هەوڵدانێك بۆ تێگەیشتن لە داگیرکردنی تاریکی (بەشی دووهەم )

Sunday, 27/06/2021, 8:17

4277 بینراوە


زمانی داگیرکردنی تاریکی 

زمان ، یەکەم کەرەسەیە کە رووبەرووی دەبینەوە لە هەر کارێکی وێژەیی و شیعریدا . ئەگەر زمان لە سەرەتای دەستپێکردنی هەوڵی تێگەیشتنی دوو مرۆڤ لەیەکتری یان  کۆمەڵێ لە یەکتری گەورەترین دەسکەوت بووبێت ،هەر لە سەرەتاوە بەگەشەسەندنێکی تەریب لە گەڵ گەشەسەندنی هزری مرۆڤدا تێپەریوە .زمان بەشێووەیەکی گشتی ، بە ئامرازی ئاماژە دەستی پێکردوە و دوایی بە دەرخستنی دەنگ ودوایش بە دۆزینەوەی پیتەکان ورێکخستنیان لە ووشەدا کۆتایی هاتوە ، بەڵام نوسینەوەوی ئەو ووشانە بەشێوەی سەرەتایی ئەگەر لە وێنەی ووشەکان و ناوەکان دەستی پێکردبێ ، تا دۆزینەوەی شێوەی پیتەکان و نەخشکردنیان دەسکەوتێكی کەم تر نەبوە لەدەرکردنی دەنگەکان وگفتوگۆ ، ئەم جۆرە نوسینانە لە پێشدا بۆ هەر چی یەك بەکار هاتبێت ،سیحرێکی خۆی هەبوە ، بەڵام لەو کاتەوەی بەکار هاتوە بۆ گێرانەوە ،، هێز و توانایەکی تری وەرگرتوە، گەورەتر لە سیحری هەر کردارێکی تر . لەو کاتەوەش کە لەبری روداوێك چەند ووشەیەك وەك رەمز وبەکارهێنراوە ، سەرەتای دەستپێکی ئەدەبی ئەفسوناوی هەنگاوەکانی بۆ ژیانمان هەڵهێناوە . 
دۆزینەوەی زمانێك لە رۆمانێكدا وەك دۆزینەوەی پارچەیەکی دەرزی یە لە ناو خەرمانێ پوش وپەڵاشدا ،ئەگەر بتەوێت بە تەنها بە زمانی خوێندنەوەی سادە لە دووتوێی رۆمانێكدا بۆی بگەرێی و بیخوێنیتەوە .کەواتە گەران دەبێ لە شوێنێکی تردا بێت .  دەبێ بگەرێی بۆ زمانی راستی رۆمانەکە ، مەبەستم ئەو زمانە نی یە کە پێی نوسرابێت ،،بەڵکو ئەو زمانەی لە پاڵ نوسینەکە دەبێ بدۆزرێتەوە ،ئەو زمانەی لە ئاکامی گفتوگۆی کارەکتەرەکان لە گەڵ یەکتری بۆت دەرئەکەوێ ،ئاخۆ نوسە شاراوەکە لە کوێدا خۆی حەشار داوە و بە چ زمانێك ئەدوێ  ، داگیرکردنی تاریکی لە جنسی کام زمانە ،گرنگترە لە لای من لەوەی بەکامە زمان و بە چ جۆرە پیتێ نوسراوە  ،، راستە ئەم شاکارە پێویستە بەهەموو زمانەکان بنوسرێتەوە، لە پێشیانەوە بە تورکی ،، بەڵام ئەو زمانەی بەختیار دواجار داوێتی بە رۆمانەکە ناکرێ بە یەك زمان ناوی بەرین ،،ئەو بە زمانی حیکایەت خوانێکی نهێنی لە گفتی کارەکتەرە کانەوە ئەدوێ ، ئەو بە زمانی شێکارێکی دەرونی، لە زۆربەی کاتەکان رستە دوای رستەی بۆمان نوسیوەتەوە ،، پەرەگراف دوای پەرەگرافی شیتەڵ کردۆتەوە ،، بە زمانێكی وا باری دەرونی چرکەکانمان بۆ دەرازێنێتەوە ، پێویست دەکات بۆ هەر گفتوگۆیەکی نێوان قوربانیەك و جەلادێك یان دوو قوربانی لە گەڵ یەك یان دوو کارەکتەری دژ بەیەك ، دەیان پەرە پربکەینەوەو بۆهەر باسکردنێكی  ئەو،کە بەچری لە چەند رستەو ووشەیەکدا نوسیوێتەوە ،دەیان نوسین بە درێژی بنوسینەوە . 
