لەم سەردەمی بێ غیرەتی و بێ هەڵووێستی و بێ شکۆییەدا

Sunday, 27/06/2021, 20:26

9771 بینراوە


لەم سەردەمی بێ غیرەتی و بێ هەڵووێستی و بێ شکۆییەدا ئەو هەموو غیرەت و عیزەت و شەهامەتەت لەکوێ هێنا کزەی جەرگم کە بەو تەمەنە منداڵیەوە لەسەر ئاشکرابوونی قۆپیە کردنێکت دەستت بچێتە ڕۆحی شیرینی خۆت و هەر بە قایشی پانتۆڵەکەی خۆت خۆت بخنکێنیت
ئاخەر  قوربانی دڵە بچکۆلانەکەت بم ئێستا کوا باوی عەیبە و ئابڕووچوون ماوە لەناو کۆمەڵگاکەی ئێمەدا
ئەوەتا بەرپرسمان هەیە کە دزیە گەورەکانی ئاشکرا بووە یان ڤیدیۆ و وێنەی سێکسی بڵاوبۆتەوە ، یان مەلەفی بەعسێتی هەبووە کەچی هەر گوێشی نادەنێ و هەر باسی خەباتی شاخ و کوردایەتیمان بۆدەکەن  
ئەوەتا خەڵکانێکی زۆر مووچەکانیان ئەدزرێ ، شەقیان تێهەڵئەدرێ ، مافەکانیان ئەخورێ ، تەعدایان لێدەکرێ کەچی قەت فزەیەکیان لێ نابیسترێ
ئەوەتا ئێستا لە ووڵاتانی دراوسێ و جیهانەوە کچە مۆدێل و کچە سۆزانی ئیستراد ئەکرێ و هەنێکیشیان هەر بەئاشکرا شوقە و ئۆتۆمبێلی گرانبەهایان وەکو دیاری پێ ئەبەخشرێ 
ئەوەتا پۆستی باڵا پێشکەش بە جاسوس و خۆفرۆش ئەکرێ ، ڕێز لە جاش و موستەشارەکان ئەگیرێ ، سوپای دووژمن پەلکێش ئەکرێ ، نیوەی نیشتیمان ئەفرۆشرێ ، سەروەتی کوردستان ئەدزرێ
ئاخەر ئێستا حاکمان هەیە لەبەردەمی تاوانباردا کڕنووش ئەبا 
مەلامان هەیە دینەکەی ئەفرۆشێ و پارە پەیدائەکا
خەڵکمان هەیە لەپێناوی مووچەیەکی بندیواردا ئامادەیە شەق لە هاوڕێ و کەسوکاری خۆشی هەڵدا
دکتۆرمان هەیە بۆ پەیداکردنی پارە نەشتەرگەری نا پێویست بۆ نەخۆشەکانی ئەکا
مامۆستا و دکتۆری زانکۆمان هەیە کە شەهادەکەی تەزویرە و ئەقڵی خاڵیە لە زانست و مەعریفە و دیفاع لە دز و گەندەڵ ئەکا
ئیتر کەی کاتی ئەوەیە هەناسەکەم کە منداڵێکی وەکو تۆ لەسەر ئاشکرابوونی قۆپیە کردنێک ئەوەندە هەست بە عەیبە بکا ڕۆحی شیرینی لەپێناودا پێشکەش بکا .

مەسعود سەرچناری



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە