رزگار رانگور

https://www.facebook.com/profile.php?id=100073491703111


وێرانە خاکی شۆڕشگێڕان

Sunday, 06.27.2021, 2:00

2481 بینراوە


 دوا کتێبی "د.فاروق ڕەفیق"م خوێندەوە کە بە ناونیشانی وێرانە خاکی شۆڕشگێڕانە و بریتییە لە 580 لاپەڕە..


 کتێبێکە وەکو زۆربەی کتێبە باشەکان بێدەنگیی وەک هەرشتێکی تری بێبەها لە ناوماندا دێت و دەچێت....!
کە دەڵێم بێبەها بەو مانایە نا، کە کتێبەکە بەهای نییە، بەڵکو بەو مانایەی ئێمە هەموو شتێکمان لە لا بێبەها بووە، تەنانەت ژیانیش! بۆیە تەنیا لە خەمی شتگەلێکی پوچدا ژیان دەکەین.
ئەم کتێبەی د.فاروق رەفیق خوێندنەوەیەکی ڕیالیستیانەیە بۆ دەسەڵاتێکی کوردی کە لە ماوەی سێ دەیەدا لە بەشێکی بچوکی نیشتمانێکی کڵۆڵدا، خراپتر لە داگیرکەر و دوژمن خەڵکی ئەو بەشەیان چەوساندۆتەوە و لە بچوکترین مافی مرۆڤبوون بێبەش کراوە، دەسەڵاتێکی کوردی زمان و بەدڕەفتار وەک دوژمنێک لە مێژوودا نموونەی کەمە.
کتێبەکە خوێنەوەیەکە بۆ ڕووداوەکانی 17 ی شوبات، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا 17ی شوبات و تاوان و کوشتن ونمایشی ئەو چەند ڕۆژەمان بۆباس ناکات، بەڵکو کێشمان دەکات بەناو گەشتێکی فەلسەفیی و جیهانبینی، کە ستەم و ڕووداو تێیاندا هاڵچوون و داچوونی مێژووی و سیاسەت و حاکمێتی ستەمکار و فاشیست و تۆتالیەت و دادگاو دادوەری بێ ئابڕوو...هتد لەمێژوودا بۆ باس دەکات.دوایش دەوڵەت و ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی تریش کە لەماوەی ئەم سێ دەیەدا بەرۆکی بەگەلەکەمانی گرتوە و پێمان دەڵێت: کە چەندین مرۆڤی قەزم و تێکشکاو، شکۆشکێنراوی لێ بەرهەم هاتووە، گەلی کورد لە وێرانەی بەناو ئەم شۆڕشگێڕانەدا ژیان بەڕێ دەکات و حاکمی متڵەقی ئێمەن و بونەتە نمایندەی گەلێک لە جیهاندا و کەیسی داماوی و ئەنفال و ڕەشکوژی بێ نیشتمانیمان دەگێڕن و بازرگانی بە کیان و کەرامەتمانەوە دەکەن، بێمنەتیشن هەموویمان بەکوردایەتی و خزمەت پێ دەفرۆشنەوە.
 سەرەتا کە کتێبەکە گەیشتە دەستم، بەناونیشانەکەی زۆر نیگەران بووم، ئاخر کە تۆ نزیک لە٦٠٠ پەڕە دەخوێنیتەوە و لەناو ئەم هەموو تاوان و ڕووداو بێحورمەتیەدا کە بە گەلێک دەکرێت، چۆن دەبێت : ئەمانە ناویان شۆڕشگێڕ بێت و کوێیان شۆڕشگێڕە..!؟
 دوایی تەواوکردنی کتێبەکە بۆ پیرۆزبایی پەیوەندییم بە د فاروق خۆی کرد و دەسخۆشییم لێکرد، تۆزێک گفتوگۆمان کرد.د.فاروق گوێگرێکی باشە، کە من لێم نەشاردەوە وتم لەگەڵ ناونیشانی کتێبەکەدا نیم.لە وەڵامدا وتی دەکرێ جارێکی تر سەیری بەرگی کتێبەکە بکەیت....؟
ووتم : بەڵێ بەدڵنیایەوە لەبەردەستمدایە هەر ئێستا سەیریدەکەم، باشە بۆچی ؟
 ووتی: دەبینی خەتێکی راست و چەپ بەسەر شۆڕشگێڕدا هاتووە....!؟ 
ئیتر ووتم : دەکرا من جوانترو ووریاتر سەیری وێنەی سەر بەرگی کتێبەکەم بکردایە، ئەو خەتە پێمان دەڵێت ئەمانە چ جانەوەرێکن لە نیشتمانی ئێمەدا حاکمن..!؟
 بەڕاستی ئەم کتێبە ڕاتدەگرێت و پێت دەڵێت: کە خەڵکانێک هەن وەک من و تۆی ستەمدیدە دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە نەمێنێت، بەڵام ئازایەتی بەشداربوونیان نییە و ناتوانن قوربانی بە بچوکترین شت بدەن کە لەدەستیان دەچێت.من لەگەشتی ژیانمدا زۆر لەم دیاردەیەم دیووە و پێیان ئاشنام، کە کەسانێک هەن زۆر قسە دەکەن بەڵام لەگەڵ کردار و قوربانیدان هاوتەبا نیین.ئەو کەسانەش بەردەوام زۆرینەی خەڵک پێک دەهێنن.کە باس لە بەردەرکی سەرا دەکات، یان وەک شاری "قاهیرە"کە کۆپێ کرا ناوی گۆڕا بە مەیدانی ئازادی دەڵێت : خۆزگە ئەو بینەرە لێرە دەبووکە، بەڵام ئەو بینەرە نەبووە تا.
"هەرهەموو لە تەڵخی و نائومێدی و پاشەڕۆژە تەڵخەکەی جڤاتی کوردی ببینێت" 
سەکۆی ئازادی "حەقیقەتی حەشاماتی کوردی ڕەزیلکراو و لە مرۆڤخراوی نیشان داوە"
لای کاک فاروق ڕەفیق هیچ هیوایەک نییە کە ٥٠ ساڵی تر ڕاپەڕین ببێت، داوا کاریەکانی خەڵک کە لەم کتێبەدا ئاماژەی پێکراوە واتە ئەو مرۆڤانەی چون شتەتایبەتەکانی خۆیان بردوە داوایان لە بەڕێوبەرانی سەکۆکە کردوە کە نمایشی داواکانیان بۆ بکەن، هەندێکیان هێندە ترسنۆک بوون ووتویانە ئێمە چۆن ئەو داواکاریانە بخوێنینەوە و دەترسین موچەکانمان ببڕن...!
 داواکاریەکانیشیان هێندە قێزەون بووە، کە مرۆڤ شەرم دەکات لەوەی دەپرسێت ئەرێ هەر بە ڕاستی ئاستی خەڵک گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی هێندە بچوک بێتەوە بەهەڵم و بەناخی زەویدا ڕۆچێت، چ نەفرەتییەکە توشی گەلەکەمان بووە...!؟
 ووتەیەکی ڤۆلیتێرم بیرکەوتەوە کە دەڵێت :"سەخترین کار ئازادکردنی ئەو کۆیلانەیە کە زنجیرەکانیان دەپەرستن".
ئێمە ڕۆژانە لە ڕێگەی کەناڵە کوردییەکانەوە دەبینین، کە چۆن مرۆڤی تێکشکاو نمایش دەکەن، لەبەردەمی کامێراکاندا دەگرین، یان دەکڕوزێنەوە، تەنانەت ناتوانن باس لە ئازارەکانی خۆشیان بکەن.
 بەردەرکی سەرا یان مەیدانی ئازادیی ئاوێنەیەکە کە تاکی تێکشکاوی گەلەکەمان نمایش دەکات، کاک فاروق هەندێک چیرۆکی ئەو مرۆڤە داماوانە دەگێڕێتەوە کە بەخۆیان و داوا کاریە پوچەکانیانەوە هاتوون و خۆیشیان ئازایەتی ئەوەیان نەبووە کە داواکاریەکانیان بهێننە سەر شانۆکە، چونکە ترسنۆکی چۆتە ناو ناخی زۆری گەلەکەمانەوە.
دوایش کۆدی ئەو نهێنیەشمان پێدەڵێت : کە بۆچی ئیسلامیە ترسنۆکەکان نوێژی هەینیان لەوێ دابەست و ڕێک ویستیان ئەزمونی ئیخوانەکانی میسر دووبارە بکەنەوە..کاتێک کاک فاروق دەیەوێت ئەو گاڵتەجاڕییە سەر نەگرێت...بەر بوتڵی ئاوی دەدەن و دەیانەوێت لەسەر شانۆ بیهێنەخوارەوە...ئێوە بیرتانە کە کەسێکی وەک "ڕێبین هەردی " هاواری دەکرد" اللە اکبر" لەوێوە ئیسلامییەکان وەک لەکتێبەکەدا ئاماژەی پێدراوە موچەو بەراتیان لە دەسەڵاتەوە بۆ دابین دەکرێت، دێن بەرهەمی قوربانییەکە دەچنەوە، وەک ئەوەی ئیسلامیە ئیخوانییەکان لە میسر و تونس ئەنجامیان دا.جگە لەوەش ئیسلامییەکان پلانی ئەوەیان هەبووە، کە بزووتنەوە جەماوەرییەکەی 17ی شوبات بەرگێکی عەرەبی و ئیسلامی بە بەردا بکەن.17ی شوبات تاکە ڕووداوە لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە بە دیکۆمێنت کراوە و سبەینێ گەر مێژووی ستەمی کوردی بخوێنرێتەوە ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی ڕاستگۆی ئەو مێژووە.
 لە کتێبەکەدا کە باس دێتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی ساختە و کەسایەتی ساختە کاک فاروق دەڵێت : لەدوای کەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هەوڵێک بۆ هاتنەئارای بەناو ئۆپۆسیسۆنی سیاسی، دووهەوڵی نەزۆکی دیکە هەن، کە لە ڕاستیدا هەوڵ نین بەڵکو شەرمی سیاسین، کەوتنی ئەخلاقین، هاوپەیمانی، کە بۆ ئەوە دروست بوو، بۆ ئەوەی پیاوێکی هەلپەرست ببێتە سەرۆککۆمار..دوایش وەهم و درۆیەکی نوێ کە بەناوی نەوەی نوێوە دروستبوو، کە سەرۆکەکەی سۆزانی سیاسی بۆ نمایش کردین، ئەمانە چەتە و دز و پیاوگەلی بێموڕاڵن لەناوەڕۆکدا بێڕەوشتیان بۆ نمایش کردین، تەنانەت د.فاروق سەرۆکی نەوەی نوێ بە ئەکتەری پۆڕن دەشوبهێنێت، ورێنەکانی یەگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیش بە نزم و بەزەیی پیاهاتنەوە دەخاتەڕوو چونکە خاڵین لە مەعریفەی سیاسەت و تەنها خەریکی گەوجاندنی کۆیلەکانیانن.
کە باس لە حکومڕانی کوردی دەکات و باسی" شار" دەکات دەڵێت :
لێرە غیابی شار هەیە، دەلێت: شار جادە نییە، بینای شوشەبەند نییە، کەبابخانە و ڕیستۆرانت نییە، بەڵکو ئاگۆرایە کۆبونەوەیە لەسەر خوانی پرەنسیپ لەگەڵ روئیایەک بۆ ئایندە....بۆیە لە هەموو شارەکاندا سەدان گوندیان دروست کردووە و ناویان ناوە گوندی ئەڵمانی..گوندی...گوندی...پاشان لە گەڕەکەکاندانیشدا کە تازە ن و هەڵتۆقیوون خزم و خوێش و عەشرەت سەریان کردوە بەیەکدا...شار تەنیا قەبە بووە ئەوەتانێ کتێبێکی وا کەس باسی ناکات و نای بینێت....!
ڕیفراندۆم بابەتێکی زۆر زانستیانەی ناو ئەم کتێبەیە، کە پێمان دەڵێت: ڕیفراندۆم بۆیە کرا تا وەک یاری مار و پەیژە، تا ئێمە 26 ساڵ حوکرانی و دزیی و فەسادیی و شەڕی ناوخۆ و لەشکرکێشی و تاوان و ژنکوشتن و کەلتوری داڕزانی کۆمەڵگامان لەبیر بەرنەوە و لەسەرەتاوە لە پاڵەوانەکانی ڕیفراندۆمچیەکان بڕوانین و بڵێین قەیناکە ئێوەخۆش نیشتمانمان بۆ دروست بکەن، دزی و پاشاگەردانییەکانتان گۆڕەوشاردەکەین.
نووسەر دڵنیا نییە لەوەی کە ڕیفراندۆم پڕۆژەی ئاکپارتی بێت یان تورکیا بێت، چونکە هیچ دیکۆمێنتێکی لەبەردەستدا نییە.ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەلام د.فاروق ناوی چەند نووسەرێکی ڕیزکردوە کە لە سەر ڕیفراندۆمیان نوسیوە..بەڵام بە ووشەیەکیش باسی ئەوهەموو نووسینە ناکات کە لە کوردستانپۆست لەسەر ڕیفراندۆم نووسرا...؟
کاتێک لەو بارەیەوە گفتوگۆم لەگەڵ کاک فاروق دا کرد، نەیشاردەوە کە کەناڵەکان و مێدیای هەرێمەکە نایانەوێت باسی ئەم بەرهەمەی بکەن و لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە هەواڵەکە دزەی پێکراوە و پێیان ووتوون کە ئاگاداربن بەهیچ شێوەیەک باسی ئەم کتێبە نەکەن، چونکە دەمی لە بڤەکان داوە و ژێر بەڕەی خستۆتە سەربەڕە.
 دەسەڵاتدارانیش نەک ناخوێنەوە، دڵنیاش بوونەتەوە کە خەڵکیش حەوسەڵەی خوێندنەوەیان نییە، بگرە خۆشیان هەر نەخوێندەواریشن، ئەوان دەرچوی قوتابخانەی ڤیاگرا و تیکتۆک و مۆدێل و درامای تورکی و نوکتە و شەوچرای عەگدە و بەزم سەفان..بۆیە کتێب هیچ ناگۆرێت....! 
 هەتا ئەو هەموو ڕاستیەی کە لە ناو ئەم کتێبەدا هەیە و نوسراوە هیچ بەردێکی ژێر ئەم دەسەڵاتە کوردییە لەق ناکات، بۆیە ئەو ناوانەی کە د.فاروقیش لە نوسەران ڕیزی کردوون، بەداخەوە بە ووشەیەک چییە باس لەم بەرهەمە ناکەن، دەڵێت هیچ ڕووی نەداوە، بەدیوەکەی تردا ڕەنگە دەرەقەتی نەیەن و دڵنیابن ئەم کتێبە بەسەر هەموو قسەپوچەکانی ئەواندا دەفڕێت کە ڕۆژانە دەیکەن.
جارێکی تر دەستخۆشی لەو خامەیە دەکەم کە ئازایانە دەستی خستۆتە سەر برینەکان..لێم نەشاردەوە بە کاک فاروقم ووت : من دڵنیام سەد ساڵی تر کورد دەزانێت خاوەنی بەرهەمێکی بە پێزە کە مێژووی حاکمێتی کوردیمان بۆ دەگێڕێتەوە...لە ڕۆژی 17ی شوباتدا نووسەر و ناسکەخانی هاوسەری لەیەک دەپرسن دەبێت ئێستا هەڵوێستی ئێمەچی بێت، دوایی ئەوەی شار خەڵتانی خوێن کرا....!؟ 
لێرەوەیە لەو بەشداربونەوەیە، کە ئەم بەرهەمە بە پێزەی لێبەرهەم هاتووە، سبەینێ مێژوو شانازی پێوە دەکات.
بەهیوام خەڵکی فێربێت ئازارەکانی خۆیان بخوێننەوە.من دڵنیام دوای بڵاو بونەوەی ئەم نووسینەی من، رەنگە کتێبیەکەی د. فاروق لە مەملەکەتی تفەنگدا قاچاغ ببێت.