داگیرکردنی تاریکی پتر لە زمانێکی هەیە ، پتر لە زمانی شیکاری دەرونی و زمانی فەلسەفی و زمانی دوورەگ و دەربرین و ئاماژەو تێکەڵ و شیعر و هتد ، داگیرکردنی تاریکی چەندین جۆر زمان بەکار دێنێت ،، لەگەڵ هەر کەسایەتی یەك و جۆرە زمانێك بەدی دەکرێ ،، تەنانەت ئەو هارمۆنێ تیەی کە لە نێوان جەنەراڵە رەگز بەرستەکانیشە ، نەیتوانیوە بەسەر جۆرا وجۆری زمانەکان سەربکەوێ بەڵکو فرەیی و گۆرینێکی شاراوەی پیشان داوە ،، قولترین جۆرەکان ،لەو مۆنۆلۆژە بەردەوامانەی کارەکترەکان بەدی دەکرێ ،، جۆرە زمانێکە قول لە گەڵ نەستمان ئەدوێ ،، قول لەگەڵ هزری ناوەکییمان ،،لە گەڵ توێژی بنەوەی هزرمان . ئەم تێکەڵی یەی زمان لە نێووان کارەکتەرەکان و کاریگەری هەر یەك لەوان لەسەر ئێمەی خوێنەر ،جوانیەك و بەهایەکی بەرزی ئەدەبی پێ ئەبەخشێ . بەستنەوەیەکی سەیریش لەم رۆمانە بەدی دەکرێ کە رەنگە لە گەڵ کارێکی ئەدەبی تر جیای بکاتەوە ،، ئەویش ئەم رۆمانە پانتاییەکی زۆری داوە بە زمان و مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ دەکات ، بەجۆرێکی سەیریش لە نێوان دوو زەمەندا هاتوچۆ دەکات ومێژوش دەکاتە گەواهیدەر لەسەر ئەو کارەسات وئەو روداوانەی بەر کاروانی سرینەوە و قەدەغەکردنی زمانێك دەکەوەن . بە زمانێكی مێژووی جارێك دەگەرێتەوە بۆ مێژویەکی خوێناوی کە دەسپێکی ململانێ یەکی قولی کۆن تازەدەکاتەوە وجارێكیش بۆ زەمەنێکی نوێتر و بە برینێکی قولتر، بەڵام لە هەمان زام و هەمان ئازاردا ، وەك ئەوەی زەمەن خۆی دووبارە بکاتەوەو یاریەکی شێتانە بکات لە نێوان قوربانی و دەسەڵاتداردا .
لە دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی نێوان کارەکتەرە جۆراوجۆرەکان ، ئەو گفتوگۆیانەی جارێك لە دەمی ستەمکارێك دەبیسترێ کە بەناوی دادوەری و راستی وحەقیقەتەوە( تەنها لەبەر ئەوەی هێز وتواناو دەسەڵاتی هەیە) ، جارێکیش لە گفتوگۆی قوربانییەکان ئەو قوربانیانەی بۆ ئەوەی ژیان لەدەست نەدەن ، ناچار دەکرێن واز لە زمانی خۆیان بهێنن بۆ دەیان ساڵ ،تەنها وەك ڵاڵێك مامەڵە بکەن ،، لە دەرئەنجامی ئەو دوو دونیا جیاوازە ،، زمانێکی شاراوەی نوسەرێکی شاراوە درك پێدەکرێ . لە بیریشمان نەچێت ، لایەنێکی تری ئەم رۆمانە بۆ خۆی خیتابێکی ئەدەبی تر دەداتە دەستەوە کە دەکرێ ناوی خیتابی ئەدەبی بەرگریشی لێ بنێن . 

بەختیار وەك شیکارێکی دەروونی 

پەیرەوی شیکاری دەروونی لە ئەدەبدا ، پەیرەوێکە زۆر نوسەر هەن لە نوسینەکانیان بەکاری دەهێنن ، بۆخۆی جۆرە پەیروێکە ،ئامرازە رەخنەییەکان ودیدە رۆچوەکانی بۆ رەگ وریشەی لادانەکان لە روانگەی شیکاری و گەرانەوەیان بۆ دۆخێکی وورد تر وپێشوو تر دەگونجێنێ و تێكەڵ بە کارەکتەر و ژیانیان دەبێت . لە رێی هەژمونی ئەو شیکارانەوە، دەقەکان جۆرێك لە ناوەخن و هەستە نەبینرواوەکان لە ئامێزدەگرن و گۆشەیەکی ژیانی تاکەکان پشان ئەدەن . تێهەڵچونی نوسەرێك لە رێی شیاکاری دەروونی یەوە بۆ قولایی دەرونی پاڵەوانێکی یان لێکدانەوەی روداوێك لە روداوەکانی ناو رۆمانەکەی ، هەوڵدانێکە لە نوسەرەوە بۆ نزیك بونەوەیەکی قول لەگەڵ خوێنەردا ،، هەندێ نوسەر نەبێ کە بەلایەنەوە گرنگ نی یە خوێنەر لە چ دۆڵێك و لە چ نشێویەك سێری لوتکەی شاخێك دەکەن . شارەزایی نوسەر لە  پێکهاتەی هەست وهەڵسوکەوتی وبیرکردنەوەو پاڵنەرە ناوکیەکانی کارەکتەرەکانی ، بەرزیەك و کارامەیی یەك دەدات بەنوسەر لە لایەکەوە و لە لایەکی تریشەوە مەساحەیەکی ئەداتێ ، بەجۆرێك لە جۆرەکان دیوێکی شاراوەی مرۆڤانە پیشان بدات کە زۆر جار خوێنەر خۆی لە چەند دێرێکیدا دەدۆزێتەوەو پەنهانی یەکی دەرونی خۆشی بۆ واڵادەبێت .  
هەر وەك چۆن بەختیار لە بواری ئەدەب و وێژەو شیکاری ئایدلۆژی وسیاسی وکۆمەڵایەتی کارامەیە ، لە بواری شیکاری دەروونیش سەلیقەیەکی بەرز وباڵای هەیە . خۆی لە راستیدا هەموو نوسەرێك بە تایبەتی نوسەری چیرۆك ورۆمان و هتد دەبێ شارەزاییەکی زۆری لە دەروون ناسیدا هەبێ . چونکە ئیشی نوسەر لە سەر تاکەو هەر بیرۆکەیەكی تاکیش ئەگەر مۆتیڤ و پاڵنەرێکی ناوخۆیی نەبێ نابێتە کردار ورۆشنایی نابینێ لەسەر هەڵسوکەوت ورفتارەکانی ،دووبارەکردنەوەی هەڵسوکەوتیش بۆ ماوەیەك دەیکاتە هەڵسوکەوتی جێگیر و دوایش دەبێتە مۆراڵ ووردە یاسایەکی ژیانی کە لادان لێی ئەستەم بێت . بەختیار زۆر زیرەکانە بارو دۆخی کارەکتەر و پاڵەوانەکانی شیئەکاتەوە ، بەرادەیەك خوێنەر وائەزانێ چرکە بە چرکە لەگەڵ پاڵەوان وکارەکتەرەکان ئەژێت . هەندێ جار هیندە نزیك دەبێتەوە لە راستی حاڵەتەکان، مرۆڤ دەتوانێ بە یاسای کەواندن هەندێ درك بە دەوروبەری خۆشی بکات لەبەر رۆشنایی ئەو کەرەسەیی لەبەردەستێتی . شاراوە نی یە ، بەختیار زۆر گرنگی بە شیکاری دەروونی کارەکتەرەکانی ئەدات ، بە جۆرێك خوێنەر لە ئاکامی خوێندنەوەی چەند رۆمانێك و نوسینێکیدا ، درك بە راستی ئەوە بکات کە دوای خەیاڵ ،خۆشترین باخچە بێت کە بتوانێ بە گوڵ و درخت بیرازێنێتەوە . هەست بەوە دەکەیت خۆشی یەکی زۆر دەبینێ لە شیکردنەوەی بارودۆخی دەروونی کارەکتەر وپاڵەوانەکانی . ئەمە لایەنێکی پۆزەتیڤی هەر نوسەرێکە ، لەنگی نییە و رێگرتن نی یە لە جۆر و چۆنێتی ئیشکردنی . بە مەرجێ دوور بکەوێتەوە لەوەی بە سێبەری حاڵەتی تاك جێ نسێ و لێڵەکانی کۆمەڵگا بپێوێ. لە داگیرکردنی تاریکی نوسەر هەوڵێکی بێ شوماری داوە ،لە رێی رستەی چرەوە لایەنە تاریکەکانی کارەتەرەکان دەربخات لەهەمان کاتیشدا پشتی بە دەیان تێزی کۆمەڵایەتی بەستوە کە دەشێ کۆی تاکەکان لە کۆمەڵە خەڵكێ کۆبکاتەوەو دواجار بیانکات بە دەنگی دەستە جمعی ، بینکات بە پارچە وێنەی تابلۆیەکی تەواو . کۆکردنەوەی ئەو پارچە وێنانە دەسەڵاتێکی ئەوێ کە خۆشبەختانە دەتوانین لە پێنوسەکەی بەختیاردا بیدۆزینەوە . مناڵ کە گەورە دەبێ دەبێ بە پیاو یان ژن ،،دێش کە گەورە دبێ دەبێ بە شار ، کۆکردنەوەی پیاو و ژنی کامڵی جەستەیی ودەروونی لە شارێکی گەورەتر لەدێ گرفتی کۆمەڵگایەك پیشان ئەدات کە بۆ تێگەیشتن لێیان بەختیار دەبێتە رێپیشاندەرێکی چاك وکارامە ، لەوە بترازێ نەمەت و شێوازی نوسینە ، کە ئازادی نوسەر خۆیەتی و کەسیش ناتوانێ ئەو ئازادی یەی لێوەرگرێتەوەو ئەو مەساحە فکرێی لێزەوت بکات . یەکێ لە خەتەرناکترین سیفەتی ئەم جۆرە رۆمانانە ئەوەیە ، پەنجەرەیەکی واڵادەبێت بۆ سێرکردنی ناخی نوسەر ، گوریسێکی نهێنی خەیاڵی یە بۆ ناو ناخی نوسەر ،، هەر کەسایەتی یەك کە دەیخاتە نێو کۆڵانێکی خەراباتەکەی ، بەشێك لە خۆی ئەداتێ و هەر پاڵاوانێك دروست دەکات لە شارێ هەناسەیەکی خۆی دەکات بە روحیدا . لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین هەر رۆمانێك لە دووتوێی دا شیکاری دەروونی قولایی ناخی کارەکتەرەکان فەزح بکات ، بەشێکیشە لە مێژوو یان سەرگورشتەی نوسەر خۆی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە