتی کورد تەنیا نەهامەتی بەدواوە بووە وەک، دروست کردنی جەوقەد، جود و ڕێککەوتنی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە ساڵی ١٩٨٧دا بەسەرپەرشتی سوپا سالاری پاسداران و ئیتیلاعاتی ئیرانی. ئەنجامدانی چالاکی هاوبەشی یەکێتی و پاسداران وەک لێدانی کەرکوک لە ساڵی ١٩٨٥. داستانی ڕزگاری و خیانەتی ئیران، بەکارهێنانی توڕەیی خەڵک و ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١دا بە سەرپەرشتی قەرارگەی ڕەمەزان، کە فەرەیدون عەبدولقادر لە دوای ٢٨ ساڵ  لە پەڕتووکی "هەڵۆ سوورەکانی قەندیل" لە لاپەڕە ٥٩٢ دا ددان بەو ڕاستییە دەنێت و دەنووسێت:
"لەگەڵ قەرارگەی ڕەمەزان هاوئاهەنگیمان تەواو کرد و بێتەل و پێویستیەکانی قۆڵی دەربەندیخان تا گەرمیانمان لە تەپەڕەش دانا هەندێ هێزیشمان لەوێ دانا!" . لە هەمان لاپەڕەدا دەنووسێت " لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٥/٣/١٩٩١دا  توانیان شارۆچکەی ڕانیە بکەنە دەروازە بۆ ڕزگار کردنی ناوچەکان و ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان".
ڕزگارکردنی کەرکوک بۆ چەند ڕۆژێک لە ساڵی ١٩٩١دا، سەرانی یەکێتی بۆ ڕازی کردنی زێتری ئیران کۆمەڵێک کوڕی هەژاری خەڵکیان تێیدا بە کوشتن دا، دواتر خۆیان ڕایانکرد و ئەمریکاش لەو ڕقە پشتی لە کورد کرد.  فەرەیدون عەبدولقادر لە پەڕتووکی "هەڵۆ سوورەکانی قەندیل لاپەڕە ٥٩٤"دا دەنووسێت:  
 "کەرکوک بووە خاڵی وەرچەرخانی سەلبی لە پرۆسەی ڕاپەڕیندا و ئەمریکاش دەستی هێزە گەمرۆ دراوەکانی ڕژێمی عیراقیان ئاوەڵا کرد، تا بکەوەنە گیانی خەڵکی ڕاپەریوی کوردستان".
دواتر ففتی ففتی و بانگەشەی تاڵەبانی بۆ هەڵبژاردنی مەسعود بارزانی بە سەڕۆکی هەرێم، هەموو ئەمانە بەسەرپەرشتی ئیتیلاعاتی ئیران و ئاغای قاسمی سلێمانی بوو. لە ئاکامدا بووە هۆی ئەوی سەرانی کورد لە باشووردا لەژێر ناوی ئەوەی کە گوایە سیاسەت دەکەن،  هەموو هەلە مێژوویەکانیان لەدەست میللەتی کورد دا و بۆ ئەجێندای ئیتیلاعات کاریان کرد! 
ئەمڕۆ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، هەمان ئەو کەسانەی کە لەنێو یەکیتییدا بوون و لە ڕابردوودا ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان هەیە لەو جۆرە ڕێککەوتنانە، یان کوڕەکانیان بەهەمان ڕێچکەی ڕابردووی باوکیاندا تێدەپەڕن، هەمان خیانەت دژ بە پرسی کورد ئەنجام دەدەن، دارودەستەکانی جارانیان لە دەوری مێزی ڕێککەوتنی خیانەتدا کۆ دەکەنەوە و ڕێککەوتنی نێوان سەرانی گۆڕان و یەکێتی بە فشاری ئیتیلاعات و بۆ خزمەتی ئەجێندای ئیران واژۆ دەکەن!
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق ئەوەندەی کێشە و غەمی دەوڵەتانی ئیقلیمە، ئەوەندە کێشە و غەمی میللەتی عیراق نییە، لەبەرئەوەی ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە بەغداد و هەرێم پێش و دوای ڕووخانی سەدام سەلماندویەتی، کە هیچ کێشەیەکی گەلانی عیراق بە عەرەب و کورد و کەمەنەتەوەکانی دی چارەسەر نەکردووە و ناکات، تەنیا ئەوە نەبێت کە هەمان سەرانی حزب و دارودەستەیان لە دەسەڵاتدا دەمێنن و ئەمڕۆ ئاسا دەبن بە مۆڕانەی وێران کردنی عیراق و هەرێم. 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتووی عیراق تەنیا بیانوی زلهێزە ناوچەیەکان و جیهانە، بۆ ئەوەی هەوڵدەن لە ڕێگەی شانۆگەری هەڵبژاردنەوە، دەسەڵاتیک دەستبەکار بێت لە هاوکێشە سیاسیی و ئابووریی و سەربازییەکانی عیراقدا پشتیوانی ئەوان بێت، لە ئەنجامدا ڕۆڵی یەکتری لاواز بکەن، بۆیە هەنووکە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی داهاتووی عیراق، بۆتە هۆی ئەوەی دەوڵەتانی ئیقلیم بە تایبەتی ئیران، جموجۆڵ بکات و داشەکانی لەنێو حزبە کوردیی و عەرەبییەکاندا بەگڕ بخات.
 ئێستا لە بەغداد سەرانی یەکێتی لەگەڵ هادی عامری ڕێککەوتون، بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پشتیوانی یەکتر بکەن، ئاڵا ئەسەدی کە بە دەنگی حزبێکی عەرەبی چووە پەرلەمان، لەنیوەی ڕێگە بوو بە سەڕۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغداد ڕایگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ هاورێ کۆنەکانی جەلال تاڵەبانی هاوپەیمانەتیان بەستوە، بە مانایەکی دی ڕێکخراوی فەتحی ئیرانی، لەگەڵ یەکێتی و گۆڕانی ئیرانی لەیەک بەرەدا دەبێ کۆببنەوە، بێگومان ئەم نزیکبوونەوەیە، لەژێر چاودێری ئیتیلاعاتی ئیرانە، لەژێر فشاری ئەوانە کە سەرانی گۆڕان و یەکێتی لەژێر دروشمی بریقەداردا ئەو ڕێککەوتنە دەڕازێنەوە و ڕاگەیاندنەکەی بە سرودی نیشتمانی پەردەپۆش دەکەن، هەلپەرست و مشخۆڕەکانی دەوروبەری خۆیانی پێ کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی میللەتی پێ چەواشە بکەن. لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوترێت کە ئەم ڕێککەوتنە بۆ میللەت و گۆرانخوازان و یەکەتییەکان لە ئاست خوارەوەدا لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دی لێ شین نابێت!
راستەوخۆ.. هادی عامری و ئاڵا تاڵەبانی قسە دەکەن 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە