چل و نۆیەمین ساڵەی یادە مەرگی کەڵە ھونەرمەندی دەگمەنی کورد(حەسەن زیرەک)

Saturday, 06.26.2021, 9:43

1577 بینراوە


• کە ئەو شەخصە مرد ئیدی من ئارەزووی گۆرانیم نەما
(عەلی مەردان)
• حەسەن زیرەک بوو پەلکێشی ھونەر و ئاوازی ڕەسەنی کوردی کردم
(موجتەبای میر زادە)
• زەمانێ خوا حافیزی یەکجارەکی بکەم، بچمە ژێر گڵەوە. کەئیدی بەشەری کورد نەبینم.
(حەسەن زیرەک)

ئەمڕۆ ٢٦ - ٠٦ - ٢٠٢١ ٤٩ ساڵ بەسەر کۆچیی دوایی هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەک تێدەپەڕێت، ئەو دەنگەی قەت مەحاڵە دووبارەبونەوەی. لەو بێ ئومێدیەی خەلک لە دوای نسکۆی ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ دەنگی زیرەک ڕاژەنینێک بوو بۆ سەر لەنوێ ئاشق بوونەوە بە جوانی کوردستان.
کە گوێ بیستی قسەکانی خاتوو ساکاری زیرەک بووم بەو کوردیە سەقەتە پڕ تێکھەڵکێشە فارسیەی، زانیم زیرەکی نەمر، چۆن وەجاغی لەو خزمەتە زۆر و زەوەندەی زمان و بەستەی خۆڕسکی کوردی لە پێزانینی میللەتەکەی کوێر بوو، ئاواش بۆ دوو کچەکەی ئەگەر بەس نازناوەکەی باوکیان پێ بڕا بێ!
دەکرێت گۆرانیەکانی زیرەک فەرگەنگێک بن بۆ وشەی ڕەسەنی کوردی بە تایبەی زاری سۆرانی، چ لە ناوچەی موکریان یان دەشتی دزەییاتی ھەولێر و سەرتاپای کوردستان وە یان فەرھەنگی نەخشەی جوگرافیایی بن بۆ ناسینەوی سەدان گوند و دۆڵی کوردستان.
ساڵێک بەسەر تێکشکانی کورد بەرامبەر بەعس تێپەڕی، ئەو دەمەی بێ متمانەیی و بێ ئومێدی گەیشتبووە حاڵەتی یەئس، لە ئێستگەی کوردی بەغا لە شاری بەغدا لە سالحیە، ڕۆژانە بەیانیان گۆرانی داواکراو لە سەعات نۆ تا یانزەی پێش نیوەڕۆ و شەوان لە کاتژمێر ھەشت تا دەی شەو بە ستایلێکی تازەی داواکردنی گۆرانی بە نامەنووسین بۆ ئەدرەسی پۆستەی ئێستگە بە پێوە لکانی پوولێک دوای چەند ڕۆژێک گوێبیستی گۆرانیەکەت دەبووی لە تەک بە دیاری پێشکەش کردنی بە ھاوڕێ و خزم و خۆشەویستان ئەو دەمەی ئامێری تەسجیل لە کەم ماڵ ھەبوو.
بووە ھۆکارێکی گرنگی ئاشنا بوون و پێشبڕکێی نێوان سۆران و بادینان گەیشتە ئاستێک حەسەن زیرەک و موحەمەد عارفی جەزیری لە گۆرانی بێژەکانی ھەموو شەو و ڕۆژێک بوون.
دەکرێت ئاساییە بڵێین ڕواندنەوەی ھیوا بە نیشتمان و جوانی کوردستان بەشێکی سایکۆڵۆجی پەیوەندی بە دەنگی زیرەکەوە ھەبوو لە وەسفی جوانی کوردستان و چیا و نھاڵ و کانی و ڕووبار و گوند و شاری.
ھەر ئەو دەم کۆمەڵێک دەنگی شاراوە بە ئەشقی زیرەک دەرکەوتن وەک ھەر یەک لە قادر زیرەک و عەبدولقادر حەسەن و خالید خۆشناو و ڕەحمان قوربانی و فەرھاد زیرەک و دەیانی تر لە ئاھەنگەکانیان بە ھەستان و مەقام و نێو ھێنانی کوردستان لە گۆرانیەکانی زیرەک وەک (کوردستان شاری شیرینم، لە تەک وان نێوی شارەکانیان تێ دەکرد و کچە جیرانیان دەکردە خۆشم دەوێ نیشتمانم) بە تایبەت لە ئاھەنگی نەورۆزی قوتابخانەکان بڕوا بوون بە دەست پێکردنەوەی شۆڕش! زیاتر دەکرد.
ئەو دەمەی لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٧ بوو بە ڕێکەوت لە تەلەڤزیۆنی کەرکوک گۆرانی سەبریان لە تەک نمایشی وێنەکانی حەسەن زیرەک نمایش کرد، بیرمە لە چایخانەکەی نەجیم باسەی تەنیشت چایەخانەی عوسمانی لە سێتاقان خەڵک لە جادە و کۆڵانەکان بە فڕکان فڕکان خۆیان گەیاندە چایخانەکە بە شێوەیەک تەنھا لە دوو سێ دەقیقە بۆ منداڵی ھەرزەکاری وەک ئێمە جێگایەک نەماوە بۆ وەستان.
حەسەن زیرەک ھەر گۆرانی بێژی کوردان نەبوە بە تەنێ بۆ تورکە ئازەریەکانیش مایەی سەرنج بووە(ئەمجەد قەساب)ی خاوەنی تەسجیلات نازی ھەولێرێ دەڵێ زۆرانێک لە ئاوازەکانی حەسەن زیرەک ئازەری بونە و تێکھەڵکێشی کوردیانی کردیە!
زۆر لەھونەرمەندە دەنگ خۆشەکانی دونیایێ بەوێنەی ئیبراھیم تالیسەس چاولێکەری بەستەکانی وییان کردیە لەچاو لێکەری.
دکتۆر مەولود لە بەدواچونەکانی دا دەڵێت ئەمەریکاییەکان ویستویانە سامپڵێکی ژێ دەنگی گەروی حەسەن زیرەک لە گۆڕەکەی ببەن و توێژینەوەی لەسەر بکەن بەڵام ئەفسوس ڕابە خانمی خێزانی ڕازی نەبوە!
میرزا کەریم خۆشناو ھاوڕێی گیانی زیرەک کە لە دەمی جەلالی مەلایی ئاوارەی ئێران ببوون وەک شایەتحاڵێک بە ھاوکاری ئەبو سەباح لە دوو بەرگ یاداشتەکانی خستە ڕوو لە خوێندنەوەی،  لە ژیانی ھونەری زیرەکەوە تێ دەگەی ئەو میللەتە بەدبەختەی ئێمە چەند کڵۆڵە. دواتریش لە بەرگێکی زۆر قەشەنگ گۆرانی بێژ عوسمان شارباژێڕی کتێبێکی بە گۆرانیەکانی و ژیانە مەرگەساتەکەی ھۆنیەوە بە ناوی گەوھەرێ.
لە گۆڤاری بەیان ڕێزبەندێکی گۆرانی بێژەکانیان بە گوێرەی حەزلێکردنی خەڵک بڵاو کردبۆوە، یەکەم عەلی مەردان بوو دووەم حەسەن زیرەک، کە خۆیشی ووتبووی 
(عەلی مەردان بەرزە کورد قەدری نازانێ من قۆندەرەکانی دەخەمە سەرچاوم)
ئەو دەم شانازی بوو ئەگەر تەسجیلێکی سانکیۆی یابانی یان سانیۆ و ناشیوناڵت ھەبێ و دەیان و بگرە سەدان کاسێت (شریت)ی حەسەن زیرەکت ھەبێ ئەوەش خۆی لەخۆی دا دڵ تەڕی و رێزگرتنی ھونەری ڕەسەن بوو. تا ئێستاش زۆرترین ناو لێنانی ناوەندی ھونەری و بازاڕ و بگرە نازناو ھی کاریگەری حەسەن زیرەکە، بەو خزمەتە زۆر و زەوەندە بەلاشە بێ منەتەی لە گۆرانی فۆڵکلۆری کە پێشکەشی کرد.